په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١٢\٢٠١٤

کوردستان پێویستی بە ئاڵایەکی تازە ھەیە!


هێمن عه‌لی     

 

لە وتاری پێشووم باسی ئەوەم کرد، کوردستان پێویستی بە سرودێکی نیشتمانی نوێ ھەیە، چونکە ئەی ڕەقیب زۆر وشەی توندوتیژی تێدایە بۆ سروودی نیشتمانی گونجاو نییە* ئەوھاش کوردستان پێوستی بە ئاڵایەکی تازە ھەیە کە، گوزارشت لە خاکی کوردستان بکات و ھەڵقوڵاوی ناخی میللەت بێت. نەک ئاڵایەکی خواستراو بۆ ڕازیکردنی دڵی داگیرکەرانی کوردستان قیت بکرێتەوە و ناوی لێ بێن ئاڵای کوردستان!!! ئاڵا و سروودی نیشتمانی، ناسنامەی نەتەوەیەکن نا کرێت بە ھەوەس و ئارەزووی ھیچ ھێزولایەنێک بسەپێنرێت!!


ئەوڕۆ کوردستان کێشەی ئاڵای ھەیە، کورد ھێشتام خاوەنی ئاڵایەکی یەکگرتوو نییە کە، تێکڕای خەڵکی کوردستان لەسەری کۆک و تەبابن و لای دنیای دەرەوەش ببیتە ھێما و ناسنامەیەک بۆ ناساندنی کورد وەکو نەتەوەیەکی سەربەخۆ. ئێستا لەمەیدانی کوردستاندا دوو ئاڵای فەرمیی دەبیندرێن (ئاڵای باشوری کوردستان) و (ئاڵای پەکەکە)، ئاڵای باشوری کوردستان لە ڕێکەوتی ١١\١١\١٩٩٩ لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە کرا بە ئاڵای فەرمیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاڵای (پەکەکە)ش چەندین ساڵە ئاڵای فەرمیی بەشێکی گەورەی کوردستانە لە (باکور و ڕۆژاوا)ی کوردستاندا، ڤەلێ ھیچ یەک لەو دوو ھێزە سەرەکییە ئاڵای یەکدی قبوڵ ناکەن، ڕێکنەکەوتوون لەسەر ئاڵایەکی یەکگرتوو!

 


ئایا کام لەو ئاڵایانە بۆ ئاڵای کوردستانی گەورە (ھەر چوار پارچەی کوردستان) گونجاوترە، ئاڵای پەکەکە یان ئاڵای کوردستان؟ یان ئاڵایەکی تازە دابھێنرێت؟
 

وەڵامەکەی ڕوون و ئاشکرایە، باشتر وایە ئاڵایەکی تازە دابھێنرێت و ھەموو ھێز و لایەنەکان و تێکڕای جەماوەری کوردستان لەسەری ڕێکبکەون و پەسەندی بکەن. ئاڵایەک بێت بەڕاستی ھەڵقوڵاوی ناخی میللەت بێت و گوزارشت لە خاک و خە لکی کوردستان بکات. ئالای پەکەکە ئالای حیزبە، بۆ ئالای کوردستان گونجاو نی یە. ئالای باشوری کوردستانیش کۆپی ئالای ئیرانە گوزارشت لە خاک و گە لی کوردستان ناکات!! جا بۆیە زۆر پێویستە کوردستان ئاڵایەکی ھاوبەشی ھەبێت، دواتر ئەو ئاڵایە تازە یە ش بخرێتە ڕاپرسییەوە تێکڕای جەماوەری کوردستان دەنگی لەسەر بدات.


ئەو ئاڵایە نوێیە دەبێت لە لایەن لیژنەیەکی پسپۆر دەست نیشان بکرێت کە، شارەزابن لە مێژوو، جوگرافیا و دابونەریتی کوردەواری ھەبێت، ھەروەھا دەبێت ڕاچاوای پێکھاتە و کەمە نەتەوایەتیەکانی تری کوردستان بکرێت وەک (کریستیان، زەردەشتی، کاکەی، یەزیدی و عەلەوی). ئەو ئاڵایە تازەیە دە بی ھێما و پێناسەیەک بۆ تێکڕای جەماوەری کوردستان بە گشت پێکھاتە جیاوازەکانەوە.

 

ئاڵای ئێستای باشوری کوردستان سێ ڕەنگەکەی (سوور، سپی و سەوز) کۆپی ئاڵای سەردەمی پاشایەتی ئێرانە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی (خۆیبوون) کە زۆرجاریش بە شۆڕشی ئارارات ناودەبرێ (١٩٣٠ - ١٩٣٣) کە لە ناوچەی ئارارات بە سەرۆکایەتی (ئیحسان نووری پاشا) ھەڵگیرسا.. ئیحسان نووری پاشا بۆ ڕازیکردنی دڵی شای ئێران ئەو ئاڵایەی بەرزکردەوە، چونکە لەو کاتدا کۆمەکی لەلایەن ئێرانەوە پێدەکرا کە، لە دژی دەوڵەتی تورکیا شۆڕشیان بەرپاکردبوو... دواتر لە ساڵی ١٩٤٦ کۆماری مھاباد ھەمان ئاڵای سەردەمی پاشایەتی ئێران بەکەمێک دەستکاریەوە بەرزکردەوە کە، ڕەنگە سوورەکە بۆ سەرەوە و ڕەنگە سەوزەکە بۆ خوارەوە لەگەڵ لۆگۆیەک لە نێواڕاستی ئاڵاکەدا دانرا!! ئینجا دوای مەلا مەستەفا ئاڵاکەی نەگۆڕی و وە ک خوی مایە وە تەنیا گۆڕان بەسەر لۆگۆی نێو ئاڵاکە داھات کە، وێنەی خۆرێکی گەش کە لە ٢١ تیشک پێکھاتبوو لە جێگای لۆگۆیە کۆنەکە دانرا .. ئەو دروشمە خۆرە گەشە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە میتۆلۆژیا (ئوستوورەناسی) و سەردەمی پەگانیسمەوەھەیە وەک ئاینەکۆنەکانی (میترایزم، زەرەدەشتی و مەزدانیزم). ھە روە ھا دەولەتی سەفەوییەکانیش ئەو دروشمەی خۆرەی ھەبووە، ئاڵاکەیان ڕەنگی سەوزبووە، لە نێوەڕاستیدا خۆر و شێرێک کێشرابوو.

ھەڵبەت پەکەکە مافی خۆیەتی ئاڵای باشوری کوردستان پەسەندنەکات، خۆ ھەڵبژاردنی ئاڵا بە زۆرەملێ نییە. ئەو ھەڵوێستەی پەکەکە بەرز دەنرخێنم، ھەڵوێستێکی نیشتمانییە... (پەکەکە) ش دەتوانی لە ھێزەکوردیەکانی باشوری کوردستان بپرسێ؟ یەکێک لە ئاڵاکانی ئێمە ئاڵای (کۆما جڤاکێن کوردستان، ھەپەگە، پاژاک و پەیەدە) وەک ئاڵای کوردستان دەست نیشان بکەن!
_____________________________
* www.emrro.com/eyreqibsirudi.htm 
 

 

hammhamm696@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک