په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٨\٢٠١٢

کوردستان پڕە لە ئەنسارولئیسلام!
- چەند کۆمێنتارێک سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ئاسایشی سلێمانی لە بارەی کوژرانی نیگارەوە -


حەمە غەفور       


ئاساییشی سلێمانی ڕۆژی یەکشەممە ٥ئابی٢٠١٢ لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە کوژرانی دڕندانەی نیگار لەلایەن براکەیەوە ڕایگەیاند کە ئەو کەسەی خوشکەکەی خۆی کوشت‌و دواتر سوتاندی پێشتر ئەنسارولئیسلام بووە..! ئەم هێماکردنەو ئەم ڕەوانەکردنەی ڕای گشتی بۆ لای کونیەو پرۆفایلی بکوژی نیگار ناتوانێت ئەو زام‌و برینە قووڵەی بەهۆی تاوانی بێئەندازە دڕندانەی کوشتنی نیگاری ١٥ ساڵەوە لە ویژدانی خەڵکی کوردستاندا سەریهەڵداوە ساڕێژبکات!

ئەگەر ئاساییشی سلێمانی ئامانجی بێت لەم پەیوەندەدا تۆڵەیەک لە ئەنسارولئیسلام‌و شوێنکەوتوانیشیان بکاتەوە لەپای قەسابخانەکەی ئاوایی حەمە، وە دۆسێی ڕەشەکوژی ژنان بەجۆرێک بئاڵێنێتە گەردنی ئیسلامییە "توندڕەوەکان" هەتا میانەڕەوەکانیشیان چاوێک بەخۆیاندا بخشێننەوەو هەڵوەستەیەک لەپای ئەم تاوانکاریانە بەرامبەر بە ژنانی کوردستان بکەن، ئەوا هەنگاوێکی مایەپووچە.

ئەوە ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئیسلامیەکانی کوردستان بەگشتی لە تونڕەویانەوە تا میانەڕەویان تەنانەت هەتا بگا بەو مەلاو کۆلکەمەلاو ووتاربێژانەشی کە مووچەی حکومەتی هەرێم‌و وەزارەتی ئەوقاف لووشئەدەن‌و لەژێریشەوە بەدڵ هاوسۆزن لەگەڵ ئیسلامی سیاسیدا، وە ڕۆژی "پێنج فەرزە" لە بڵندگۆی مزگەوت‌و تەکیەو کۆڕە ئایینیەکانەوە فەتوای ژاراوی دژی ژنان هەڵئەڕێژن‌، بانگەشەی ئاشکراو نیمچەئاشکرا بۆ بەکەم سەیرکردنی ژنان‌و بەکەم عەقڵ دانانی ژنان‌ جاڕئەدەن، تەبلیغاتی دژەژنبوون برەوپێئەدەن‌و بەردەوام لە هەوڵی وێناکردنی ژنانن لەنێو ڕای گشتیدا وەکو سەرچەشمەی خۆحەشاردانی شەیتان‌و ئاشوب‌و بەدڕەوشتی، دەرەنجام ئاراستەی ئایینی کوردستان چی سیاسییەکەی بێت یان مووچەخۆرو مفتەخۆرەکانیان بێت ڕۆڵی سەرەکییان گێڕاوە لە بەرجەستەکردنی هەڵاواردنی ژنان‌و بەکاربردنی توندوتیژی تا ڕادەی جینۆسایدکردنی ژنان.

ئیسلام وەکو جووڵانەوەیەکی سیاسی یان وەکو ئایدیۆلۆژیاو تێڕوانینێکی عەقیدەیی خۆی دیاردەیەکی دژە ژن،دژە ژیان، دژە شادی‌و دوژمنە لەگەڵ پێشکەوتن‌و شارستانیەت‌و مۆراڵی هاوچەرخ بۆ پێکەوەژیان‌و پەیوەندیە کۆمەڵایەتی‌و ژیارییەکان! بەگوێرەی پێناسە ئایینی ئیسلام‌و ڕەوتە سیاسیەکانیشی بە توندی دەمارگیرن بەرامبەر بە ژنان‌و خوڵقێنەری پیاوسالارین‌و ڕۆڵی سەرەکیان هەیە لە برەودان بە ڕەسم‌و عادەتی نامووسپەرستانەو نەریتی پیسی پاککردنەوەی شەرەف. پاککردنەوەی شەرەف کت‌و مت بەواتای سڕینەوەی مێینەو ژن یاخود کیژی لە عادەت سەرپێچی کارەو هیچ ئەمماو ئەگەرێک جێی نابێتەوە تیایدا! ئێمە هیچ کاتێک نەماندیوە حزبێکی ئیسلامی یان مزگەوتێک یان دامەزراوەیەکی ئایینی یان شێخێک مەلایەک یاخود "زانایەکی ئیسلامی" ئیدانەی تاوانێکی دژ بە ژنانی کردبێت! بۆ نموونە لەم تاوانە دڕندانەیەی نیگاری ١٥ ساڵاندا کێ شاهیدی دەنگی ناڕەزایەتی یەکێک لە لایەنانەیە کە باسم کردوون!؟ ئەم بێدەنگییەی کۆمپانیای ئایینی‌و دامەزراوەی ئیسلامی چی سیاسی بێت یان کۆمەڵایەتی واتای بەڕەسمی ناسینی ئەم تەمبێکاری‌و توندوتیژی‌و تەنانەت ڕەشەکوژییەی ژنانە بەبیانووی پیسی پاککردنەوەی شەرەف‌و گێڕانەوەی حەیسیەت‌و نامووسی بنەماڵەوەیە.

بەڵام ئەزموونی کوردستان‌و ئەوەی بە تاقیکردنەوەی جووڵانەوەی کوردایەتی ناسراوە، وەکو جووڵانەوەیەکی قەومی‌و نەتەوەپەرستانە، ئایدیۆلۆژیای ناسیونالیستی‌و دیدگای خودپەرستی‌و نەریتی نەژادپەرستانەی، کۆکتێلێکە لەگەڵ ڕوانگەی ئیسلامیانە بۆ کۆمەڵگاو ژیان‌و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، ئەم تێکەڵەیەی ڕێبازی ناسیونالیستانەو ڕوانگەی ئایینیانە بۆ کۆمەڵ پێکەوە لە پلاتفۆرمیاندا بۆ بەرجەستەکردنی یاساو ڕێساو ڕێوشوێنە کۆمەڵایەتی‌و حکومەتی‌و ئیدارییەکان، هاوتەریب‌و هاوبەشن لەپەیوەند بە پرسی‌ ژنان‌و بەتایبەتیش مەسەلەی توندوتیژی دژی ژنان‌و ڕەوشی پڕ لە تاوانی کوشتاری ژنان. پێکهاتەی حوکمڕانی ناسیونالیزمی کوردی‌و ئایینی ئیسلام باکگراوندی ئەو ڕەوشە نالەبارو قێزەونەیە کە ژنانی کوردستانی تێدا ئەژین. ڕۆژێک تێناپەڕێ ئێمە ویژدانمان بە لەتلەتکردنی کیژێک یان بە لەخوێنهەڵکێشانی ژنێکەوە ڕانەچڵەکێت!

ئەگەر بە پێودانگی ڕاگەیەنراوی ئاساییشی سلێمانی بارودۆخی ژنانی کوردستان بپێوین، دەرئەکەوێت کە کوردستان پڕە لە جەلادی هاوشێوەی براکانی نیگار! بەهەردوو بارەکەیدا نەریتی پیاوسالاری‌و ڕەسم‌و یاسای پاراستنی شەرەف‌و پاککردنەوەی نامووسی بنەماڵەو خێڵ‌و عەشیرە لە هەردوو جەمسەری ئەم پێکهاتە حوکمڕانییە قەومی – ئیسلامییەدا لە هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک بەرپرسی پلە یەکەم‌و دوهەم‌و سێهەمی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان‌و بەشی سەرەکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێستاش بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە لەم ڕەوشە دژە ژنیەی سایەی کردووە لە کوردستان. چونکە ڕەوشی نامرۆڤانەی ژنان پیاوانی کۆمەڵگاشی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووەو ئەگەرچی زۆربەی هەرە زۆری هاوڵاتیانی کوردستان خوازیاری کۆتاییهاتنی کوشتاری ژنانن‌و وە لایەنگری یەکسانی نێوان ژنان‌و پیاوانن، بەڵام تۆپبارانی تەبلیغاتیی هەرڕۆژەی دەسەڵات‌و حزبی ئیسلامی‌و نائیسلامی لەدژی ژنان‌و دژ بە ئازادیەکانی ژنان‌و هاوڵاتیان‌و پەیوەندی نێوان نێرو مێی ووڵات، لەپاڵ بێکارەیی دەزگای دادوەری‌و قەزایی کوردستاندا، گەورەترین گرفتی کۆمەڵایەتی لەبرەودا ئەبێت، گەورەترین ناکۆکی کۆمەڵایەتی، یانی نایەکسانی‌و ناپایداری‌و ناهاوسەنگی کۆمەڵایەتی‌و حقوقی نێوان ژنان‌و پیاوان، کە ئەوسەری ئەگات بە هەڵاواردنی ژنان بەرامبەر بە پیاوان‌و دیارە دواتریش ڕێگاخۆشکردن بۆ کۆنتڕۆڵی پیاوان بەسەر ژنانەوە، پاشان دەستبردنی پیاوان بەپێی یاساو نەریتە کۆمەڵایەتیەکان بۆ سەرکوتکردنی ژنان لەپێناو ڕاگرتنی دەسەڵاتی پیاوانەی خۆیان بەسەر خێزان‌و ژنانەوە. ئەمەش دەرەنجامی ئەو حوکمڕانییەیە کە ئێستاکە ئیدارەی کۆمەڵی کوردستان ئەکات!


٦\٨\٢٠١٢

ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌غه‌فور

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک