٨\٤\٢٠١٦
کورد، کەشتییەک یا
دووان!؟

عەبدوڵا ساڵح
ھەموو ڕۆژێ لە میدیا کوردیەکانەوە گوێمان لە دەستە واژەی ( کورد دەبێ
چی بکا ، بەرژەوەندی کورد لە چی دایە، پەیوەندی کورد لەگەڵ بەغدا دەبێ
چۆن بێ ، کورد وا .....، کورد بۆ .... کورد کەی .....؟).
گومان لەوەدا نییە مەبەست لە ووشەی کورد لێرەدا دەسەڵاتی سیاسیە لە
کوردستان ، واتە ئەو دەسەڵاتەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ بەدەست دوو حیزبەوە بوو
دواتر بوو بە بنکە فراوان و ئێستاش ھەرچی ئێوە ناوی دەنێن.
ئاخۆ ڕەوایە بەو دەسەلاتەی نزیک بە چارەکە سەدەیەکە ئەم ووڵاتە بە
تاڵان دەبا ، وێرانی دەکا ، شان لە ھەموو بەرپرسیارەتیەک لە بەرامبەر
خەڵک دا خاڵی دەکاتەوە ، دەگرێ ، دە کوژێ ، برسی دەکا ، شەڕی ناوخۆ
ھەڵدەگیرسێنێ ، کلکە سووتە بۆ ووڵاتنی دراوسێ دەکا ، لە سایەی ئەودا
بێکاری ، نەخۆشی ، بیکارەبایی ، بێئاوی ، بێموچەیی باڵیان بەسەر ئەم
کۆمەڵگایەدا کێشاوە ، دەیان و دەیان دەردو مەینەتی دیکە بگوترێ کورد ،
و لە ھەمان کاتدا بە قوربانیانی سیاسەتی ئەم دەسەڵاتەش ھەر بگوترێ کورد
؟ ئەگەر شتێک ھەبێ ئەم دوو دنیا جیاوازە پێکەوە کۆبکاتەوە تەنێا
ھاوزمانیە و جیدی نا!
کەشتی دەسەڵات پڕە لەو تاڵانچی و سەرمایەدارانەی وەک بڵقی سەرئاو
ھەڵتۆقین و لە پڕێکدا و لە ژێر باڵی بەرپرسانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان
ھاتنە دەر و ڤێلاو زەوی و تەنانەت شاخەکانیشان کڕی و دەیان ئوتومبێل و
خەدەم و حەشەم بەدەوریانەوەن . ئەم کەشتیە ھی دەسەڵاتەو فڕی بەسەر
کەشتی خەڵکەوە نیە ، ھەر بۆیە کۆکردنەوەی سەرنشینانی ئەم دوو کەشتیە لە
کەشتیەکدا ناو لێنانی بە " کورد " نەک تەنیا ناڕەوایە بگرە بە ئاگاوە
یا بێئاگا پشتیوانیە لە دەسەڵات . کەشتی دەسەڵات و کەشتیەوانەکان زۆر
دەمێکە بڕیاری خۆیان داوە کە چارەنوسی ئەم کۆمەڵگایە بەرەو کوی بەرن ،
ئیتر کاتی ئەوەیە کەشتی خەڵکیش بەرەو چارەنوسی خۆی تاو بدرێ و ئەم
ڕیزبەندیە لێکبترازی و چیتر لە ژێر ناوی " کورد " ئەم دوو بەرە جیاوازە
" ئەم دوو دنیا جیاوازە تێکەڵنەکرێن ، ئەوە کورد نیە دەوڵەت و وەزیر و
پەرلەمانتاری ھەیە ، ئەوە کورد نیە لە ڕێی دەزگای ئەمنی تۆقێنەرو
زیندانی وون خەڵک بێسەروشوێن دەکا ، مافی مرۆڤ پێشێلدەکا ، ئەوە کورد
نیە نەوت دەفرۆشێ و پارەکەی دەدزێ ، ئەوە دەسەڵاتی حزبە کوردیە
زەبەلاحەکانە ، بۆیە دەبێ لە فەرھەنگ و زمانی ڕاگەیاندن و سیاسیدا
جیابکرێنەوە، ھەروەک چۆن لە سەر ئەرزی واقیع زۆر لێک جیان.
٧\٤\٢٠١٦
a_salih11@hotmail.com
|