٢٨\٦\٢٠١٢
کوردستانی عێراق: پڕۆژە یاسای پیرۆزییەکان
ھەڕەشەیە بۆ سەر ئازادی ڕادەربڕین.
سەرپێچیکار ١٠ ساڵ زیندانی دەکرێت و کەناڵی ڕاگەیاندنیش دادەخرێت.
٢٢\٦\٢٠١٢
پڕۆژە یاساکە پێچەوانەی بانگەشەکانی بەرپرسانی سیاسی حکومەتی ھەرێمی
کوردستانە کە ھەمیشە کوردستان وەک ناوچەیەک نیشاندەدەن کە تێیدا ڕێز لە
ئازادیەکان دەگیرێت. یاسا نێودەوڵتیەکان پارێزگاری لە ھەموو دەربڕینێک
دەکەن، کە ڕەنگە بەلای خەڵکانی ترەوە سووکایەتیکردن بێت، بە مەرجێک بە
ئاشکرا ھەڕەشەی تووندوتیژیان تێدانەبێت.
(جۆو ستۆرک، جێگری بەڕێوەبەری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست)
(ھەولێر) - ھیومان ڕایتس وۆچ ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە پێویستە ئەندامانی
پەرلەمانی کوردستان دژی پڕۆژە یاسای پیرۆزیەکان بووەستنەوە چونکە
پێشێلکاریەکی ئاشکرایە بۆسەر ماف و ئازادیەکانی ڕادەربڕین. بەپێی پرۆژە
یاساکە سزای ١٠ ساڵ زیندانی کردن و داخساتنی کەناڵی راگەیاندن بە ھەر
کەس دەسەپێنرێت لە بەرامبەر سەرپێچێکردنی ناڕوون وەک "وێنەی ناشایستە
کردنی پێغەمبەران."
لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا، چەند ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان
ڕایانگەیاند کە پرۆژە یاسایەکی لەو جۆرەیان ئامادەکردووە و بەم نزیکانە
دەخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ دەنگدان. ئامادەکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە
دوای ئەوەھات کاتێک گۆڤاری "چرپە" لە ھەولێر ھەستا بە بڵاوکردنەوەی
بابەتێک کە لە فەیسبووکەوە وەرگیرابوو وە بەرپرسانی حکومی بە "سوکایەتی
کردن بۆسەر ئاینی ئیسلام" ناوزەندیان کرد. لە ٧ی ئایاردا ، پۆلیس
سەرنوسەری گۆڤارەکەی دەستگیر کرد. دوای یەک ڕۆژ لە دەستگیر کردنەکە
کۆمەڵێک خەڵکی شاری ھەولێر خۆپیشاندانێکی ناڕەزاییان لە دژی گۆڤارەکە
ئەنجامدا.
جۆو ستۆرک، جێگری بەڕێوەبەری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە ھیومان ڕایتس وۆچ
ووتی، "پڕۆژە یاساکە پێچەوانەی بانگەشەکانی بەرپرسانی سیاسی حکومەتی
ھەرێمی کوردستانە کە ھەمیشە کوردستان وەک ناوچەیەک نیشاندەدەن کە تێیدا
ڕێز لە ئازادیەکان دەگیرێت." ستۆرک ووتیشی، "یاسا نێودەوڵتیەکان
پارێزگاری لە ھەموو دەربڕینێک دەکەن، کە ڕەنگە بەلای خەڵکانی ترەوە
سووکایەتیکردن بێت، بە مەرجێک بە ئاشکرا ھەڕەشەی تووندوتیژیان
تێدانەبێت."
پڕۆژە یاساکە " جنێودان و گاڵتەکردن بە خوا" ھەروەھا "جنێودان،
گاڵتەکردن و وێنەی ناشایستەی پێغەمبەران" بە تاوان لە قەڵەم دەدات.
ھیومان ڕایتس وۆچ ووتی، سەرەڕای پێشێلکردنی ماف و ئازادیەکانی
ڕادەربڕین، یاسایەکی لەم جۆرە کە چەندین دەستەواژەی لاستیکی تێدایە
ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ دەستگیر کردنی بێ ھۆ و بەئەنقەست.
بەپێی پڕۆژە یاساکە، ھەرکەسێک تاوانی لەو جۆرە ئەنجامبدات ڕووبەڕووی
سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردن و غەرامەی ١٠تا ٥٠ ملیۆن دیناری عێراقی
دەبێتەوە. یاساکە دەستەڵات دەدات بە بەرپرسانی حکومی ھەستن بە داخستنی
ھەر ڕۆژنامە و گۆڤار و ھۆیەکی ڕاگەیاندن بۆ ماوەی یەک ساڵ و
غەرامەکردنیان بە بڕ ١٠تا ٥٠ ملیۆن دیناری عێراقی ئەگەر بڕگەکانی ئەو
یاسایە پێشێلبکەن.
لە سەرەتایی مانگی ڕابردوودا، گۆڤاری "چرپە" ھەستا بە بڵاوکردنەوەی "
پۆستێکی فەیسبووک بە ناونیشانی "من و خوا" " کە گفتوگۆیەکی خەیاڵیە
لەگەڵ خوادا کە ھەندێ وشەی نەشیاوی تێدا بەکارھێنراوە. بابەتی "من و
خوا"ی ھەڵمەت گۆرانی دانیشتووی نەرویج سەرەتا لە ساڵی ٢٠١٠ دا
بڵاوکرایەوە.
چەند ڕۆژێک دوای بڵاوکردنەوەی بابەتەکە لە لایەن گۆڤاری چرپەوە، پۆلیس
ھێمن ئاری سەرنوسەری گۆڤارەکەی دەستگیرکرد. پاش یەک ھەفتە، سەندیکای
ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو تێیدا ناڕەزایی خۆی
دەربڕی بەرامبەر بە دەستگیر کردنەکەو وتی کە لە یاسای ڕۆژنامەوانی ساڵی
٢٠٠٧ ی ھەرێمی کوردستان ڕەچاو نەکراوە. ئەو یاسایە باس لە داخستنی
ھۆیەکانی ڕاگەیاندن ناکات، بەڵام دەستگیر کردنی سەرنوسەری بەپێی یاسایی
سزادانی عێراقی بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا ناوخۆییەکان، لە ڕۆژی دواتردا، خۆپیشاندانی
ناڕەزایی خەڵکی ھەولێر دژی گۆڤارەکە زەرەروو زیانێکی زۆری گەیاند بە
یانەکانی ناوچەکە و کەناڵێکی تەلەفزیۆنی و سەنتەرێکی ڕۆشنبیری. ئەمە
جگە لە دەستگیر کردنی چەند کەسێک و بریندار بوونی دەیان کەسی تر کە لە
نێویاندا ھەشت پۆلیس.
ھەر بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان، لە کاتی ڕووداوەکاندا، سەرۆکی حکومەتی
ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسانی تری حکومی ڕەخنەیان لە
بڵاوکراوەی گۆڤارەکە گرت. بارزانی ڕایگەیاند، "حکومەت بە تووندی دژی
ھەموو سووکایەتیەک بە ئاینی ئیسلام دەوەستێتەوە." پاشان جێگری
سەرنوسەری گۆڤارەکە ھەستا بە داخستنی ئۆفیسی گۆڤارەکە و لە ١٤ی ئایاردا
ھێمن ئاری ئازاد کرا.
لە ١١ی ئایاردا، بەشیر خەلیل حەداد، سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری
ئاینی لە پەرلەمانی کوردستان، ئامادەکردنی پڕۆژە یاساکەی ڕایگەیاند و
ووتی کە لە ماوەیەکی نزیکدا پرۆژە یاساکە دەخرێتە بەردەم پەرلەمان. لە
دژی ئامادەکردنی پڕۆژە یاساکە ژمارەیەک لە ڕێکخراوە ناحکومیەکان،
سیاسەتمەداران و ڕۆژنامە سەربەخۆکان دەنگی ناڕەزاییان ھەڵبڕیوە.
ئارام قادر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان و
یەکێک لە داکۆکیکەرانی پڕۆژە یاساکە، بە ھیومان ڕایتس وۆچی ووت، "پڕۆژە
یاساکە تەنھا بۆ بەرگریکردن لە ئاینی ئیسلام نیە، بەڵکو ھەموو
ئاینەکانی تریش دەگرێتەوە." قادر بانگەشەی ئەوەی کرد "پرۆژە یاساکە
زمانی پرسیارو ڕەخنە گرتن لە ئاین و کتێبە ئاسمانیەکان بە تاوان لە
قەڵەم نادات، تەنھا ڕێگری لە جنێو سووکایەتی بەرامبەریان دەکات."
دەقی پڕۆژە یاساکە، کە ھیوومان ڕایتس وۆچ پێیداچووەتەوە، ھیچ پێوەرێکی
تێدانیە بۆ جیاکردنەوەی دەربڕینی ڕێگەپێدراو دەبڕینێک کە "سووکایەتی"
یان "گاڵتەکردن" یان "جنێودان"ی تێدابێت بەرامبەر بە بابەتە ئایینیەکان.
لەوەش زیاتر ھیچ بیانوویەکی یاسایی تێدا نیە بۆ بە تاوان
لەقەڵەمدانییان.
بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ، حکومەت دەتوانێت تەنھا جۆرێک لە
دەربڕین دەربڕین قەدەغە بکات کە ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ ھاندانی بۆ تووند
و تیژی تێدابێت. حکومەت بۆی نیە سزای تاون بەسەر ھیچ کەس و لایەنێکدا
بسەپێنێ لەبەرامبەر دەربڕینی بیرو ڕاو بۆچوونەکانیان، تەنھا لەبەرئەوەی
ھەندێک خەڵک، بە بەرپرسانی حکومیشەوە، ئەو بۆچوونانە بە سووکایەتیکردن
بزانن.
پەیمانی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدەنی و سیاسیەکان ڕێگەدەدات حکومەت
ئازادی ڕادەربڕین سنووردار بکات لە پێناو پارێزگاریکردن لە بەھا
گشتیەکان تەنھا مەرجێک سنووردارکردنەکە بە ژمارەیەک تاقیکردنەوەی
قورسدابچێت سەبارەت بە پێویستی و گونجاوی سنووردارکردنەکە وە دەبێت
جیاکاری نەکات، لەنێویاندا جیاکاری لەسەر بنەمای ئاین و بیروباوەڕ.
کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ کە ھەڵسەنگاندنێکی تەواوی بەندەکانی پەیمانەکەی
کردووە، دەڵێ"ھەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە نیشاندانەدانی ڕیز بەرامبەر ھەر
ئاین و باوەڕێک، لەنێویاندا یاساکانی "تجدیف"- پیرۆزییە ئایینییەکان-
پێچەوانەی پەیمانەکەیە،" تەنھا لە بارودۆخێکی سنووردارو تایبەتدا نەبێت
ئەویش ئەگەر ڕاستەوخۆ ھانی تووندوتیژی بدات.
ستۆرک ووتی، "سزایەکی قورسی زیندانیکردن، غەرامەکردن و داخستنی
ھۆکارەکانی ڕاگەیاندن بە دەستەواژە لاستیکییەکانی وەک "سووکایەتی" و "گاڵتەکردن"
مایەی سەرسوڕمانە.".
|