٢٦\٤\٢٠١٢
کوردستان لە
چنگی عروبەوە بۆ گەرووی ئەتاتورک.

ئەحمەد رەجەب
بەڵێ، بەڵێ، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
نەء، نەخێر، نا بۆ کوردستانی سەر بە تورکیا.
لە پاش رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆری عێراق تا
ئەمرۆ بەرپرسانی کورد ھەلی زۆریان لە دەستداوە و زۆریان تەنھا و تەنھا
بیر لە خۆیان و گیرفان و خانووی جۆان و دڵرفێن و ئەپارتمانی بیست نھۆمی
بێ وێنە و باغی قەشەنگ و گێڵگەی نایاب و پارەوپوول گواستنەوە بۆ
بانکەکانی ئەوروپا و دەرەوە و نەوت ناردن بۆ وڵاتانی دراوسی ئەکەنەوە.
ھەموو کورد لە نەورۆزی ئەمساڵدا دڵخۆش بوون بەوەی سەرکردایەتی ھەرێمی
کوردستان موژدەیەکی گرنگ و خۆش بە نەتەوەی کوردی دلێر ئەبەخشێ و، مناڵ
و لاوو پیرو پەککەوتە و ژن و پیاو چاویان بریبووە دەمی بەرپرسە
گەورەکانی کوردستان و. بە ئاوات بوون بێنەگۆ و موژدەکە جاڕ بدەن، وەلێ
بەڵێنی بەرپرسە گەورەکانی کوردستان تەنھا سۆزو قسەی مفت بوون بۆ ئەوەی
ئاگری ناخی ھاولاتیان دامرکێتەوە و داخوازییە رەواکانی گەلی کوردستان
جارێکی تریش پشتگوێ بخرێن و لە سەر یەک کەڵەکە بکرێن.
لەم دوواییەدا بە ھۆی ھەڵاتنی کۆنە بەعسییەکی درندەترین رژێمێ
شۆڤینیستی عەرەبی و سەرۆکی قاودراوی حیزبی ئیسلامی ئێراقی عروبە و
میوانی بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان تارق ھاشمی "جێگری" سەرەک کۆماری
ئێراق کە لە لایەن دەزگاکانی داد و دادپەروەریی بە تۆمەتبار ناوی
دەرکردووە، باری کوردستان ئاڵۆزەو گرژی پێوە دیارەو رۆژ لە دووای رۆژ
رووەو خراپە ئەروات.
بەڵێ، لە نەورۆزدا کوردان لە کوردستان و ھەموو قوژبنێکی دونیادا خۆیان
ئامادە کردبوو بە بۆنەی جاردانی سەربەخۆیی کوردستان گەورەترین ئاھەنگی
خۆشی و کامەرانی و سەربەستی بگێرن، بەڵام ئەمجارەش بەڵێندەرەکان ترسیان
لێنیشت و (ھێڵە سوورەکانیان) زەرد ھەڵگەڕاندەوە و نەیانوێرا دڵی خەڵک
خۆش کەن.
ئەمرۆ ئێراق تووشی قەیرانێکی گەورە بووە، سەرۆک وەزیران نوری مالکی
دیکتاتۆر ئاسا رەفتار ئەکات و، جێگری سەرەک کۆمار تارق ھاشمی بە تێرۆر
و کوشتنی خەڵک تومەتبارە و، بە میوانی ئەچێتە کوردستان و پاشان
ئارەزوومەندانە لە لایەن رژێمە کۆنەپەرستانی عەرەبەوە بانگھێشت ئەکرێت
و ئەچێتە قەتەر و سعودییە و پارەوپول و نەخشەی گڵاو بۆ تێکدانی باری
ئێراق و کوردستان وەرئەگرێت و دێتەوە تورکیاو لەوێ خانوو پاسەوانی
ئەدرێتێ و خۆی و خێزانەکەی ئەحەسێنەوەو، لە باتی بەغدا لەوێ نیشتەجی
ئەبێت و ئەرکەکانی جێبەجێ ئەکات و، لە گەرانەوەی مەسعود بارزانی سەرۆکی
ھەرێمی کوردستان چاویان بە یەکتر ئەکەوێت و، ھاشمی بێشەرمانە گوتوویەتی
ھەر یەکە لە قەتەر و سعودییە و تورکیا پشتیوانیان لێکردوم.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بە فیت و پشتگیری تورکیاو
قسەکردن لە گەڵ ھاشمی و، یارمەتی لیستی ئەلعێراقییە و تاقمی سەدر بە
نیازن نوری مالکی لە سەر حوکم لابدەن و، حکومەتێکی نوێ پێکبێنن و، بەم
کارەش دیسانەوە کۆنە ئەندامانی حزبی بەعسی عەرەبی خۆینرێژ ئەبنە
باڵادەست و لە حکومەتی نوێ و پرۆسەی سیاسی ئێراق بەشدار ئەبن، و لە رێی
ئەم بەشداریەش نەخشەکانی ئەمریکا کە بە پێی خواست و داوای وڵاتانی
کۆنەپەرست و دیکتاتۆری و شۆڤەنیستی دراوسێی ئێراق جێبەجێ ئەکرێن دێنەدی.
پاش تێکۆشانێگی دوورو درێژو سەخت دوژمنانی گەلی کوردستان لە پێش
ھەموویانەوە حکومەتی رەگەزپەرست و شۆڤێنیستی تورکیا بەربوونەتە
دەستێوەردان لە بارودۆخی کوردستان و، بەو دەستێوەردانەش نەوەستاون و،
رۆژانە سنووری کوردستان ئەبەزێنن و تۆپبارانی ناوچەکانی ئەکەن و، بۆ
نموونە ئەو رۆژە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی گەیشتە تورکیا
ھاوکات تۆپەکانی سوپاکەی رەجەب تەیب ئەردوگان ناوچەکانیان ئەکوتا.
بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان، وەلێ سەربەخۆییەک نەکەوێتە ژێر رکێفی
تورکیای ''ئیخوان ئەلموسلمین'' و تاقمەکەی عەولا گویل و رەجەب تەیب
ئەردۆکان، چونکە دەمێکە بە ئاشکراو بە نھێنی کار بۆ ئەو جۆرە
سەربەخۆییە ئەکرێت و، گەلی کوردستان و ھەموو کورد دژی ئەبێت و قەت بەوە
قایل نابن لە چنگی عروبەو بەعس و فاشیستەکان رزگاریان بێت و ببنە
پاروویەکی چەورو بە ئاسانی بچنە گەرووی رژێمی شۆڤێنیستی تورکیا..
لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا سەرۆکی تۆری سیخوری ئیستخباراتی ئەمریکا
دێڤید پتراوس لە ئەنکەرا چاوی کەوت بە سەرۆک وەزیرانی تورکیا رەجەب
ئەردوگان و راوێژکاری دامودەزگاکانی تورکیا ھاکان ڤیدان و بە فەرمی
داوای لە حکومەتی تورکیا کرد بۆ یارمەتیدان و پشتیوانی کردن لە
دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە باتی ھەرێمی کوردستان لە ئێراقدا.
پێشنیارەکەی دێڤید پتراوس لە بارەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی و
یارمەتیدانی تورکیا لەوە ھاتووە کە حکومەتی ناوەندی ئێراق فشارێکی زۆری
لە سەر ھەولێر داناوە و، سوریا و ئێران دژی دامەزراندنی دەوڵەتێکی
کوردین لە ئێراقدا و، دێڤید پتراوس بە تورکانی وتووە: دامەزراندنی
دەوڵەتێکی کوردی نایەتەدی و ناتوانێت بمێنێتەوە ئەگەر ئێوە رازی نەبن،
بەڵام بە رازی بوونی ئێوە و دروستبوونی ئەو دەوڵەتە کوردییە رۆڵتان
پەرە ئەسێنێت و ناوتان گەورە ئەبێت و، ئەتوانن رۆڵی برا گەورە ببینن و،
لە ژێر سایەیدا سوود لە نەوتی موسڵ و کەرکوک وەربگرن.
بە پێی راپۆرتی دەزگاکانی راگەیاندن ئەمریکا داوای لە تورکیا کردووە
دانبنێت بە دامەزراندنی {دەوڵەتی کوردی} چونکە لە بەرژەوەندی
ئەواندایەو، وا دەرئەکەوێت تورکیا بەرامبەر بە چەند مەرجێک دان بە
بوونی دەوڵەتی کوردی ئەنێت.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی چەندین کەرەت وتویەتی ئێمە شەری
کورد ناکەێن و ئەو گفت و بەڵێنە کارێکی پۆزەتیڤەو ھەڵوێستێکی باشە،
وەلێ بەرپرسە گەورەکانی کوردستان بە تایبەت مەسعود بارزانی زۆر کەرەت
وتویەتی: ئێمە ئامادەێن لەگەڵ حکومەتی تورکیادا ھاوکاری بکەێن لە پێناو
چارەسەر کردنی کێشەی کورد لە تورکیاو، ھەر لەو بارەیەوە سەرۆک وەزیرانی
تورکیا رەجەب تەیب ئەردوگان وتویەتی: بۆچوونی مەسعود بارزانی سەبارەت
بە پارتی کرێکارانی کوردستان - پ.ک.ک { PKK} لەگەڵ بۆچوونی تورکیا وەک
یەکەو ھیچ جیاوازییەکی تیادا نییەو، لەم دووایەدا چالاکییەکانی پ.ک.ک
لە پەرەسەندایەو، ئەردوگان لە درێژەی قسەکانیدا وتویەتی: بارزانی
بەڵێنیداوەو (کە) رێگا نادات پ.ک.ک ھێرش بکاتە سەر تورکیا.
رەجەب تەیب ئەردوگان خاوەنی ھێزی چەکدارییە کە پەیرەوی سیاسەتی
پاکتاوکردنی کورد ئەکات ئەڵێت: پێخۆشحاڵم بەو ھاوکارییە ئابورییە
گەورەیە لە نێوان تورکیاو ئیدارەی کوردی (دوژمنان قەت ناڵێن ھەرێمی
کوردستان) و، شایانی باسە ئەو رۆژە مەسعود بارزانی و مەسروری کوری و
فوئاد حسەین سەرۆکی دیوانی سەرۆک گەیشتنە تورکیا ھاوکات ھێزە
چەکدارەکانی ئەو وڵاتە دوژمنە (بە قەستی) ناوچەکانی کوردستانیان
تۆپباران ئەکرد.
مەسعود بارزانی ئەڵێت کاتی چەک ھەڵگرتن نەماو بەسەر چووەو رۆژگار
گۆراوە و ئەبێت بیر لە ئاشتی بکرێتەوەو، لەم رووەوە پارتی کرێکارانی
کوردستان چەندین جار یەکلایەنە شەری راگرتووە بەڵام تورکیا قەت ئەوەی
پەسەند نەکردووەو ھەر بەردەوام بووە لە ھێرشی پاکتاوکردنەوە دژ بە گەلی
کورد، بۆیە بەرامبەر بە بەڵێنی بەرپرسانی کوردستان کە ئەڵێن: ئێمە
ئامادەێن لەگەڵ حکومەتی تورکیادا ھاوکاری بکەێن لە پێناو چارەسەر کردنی
کێشەی کورد لە تورکیا، داوا لە بەرپرسانی تورکیا بکەن ئاگربەست
رابگەێێنن و پەسەندی بکات بۆ ئەوەی ببێتە ئاگربەستی دوولایەنە و،
کێشەی کورد بە شێوەیەکی سیاسی و دیموکراتیانە چارەسەر بکرێت و، بە
پێچەوانەش ھەڵگرتنی چەک ئەبێتە کارێکی رەوا بۆ خۆ پاراستن لە ھێرشی
دوژمنان.
باشتر وایە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان پێش راگەیاندنی {سەربەخۆیی
کوردستان} داوا لە حکومەتی تورکیا بکەن بنکە سەربازییەکانی ھێزە
چەکدارەکانی لە ناو خاکی ھەرێمی کوردستاندا ھەڵبگرێت و بەرەو تورکیا
بیانباتەوە، چونکە مانەوەی ئەو بنکانە مەترسیدارەو ئامادەکاریە بۆ
شەرێکی گڵاوو دژوار لە دژی گەلی کوردستان و، حکومەتێکی لەو چەشنە قەت
ناتوانێت پشتگێری لە {سەربەخۆیی کوردستان} بکات و، ھەرلە ئێستاوە ئەبێ
گەڵی کوردستان خۆی ئامادە بکات بۆ شەرێکی مان و نەمان لە گەڵ رژێمێکی
کاڵ و نەفام و رەگەزپەرست و شۆڤێنیست.
من لە گەڵ {سەربەخۆیی کوردستان} م و، یەک ملیۆن ملیار کەرەت و زیاتریش
ئەڵێم : بەڵی ، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بەڵام پێشتر لە نووسینێکدا
بە ناونیشانی:
(دوژمنانی کورد و کوردستان لە کوردستاندا تراتێن ئەکەن) گوتوومە:
تورکیاو لێپرسراوانی حکومەتەکەی ئەردوگان بە ئاشکراو بە بێ ترس
ھاتووچۆێ کوردستان ئەکەن و، بەرپرسەکانی لای خۆمان بە گەرمی پێشوازییان
لێئەکەن و، ئەو شاندانەش لە ھاتن و گەرانەوە چەند دەفتەر وبلۆک دولار
لە پارە و پوول و بژێوی خەڵکی کوردستان ئەبەن و، ھەموو کات ئەبێ کورد
لەوە بترسێت کە وڵاتەکەمان: کوردستان نەبێتە ھەرێمێکی تورکیای عوسمانی.
ئەی کوردینە، ئەی مەردینە وریا بن، وریا بن{ وریا بن} کوردستان لە
مەترسیدایە. ٢٤/١/٢٠١٢
ئەمرۆش ئەڵێم ئەی کوردینە: وریابن.
بەرپرسەکانی کوردستان لە کاتی تەنگانە بیر لە "دەستوور" ئەکەنەوە.
بیر لە (مادەی ١٤٠) ئەکەنەوە.
با نەوتی کەرکوک و خانەقین و ناوچە دابراوەکانی تر نەچیتە گیرفانی
دوژمنان.
با ھەموومان یەکبگرین لە پێناو رزگارکردنی ناوچە دابراوەکان.
با ھەمەمومان یەکبگرین لە پێناو: رزگاربوون لە چنکی عروبەو
دەستوپەیوەندەکانی: تاریق ھاشمی، نوری مالکی، ئەیاد عەلاوی، ئوسامە
نوجەیفی، موقتەدا سەدر و سالح موتلەگ.
با یەکبگرین و لە چنکی عروبە رزگارمان بێت و ھەوڵ بدەێن نەچینە گەرووی
بەچکەکانی ئەتاتورک و نەکەوینە بەر کەڵبەیان.
با یەکبگرین لە پێناو خواستی نەتەوەی کورد {سەربەخۆیی کوردستان}.
بژی کوردستانی سەربەخۆ و شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان.
٢٥\٤\٢٠١٢
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|