١٩\٤\٢٠١٦
کوردستانێکی وێران
و ئاڵایەکی سەراوژێر!

شە ماڵ عادل سەلیم
لە
بەراهییدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوەبکەم کە ئابووریی لە هەرێمی
کوردستاندا پاشکۆی سیاسەتە، سیاسەتیش بەدەست
هێزەوەیە، هێزیش بەدەست حیزبە، حیزبیش بۆ بەرژەوەندی پیسکەیی خۆی
حیزبایەتی دەکات، حیزبایەتیش هۆكاری بەردەوامی كێشەكانی و ماڵوێرانی
خەڵکی هەرێمی بەتەمای خودایە.
دەبێ ئەوەش بڵێن کە هەرێمی بەتەمای خودا لەسایەی سیاسەتی سەقەتی بازاڕی
بەڕەڵاو و بەرژەوەندی پیسکەیی بەرپرسە بازرگانەکانمان، بویتە زبلخانە و
مەزادخانەی ساخکردنەوەو فرۆشتنی کەلوپەلە بەربادو، خەراپ و،
لاسایکراو و، ئێکسپایەرەکانی هەر سێ
ولاتی (تورکیا و ئێران و چین).
بەرێزان ، مەبەست لە نووسینی ئەو چەند دێرە، باس لە قۆرخکردنی بازاڕ
لەلایەن بەرپرسە (سەرمەرە زگ گورگەکان) و خەراپی کاڵای هاوردەی وڵاتان
و ،بێ ویژدانی (حوتە مل ئەستورەکان، ئەوانەی بەدوای قازانجی مفتن) نییە،
بەڵکو تەنیا بۆ باسکردنی ئەو گاڵتەجاڕیەیە کە بە ئاڵاو خاک و هێماو
سیمبۆلی نەتەوەیشمان دەکرێت بەبێ ئەوەی ئێمەی هاوڵاتی هەرێمی بەتەمای
خودا هەستی پێ بکەین، یان باشتر بڵێم ،هەستی پێ دەکەین بەڵام ناوێرین
باسی بکەین نەوەک بەدەردی (کاوەگەرمیانی جوانە مەرگ و و سەردەشت
عوسمانی نازادرو و سۆرانی مامە حەمەی بوێر) بچین.
هەربۆنموونە ،دوێنی بەمەبەستی کڕینی ئاڵای پیرۆزی کوردستان چومە
دوکانیکی نزیک قەڵاتی هەولێر، ئەوجێگایەی هەمیشە دڵم بۆی لێدەدات و
ڕۆژانی خەبات و خۆپیشاندانەکانی قوتابیانی شارە بێ نازەکەم دژ بە
ریژێمی سەدام بیردەخاتەوە.
کە چوومە ناو دوکانەکە ، کاکی دوکاندار کۆمەلێک ئاڵای کوردستانی (لە
شیوەی میدالیای جۆراوجۆر)هەڵواسیبوو، چەند دانەیەکم هەڵبژارد ، بەڵام
کە بەچاوی دیقەت تەماشام کرد و لییان ورد بوومەوە ، بینم ، ئاڵاکە (سەراوژێر)
دروست کراوە ( کەسک لەسەرەوە سۆرە لەژێرەوە)، یەکسەر بە خاوەن
دووکانەکەم گوت: ئەم ئاڵا جوانە کێ وا بە سەقەتی دروستی کردووە؟
دیار بوو کاکی دوکاندار نەی بینیبوو، بەشەرمەوە رووی تێکردم و گوتی:
کاکە وەللە لە وڵاتی چینەوە بۆمان هاتووە و زۆریشم لێ فرۆشتووە، بەڵام
بەداخەوە دیقەتم نەداوە کە سەراوژێرە!!؟
لە بەر خۆمەوە گوتم : ئای چەندە شەرمە، تاوانە، مرۆڤ ئالای پیرۆزی
وڵاتەکەی بە سەراوژێری لە یەخەو بەرۆکی خۆی بدات و باس لە ریفراندۆم و
سەربەخۆیی و دەوڵەتیش بکا!!
ئای چەندە شەرمە ، بۆ حکوومەتیکی تەمەن ٢٥ ساڵی پێ نەگرتوو و شێرەخۆری
مشەخۆر ، کەنەی توانی، یان ڕاستر بلێم نەیویست بەرگری لە ڕەوشی ئابووری
کوردستان و ئەزموونەکەی بکات و ئەم دەڤەرە بێ ساحێبە بنیاتبنێتەوە و ،بیر
لە ژیانی خەڵکی زەرەرمەندی کوردستان بکاتەوە ، هەرنەبێت بەپارەی چەند
رۆژیکی ناردنی نەوت چەند کارگەو کارخانەیەکی بچوکمان بۆ دروست باکات ،تا
بتوانین خۆمان بەدەست و بازوو و هێزی خۆمان ئالا پیرۆزەکەمان بەراست و
دروستی دروست بکەین، ئەو ئالایەی دەریایەک خۆێنی بۆ دراوە ، بەتاوانی
بهرزکردنهوه و پیرۆز ڕاگرتنی هەزاران گەنجی خێرلەخۆنەدیوی
هەرچورپارچەی کوردستان لەسێداره دراون.
ئا ، ئەو ئالا پیرۆزەی کە(پێشەوای مەزن ) لەپێناویدا لەسێدارە دراو،
وەسیەتیشی کرد ، بەرزو پیرۆز ڕایبگرین و وەک بیلبیلەی چاوەکانیشمان
بیپارێزین، نەک لە وڵاتی چین سەراوژیر بۆمان دروستی بکەن و ئێمەش
لەرۆژی (ئالا و بۆنە نیشتیمانییەکان ) لەیخەو بەرۆکمانی بدەین!!
بەراستی تاوانە، دەسەڵاتدارانی هەرێمی بەتەمای خودا نەتوانن لە ماوەی
٢٥ ساڵ هەرێمێکی ٣ پارێزگای بەهێزو سەربەخۆی ئەوتو بگەشێنیتەوە کە
دراوسێکانمان هەزار حسێبمان بۆ بکەن ،بۆیە لێرەدا بەڕاشکاوی پێیان
دەڵێم:
ئەی حوتە دمۆرو چاوچنۆکەکان ، ئەی بازرگانە گەلحۆکان ، لەبەر ئەوەی ئەو
هەرێمە بێنازە جلەوی کاروباری بەدەست ئێوەیە ، بۆیە سەرباری ئەو هەموو
خێرو سامانەی هەر بە دواکەوتوویی و هەژاری و بێکەسی ماوەتەوەو
دەمێنێتەوەو ، ئاڵا پیرۆزەکەشی بەسەراوژێری بۆ دروست دەکرێ ، ئەوەی
دەمیشی بکاتەوە مۆرێکی دژەئەزموونی لەنێوچاوانی دەدەن و
مەسینەهەڵگرەکانیشتان فێر دەکەن تەماتەو هێلکە بارانی بکەن!!
لەکۆتایدا دەپرسم و دەڵێم ، ئاخۆ دەبێت چەند جار بەرپرسە
قۆزوپۆشتەکانمان بەو ئاڵا (سەربەرەوخوارارانە) پێشوازیان لە شاندو
مێوانانی هەرێمی بەتەمای خودا کردبێ؟
دەی خۆ ئەگەر واشیان کردبێت ئەوە گرنگ نییە، شەرتی نییەتە ، داپیرم
گوتەنی!!
ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم
|