٢\٨\٢٠١٢
کوردستان،
گۆڕستانی ژنان!!!
- کۆمەڵێک هەواڵ دەربارەی
کوشتن و سوتاندن و دەستدرێژییکردنە سەر ژنان -
ژنێک لە رانیە لە
لایەن ھاوسەرەکەیەوە دەکوژرێ.
وارڤین
- رانیە: (مھرەبان سیروان)ی تەمەن (٣٠ ساڵ) دوای ھەفتەیەک مانەوەی لە
نەخۆشخانە، دوێنێ بە ھۆی کاریگەری برینی ئەو فیشەکەی ھاوسەرەکەی پێیەوە
نابوو، ژیانی لەدەستدا.
رۆژی (٢٤ / تەمموز - یۆلیۆ /
٢٠١٢) لە شارۆچکەی رانیە، ژنێک بە ناوی (میھرەبان سیروان) لە لایەن
ھاوسەرەکەیەوە بە چەک بریندار کرا و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە،
دوێنێ چوارشەممە (١ / ئاب - ئۆگست
/ ٢٠١٢) ژیانی لەدەستدا.
لە لێدوانێکی تایبەت بۆ (وارڤین) بەرپرسی نوسینگەی بەدواداچوونی
توندوتیژی دژ بە ژنان لە رانیە موقەدەم (حەسەن خۆشناو) رایگەیاند،
ھاوسەری ئەو ژنە (ر.ح) لە دایکبووی ١٩٨٩ لە دوای ئەنجامدانی تاوانەکەوە
لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە.
گوتیشی: پاساوی ئەو پیاوە بۆ کوشتنی ھاوسەرەکەی "ناپاکی ھاوسەری" بووە
و بە گوێرەی مادەی (٤٠٦)ی یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەر کراوە و
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
کوشتنی ژنان و ناچارکردنییان بە خۆ سووتاندن لە ھەرێمی کوردستان درێژەی
ھەیە و پێشتریش دەزگای وارڤین لە بەیانامەیەکدا مەترسی پەرەسەندنی ئەو
دیاردەیە و بێدەنگی حکومەتی لە ئاستی ئەو تاوانانە سەرکۆنە کردووە.
-------------------------------------------------------------------------------------------------------------
کچێک لە کەلار لە لایەن برایەکیەوە
دەکوژرێ.
وارڤین / نینا
وارڤین - کەلار: کاتژمێر (١٠)ی شەوی ھەینی (٢٠.٠٧.٢٠١٢) لە گەڕەکی
(کەلار کۆن)ی شارۆچکەی کەلار کوڕێک بە پاساوی ناموس پارێزی خوشکەکەی
خۆی بە چەقۆ کوشت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەستکەوتوو لە کەسانی نزیک لە بنەماڵەی ئەو
قوربانییە، ئەو برایە بە پاساوی ناموسپارێزی خوشکەکەی خۆی داوەتە بەر
چۆقۆ و کوشتوویەتی.
قوربانییەکە تەمەنی (١٦) ساڵە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەھۆی کێشەیەکی
کۆمەڵایەتییەوە لە لایەن پۆلیسەوە راگیراوە و دوای ئەوەی رۆژی (١٢ /
حوزەیران - یۆنیۆ / ٢٠١٢) بەردرا و گەڕایەوە بۆ
ماڵ، برایەکەی چەند چەقۆیەکی لە مل و سینگی داوەو کوشتویەتی.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەلار ھەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و
رایگەیاند، ئەمشەو تەرمی قوربانییەکە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە بە
مەبەستی ئەنجامدانی پشکنیین بۆی.
دوای ئەنجامدانی تاوانەکە کوڕەکە ویستوویەتی رابکات، بەڵام لە لایەن
ھێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتنەوە دەستبەسەر کراوە و گواستراوەتەوە بۆ
بنکەی پۆلیس.
پۆلیسی ئەو شارۆچکەیە، دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە و
چاوەڕواندەکرێت، سەرەتای ھەفتەی داھاتوو دۆسیەی ئەو تاوانە رەوانەی
دادگا بکرێت.
-------------------------------------------------------------------------------------------------------------
ژنێک لە خورماتوو
دەکوژرێ.
ئا: نێرگز قادر
وارڤین / نینا
وارڤین - کەرکووک: ژنێکی دانیشتووی شارەدێی سلێمان بەگی سەر بە
شارۆچکەی خورماتوو لە ناو ماڵەکەی خۆیدا بە شێوەیەکی دڕندانە دەکوژرێت
و ھاوسەرەکەشی بەرەو شوێنێکی نادیار دەڕفێندرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بۆ (وارڤین) بەڕێوبەری ھێزی پاراستنی
دامەزراوەکانی کەرکووک (شێرزاد مارف) رایگەیاند، بەرەبەیانی دوێنێ (١٦
/ تەمموز - یۆلیۆ / ٢٠١٢)
لە شارەدێی (سلێمان بەگ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماتوو) ژمارەیەک چەکداری
نەناسراو بە جلوبەرگی سەربازییەوە ھەڵدەکوتنە سەر ماڵی ھاووڵاتییەک.
گوتیشی: "رووداوەکە کاتژمێر (٣)ی بەرەبەیان روویداوە و لەو میانەیەدا
ھاووڵاتی (نەوال فاتح) کە کارمەندە لە بەڕێوبەرایەتی پاراستنی
دامەزراوەکانی کەرکووک بە شێوەیەکی دڕندانە دەکوژن و سەری لە جەستەی
جیا دەکەنەوە و ھاوسەرەکەشی بەناوی (نەسروڵا عەلی) بەرەو شوێنێکی
نادیار دەڕفێنن".
ئەو بەرپرسەی پۆلیس روونیشیکردەوە، دوێنێ پۆلیس لە رووداوەکە ئاگادار
کراوەتەوە و ھێزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنێ رووداوەکە و لێکۆڵینەوە
بە مەبەستی دۆزینەوەی شوێنەواری تاوانباران و سۆراغکردنی (نەسروڵا
عەلی) دەستیپێکردووە.
-------------------------------------------------------------------------------------------------------------
ھەفتەیەکە لە شنگال ژنێک بێ سەرو
شوێنە.
ئا: بەرەکات عیسا
وارڤین/نینا
وارڤین - شنگال: نزیکەی ھەفتەیەکە ژنێکی دانیشتووی شنگال لە ناو بازاڕی
قەرەباڵغی شارۆچکەکەیدا رفێندراوە و تا ئێستا کەس سۆراغی نازانێت و
چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە.
(عەیشان عەلی قولو) لەدایکبووی (١٩٨٧) رۆژی پێنجشەممەی رابردوو (١٢
/ تەمموز - یۆلیۆ / ٢٠١٢)
بە مەبەستی سەردانی پزیشک لە نۆڕینگەی تایبەتی لە ماڵ دەرچووە و
روویکردووەتە بازاری منارەی شارۆچکەی شنگال و لەو کاتەوە پەیوەندی بە
کەسوکاری و ھاوسەرەکەیەوە پچڕاوە و گومان دەکرێت بەرەو شوێنێکی نادیار
رفێندرابێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بۆ (وارڤین) ھاوسەری ئەو ژنە (س.ح.خ) رایگەیاند،
ھاوسەرەکەم بە مەبەستی سەردانی نۆڕینگە لە دەمی عەسری رۆژی پێنجشەممەی
رابردوودا رووی لە بازار کرد و لەو کاتەوە ھیچ سۆراغێکی نازانیین.
(عەیشان) کە دایکی کوڕێکە و ھێشتا تەمەنی منداڵەکەی نەگەیشتووەتە یەک
ساڵ، لە کاتێکدا بێسەرو شوێن بووەکە کە بازارەی منارە قەرەباڵغ بووە و
ئەمەش گومانی ئەوەی درووستکردووە، بە رێککەوتن لەگەڵ کەسێکدا بەرەو
شوێنێکی نادیار رۆیشتبێت.
یەکێک لە خزمەکانی (عەیشان) بەناوی (ش.خ.ع) بۆ (وارڤین) دواو گوتی:
"عەیشان ژنێکی پابەند و خاوەن کەسایەتی خۆی بوو، تەنانەت مۆبایلیشی
نەبووە، ھیچ کێشەیەکی خێزانی نەبووە، ئەمەش تووشی سەرسوڕمانی کردووین،
ئایا بە زۆر رفێندراوە یاخود بە خواستی خۆی لەگەڵ کەسێک رۆیشتووە و
نەگەڕاوەتەوە".
گوتیشی: "ئەگەر بە زۆر رفێندرابێت؛ چۆن لەو بازاڕە قەرەباڵغەدا ھاواری
نەکردووە و چۆن بە بێدەنگی رووداوەکە تێپەڕیوە؟".
ھەروەھا گوتی: "دەرگەوانی پزیشکەکە چەند جارێک پێی وتووە بڕواتە لای
پزیشکەکە، بەڵام ئەو بە پاساوی دواکەوتنی ھاوسەرەکەی نەچووەتە ژوورەوە
و خۆی دواخستووە".
لەو بارەیەوە (وارڤین) پەیوەندی بە پۆلیسەوە کرد و سەرچاوەیەک لە
پۆلیسی شنگال کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، رایگەیاند، کەسوکاری ئەو
ژنە دەستبەجێ پۆلیسیان ئاگادار نەکردووەتەوە و لە حاڵەتی وادا ئەگەر
پۆلیس ئاگادار بکرێتەوە ئەوا لە رێگەی بازگەکانەوە کار بۆ دۆزینەوەی
کەسی رفێندراو یاخود رفێنەرەکە دەکرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی (وارڤین) ئەمە دووەم حاڵەتی رفاندنی ژنانە لە
ماوەی کەمتر لە دوو ھەفتەدا، ئەم رووداوە دوای ئەوە دێت کە ھەفتەی
پێشووتر لە شارەدێی (سنوون) ھەڵکەوتوو لە دووری (٧٥ کم لە باکووری
شنگال) کچێکی تەمەن (٢٥) ساڵ لە لایەن ئەو کوڕەی کە پەیوەندی خۆشەویستی
لەگەڵی ھەبوو، بەرەو شوێنێکی نادیار رفێندرا.
-------------------------------------------------------------------------------------------------------------
کچێکی حەڤدە ساڵان
لە چەمچەماڵ دەکوژرێ.
رووداو / نینا
چەمچەماڵ: کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ لە ماڵەکەی خۆی بە گوللەیەک دەکوژرێ و
کەسوکاری دەڵێن لەگەڵ خوشکەکەی شەڕی کردووەو گوللەیەکی لە خۆیداوە،
بەڵام پۆلیس دەڵێ ھێشتا دیار نییە کوژراوە یان خۆی کوشتووەو ھێشتا
لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبوونە .
کاژێر ١٢ی نیوەڕۆی ٥/٧/٢٠١٢
کچێک بەناوی ساکار.ح، تەمەن ١٧ساڵ، لەنێو ماڵەکەیان بە گوللەیەک کوژرا،
بەڵام تائێستا بۆ پۆلیس روون نەبووەتەوە کە ئەو کچە کوژراوە یان خۆی
کوشتووە.
کێشەکانی ئافرەتان لە کوردستان بەردەوام لە پەرەسندندان، رۆژانە
بەردەوام ھەواڵی کوشتن و خۆکوشتن و سووتان و رفاندن و رەدووکەوتن و
ئەشکەنجەو لێدان بڵاودەبنەوە، ساکاریش یەکێکە لەو حاڵەتانەی کە لە
سنووری گەرمیان بەھۆی کوشتنەوە کۆتایی بە ژیانی ھات.
بەپێی ئاماری پێنج مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٢ لە ھەرسێ پارێزگاکانی
ھەرێمی کوردستان، کە بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی تووندوتیژی دژ بە
ئافرەتان لە وەزارەتی ناوخۆ بڵاویکردووەتەوە، ٣٢ حاڵەتی کوشتن و
خۆکوشتن ھەبووە.
رائید عەدنان محەممەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی گەرمیانی بەدواداچوونی
تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان، باسی لە کوشتنی ئەو کچە کردو گوتی "بەپێی
زانیارییە سەرەتاییەکان، ساکار لەو نیوەڕۆیەدا گوللەیەک بەر سینگی
کەوتووە، ھەر لەوێ گیانی لەدەستداوە، پاشان تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی
دادوەری سلێمانی کراوە، چاوەڕوانی راپۆرتی ئەوان دەکەین و تاوەکو دووری
و نزیکی بەرکەوتنی گوللەکەمان بۆ دەربخات و ھۆکاری کوژرانەکەی
بزانرێت".
وەک رائید عەدانان باسیدەکات، کەسوکاری بانگی پۆلیسی چەمچەماڵ کراوەو
دایک و باوکی کچەکە دەڵێن رووداوەکە خۆکوشتنە، بەڵام "لێکۆڵینەوەکان
راستی و دروستی رووداوەکە دەردەخات، کەسوکاری دەڵێن ساکار مشتومڕی
لەگەڵ خوشکی ھەبووەو توڕەبووە، لەسەر ئەوە خۆی کوشتووە، بەڵام تاوەکو
لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبن، راستی ئەو قسانە دەرناکەوێ و مەرج نییە قسەی
کەسوکاری راستبێ".
ساکار قوتابی پۆلی ١٠ی بنەڕەتی بووە، دایک و باوکی سکاڵایان لەسەر کەس
تۆمار نەکردووە، بۆیە پۆلیسیش کەسی دەستگیرنەکردووە، کوشتنەکەشی بەھۆی
چەکی کڵاشینکۆفەوە بووە، بەوجۆرە ساکاریش بووە قوربانییەکی دیکەی چەکی
بەردەست لە ماڵان.
خۆکوشتن و خۆسووتاندنی ئافرەتان کێشەیەکی بەربڵاوی کوردستانە، تائێستا
ئەوانەی دەبنە ھۆکاری کوشتنی ئافرەتان حوکم نەدراون، چالاکڤانانی بواری
ئافرەتان ئەوە بە ھۆکارێک دادەنێن بۆ زۆربوونی و بەردەوامبوونی ئەو
کێشەیە، رائید عەدنان، ئەوەی بە کێشەیەکی گەورە داناو گوتی "ئافرەت
ھەبووە سکاڵای تۆمارکردووە لەسەر ئەو کەسەی کە ھۆکاری ھەوڵی خۆکوشتنی
یان خۆسووتاندنی بووە، ئێمەش دەستگیرمان کردووە، کەچی دوای چەند رۆژێک
دادگا ئازادی کردووە، بۆیە لەوبارەوە لە دادگاکانی کوردستان کەمتەرخەمی
ھەیە. بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی خۆکوشت و خۆسووتاندن حوکمدانی ئەو کەسانە
پێویستە".
-------------------------------------------------------------------------------------------------------------
لە ھەفتەیەکدا دوو
ژن لە شنگال کۆتاییان بە ژیانیان ھێناوە.
ئا: بەرەکات عیسا
وارڤین / نینا
وارڤین - شنگال: لە دوو ناوچەی جیای دەڤەری شنگالدا لە ماوەی تەنیا یەک
ھەفتەدا دوو ژن لە رێگەی بەکارھێنانی بەنزین و نەوتەوە ئاگریان لە
جەستەی خۆیان بەردا و کۆتاییان بە ژیانییان ھێناوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بۆ (وارڤین) سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس کە نەیویست
ناوی بڵاوبکرێتەوە، رایگەیاند، رۆژی (٣ / تەمموز
- یۆلیۆ / ٢٠١٢) لە کۆمەڵگەی (خان سۆری کۆن) کە
دەکەوێـتە دووری (٧کم لە خۆرئاوای شارەدێی سنوون) ژنێک بەناوی (سوھام
برجس خدر - ٢٢ ساڵ) بەنزینی بە جەستەیدا کردووە و ئاگری لە خۆی
بەرداوە.
گوتیشی: "ئەو ژنە دەستبەجێ ژیانی لەدەستداوە و پۆلیس بە مەبەستی
دۆزینەوەی ھۆکاری خۆ سوتاندنی لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە".
ھەر لەو چوارچێوەیەدا رۆژی (٨ / تەمموز - یۆلیۆ
/ ٢٠١٢) لە کۆمەڵگەی (دوھلا)ی ھەڵکەوتوو لە
دووری ھەشت کیلۆمەتر لە خۆرھەڵاتی شارەدێی (سنون) حاڵەتێکی دیکەی خۆ
سوتاندن تۆمار کراوە.
ئەو سەرچاوەیەی پۆلیس روونیکردەوە، حاڵەتی دووەم پرسی خۆ سووتاندنی
(ھەزار خدر خەڵەف)ی لەدایکبووی (١٩٨٩)ە، کە لە گەرماوی ماڵەکەیاندا
کاتژمێر (٢)ی دوا نیوەڕۆ، لە کاتێکدا ئەندامانی خێزانەکەی لە خەوی دوای
نیوەرۆدا بوون، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو.
لەو بارەیەوە لە لێدوانێکدا بۆ (وارڤین) یەکێک لە خزمە نزیکەکانی ئەو
ژنە بە ناوی (عومەر نایف سەیدۆ) گوتی: "ھەزار چووەتە ژیانی
ھاوسەرگیرییەوە و ھاوسەرەکەی ئامۆزایەتی و ناوی (ڕ.ج.خ) و ھەرچەندە بە
خواستی خۆی ژیانی ھاوسەرگیری پێکھێنابوو، بەڵام کێشەی خێزانییان
ھەبووە.
(عومەر سەیدۆ) روونیکردەوە، (ھەزار) و برایەکی لە تەمەنی یەک ساڵیدا
دایکی کۆچی دوایی کردووە و باوەژنی گەورەی کردووە و دواتر ژیانی
ھاوسەرگیری پێکھێناوە و منداڵیان نەبووە.
بەگوێرەی ئامارێکی نا رەسمی کە لە بەردەستی (وارڤین)دایە، لە ساڵی
(٢٠٠٣)ەوە تا ئێستا (٢٢٩) کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان ھێناوە و لەو
ژمارەیەش (٨٠٪)یان ژنن.
-------------------------------------------------------------------------------------------------------------
خۆکوشتن و بەزۆر
بەشوودان لە شنگار باوە.
رووداو - ھەولێر
باوکی لە نزیکییەوە دانیشتبوو، لەبەرئەوە جینان میرزای تەمەن ١٦ ساڵ،
بە زەحمەت توانی روونیبکاتەوە کە بۆچی لەسەر جێگە کەوتووە، ئەم کچە
بەھۆی برینداربوونی بە گولڵە لەسەر جێگەیە.
جینان کە لەژێر بەتانیەکی سوور لەژوورێکی تاریکی کۆنکرێتیدا قسەی
دەکرد، گوتی "نەمزانی دەمانچەکە میلەکەی راکێشراوە".
دوای چەند ساتێک کە باوکی ژوورەکەی بەجێھێشت بۆ ئەوەی چا بێنێ،
بەھێواشی دەستی بە گریان کردو راستییەکەی درکاند کە چۆن بە دەمانچەی
براکەی فیشەکێکی بە سکی خۆیەوە ناوەو گوتی "ویستم خۆم بکوژم، نەمدەویست
شووبکەم، ناچارکرام".
لەم شارۆچکە دوورەدەست و نەریتخوازەی باکووری رۆژئاوای عێراق کە
دەکەوێتە بناری زنجیرە چیایەکی نزیک سنووری سووریا، ئەم رەفتارەی جینان
بووەتە رەفتارێکی باوی نێو ئافرەتانی شارۆچکەکە. بەرپرسان زەنگی مەترسی
لێدەدەن بەرامبەر زۆربوونی رێژەی ھەوڵی خۆکوشتن، بەتایبەتی لەنێو
ئافرەتاندا کە بوونەتە قوربانی بەزۆر بەشوودان.
لەگەڵ ئەوەی زۆر زەحمەتە ئامارێکی تەواوت لە ھەموو عێراق دەستبکەوێ،
بەڵام بەرپرسان دەڵێن تەنیا ئەمساڵ نزیکەی ٥٠ حاڵەتی خۆکوشتن ھەبووە
لەم شارۆچکەیەی کە ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە ٣٥٠ ھەزار کەس و باوترین
رێگەش لەنێو ئافرەتاندا خۆسووتاندن و بەکارھێنانی چەکە.
ھۆکاری زۆر باسدەکرێن لەبارەی فراوانبوونی ئەو دیاردەیە وەک ھەژاری،
بەڵام یەکێک لەو ھۆکارانەی کە زۆر باسی لێوە دەکرێت، ھاتنی ئینتەرنێت و
بڵاوبوونەوەی سەتەلایتە. ئەمەش وای لە ئافرەتانی ئەو شارە کردووە ژیانی
خۆشتر ببینن و ئافرەتی دیکە ببینن کە دوورن لەو داوونەریتانەی بە سەتان
ساڵە لەم ناوچەیە ھەن.
خەیری شنگاری کە بەرپرسێکی حیزبی ئەو شارۆچکەیەیە و نووسەرە، لەوبارەوە
دەڵێ "ئەم کۆمەڵگە داخراوە ئێستا بەڕووی ھەموو جیھاندا کراوەتەوە و
خەڵکی ئەم کۆمەڵگەیە ھەست دەکەن ژیانیان لەچاو ژیانی خەڵکی دیکە زۆر
ناخۆشە".
ساڵی رابردوو، رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری پەنابەران IOM،
توێژینەوەیەکی لەبارەی رێژەی خۆکوشتن لە شارۆچکەی شنگار کرد و بۆی
ئاشکرابوو کە خزمەتگوزاری چاودێریکردنی نەخۆشی دەروونی بوونی نییە و
لەکۆتایی توێژینەوەکەشدا دەڵێ "بەکەمزانینی ئافرەت و ئەو روانگەیەی کە
رۆڵی ئافرەت ھیچ نییە، ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی
خۆکوشتن". بەپێی راپۆرتی بنکەیەکی تەندروستی ئەو شارۆچکەیەش، تاکە رێگە
بۆ بنبڕکردنی ئەو دیاردەیە، کۆتایی ھێنانە بە دیاردەی بەزۆر بەشوودان.
رەنگە ئەمەش ھێندە زوو روونەدات. خەڵکی شارۆچکەکە گوناھەکە دەخەنە
ئەستۆی درامایەکی تورکی بەناوی (عەشقێکی قەدەخەکراو) کە ئافرەتانی ئەو
شارۆچکەیە زۆر حەزی لێدەکەن و خەڵکی شنگار دەڵێن ئەم درامایە نموونەی
ژیانی دەرەوە بە ئافرەتانی شنگار پیشاندەدات.
جینان دەڵێ ئەویش دراماکەی تەماشاکردووە و گوتیشی "خۆزگە ژیانی منیش
وابووایە، حەزدەکەم لەگەڵ دایکم بمێنمەوەو نەچمەوە لای مێردەکەم".
باوکی جینان کە ناوی بەرەکات حوسێنە، دواتر بەنھێنی چاوپێکەوتنی لەگەڵ
کرا و ئەویش گوتی کە دەزانێ رووداوی برینداربوونی کچەکەی، ھەوڵی
خۆکوشتن بووە. گوتیشی "٢٠ رۆژ لەمەوبەر کچەکەمان دایە ئامۆزاکەی خۆی و
کچەکەش پێی رازیبوو، وەک ھەموو کچێکی دیکە کە شوودەکات پێویستە دڵخۆش
بێت".
باوکی جینان دەڵێ کچەکەی ناچاردەکات بگەڕێتەوە لای مێردەکەی کە لە
تەنیشتیانەوە دەژین و گوتیشی "ھیوادارم کچەکەم بگەڕێتەوە لای مێردەکەی،
لەبەرئەوەی باوکی کوڕەکە برامە".
ئەویش بە ھەمان شێوە کێشەکانی نێو خێزانەکەی دەخاتە ئەستۆی زنجیرە
دراما تورکییەکان و دەست بۆ ژنەکەی خۆی رادەکێشێ و دەڵێ "منیش ئامۆزای
خۆم ھێنا، من ئەوم خۆشنەدەویست، بەڵام تائێستاش پێکەوە دەژین، لێرە
ئاوایە و ئێمە خزمانی خۆمان دەخوازین".
ھەروەک خانەوادەی میرزا، زۆربەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە ئێزدین و بە
کوردی قسە دەکەن، ئابووری شارۆچکەکە زیاتر پشتی بە بەرھەمی تووتن و
ھەنجیر بەستووە، بەڵام بەھۆی شەڕ و تووندوتیژی و پشتگوێخستنی شارۆچکەکە
لەلایەن حکومەتەوە، بەرھەمی کشتوکاڵی کەمبووەو زۆربەی پیاوانی ئەم
شارۆچکەیە روویان کردووەتە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی بۆ دۆزینەوەی کار
و نزیکی لە سنوورەکانی سووریاشەوە وایکردووە کە ئاوارەکان لەوێوە بێنە
عێراق و قاچاخچییەکانیش چەک و جگەرە دەگەیێننە چەکدارە یاخیبووەکانی
سووریا.
لەراستیدا ئەم ناوچەیە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی کەس نییە، نە حکومەتی
ناوەندیی عێراق و نە حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
بەرپرسانی شارۆچکەکە دەڵێن لەنێو ئەو کەیسانەی بە خۆکوشتن تۆمارکراون،
ھەندێکیان لەلایەن ئەندامانی خێزانەکەیانەوە کوژراون و قوربانییەکانیش
ئەو ئافرەتانەن کە کارێکی نابەجێیان کردووە، یانیش ویستوویانە لە
دەرەوەی شارۆچکەکەی خۆیان شووبکەن. بۆ نموونە لە کەیسێکدا، باوکی کچێکی
تەمەن ١٩ ساڵ گوتوویەتی کە کچەکەی بە چەقۆ خۆی کوشتووە، بەڵام براکەی
دەستگیرکرا، چونکە تۆمەتبارکرا بە کوشتنی خوشکەکەی.
باوکی کچەکە بەناوی عەبدوڵڵا حوسێن دەڵێ کە کچەکەی شووی بە ئامۆزای خۆی
کرد و دوای ماوەیەک تووشی نەخۆشی دەروونی بوو، دوای چەند رۆژێک
ئاگادارکراوەتەوە کە کچەکەیان خۆی کوشتووە.
-------------------------------------------------------------------------------------------------------------
بە چەقو ملی کرد
بەدوو لەتەوە.
ئا: سارا قادر - ئاوێنە
رۆژ بە رۆژ ژیانی قورستر دەبێت بەتایبەت ئەو
کاتەی غەفور گەڕی تێدەئاڵێنێتو دەیەوێت ھەڵیبخەڵەتێنێتو بەھەر
شێوەیەک بێت دەستی بکەوێت
ئەو بە ماتەمینی لەناو زینداندا دانیشتبوو، خەمبارانە ھەموو بیری لای
پێنج منداڵە ھەتیوەکەی بوو؛ داخۆ چارەنوسیان بەرەو کوێ دەڕوات دوای
ئەوەی دایکیان تۆمەتبارە بەوەی دەستی لەسەربڕینی پیاوێکدا ھەیە.
زارا محەمەد-ی تەمەن ٣٧ ساڵ زۆر بوێرانە وتی "ئەو پیاوە پەلاماری دامو
ویستی دەستدرێژیی سێکسی بکاتە سەرم بۆیە براکەشم بە چەقۆیەک ملی لەت
کرد، ھەرچەندە زیندان زۆر ناخۆشیش بێت لەوە باشترە ئابڕووت ببرێت".
زارا ٢٢ساڵ لەمەوبەر شووی کردووە بەمامۆستایەکو پێنج منداڵیان بووە،
بەڵام سێ ساڵ لەمەوبەر مێردەکەی مردووەو بۆیە دەکەوێتە بەردەم
بەرپرسیارێتی بەخێوکردنی پێنج منداڵەکەیو چاوچنۆکی ئەو پیاوانەی کە
چاوەڕوانی ئەوەن وەک نێچیر ژنێک راوبکەن. بۆیە زارا رۆژ بە رۆژ ژیانی
قورستر دەبێت بەتایبەت ئەو کاتەی غەفور گەڕی تێدەئاڵێنێتو دەیەوێت
ھەڵیبخەڵەتێنێتو بەھەر شێوەیەک بێت دەستی بکەوێت.
زارا لەناو زینداندا گەڕایەوە بۆ ساڵێک لەمەوبەر کە غەفور بەفێڵی ئەوەی
ئۆتۆمبێلەکەیانی کڕیوە داوای ژمارەی تەلەفۆنەکەی لێکردووەو لەو رۆژەوە
بەتەلەفۆن بێزاری کردووە بەبیانوی ئەوەی دەیھێنێت، بەڵام "فێڵی لێکردم،
چونکە غەفور نەیوت ژنو پێنج منداڵم ھەیە بۆیە کە زانیم وایە بڕیارمدا
شووی پێنەکەم". بەڵام غەفور ھەر دەستبەرداری نابێتو رۆژ بەرۆژ زیاتر
بێزاری دەکات.
زارا بێوەژنێکی گەنجە، دەبێت چەندە ئاستەم بێت پیاوێک لەناو
شارۆچکەیەکی دواکەوتودا لەناو خەڵکدا باسی ئابڕووی بکات "ئەو بەڕادەیەک
ژیانی تێکدابووم لەناوخەڵکدا باسی دەکردم شەوانە دەرگای پێدەگرتینو
خواردنی بۆ ھەڵدەداین، سیم کارتو سیدی روتی بۆ دەخستینە حەوشەکەوە".
ئەم رەفتارانەی غەفورو ھەڕەشەو دواکەتنی بە ئۆتۆمبیلەوە تا دێت
بێزارکەرتر دەبێت تا دەگاتە ئەوەی زارا لەلای پۆلیس داوای یاسایی لەسەر
تۆمار دەکاتو دوانزە رۆژ دەیخاتە زیندانەوەو دوای ئەوەی غەفور پەیمان
دەدات ھەقی زارای نەبێت ئازاد دەکرێت، بەڵام ئەم پەیمانەشی ناڕاست
دەبێت تا گیانی خۆشی لەسەر دادەنێت، چونکە لەدوا شەوەکانی مانگی مایسدا
دەوری کاتژمێر یەکی شەو "بە تەنھا شەڕواڵو کراسێکەوە خۆی کرد بە
ژوورداو یەکسەر خۆی رووت کردبۆوەو پەلاماری دامو سوێندی لێ خواردم کە
حەیام ببات تا شووی پێبکەم منیش ھەر ھاوار ھاوارم بوو تا براکەم
گەیشتە فریام".
ئەو شەوە زۆر چارەنووسساز دەبێت، چونکە براکەی زارا کە وەک خۆی وتی
لەیاریگایەکی بەرامبەر ماڵەکەی زارا ویستویەتی بەرەو ماڵەوە بڕواتەوە
کە دەبینێت پیاوێک بە دیواری ماڵی خوشکەکەیدا سەردەکەوێت یەکسەر
رادەکات کە دەبینێت غەفور پەلاماری خوشکەکەی داوە یەکسەریش دەست بۆ
دەمانچەکەی دەبات، براکەی زاراش چەقۆی بۆ دەردەھێنێتو یەکسەر چەقۆکە
دەھێنێت بە ملیداو لەگەڵ خوشکەکەیدا دەیبەنە دەشتێکو فڕێی دەدەن،
بەڵام دوای پانزە رۆژ لەڕێگەی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکانیەوە ئەم تاوانە
دەدۆزرێتەوەو زاراو برا تەمەن ٢٨ ساڵەکەی بەرەو زیندان راپێچ دەکرێن.
بەھۆی ھەڵەی غەفورەوە خۆی لەدەستداو ھەر پێنج منداڵەکەی جێھێشت بەھۆی
ئەوەشەوە زاراش خۆیو براکەی کونجی زیندانیان گرتو ئەویش پێنج
منداڵەکەی جێھێشت.
-------------------------------------------------------------------------------------------------------------
وردەکاریی کوشتنەکەی نیگار دوو برای
بەدەستدرێژی سێکسیو کوشتنی تۆمەتبارن.
ھاوڵاتی
بەرێوەبەرایەتییەکی حوکمی بۆ بەرگری لەمافی ژنان، کچێک رادەستی
کەسوکارەکەی دەکاتەوەو دەکوژرێت، دوو براشی بەدەستدرێژی سێکسیو
کوشتنەکەی دەستگیردەکرێن.
نیگار رەحیم (١٥ساڵ) لەسەرەتای ئەمساڵدا ''لەلایەن برایەکیەوە''
دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەریو سکی پردەکرێت، دوای شەش مانگ مانەوەی
لەلای حکومەت، دواجار بەھۆی رادەستکردنەوەیەوە کوژرا.
رائید حەسەن محەمەد، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، بەھاوڵاتی وت ''ئەم
رووداوە بەھۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە، کە ناوترێت''.
سەرچاوەیەک لەبەرێوەبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژی ژنان، وتی
''ئەو کچە لەسەرەتای ئەمساڵدا لەلایەن برایەکیەوە دەستدرێژی سێکسی
کراوەتە سەریو سکی پرکراوە''.
کچەکەو منداڵەکەی لەنەخۆشخانە لەلایەن پۆلیسەوە لەژێر دەستی
کەسوکارەکەی دوورخراونەتەوە.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت ئەو کچەو برایەکی تری دەستگیرکرانو
''براکەی حوکمی ٢٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراو کچەکەش بەکەفالەت
ئازاد کر''.
سەرچاوەکە وتی ''بەرێوەبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی بۆ پاراستنی
ژیانی، کچەکەی لای خۆی ھێشتەوەو لە ١٢/٦ تەنیا بەپرکردنەوەی بەڵێننامە
رادەستی کەسوکاری کردەوە''.
رادەستکردنەوەکەش بەپێی سەرچاوەکە لەئەنجامی گفتوگۆو رێککەوتنی نێوان
بەرێوەبەرایەتییەکەو کەسوکارەکەی بووە بۆ پاراستنی ژیانی کچەکە.
پرکردنەوەی بەڵێننامە لەکاتێکدایە ھیچ ھێزێکی یاسایی نییەو تەنیا بۆ
ترساندنە بەئامانجی ئەنجامنەدانی کارەکەیە.
کچەکە دوای رادەستکردنەوەی بەکەسوکارەکەی لە٢٠ی ئەم مانگە لەلایەن
برایەکیەوە کوژرا.
رائید حەسەن وتی ''ئەو برایەی چەند چەقۆیەکی لێداوەو بەبرینداری
گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی کەلار، بەڵام بەھۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی
لەدەستد''.
ئاماژەی بەوەشدا کە لەلایەن پۆلیسەوە تۆمەتبارەکە بەمادەی ٤٠٦
دەستگیرکراوەو لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
بەھار مونزیر چالاکوانی ژنان، بەھاوڵاتی وت ''دژی ئەو شێوە
مامەڵەکردنەم کە تەنیا بەبەڵێننامەیەک کۆتایی بەو دۆسیانە بھێنرێت،
بەتایبەتی ئەو دۆسیەیە کە زۆر ھەستیارە''.
سەرسورمانی خۆی نیشاندا لەوەی ئەو بەرێوەبەرایەتییە چۆن دەتوانن کەسێکی
لەوشێوەیە رادەستی کەسوکارەکەی بکەنەوە، ''لەکاتێکدا خۆیان دڵنیانین کە
ناکوژرێت''.
بەپێویستیشی زانی بەرێوەبەرایەتییەکە پێداچوونەوە بەکارەکانیاندا بکەن.
عەدنان محەمەد میرزا بەرێوەبەری بەدواداچوونی توندوتیژی ژنان بەھاوڵاتی
وت ''زۆر ئاگاداری ئەو رووداوە نیم، چونکە لەعەمرەم''.
|