١٦\٢\٢٠١٣
کوردستان،
برینداری دەستی ئیمپریالیزم و خیانەتکاران.

جەلال محەمەد
دیرۆکی کوردان پڕیەتی لە پیلانگێڕی ، ھەندێک لەو پیلانگێڕیانە دەرەکین
و ھەندێک ناوخۆیی ، ھەندێک شاراوە و ھەندێک ئاشکرا ، بەشێک نێودەوڵەتی
و بەشێک لە ڕێی ھێزە کوردیەکانەوە ، بەڵام لە ھەموو کاتەکاندا ڕۆڵی
خیانەتی ناوخۆ باڵا دەست بووە لە سەرخستنی پیلانەکاندا . زۆربەی ئەم
پیلانگێڕیانەش ئەنجامگیر بووە و ئەنجامەکەشی یان ئاشبەتاڵ بووە یاخود
بێدەنگبوونێکی دەیان ساڵی.
ئەنجامی سەرگرتنی پیلانگێڕیەکانیش ھاندەرێک بووە بۆ دووبارەبوونەوەی
ھەمان شانۆگەری ، چونکە لە ئەنجامی سەرگرتنی پیلانگێڕیەکاندا خاڵە
لاوازەکانی کوردیان بۆ دەرکەوتووە و لە ڕێی ئەو خاڵە لاوازانەوە بە
ھەموو ئامانجێکی خۆیان گەیشتوون . خاڵە لاوازەکانیش پەیوەست بووە بە
ھزری ناوچەگەرێتی ھێزە کوردیەکان و پشتبەستن بە بێگانە و داڕمان لە
ئایدۆلۆژیا و لاوازی ستراتیژی نەتەوەیی و نەبوونی ئابوورییەکی سەربەخۆ.
تەواوی لایەنە کوردیەکان پیلانگێڕیان لە دژ کراوە ، بەڵام لە دیرۆکی
کوردان و تەنانەت لە مێژووی گەلانی خۆرھەڵاتی ناوێنیشدا ھیچ پارت و
ڕێکخراوێک بەدی ناکرێت ھێندەی پارتی کرێکارانی کوردستان پیلانگێڕی لە
دژ کرابێت ، زۆربەی ئەو پیلانگێڕیانە لە ڕێی سیستەمی سەرمایەداری و
ھێزە ئیمپریالیستەکانەوە پیادە کراوە و بەشێکیش لەڕێی ھێزە بە ڕواڵەت
کوردیەکانەوە ئەنجام دراوە.
کورد یەک لەو نەتەوانەیە کە زۆرترین داگیرکاری بە خۆیەوە بینیووە و
زۆرترین حیزبیشی تێدا دامەزراوە . ھەرچی داگیرکەرانە تەنھا لە دژایەتی
کورداندا ھاوھەڵوێست بوون دەنا لە ھەر بوارێکی دیکەدا ناکۆک و دوژمنی
سەرسەختی یەکدین. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە حیزبە کوردیەکانیش لە ھەموو
بوارێکدا ناکۆک و دژ بە یەکن تانھا لە دژایەتیکردنی پکک و
ئاپۆچیەکاندا ھاوھەڵوێست و ھاوپەیمانن.
بەر لە دامەزرزندنی پکک ، باکووری کوردستان خاوەن حەڤدە حیزب و
ڕێکخراو بوو، ئەو ھێزە بە ڕواڵەت کوردیانە تەنھا بۆ یەک جار
دانوستانیان لەگەڵ یەکتردا نەکردبوو و تەنھا بەردێکیشیان بەڕوخساری
داگیرکەری تورکدا نەھاویشتبوو ، کەچی پاش دامەزراندنی پکک ھەم "بەرەی
تەڤگەر"یان ساز کرد و ھەم دژ بە پکک شەڕی بێ ئەمانیان جاڕدا.
بیانوی ئەم شەڕەش ئەوە بوو کە پکک بڕوای بە شەڕی چەکداری ھەیە و
شەڕیش دەبێتە ھۆی میلیتاریزەکردنی کوردستان.
ھەرچی ئۆپۆزسیۆنی تورکە"چ ڕاست و چ چەپ" بە جۆرێکی دیکە برەویان بە
دژایەتیکردن دەدا ، لایەنە ئیسلامی و ڕاستڕەوەکان پەکەکەیان وەک ھێزێکی
چەپ و دژ بە ئیسلام پێناسە دەکرد و ئەوەشیان کردبوویە بیانویەک بۆ
دژایەتیکردن . چەپ و عیلمانیەکانیش پەکەکەیان وەک ھێزێکی ناسیۆنالیست و
جوداخواز پێناسە دەکرد و لەو ڕێیەوە درێژەیان بە دژایەتیکردن دەدا.
ئەم پیلانگێڕیانە ھەر لە چوارچێوەی ھێزە بە ڕواڵەت کوردی و ئۆپۆزسیۆنە
تورکیەکاندا قەتیس نەما بەڵکو لە پشت ئەم پیلانگێڕیانەوە ھێزی
ئیمپریالیزمی جیھانیش خۆی حەشار دابوو ، ئەمەش لە دوای کۆتایی ھاتنی
ڕژێمی پادشایەتی ئێران بەدەر کەوت لە ساڵی ١٩٧٩ دا.
کاتێک کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەسەڵات گەیشت و ڕژێمی پادشایەتی لە ڕەگ
ھەڵکێشا ، ژمارەیەک لە خوێندکارانی ئێران دەستیان بەسەر باڵوێزخانەی
ئەمریکادا گرت لە شاری تاران و تەواوی بەڵگەنامەکانی نێو
باڵوێزخانەکەیان ئاشکرا کرد . یەک لەو بەڵگەنامانە ھی دەزگای ھەواڵگری
"سیئایئەی" بوو کە کونسوڵیەی ئەمریکا لە شاری ئەدەنەی تورکیاوە
زانیاری دەداتە باڵوێزخانەکەیان لە شاری تاران و دەڵێت:
(ھەم چەپی تورک و ھەم ھێزە کوردیەکان نابنە مەترسی بۆ ئەمریکا و تورکیا
، بەڵکو تەڤگەرێک ھەیە بە ناوی" ئاپۆچی" ، تا دێت ئەو تەڤگەرە بەھێز
دەبێت ، ئەمەش زۆر مەترسیدارە بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و پێویستە لە
بەرامبەریان ئەم تەدبیرانە وەربگیرێت :- ١- پێویستە کەسایەتی ئاپۆ بە
ئامانج وەربگیردرێت و چ شتێک لە نێو کورداندا قێزەونە لەو چوارچێوەیەدا
پڕوپاگەندەی لە دژ بکرێت ، تاکو کەسێتی ئاپۆ لاواز بکرێت و لەنێو
کورداندا بچووک ببینرێت . ٢- پێویستە عەشیرەتەکان چەکدار بکرێن و لە
دژی ئەو تەڤگەرە بخرێنە گەڕ . ٣- پێویستە پەیوەندی نێوان ئەم حیزبە و
حیزبەکانی دیکە خراپ بکرێت و لەنێوانیاندا شەڕ ساز بکرێت ، تاکو
بتوانرێت ئەو حیزبە گۆشەگیر بکرێت و بێکاریگەر بکرێت . ٤- پێویستە سود
لە سۆزی ئیسلامبوونی کوردان وەربگیرێت و لایەنگەلی ئیسلامی دژ بە
ئاپۆچیەکان ساز بکرێت .).
بڕوانە پەڕتووکی (پکک مێژوویەک لە ئاگر ، لاپەڕەی ١٧١).
پیلانگێڕیەکان تەنھا لە چوارچێوەی باکووری کوردستاندا سنووردار ناکرێت
، بەڵکو پەل دەھاوێتە پارچەکانی دیکەی کوردستان و لەو چوارچێوەیەدا ھەم
داگیرکەر و ھەم حیزبە بە ڕواڵەت کوردیەکان دەبنە دەستە خوشک بۆ
دژایەتیکردنی پکک . باشترین نموونەش ھێرشی بەربڵاوی دەوڵەتی تورک و
ھەردوو لایەنی یەکێتی و پارتی بوو لە ساڵی ١٩٩٢دا "کە بە شەڕی خیانەت
بە ناوبانگە" . تا ئەو دیرۆکە یەکێتی و پارتی دوو نەیاری سەرسەختی
یەکتر بوون و ھیچ ھاوکاریەکیش لە نێوانیاندا نەبوو ، بەڵام بۆ شەڕی
پکک ھەم دەبنە ھاوکاری یەکتر و ھەم دەبنە ھاوپەیمانی دەوڵەتی تورک.
ھەڵبەت پیلانگێڕیەکان ھەر بە شەڕی ساڵی ١٩٩٢ کۆتایی نەھات ، بەڵکو لە
دوای ئەو ڕووداوەش سنوورەکانی باشووری کوردستان خرانە سەر پشت لە
بەردەم داگیرکەری تورکدا . ئارتەشی تورک و پارتی دیموکراتی کوردستانی
عێراق چەندین پیلانگێڕییان بە ھاوبەشی ئەنجامدا ، یەک لەو پیلانگێڕیانە
کۆمەڵکوژیەکەی ١٦- ٥- ١٩٩٧ی شاری ھەولێر بوو کە بە دەیان دکتۆر و
ھونەرمەند و ڕۆژنامەوان و شۆڕشگێڕیان شەھید کرد.
پیلانگێڕیە یەک لە دوای یەکەکان نەک ھار نەبوونە ھۆی لاوازبوونی پکک
بەڵکو لە دوای ھەر پیلانگێڕیەک ئەم ھێزە چالاکتر لە جاران ھاتەوە
مەیدان ، ھەر بۆیەش تەواوی نیگاکان خرانە سەر بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان
و پیلانگێڕی ١٥ی شوبات ئەنجام درا .
پیلانگێڕی مەزن " کۆمپلۆی دەستبەسەرکردنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان " :-
پیلانگێڕی ١٥ی شوبات ھاوشێوەی ھیچ یەک لە پیلانگێڕیەکانی دیکە نەبوو ،
بەڵکو کۆمەڵێک پیلانگێڕی ھاوبەش بوون و لە یەک کاتدا پیادە کران .
ئەگەر دەستی پیلانگێڕیەکان جوداش بووبێتن ئەوا سەرچاوەکەی یەک شوێن و
خۆنواندنیشیان لە یەک کاتدا بوو ، کە بەشێوەیەکی گشتی ئەو پیلانگێڕیانە
دەکرێن بە سێ بەشەوە:
١- پیلانگێڕی نێونەتەوەیی. ٢- پیلانگێڕی نێوخۆی
کوردستان. ٣- پیلان و خیانەتی نێوخۆی پارتی کرێکارانی کوردستان.
١- پیلانگێڕی نێونەتەوەیی:
لەم پیلانگێریەدا ھەم ئەمریکا و ھەم ڕوسیا ، ھەم ئەوروپا و ھەم
داگیرکەران ، ھەم ئیسرائیل و ھەم بەشێک لە دەوڵەتە عەرەبیەکان تێیدا
بەشدار بوون.
ئامانج لەم پیلانگێڕییە ، ئەگەر
توانرا پاکتاوکردنی یەکجارەکی پارتی کرێکارانی کوردستان و ئەگەر
نەشتوانرا بێ کاریگەرکردن و دەستەمۆکردنی بوو.
بۆ پاکتاوکردنی پارتی کرێکارانی کوردستانیش دەبوو سەرەتا کەسایەتی
بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەنە ئامانج و لە میللەت و تەڤگەری داببڕن ،
تاکو لەم ڕێگەیەوە بتوانن ئاشبەتاڵ بە پکک بکەن و پاکتاوی بکەن ،
چونکە لەم ڕێگەیەدا خاوەن ئەزموونێکی ھێجگار زۆر بوون و ئەزموونیشیان
لە پاکتاوکردنی (شێخ سەعیدی پیران و سەید ڕەزای دێرسیمی و سمکۆی شکاک و
پێشەوا قازی و مەلا مستەفا) وەرگرتبوو ، چونکە بە کوشتن یا
دوورخستنەوەی ھەر یەک لەم سەرکردانە ئاشبەتاڵ سازکرابوو و
بزوتنەوەکانیش بێدەنگ کرابوون . مەبەست لە پاکتاوکردنی پکک
دەگەڕایەوە بۆ ئەو ستراتیژیە نەتەوەییەی کە ئەم پارتە بە بنچینەی
گرتبوو بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی نەتەوایەتی و پساندنی کۆت و بەندی
کۆیلایەتی.
یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی پکک بریتی بوو لە ھەنگاونان بەرەو یەکێتی
نەتەوەیی و بە بنچینە گرتنی ھەموو بەشەکانی کوردستان . واتە ھیچ کاتێک
ئەم پارتە خەبات و تێکۆشانی لە بەشێکی کوردستاندا کورت نەدەکردەوە و
بەشەکانی دیکە فەرامۆش بکات ، بەڵکو لە کردەوەدا سنوورە دەستکردەکانی
کاڵ کردبوویەوە و پێگەی جەماوەریشی لە ھەموو بەشەکانی کوردستاندا لە
ھەڵکشاندا بوو.
ئەم دیاردەیەش نامۆ بوو بە ھەموو پارتە کوردیەکانی دیکە ، چونکە تەواوی
پارتەکانی ھەر پارچەیەکی دیکەی کوردستان ھانایان دەبردە بەر داگیرکەری
پارچەکانی دیکە تاکو بتوانن خۆیان بە زیندویی بھێڵنەوە ، بەڵام پکک
ئەو ئەقڵیەتە پارچەگەرییەی نەھێشت و لە جیاتی داگیرکەری پارچەیەکی دیکە
ھانای بۆ کوردی پارچەیەکی دیکە دەبرد . بێگومان ڕەوشێکی بەم شێوەیەش لە
بەرژەوەندی ئیمپریالیزمدا نەبوو ، لەبەرئەوەی بەرژەوەندی ھێزە
ئیمپریالیستەکان لە ئاژاوەی نێوان گەلان و دابەشکردنیاندا مەیسەر
دەبوو.
٢- پیلانگێڕی نێوخۆی کوردستان:
پیلانگێڕیەکی دیکە کە لە ھەمان کاتدا دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستان و
سەرۆکەکەی بەڕێوە برا بریتیبوو لەو پیلانە شومەی کە بە دەسەڵاتدارانی
باشووری کوردستان سپێردرابوو ، سەرپەرشتیاری ئەم پیلانەش وڵاتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو . ھۆکاری سەرەکیش ئەوە بوو کە ئەمریکا لە
ئامادەباشیدا بوو بۆ داگیرکردنی عێراق و دەیخواست لەو داگیرکاریەدا
ئەنجام بەدەست بخات . بۆ ئەوەی ئەنجامیش بەدەست بخات دەبوو لە سەرەتادا
ئیرادەی کوردان بشکێنێت و ڕێگە نەدات سوودمەندی سەرەکی بن لە ڕێگەی
لایەنێکی شۆڕشگێڕی وەک پارتی کرێکارانی کوردستانەوە.
لەبەرئەوەی لە کاتی دەرکردنی عێراقیەکان لە وڵاتی کوێت و ڕاپەڕینی
نەتەوەکەمان لە باشووری کوردستان "لە ساڵی ١٩٩١"دا تەنھا لایەنێک کە
بارودۆخەکەی لە بەرژەوەندی کوردان بەکار ھێنا پکک بوو . ھەرچی
لایەنەکانی دیکە بوو واتە "بەرەی جود"ی ئەوکات زیاتر گیرۆدەی تاڵانی و
ھەڵھاتن بوون و میللەتیشیان دووچاری کۆڕەو کردبوو ، لەم نێوەشدا
ڕێخستنەکانی پکک تەواو لە گەشەکردندا بوون و ئاڕاستەی میللەت بەرەو
یەکێتی نەتەوەیی دەڕۆیشت ، لە ئەنجامی ئەمەشدا ئەمریکا و تورکیا
دووچاری زەحمەتێکی زۆر ھاتن تاکو توانیان یەکێتی و پارتی لەسەرپێ
ڕابگرن لە بەرامبەر پەکەکەدا . لەبەرئەوە ئەمریکا نەیدەویست جارێکی
دیکە پکک سوودمەند بێت لە ڕەوشەکە "واتا ڕەوشی دوای داگیرکردنی عێراق
و کۆتایھاتنی ڕژێمی بەعس".
ھەر بۆیەش ھاوکات لەگەڵ پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ، ئەمریکا بیری لە
پیلانگێڕیەکی دیکە دەکردەوە کە ئەم پیلانگێڕیەش لە نێوخۆی کوردستانەوە
ئەنجام بدرێت ، بۆ ئەم مەبەستەش دەسەڵاتدارانی باشوور باشترین یاریکەری
کایەکە بوون بەدەست ئەمریکاوە.
ھەرچەند پێش پیلانگێڕیەکە یەکێتی و پارتی لە شەڕێکی بێ ئەمانی ناوخۆیدا
بوون ، ھەریەک لە تاڵەبانی و بارزانیش سوێندیان خواردبوو کە دەست
نەخەنە نێو دەستی یەکتر ئەگەر دەستیشیان ببڕدرێتەوە ، بەڵام بۆ
سەرگرتنی پیلانگێڕیەکە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا "ماردلین ئۆلبرایت"
سوێندەکەی خستن و تاڵەبانی و بارزانی بانگێشتی ئەمریکا کرد و بەبێ
دەستبڕینەوەش دەستی خستنە نێو دەستی یەکتر و کۆتایی بە شەڕی چەندین
ساڵەی نێوان یەکێتی و پارتی ھێنا و لە بەرامبەردا دژ بە پکک خستنیە
کار.
دەسەڵاتدارانی باشووریش بە ناوی کوردایەتیەوە تەواوی ویستەکانی
ئەمریکایان بەجێ گەیاند و ڕاپۆرتێکی ٩٠ لاپەڕەییان ئامادە کرد دژ بە
بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دایانە دەست وەزارەتی دادی ئیتاڵیا ، لە
ھەمان کاتدا درۆ و دەلەسەیەکی ھێجگار بێشەرمانەش لەلایەن پارتی
دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە ئەنجام درا دژ بە پکک و سەرۆکەکەی.
ھەر لەو کاتەدا بوو کە (تەلەفزیۆنی مەدیا) داخرا و لە بەرامبەردا
"کوردستان تیڤی"یان بۆ پارتی کردەوە . کوردستان تیڤیش لە درۆکردن و
بوختان ھەڵبەستندا ڕووی ھەموو ڕاگەیاندنەکانی داگیرکەرانی سپی
کردبوویەوە. پارتی و کوردستان تیڤییەکەیان ببوونە زمانحاڵی دەوڵەتی
تورک و بەڕێز ئۆجەلانیان وەکو کەسێکی ترسەنۆک پێناسە دەکرد و دەیانگوت
"بۆ دەربازکردنی ملی خۆی لە پەتی سێدارە گوتوویەتی دایکم تورکە" ، ئیتر
بەبێ ئەوەی شەرمی ئەوە بیانگرێت و بڵێن ئەگەر کەسێکی ترسەنۆک بوویایە
ئەوا ئاشبەتاڵی جاڕ دەدا ، چونکە لە ھەموو کوردێک ئاشکرایە کە بەڕێز
ئۆجەلان ڕادەستی دوژمن کرایەوە بەڵام ئامادە نەبوو چاوپۆشی لە ئامانجە
پیرۆزەکانی نەتەوەکەمان بکات و میللەت بسپێرێت بە داگیرکەر و
ئاشبەتاڵیش بە شۆڕش و شۆڕشگێران بکات . ئەمە جگە لەوەی کە لەو کاتەدا
مەزنترین ھێرشی ھێزەکانی بارزانی بە پشتیوانی تورکە داگیرکەرەکان دەستی
پێکردبوو بۆسەر شۆڕشگێڕانی پکک.
لە چاوی سەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە ھاوسەرگیری لەگەڵ
غەیرە کورددا شەرمەزارییە ، بەڵام بەلایانەوە ئاساییە کە خۆیان بخەنە
خزمەتی ھەموو داگیرکەرانی کوردستان و بە ھەزاران جەندرمەی تورک لە
ناوچەکانی بامەڕنێ و شێلادزێ مۆڵ بدەن و ھەرچی مستەشار و ئەنفالکەرە
بکەنەوە بە حاکمی تەواوەتی بەسەر میلەتەوە و باشووری وڵاتیش بکەنە
بنکەی سیخوڕی جیھانی بۆ قەڵاچۆکردنی شۆڕشگێڕانی بەشەکانی دیکەی
کوردستان و زیاتر لە نیوەی داھاتی کوردستانیش بخەنە خزمەتی ھەردوو
داگیرکەری تورکیا و ئێران بۆ زیاتر سەرکوتکردنی نەتەوەکەمان لە باکوور
و ڕۆژھەڵات.
ھەر لەو کاتانەدا بوو کە خودی تاڵەبانیش کەوتە پیلان داڕشتن بۆ ھێنانە
پێشەوەی ئەو کەسە لاوازانەی کە لە نێو ڕیزەکانی پککدا خۆیان حەشار
دابوو و دەیخواست پکک لە بەڕێز ئۆجەلان داببڕێت . بۆ ئەم مەبەستەش
نامەیەک ئاڕاستەی سەرکردایەتی پکک دەکات و دەڵێت (ئاپۆیەک ھەبوو و
تەواو ، ئیتر بیر لەو ئاپۆیە مەکەنەوە و دەستبەجێ سەرۆکێکی دیکە
بۆخۆتان دەستنیشان بکەن ، بۆ ئەم مەبەستەش عوسمان ئۆجەلان شیاوترین
کەسە).
کاتێک سەرکردایەتی پکک ئەم پیلانە ژەھراویە پوچەڵ دەکاتەوە ئەو کات
مەزنترین ھێرشی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەست پێدەکات بۆسەر
ئازادیخوازانی نەتەوەکەمان لە "کۆتایی ساڵی ١٩٩٩ و سەرەتای ساڵی
٢٠٠٠"دا کە ئەم ھێرشەش بە تێکشکاندنی ھێزەکانی یەکێتی نیشتمانی
کوردستان کۆتایی ھات.
٣- پیلان و خیانەتی نێوخۆی پارتی کرێکارانی کوردستان:
سەختترین و مەترسیدارترین پیلانگێڕی تاکو ئەم چرکە ساتەش کە لەسەر
پارتی کرێکارانی کوردستان پیادە کراوە بریتی بوو لەو پیلان و خیانەتە
نێوخۆیەی نێو ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ، چونکە ئەگەر
پیلانگێڕیەکانی دیکە دەرەکی بووبن ئەوا ئەم پیلانگێڕیەیان بریتی بوو لە
شێرپەنجەیەک و لە نێو ھەناوی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە سەری
ھەڵدابوو.
ئەم پیلانگێڕیە نە ھاوشێوەی پیلانگێڕی نێو نەتەوەیی بوو و نە ھاوشێوەی
پیلانگێڕی نێوخۆی کوردستان ، نە ھاوشێوەی ھێرشی داگیرکەران بوو و نە
ھاوشێوەی بوونی چەند بەکرێگیراوێکی نێردراوی دوژمنان کە لە نێو
ڕیزەکانی پەکەکەدا وەکو تابووری پێنجەم کار بۆ لاوازکردنی شۆڕش بکەن.
بەڵکو ئەم پیلان و خیانەتە لە لایەن چەند بەرپرسێکی نێو ڕیزەکانی
پەکەکەوە برەوی پێدەدرا و دەیانخواست شۆڕش بخەنە دەستی خۆیان و بەناوی
شۆڕش و پەکەکەوە ھەم بەڕێز ئۆجەلان لە شۆڕش و گەل داببڕن و ھەم پارتی
کرێکارانی کوردستانیش ڕیشەکێش بکەن و ھەم میلەتیش بەتەواوەتی تەسلیمی
داگیرکەر بکەن ، کە ئەم خواستانەش بریتی بوو لە ویستەکانی ئیمپریالیزمی
ئەمریکی و داگیرکەرانی کوردستان.
ھاتا بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە مەیداندا بوو ئەم کەسە پیلانگێڕانە
بەبێ دەنگی خۆیان مت کردبوو ، بەڵام بە فڕاندنی بەڕێز ئۆجەلان و
ڕادەستکردنەوەی بە تورکە فاشستەکان ئەم تاقمە پیلانگێڕەش وەکو دومەڵ
سەر دەردێنن و لە ھەموو جێیەکەوە لە یەکتر کۆدەبنەوە و زۆرترین دیداری
تەلەڤزیۆنی و ڕۆژنامەگەریش ئەنجام دەدەن.
ھەرچەند ھەموو بەرپرسانی پیلان و خیانەتی نێوخۆیی مەترسیدار بوون بەڵام
لە ھەموویان مەترسیدارتر عوسمان ئۆجەلان بوو ، چونکە عوسمان وەکو خۆیشی
ددانی پێدا ناوە (ھیچ کێشەیەکی لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستاندا نەبووە
بەڵکو لەگەڵ سیاسەت و ویستەکانی پکک و بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ناکۆک
بووە) ، بۆ ئەم مەبەستەش سێ پڕۆژە دەخاتە بەرنامەی کاری خۆیەوە کە
بریتی دەبن لە: [١- ھێنانە خوارەوەی گەریلا لە چیاکان . ٢- ھاوسەرگیری
پێکردنی گەریلاکان . ٣- بازرگانیکردنی بەرپرسانی پکک.].
بۆ سەرگرتنی ئەم پیلانە مەترسیدارانەش ھەمیشە خۆی لە پشت خۆشناوی
ئۆجەلانەوە حەشار دەدا و وەھای دەھێنایە بەرباس کە برا و درێژەدەری
ویستەکانی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلانە . ئەم کردەوانەش کاریگەرییەکی
ھێجگار زۆری ھەبوو لەنێو بەشێک لە کۆمەڵگای کوردەواریدا ، چونکە یەکێک
لە دیاردە خراپەکانی(نێگەتیفەکانی) نێو کۆمەڵگا ناھوشیارەکان بریتییە
لە بایەخدان بەو کەسانەی کە ھاوخانەوادەی کەسە تێکۆشەرەکانن ، لە ھەمان
کاتدا کەسە بودەڵە و تاوانبارەکانیش ھەمیشە خۆیان لەژێر ناوی کەسە
تێکۆشەرەکانی نێو خانەوادەکانیاندا حەشار دەدەن و نموونەش لەم بارەیەوە
زۆرن ، وەک خۆ حەشاردانی عوسمان لە پشت بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و خۆ
حەشاردانی عەلی قازی لە پشت ناوی پێشەوای نەمر.
ھەر پاش ڕادەستکردنەوەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان
، ئەم تاقمە پیلانگێڕە زۆر بە زانابوون زۆرترین لێدوان دەدەن بە
میدیاکان و گەورەترین چەواشەکاری و تاوان ئەنجام دەدەن ، کە ئەمە
مشتێکە لە خەرمانێکی تاوانەکانیان:
١- کاتێک سەرھەڵدان و ڕاپەڕینی نەتەوەکەمان ھەموو بەشەکانی کوردستان و
بە تایبەت ڕۆژھەڵاتی کوردستانی گرتەوە و بە ھەزاران کچ و کوڕی ڕۆژھەڵات
تەڤڵی ڕیزەکانی پکک بوون و ھەوڵی پاراستنی پارتی کرێکارانی
کوردستانیاندا ، کەچی عوسمان لەو کاتە ھەستیارەدا ئەم سەرھەڵدانەی بە
ئاژاوەگێڕی و دەستی بێگانە پێناسە کرد و خۆپیشاندەرانیش وەک نۆکەری
ئیسرائیل . ئەمە جگە لەوەی کە ھەر لەو کاتەدا بانگەشەی دیموکراتبوونی
تورکیای کرد لە مەدیا- تیڤی و ڕاگەیاندنیشی بەناوی پەکەکەوە دەرکرد و
گوتی ( ئێمە ئامادەین بچین شەڕی لایەنە ئیسلامیەکانی باشووری کوردستان
بکەین) ، بەبێ ئەوەی کە ھیچ کێشەیەک لە نێوان پکک و لایەنە
ئیسلامیەکاندا ڕووی دابێت ، بەڵکو ئەم لێدوانانە تەنھا بۆ ئەوە بوو کە
بەرەیەکی شەڕی نوێ بۆ پکک زیاد بکات.
ئەم لێدوانانەی عوسمان زۆر بەزانابوون دەدران تاکو پکک و سەرۆکەکەی
بە تەنھا بھێڵێتەوە و ھیچ کوردێک خاوەندارێتیان لێنەکات و ئیمپریالیزم
و داگیرکەران بە ئامانجەکانیان بگەن.
٢- ھەر لەو کاتەدا کە ڕاپەڕینی کوردان ھەموو جیھانی گرتبوویەوە و
وڵاتانی ئەوروپی ھەژاندبوو و سەرھەڵدانەکان بە جۆرێک لە گەشەکردندا
بوون کە لە ئانوساتی ئەوەدا بوو کە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی بە قازانجی
کوردان بشکێتەوە ، واتە ئەگەر سەرھەڵدانەکان زیاتر درێژەی بکێشایە ئەوا
ڕەوشەکە تەواو لە بەرژەوەندی کورداندا دەشکایەوە . کەچی لەو کاتەدا
نیزامەدین تاش کە ناسرابوو بە "بۆتان" بانگەوازی دەرکرد بۆ کوردان کە
دەست لە ڕاپەڕین و سەرھەڵدان ھەڵبگرن و ئەو سەرھەڵدانانە دوابخەن بۆ
کاتێکی دیکە ، بیانووی ئەم گوتەیەشی ئەوە بوو کە گوایا پکک زیاتر
گۆشەگیر دەبێت بەو خۆپیشاندانانە ، لە کاتی ئەم لێدوانەشدا فرمێسکی لە
چاوەکانی دەباراند تاکو سۆزی کوردان بقۆزێتەوە و کوردان لە خشتە ببات .
بێگومان زۆر بە ئاسانیش توانی ئەو سۆزەی کوردان بقۆزێتەوە و سەرھەڵدانی
کوردان لە ئەوروپا تەواو کەم بکاتەوە .
٣- ھەر لەو کاتەدا کانی یەڵماز ئەوروپای چۆڵ کرد و خۆی گەیاندە قەندیل
بە بیانووی ئەوەی کە مەترسی ڕادەستکردنەوەی لەسەرە ، ئەم ڕۆیشتنەی کانی
یەڵماز دوو ئامانجی لەدوا بوو:
ا- بۆ ئەوەی ببێتە یاریدەدەری "عوسمان و بۆتان"
و بە ھاوکاری ئەوان بتوانن دەست بەسەر بەڕێوەبەرایەتی پارتی کرێکارانی
کوردستاندا بگرن و لەم ڕێگەیەوە پکک ڕیشەکێش بکەن.
ب- تاکو ورە و مۆراڵی کوردەکانی ئەوروپا بشکێنێت و کۆتایی بە سەرھەڵدان
و ڕاپەڕینەکان بێنێت . چونکە لەو کاتەدا کانی یەڵماز بەرپرسی ھەموو
ڕێکخستنەکانی ئەوروپا بوو.
ئەو ھۆکارەی ئەم کەسە پیلانگێڕانەی لەیەکتر کۆکردبوویەوە دژایەتیکردنی
پکک و سەرۆکەکەی بوو ، دەنا کاتێک کە پیلانەکەیان مایەپووچ بوو ئەو
کات ھەموویان دژ بەیەکتر سەنگەریان گرت ، ئەم سەنگەرگرتنەش پاکتاوکردنی
چەندین کەسی بەدوادا ھات وەک پاکتاوکردنی کانی یەڵماز و کەمال شاھین ،
ئەوەکانی دیکەش ھەر یەکەو ڕێگەیەکی تایبەتی گرتەبەر.
ئەو کەسانەی جێیان لە پیلانگێڕی نێو ڕیزەکانی پککدا گرتبوو وەھا
خۆیان دەنواند کە تەنھا ئەوان دەتوانن ئامانجەکانی بەڕێز عەبدوڵڵا
ئۆجەلان بە دەست بێنن و ھەموو کار و کردەوەیەکیشیان ھەر بەو ناوەوە
ئەنجام دەدا و دەیانگوت " ئێمە درێژەدەر و پارێزەری ھەنگاوەکانی سەرۆک
ئاپۆین " ، بەڵام کاتێک ھەڵھاتن ئەوکات گوتیان [ ھەموو ئامانجی ئێمە
نابوودکردنی ئاپۆ و پکک بوو ، چونکە ئێمە ھیچ کاتێک لەگەڵ ئایدۆلۆژیا
و سەرۆکایەتی پەکەکەدا نەبووین].
خۆ ئەگەر ئەو کەسە پیلانگێڕانە بە دەسەڵات بگەیشتنایە ئەوا زۆر بە
ئاسانی دەشیانتوانی پەکەکە لەنێو ببەن ، چونکە ھێزە شۆڕشگێڕەکان بە
جۆرە کەسانێک لەنێو دەچن ئەگەر ئەو جۆرە کەسانە بڕوایان بە ئایدۆلۆژیای
ئەو ھێزە نەبێت و بشگەنە لوتکەی دەسەڵات و ببنە بڕیاردەر ، نمونەش لە
ڕیشە ھەڵکێشانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانە لەسەر دەستی کاک
نەوشیروان مستەفادا ، چونکە کاک نەوشیروانیش ھیچ بڕوایەکی بە
ئایدۆلۆژیای کۆمەڵە نەبوو و گەیشتبووشە لوتکەی دەسەڵات و بڕیاردان لە
کۆمەڵەدا.
ھەڵبەت زۆربەی پیلانگێڕی نێو ڕیزەکانی پکک بە ڕێنومایی تاڵەبانی
بەڕێوە دەچوو ، چونکە تاڵەبانی ئەزموونێکی زۆری ھەبوو لە لاوازکردن و
پارچەکردنی لایەنە کوردیەکاندا ، لە ھەمان کاتدا لەباربردنی کۆمەڵەی
ڕەنجدەرانی کوردستانیش لە ڕێی کاک نەوشیروانەوە ئەزموونەکانی تاڵەبانی
زیاتر کردبوو تاکو ھەوڵی لەباربردنی پارتی کرێکارانی کوردستان بدات لە
ڕێی کەسێکی وەکو عوسمانەوە کە ھیچ بڕوایەکی بە شۆڕش و ئایدۆلۆژیا و
سەرۆکایەتی پکک نەبوو .
ناخۆشترین ڕۆژی ژیانم ئەو ڕۆژە بوو کە بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلانی تێدا
ڕفێندرا و ڕادەستی سەرسەختترین دوژمنی نەتەوەکەمان کرایەوە ، بەڵام ھیچ
کاتێک باوەڕم نەدەکرد کە ڕۆژێکی لەو ڕۆژە خۆشتر ببینم کە سەدام حسێنی
تێدا دەستگیر کرا ، کەچی ڕۆژ ھات و چوو لەو ڕۆژە خۆشتریش ھاتە پێش چاوم
، ئەو ڕۆژەش ھەڵھاتنی عوسمان و ھاوپیشەکانی بوو.
ئەو ڕۆژەی کە بیستم عوسمان ھەڵھاتووە دەستبەجێ کەوتمە سەماکردن و گوتم
ئەو شێرپەنجەیەی کە ھەناوی پارتی کرێکارانی کوردستانی گرتبوویەوە
کۆتایی ھات و پکک ھەر لە ڕێی تاڵەبانییەوە لەو شێرپەنجەیە ڕزگاری
بوو.
ئەگەرچی من عوسمانم لە نزیکەوە نەدەناسی "بە حوکمی ناحیزبی بوونم"
بەڵام لە ساڵی ١٩٩٥وە تەواو شارەزای کردەوەکانی ببووم لە ڕێی ئەو
کادرانەی "پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستان"ەوە کە ئەو کات لەنێو
ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا پەروەردەیان دەبینی . ھەمیشەش لە
پێش چاوانمدا بوو کە ڕۆژێک دێت و عوسمان گەورەترین تاوان ئەنجام دەدات.
وەک لە سەرەتای ئەم بابەتەدا باسم کرد ، پیلانگێڕی ١٥ی شوبات بۆ
پاکتاوکردنی پکک بوو ، بەڵام کاتێک ئیمپریالیزم و داگیرکەران
نەیانتوانی پکک پاکتاو بکەن ئەو کات ھەموو توانای خۆیان خستە کار
تاکو بتوانن پکک کۆنترۆڵ بکەن و بەپێی ویستی خۆیان بەکاری بێنن ،
ئەویش لە ڕێی عوسمان و ھاوپیشەکانیەوە . چونکە ئیمپریالیزمی ئەمریکی
بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەپشت عوسمان و ھاوپیشەکانیەوە بوو و ئەم
ئەرکەشیان ڕاستەوخۆ لە ڕێی تاڵەبانیەوە جێبەجێ دەکرد.
بۆچی ئەم ھەموو پیلانگێڕییە لەسەر پکک؟
ئاشکرایە کە ھیچ ھێزێک ھێندەی پارتی کرێکارانی کوردستان پیلانی لە دژ
نەکراوە و نەشکراوەتە ئامانج ، ھۆکارەکەشی ئەوەیە کە پکک بەرژەوەندی
نەتەوەیی بە بنچینە گرتووە و بەرژەوەندی نەتەوەییش لە یەکێتی نەتەوەیی
و یەکدەنگی کورداندا مەیسەر دەبێت و لەم پێناوەشدا پارتی کرێکارانی
کوردستان سەرقافڵە بووە . ئەگەر یەکێتی نەتەوەیش سەقامگیر بێت ئەوا
کۆتایی بە بەرژەوەندی ئیمپریالیزم دێت لە خۆرھەڵاتی ناوێندا و چی دیکە
گەلان لە بەرامبەر یەکتردا بەکار ناھێنرێن ، لەبەرئەوەی کوردستان
دەکەوێتە دڵی خۆرھەڵاتی ناوێن و زۆربەی بەرژەوەندیەکانی ئیمپریالیزمیش
لە خۆرھەڵاتی ناوێندایە.
ھەر لەو پێناوەشدایە کە ھێزە ئیمپریالیستەکان ھەم خۆیان دژایەتی ئەم
ھێزە شۆڕشگێرە دەکەن و ھەم ھێزە کوردیە کلاسیکەکانیان لە دژ ھانداوە و
ھەم مەزنترین ھاوکاری داگیرکەرانیش دەکەن بە پڕ چەککردن و پێکھێنانیان
لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان ، دەنا ئەگەر ئەو ھۆکارە نەبێت ئەوا
ھیچ ھۆکارێکی دیکە بەدی ناکرێت کە ھەموو داگیرکەرانی کوردستان و تەواوی
ھێزە کلاسیکە کوردیەکان لە یەک سەنگەردا کۆبکاتەوە دژ بە پارتی
کرێکارانی کوردستان و جۆرج بوشی سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا ناچار بکات
لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە بڵێت ( پکک دوژمنی ئەمریکا و تورکیا و
عێراقە ) . ھەڵبەت ئەم سەنگەر گرتنە لە بەرامبەر تەواوی ئەو پارتە
کوردیانەی دیکەش بە ڕێوە براوە کە ھاوخەبات و ھاوفکری پەکەکەن ، وەک
بەدەپە و پژاک و پەیەدە و پەچەدەکە.
بۆ نموونە لە تەواوی ھەڵبژاردنەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا
سەرجەم لایەنەکانی باشووری کوردستان (دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵاتیان) و
لایەنە ئینتەرنێتیەکانی باکووری کوردستانیش پشتگیری لە ئەردۆغانی
شەڕخواز دەکەن لە بەرامبەر لایەنێکی ئاشتیخوازی وەک بەدەپەدا ، خۆ
سەنگەرگرتن لە بەرامبەر پژاک و پەیەدە و ڕاوەدونانی لایەنگرانی
پەچەدەکەش پێویست بە باسکردن ناکات و لە کەس شاراوە نییە . بڕوانە ئەم
لینکانەی خوارەوە:
http://www.youtube.com/watch?v=LfhIU٢d٩٤١Q&feature=related
http://www.youtube.com/watch?v=fq٧BKgpnSXU
لە ڕۆژی دامەزراندنی پەکەکەوە تا ئیمڕۆ دەیان پیلانگێڕی بەدی دەکەین دژ
بەم ھێزە تێکۆشەرە و ھەموو پیلانەکانیش مایەپووچ بوون ، ھۆکارەکەشی
ئەوەیە کە ئەم ھێزە لە لایەک خاوەنی ئایدۆلۆژیا و ئابووری سەربەخۆیە و
لە لایەکی دیکەوە پشت ئەستوور بە نەتەوەی کوردە لە ھەموو بەشەکانی
کوردستاندا ، لە دوای ھەر پیلانگێڕیەکیش پکک چالاکتر لە ڕابردوو
ھاتۆتەوە مەیدان . پیلانگێڕی ١٥ی شوباتیش نەک ھەر پەکەکەی لاواز نەکرد
بەڵکو زیاتر لە جاران گەشەی کرد و بیری ئاپۆچێتی دوورترین شوێنەکانی
ڕۆژھەڵات و باشوور و ڕۆژئاواشی گرتەوە.
بەڵێ ، ئیمڕۆ پێ دەنێینە چواردەھەمین ساڵڕۆژی ئەو پیلانگێڕیانەی کە بە
شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە دژ بە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و پکک ئەنجام
درا لە ١٥- ٢ - ١٩٩٩دا ، بەڵام ئەم پیلانگێڕیانە نەک ھەر نەبوونە ھۆی
دابڕانی بەڕێز ئۆجەلان و پکک لە گەلی کورد ، بەڵکو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ
پێگەی پکک و خۆشەویستی بەڕێز ئۆجەلان زیاتر دەبێت لەنێو کورداندا و
گەل و گەریلا زیاتر ئاوێتەی یەکتر دەبن و دۆزی نەتەوەکەشمان لە
باکووردا زۆر بەخێرایی بەرەو پێش دەچێت . کەچی ئەو کەسانەش کە لەسەر
ناوی کوردان گەیشتنە دەسەڵات و پێیەکیان لە پایتەختی داگیرکەران و
پێیەکەی دیکەیان لە پایتەختی ھێزە ئیمپریالیەکانە نەک ھەر نەبوونە
ھۆکاری چارەسەری پرسی کورد بەڵکو ھەموو ئامانجەکانی نەتەوەکەمانیان
کردە کاغەزی قومار و بەنێوی ماددەی ١٤٠ و ھەوبەشیکردن لە دەسەڵاتدا
دۆڕاندیان و داگیرکەرێکی زۆر مەترسیدارتر لە بەعسیەکانیان بۆ بەرھەم
ھێناینەوە ، ئەو داگیرکەرەش ھەم چەکی نەتەوەپەرستی لە دەستدایە و ھەم
چەکی مەزھەبگەریش.
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|