|
١٦\١١\٢٠٢٦
کوردستان لە
دووڕێیانی ''مان یان نەمان''،
رێی رزگاربوون
لەدەستی داگیرکەران و، سیاسەتڤان و حیزبی تاوانکاری خۆیی!

سیروان کاوسی
بۆ هەموو ئەوانەی دوورن لە بیری کوردایەتییەوە، یان لە هزری نەتەوەیی
تێنەگەیشتوون، پێویستە بیزانن بناخە و ڕیشەی ئەم بیرۆکە قیزەون و
تاکهەڵکەوتە مێژووییەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە تەمایە بە ئەنجامی
بگەیەنێ و پرسی کورد لە سەرتاسەری کوردستان بۆ هەتاهەتایە بسڕێتەوە، بۆ
نەبوونی هزری نەتەوەیی و نەبوونی سازیی، یان دەسگەیەکی نەتەوەیی و
نیشتمانیی دەگەڕێتەوە کە پێکهاتبێ لە نوێنەرانی نیشتمانپەروەری هەموو
چین و پێکهاتە و بەشەکانی کوردستان و نوێنەرێتیی پرسی کورد بکات لە
دەرەوە و لە نێوخۆی کوردستان. نەبوونی بیروباوەڕی نەتەوەیی و گەمەی
حیزبحیزبێنە و شەڕەگەڕەکی حیزبایەتیی دەیان ساڵ ڕێگەیداوە و ڕێگە دەدات
بە سەرۆکی حیزبێکی سیاسیی، قوربانیدان و هیوا و ئاواتی مێژینەی
نەتەوەکەی بەکاربێنێ بۆ خزمەتی ئامانج و بەرژەوەندیی خۆی و بنەماڵە و
حیزبەکەی. نەبوونی هۆشیاریی نەتەوەیی و نەبوونی نێوەندێکی نەتەوەیی و
نیشتمانیی وایکردووە چارەنووسی حکوومەتی ئۆتۆنۆمیداری هەرێمی کوردستان
مەترسیی ڕووخانی لەسەربێ و سەرکردایەتیی دوو زلحیزبەکە بێگوێدانە
ئەنفالی لەسەریەکی سەت ساڵی ڕابردوو، بێگوێدانە دۆخی هەستیار و
چارەنووسسازی ئیمڕۆکەی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناڤین، بە بەرچاوی دنیای
ئازاد و نەیارانی کورد و، نەتەوەی کوردەوە هەرێمی کوردستان بەرەو دوو
نێوچەی دژ بە یەک و ناتەبا و دوژمن بە یەک دەبەن! کەرکووک و نێوچە
دابڕێندراوەکان خەریکن بە تەواوەتیی لە دەستی کورد دەردەچن، ئەمان
لەسەر کورسیی دوو یان سێ ئەندام پەرلەمان حکوومەتی هەرێم هەڵدەوەشێنن!!
ئەی هەش بە سەرمان، بۆ خۆمان و بۆ حیزبمان و بۆ سەرکردەمان!
ملکەچبوون و چاو بەرەوژێربوون و گوێ لە مشتبوونی سەرۆکایەتیی پێ کێ کێ
و ئەندام و گریلای پێ کێ کێ بەرامبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئەم حیزبەی
والێکرد داخوازیی مێژینە و ڕەوای نەتەوەی کورد، کوژرانی چل هەزار شەهید
و وێرانبوونی سێ هەزار گوند و شکەنجەی دڕندانە و دەسدرێژی و کوشتن و
بەندکرانی دەیانهەزار ژن و پیاوی بە ڕۆمەتی کورد لە بەندیخانەکانی ترک
و، کوژرانی سەتان گریلای بەشەکانی دیکە لە ماوەی چل ساڵدا، بکەن بە
قوربانی پاراستنی گیانی ئۆجەلان و دەستتێکەڵکردن لەگەڵ میت و
ڕەگەزپەرستانی ڕژێمی ترک و قوتکردنەوەی بیرۆکەی ''ئینتگراسیۆن/تێکەڵبوونی
کورد لەگەڵ نەتەوەکانی باندەستی کورد''، کە ئەمە جگە لەوەی بە واتای
سڕینەوەی هەبوونی نەتەوەی کوردە و بیری خەبات بۆ ڕزگاریی خاک و نەتەوە
و نیشتمانەکەی دەگوێزێتەوە بۆ تواندنەوەی ڕەگەزیی لەنێو ڕەگەز و گەلانی
باندەستیدا، هەروەها پێشاندەری ئەو ڕاستینەشە هەر ئیدۆلۆژییەک لەسەر
بناخەی ئازادی و سەربەخۆیی و بەرژەوەندیی نەتەوەی کورد دانەڕێژرابێ، تا
چ ڕادەیەک مەترسی هەیە بۆ سەر پرسی ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان. جا
ئەم ئیدۆلۆژییە ئایینی بێ، یان چەپ و کۆمۆنیستی بێ، یان هەر بیرۆکەیەکی
دیکە بێ لە دەرەوەی چوارچێوەی بەرژەوەندیی نەتەوەی کورد.
هەوڵ و تێکۆشینی تاکلایەنە و بێوێنە و مێژوویی ئۆجەلان بۆ پاراستنی
خاکی دەسکرد و گەل و ڕژێمی ترکیا هۆکارن و کاربەدەستانی ڕەگەزپەرستی
ترک سوپاسی لێبکەن و بە پێزانینەوە بڕواننە هەوڵە مێژووییەکەی. تیۆریی
خۆبەدەستەوەدانی ئۆجەلان، هێزی چەکداری پێ کێ کێ کە ساڵانێک بانگەشەی
پشتگیریی لە مافی گەلەکەی دەکرد، بکات بە هێزێکی خۆبەخشی چۆخەسۆری بەر
لەشکری داگیرکەران و، هەر گوند و شاخ و شارێکی بەدەستەوەیە و لە پێناو
پاراستنیدا سەتان ڕۆڵەی کوردی بۆ بە کوشتداوە، سووک و هاسان تەسلیمی
داگیرکەرانی بکاتەوە، لە شەنگال ئاڵای کوردستان فڕێ دەداتە خوارەوە
ئاڵای عێراقی داگیرکەر لە جێی هەڵدەدا و، ڕووماڵدراوانە لە میدیای
خۆیان بۆ ئاگاداریی نەتەوەی کورد بڵاوی دەکەنەوە! لە بەرامبەر ئەم
سیاسەتە هەڵە و پڕ تاوانەی پێ کێ کێ دەستیپێکردووە، ڕژێمی ترک بە
درێژایی سەت ساڵی ڕابردوو گەورەترین هەل هەڵکەوتووە بۆی هەوڵی
لەنێوبردنی بزاڤی کورد لە باکوور و بەشەکانی دیکەش بدا. وتەی سەرزمان و
بنزمانی کاربەدەستانی ترک، چەکداماڵینی پێ کێ کێ و نەهێشتنی بە وتەی
خۆیان بنبڕکردنی تێرۆرە لە ترکیا، واتە ڕژێمی ترک کە بە درێژایی سەت
ساڵی ڕابردوو خاکی کوردستانی داگیرکردووە، کان و کانزای کوردستانی
تاڵانکردووە، چەندین جێنۆسایدی لەسەریەکی بەرامبەر کورد ئەنجامداوە و
هەموو هەوڵێکیداوە بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کورد، ئەو ستەمی لێکراوە، خاوەن
مافە و نەتەوەی کورد ستەمی لە گەلی ترکیا کردووە و دەبێ بێمەرج و
داخوازییەک لارەمل و ملشووڕ خۆیبدات بەدەستەوە و سوپاسبێژییان بێ ڕێگەی
بدەن لەنێو خاکی ترکیا بژیت.
بۆ تێگەیشتنی تەواو لە نێوەڕۆکی بیرکردنەوە و ئامانجی ترکیا بەرامبەر
بە کورد، ڕەگەزپەرستی ناسراوی ترک (دەوڵەت باخچەلی) ڕێکەوتی ١٤/١١/٢٠٢٦
بەرنامەیەکی لە (٥٠) خاڵ بڵاوکردەوە، و ماڵپەڕی ''ڕووداو'' دەقی تەواوی
نووسینەکەی بە ناوی ''نەخشەڕێی پرۆسەی چارەسەریی'' نووسیوەتەوە
خوێنەرەوە دەتوانێ سەرجەم خاڵەکان بخوێنێتەوە! لێرەدا تەنێ ئاماژە بە
خاڵی (١١)ی نەخشەڕێ دەکەین، دەڵێ: ''یەکێک لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی
تورکیای بێ تیرۆر ئەوەیە کە ڕێکخراوی تیرۆریستی چەک دابنێت و کۆتایی بە
بوونی ڕێکخراوەیی خۆی بهێنێت. بانگەوازی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی ٢٧ی
شوباتی ٢٠٢٥، لەم ڕووەوە بووەتە قۆناخێکی گرنگی پرۆسەکە!''.
بێگومان داهاتووی نێزیک جەماوەری باکوور و هەموو بەشەکانی کوردستان لە
نێوەڕۆک و لە ناخی ئەو ژانە ناخهەژێنە تێدەگەن چلۆن ئەم پارتە و
ڕێبەرەکەی چل ساڵی ڕەبەق ڕۆڵەکانی کوردیان فریودا و بەرەوڕووی قوربانی
و ماڵوێرانییەکی زۆر هاتن، وا ئەمڕۆ لە سایی ئەم پارتە و ڕێبەرەکەی،
هەوڵی سڕینەوەی ناسنامە و هەبوونیان دەدرێت!
ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانیی لە پرسی ''نەخشەڕێی ترکیا!''!؟
نێچیرڤان بارزانیی دوای کۆچیدواییی جەلال تاڵەبانی لەنێو سەرۆکایەتیی
هەرێمی کوردستان لەلایەن میدیای کەسیی خۆی و پارتەکەیەوە پارتی
دێمۆکرات بە کەسێکی شارەزا و پسپۆڕ لە بواری دیپلۆماسی و پێوەندیی
نێوچەیی بانگەشەی بۆ دەکرێ و، زۆرترین دیدار و کۆبوونەوەی هەبووە لەگەڵ
کاربەدەستانی ئێران و ترک و ڕژێمەکانی سووریا و عێراق. بێگومان ئەو
پێوەندییانەی هەیبوون لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی کوردەوە تا ئەو
جێگە و شوێنە ڕێگەپێدراوە کە زیانی لە بەرژەوەندی و ستراتیژی نەتەوەیی
و یەکێتیی نەتەوەی کورد بە گشتیی نەدابێت! نێزیک بە دوو ساڵێک بەر لە
ئیمڕۆ، بەر لە ئاشکرابوون و ڕاگەیاندنی پلانی بەناو ''ئاشتیی'' ترکیا،
نێچیرڤان بارزانیی بانگهێشتی ئەنکەرە کرا و داوای لێکرا هاوکار بێ بۆ
سەرخستنی پرۆسەی نەهێشتنی شەڕ لە ترکیا و چەک دانانی پێ کێ کێ. لەوە
بەدواوە نێچیرڤان بارزانیی لە باشووری کوردستانەوە بوو بە زمانڕەوش و
گوتەبێژی ڕژێمی ترک و هەوڵی ترکیای بە ئەرێنیی لە قەڵەمدا و، دوای
بڵاوبوونەوەی پەیامەکەی ئۆجەلان ڕێکەوتی ٢٨/٢/٢٠٢٥ لە ڕێگەی میدیای
حیزبەکەیەوە پێداگریی لەسەر چەکدانانی پێ کێ کێ کردووە کە پێویستە پێ
کێ کێ بەدەم بانگەوازەکەی سەرۆکیانەوە بچن و چەک دانێن. دوا وتەشی لەم
بارەوە لە سەردانەکەی ئەم دواییەی بوو بۆ ترکیا لە ڕۆژی ١١/١١/٢٠٢٦ لە
شاری ئەنتالیا دیسان جەختی لەسەر سەرخستنی پرۆسەکە کردەوە. قادر تەمیز
سەرۆکی نێوەندی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین (ئۆرسام) لە کۆبوونەوەی
ئانتالیا گوتی: پێوەندییەکانی نێوان ئەنکەرە و هەولێر لە چوارچێوەی
تەسکی پاراستنەوە پێیانناوەتە قۆناخێکی فرەلایەنی ئابووری و دیپلۆماسیی.
بە کورتی، خاڵی جیاوازی نێوان ئۆجەلان و نێچیرڤان بارزانیی، عەبدوڵڵا
ئۆجەلان وەک جێبەجێکەری پلان و ڕێنوێنیی ''میت''ی ترکیا، تێدەکۆشێ بە
وتەی خۆی پیلانی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم تێک بدا کە بە تەمان جۆگرافیای
ترکیا هەڵوەشێننەوە و دەوڵەتی کوردیی دابمەزرێنن و پێویستە ترک و کورد
یەکبگرن بەرپەرچی پیلانی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم بدەنەوە. ئەم بیرۆکەی
ئۆجەلان تەنێ بۆ باکوور نییە و، تێدەکۆشێت لە بەشەکانی دیکەی کوردستان
لە ڕێگەی لقەکانی سەر بە پێ کێ کێ هەموو خەباتی سیاسی و نەتەوەیی کورد
لە نێوی بەرێ و، کورد لەنێو گەلانی باندەستیدا بتوێتەوە. بەڵام
نێچیرڤان بارزانیی سێ بەشی کوردستان، واتە باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژاڤا
دەکات بە قوربانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مانەوەی حکوومەتی هەرێم،
وەک خۆیان دەڵێن: ''پێوەندییەکی باش و دۆستانە و هاوکاریی هاوبەش لەگەڵ
جیرانەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان!''. هەر لەم ڕوانگەوە پشتگیریی
تێکەڵبوونی هێزەکانی ڕۆژاڤای کوردستان دەکا لەگەڵ سووریا، پشتگیریی
نەخشەڕێی ترکیا دەکا و چاو لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات سوور دەکا لە شوێنی
خۆیان نەبزوون و بیری گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵات لە مێشکیان بەرنە دەرێ.
گوشاری کاربەدەستانی هەرێم بۆ حیزبەکان و نیشتمانپەروەرانی ڕۆژهەڵات،
بۆمبابارانی بەردەوامی ئێران و لقەکانی سەر بە ئێران لە عێراق دۆخێکی
گەلێک دژواری بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و بنەماڵە و لایەنگرانیان
خولقاندووە!
ڕوون و ئەشکەرەیە بۆچوون و سیاسەتی ئیمڕۆکەی کاربەدەستانی حکوومەتی
هەرێم بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی و بەشەکانی دیکە بە
گشتیی دەری دەبڕن لە بیرتەسکی و نەبوونی هزری نەتەوەیی و دەسەڵات و
بەرژەوەندیی هاوبەشی دارایی بە داگیرکەرانەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەم
بەرژەوەندییەش تا ئەو ڕۆژە بەردەوامدەبێ داگیرکەران لە بەشەکانی
خۆیاندا کێشەی کوردیان نەمێنێ ئەو جا مۆمی تەمەنی حکوومەتی هەرێمیش
دەکوژێتەوە و ئەوەی هەشیانە لەدەستدەچێ. پێویستە بەئاگا بێنەوە
لەنێوچوونی بزاڤی بەشەکانی دیکە لەنێوچوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان بۆ
داگیرکەران سووک و هاسانتر دەکا، هەبوون و چارەنووسی نەتەوەی کورد و
کوردستان لە پێوەندیی لەگەڵ داگیرکەرانیدا پێکەوە گرێدراوە و جیا نییە
لە یەک.
هزری نەتەوەیی و بەرەی نیشتمانیی لە چ ئاست و شوێنێکدایە!؟
ئەز وەک کوردێکی ئەم کوردستانە کە چل ساڵێکە وەک تاک سەر بە بیری
نەتەوەیی بووم و زیاتر لە (٥) ساڵ ئەندامی سەرکردایەتیی و بەرپرسیاری
دەسگەی ڕاگەیاندنی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بووم و (١٣) ساڵێکیش
ئەندامی سەرۆکایەتی و بەرپرسیاری دەسگەی ڕاگەیاندنی کۆنگرەی نیشتمانیی
کوردستان بووم، سەتان کەسایەتیی نەتەوەیی و حیزب و ڕێکخراوەی نەتەوەییم
لە هەموو پارچەکانی کوردستان ناسیوە و پێکەوە لەپێناو سەربەخۆیی
کوردستان تێکۆشیوین. سەرەڕای هەموو چالاکی و ماندووبوون و دڵسۆزی
پێشاندانێک، تێکۆشین و چالاکیی نەتەوەپەروەرانی ڕابردوو لە ئاست
گەورەیی و دژواربوونی ڕێبازەکە نەبووە و، وەک دڵۆپێک بووە لەنێو زەریای
ئاڵۆز و پڕ لە کێشە و ئاستەنگی نێو خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان.
لەو ڕاستینەیە تێگەیشتم تاوانی لاوازبوونی هزری نەتەوەیی بۆ جیلەکانی
پێشووی کوردستان دەگەڕێتەوە، جیلی ئیمڕۆش هەر بە ڕێگە و ڕێچکەی ئەواندا
دەچێ و نەیتوانیوە لەو بازنە بچووک و بەرتەسکەی خەباتی بۆ دەکات
دەربازبێ لێی و پێ بنێتە سەر شاڕێی خەباتێکی گشتگیری جەماوەریی.
لاوازیی خەبات و چالاکی و پەرشوبڵاوبوونی نەتەوەییەکانی کوردستان هۆکار
بووە ئەم بیروباوەڕە پیرۆزە کە بیری ڕزگاریی نەتەوەی کورد و
نیشتمانەکەیەتی نەبێت بە بیری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێستاشی لەگەڵ
بێت، نەتوانراوە زەمینەی دامەزرانی نێوەندێکی نەتەوەیی بەهێز خۆشبکەن
کە ببێتە جێی هیوا و هومێد و ڕۆناکیی بۆ هەموو نیشتمانپەروەران و
جەماوەری کوردستان.
ساڵانێکە لە دەرەوەی وڵات و نێوخۆی کوردستان چەندین ڕێکخراوە و پارتی
سیاسی بە ناو گەورە و بە قەوارە و ژمارە کەم دامەزراون و سەر بە بیری
نەتەوەیین، بەڵام جیا لە یەک سەرقاڵی خەبات و چالاکیی سیاسی و نەتەوەیی
خۆیانن. ئەم ڕێکخراوە نەتەوەییانە گەلێکجاریش سەردانی یەکدەکەن و
ڕاگەیەندراوێک بەناوی بەشداربوونی ''سکرتێری گشتیی'' (کە زاراوە و وشەی
سیاسیی سەردەمی یەکێتیی سۆڤێتە) لەلایەن ئەم یان ئەو پارتی دیکەی
نەتەوەیی بڵاودەکەنەوە، هەمووشیان بانگەواز بۆ یەکێتیی نەتەوەیی و
سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، بەڵام ئامادەنین ببن بە یەک و بڕیار بدەن
لەنێو سازییەکی نیشتمانیدا خەباتی نەتەوەییان درێژە پێبدەن.
ئەگەر بیری نەتەوەیی بریتیبێ لە بیری ڕزگارکردنی خاکی کوردستان و
دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە سەرتاسەری نیشتمانەکەی،
هۆکار چییە ئەم ڕێکخراوە نەتەوەییانە یەکناگرن!؟ با لەوەش گەڕێین کە
نەتەوەیەکی لەتلەتکراوی نیشتمان دابەشکراو، کە کورد خاوەنی بستێکی
نیشتمانەکەی نییە، چ پێویستییەکی بە حیزب و حیزبایەتی و ئەم
دابەشکارییە هەیە!؟ بۆچی دەبێ نەتوانن پێکەوە بڕیار بدەن لەنێو
دەسگەیەکی نیشتمانیی کۆببنەوە کە لە هەموو پێکهاتەکانی کوردستان
پێکهاتبێ و بە پێی دەستوور و بەرنامە و پڕۆگرامێکی کوردستانیی بیبەن
بەڕێوە!؟ تێنەگەیشتنی تەواو لە نێوەڕۆکی بیری نەتەوەیی و سەرقاڵبوون بە
چالاکیی ورد و بچووک هۆکار بوون بیری نەتەوەیی بە لاوازیی بمێنێتەوە و
بیری کوردایەتیی کە بیری ڕزگاربوونی نەتەوەی کوردە نەتوانێت لەنێو
خەڵکی کوردستان بڵاوبێتەوە و نەبووە بە بیروباوەڕی جەماوەری کوردستان.
بارودۆخی هەرە هەستیاری کوردستان لە نەتەوەییەکان دەخوازێ پەلە بکەن بۆ
خستنەڕێی خەباتێکی هاوبەشی نەتەوەیی لەنێو نێوەندێکی نیشتمانیی
هاوبەشدا. وەک چلۆن بە دەستێک چەپڵە لێنادرێ، خەبات و چالاکیی تاکەکەس
و کۆڕ و کۆمەڵی بچووک چ دەور و کاریگەرییەکی نییە و نایبێ. بێ یەکگرتن
و بەهێزکردنی خەباتێکی هاوبەشی نەتەوەیی و بەرفرە و درێژخایەن هزری
نەتەوەیی پێشناکەوێ. هۆشیاریی نەتەوەیی کە گەورەترین و بەهێزترین چەکی
هەر نەتەوەیەکە، ئەرکی سەرەکیی نیشتمانپەروەران و ڕۆناکبیرانە تێبکۆشن
بۆ بڵاوکردنەوەی هزری نەتەوەیی لەنێو جەماوەری کوردستان.
کوردستان کەوتووەتە نێو هەستیارترین و پڕمەترسیترین و چارەنووسسازترین
دۆخی سیاسی و لە دووڕێیانی مان و نەمان دایە و تەنێ بە دەستی
نەتەوەییەکان و نەتەوەی کورد ڕزگار دەبێ. دژواری و ئاستەنگی فراوانی
نێوخۆیی و دەرەکیی لە نەتەوەییەکان و دڵسۆزانی ڕاستینەی کوردستان
دەخوازێ پشت بە خۆیان و بە نەتەوەکەیان ببەستن، تەنێ خۆیان دەتوانن
ئەرکی قورس و دژوار، هاوکات ئەرکی پیرۆزی ڕزگارکردنی نەتەوەی کورد لە
کۆیلەتی بگرنە ئەستۆ.
هەر شەکاوە بێت ئاڵای بەرز و پیرۆزی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان!
ماڵپهڕی سیروان کاوسی
|