په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١٢\٢٠١٣

کوردستانی رۆژئاوا یان رۆژئاوای کوردستان؟

کامەران ھەڵوەدا   


بۆی ناوێ ھەست راگری، ھەر کە سووکە گوێیەک ھەڵخەیت کیفایەتە رۆژانە لە میدیاکانی کوردستانەوە بە لێزمە گوێت بە دەستەواژەی "کوردستانی رۆژھەڵات"، "کوردستانی ئێران" و " کوردستانی رۆژئاوا"، "کوردستانی سووریا" و ھەر وەھا باشوور و باکوور و عێراق و تورکیا بزرینگێتەوە. ئاخۆ ئەم دوو وشەیە چیان تێدایە کە بۆ لەنگەر لەسەر گرتن دەشێن؟

کە تۆ گوتت کوردستانی رۆژئاوا، بیسەری نابەڵەد لای وایە رەنگە ئەو مەڵبەندە نەناسراوە پارچە عەردێک بێت لە نێوان ئیتالیا و فەڕەنسا! وەسەر زار ھێنانی ئەم ناوە عەنتیکەیە ھەر وا خۆڕایی نییە و بۆ مرۆڤی خاوەن ویژدانی کوردایەتی و کیانی نەتەوایەتی، زۆر بڤەیە. چونکە ئەم تاقە دوو وشە لەبەر چاو بچووکە ھەڵگری بارێکی نێگەتیڤی قەبەن. پاش و پێش خستنی ئەم دوو وشەیە واتە لێکترازاندنی گەوی یەکگرتوویی و یەکوڵاتی و یەکچارەنووسی نەتەوەیەکی بە زۆرەملی دابەش و پارچەپارچەکراو. ھێنانە سەر زاری ئەم دەستەواژەیە بێ‌باوەڕییە بە وڵاتێک بە ناوی کوردستان. دەست دانە قەڵەمێکی رەشە و جەخت کردنەوەی شانبەشانی داگیرکەرانە لە لەتوپەتی کردنی ئەم نیشتمانە بێنازە. ئەو رۆژنامەنووس و رووناکبیر و میدیا و فڵانەی ئەم شێوە دەربڕینەی بەسەر زاردا دێت چ تەوفیرێکی ھەیە لەگەڵ ئەو پۆستاڵ رەشانەی سنوورە دەسکردەکانمان مینریێژ و تەلبەند دەکەن، کانیاوەکانمان کوێر دەکەنەوە و گوندە خنچیلانەکانمان وێران دەکەن؟

ئەوە و دەیان و سەدان وشە و دەستەواژەی ناڕەسەن و بێڕەگ بوونەتە گەرایەکی شووم و لە ناو زمانی شیرینی کوردیدا چێندراون و ئەگەر ھەر وا بڕوات خوا دەزانێ سبەی و دووی چۆن دەترووکێن و چ حەزیایەکیان لێ پەیدا دەبێت. کەم ئەدیب و رووناکبیرمان ھەن خۆیان بە حەوت مانگای زاو بگۆڕنەوە، کەچی نووکەیەکیشیان لێ نابیسترێ دەرحەق بەم دەنگانەی ئەم دەستەواژەیە بڵاو دەکەنەوە و تەقەددوسی ئەم وشە پیرۆزەی نیشتمان دەشکێنن.

مەسەلەکە لە نیگای یەکەمدا سادەتر لەوەیە بیریشی لێ بکەیتەوە، بەڵام بە وردەسرنجێک گرینگایەتی ئەم نوکتە بچووکە دەردەکەوێت. چونکە ئەوە گەواھی دەدات کە تۆی بێژەری ئەم دەستەواژەیەھێتا باوەڕت بەوە نییە کە وڵاتێکت ھەیە بە ناوی کوردستان. کە بە جێگەی "رۆژھەڵاتی کوردستان" گوتت "کوردستانی رۆژھەڵات" واتە گەواھی دەدەی کە تۆ لە رێزمانەکەی خۆت ناگەی، گەواھی دەدەی کە زمانەکەت توانستی دەربڕینی مانایەکی سادەی نییە، گەواھی دەدەی کە تۆ زمانەکەی خۆت لە لا سووکە و چرووکە، تەنانەت کیانی خۆشت بە ھێند ناگری. ھەر چەندین وشە و دەستەواژەی ساکاری لەم شێوەیەن کە پلەی گەشە سەندوویی یان بەقوڕداچوونی فەرھەنگی کۆمەڵگەکان دیاری دەکەن. وتنی "کوردستانی رۆژئاوا" بە جێی "رۆژئاوای کوردستان" حیکایەت لەوە دەکات کە ھێشتان عەقڵییەتی فەرھەنگی تۆ بە لیتە داپۆشراوە. سەدان باڵەخانە و جادە و شوققە و پارک و مارک ناتوانن عەیب و عاری ئەم بێ‌فەرھەنگییە بە چاو وردیلە و بە مانا مەزنە داپۆشن.

بە پێچەوانەی گەلانی خواپێداو کە تۆقیون لەوەی نەکا زمانەکەیان لە عاست زمانانی ھاوسێ دامێنێت، ئێمە دەبێ خواشوکور بکەین کە ھێشتان زمانەکەمان نەیتەنیوەتەوە و لە سنوورەکان ئاوا نەبووە، دەنا بەم جلوبەرگە پڕپینەیەی ئێمە بە باڵامان دوریوە دەبووینە گاڵتەجاڕی ھەر بابایەک کە "نەیخوێندووە شەش پیت و دوو دێڕ".


ماڵپەڕی کامه‌ران هه‌ڵوه‌دا‌

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک