٢٩\٣\٢٠٢٢
کورد کەی رزگاری
دەبێ؟!

ئەرسەلان مەحمود
کورد، ئەو بوونییە مرۆییە جڤاکییە مەزنە خۆڕاگر و سەرفرازەیە، هەمیشە
بەپێوەو زیندو دەمێنێتەوە، تەنها شتێک ئەم یەقینەم لێبکات بەگومان ترسە
لەکورد خۆی، خۆی وەک سەروەری یەکە پێکهێنەرە کۆمەڵایەتی و سەردارە
سیاسیەکانی!!
سەردەستە کۆمەڵایەتی و سەردارە سیاسیەکانی کورد، پێچەوانەی سەردەستە
کۆمەڵایەتی و سەردارە سیاسیەکانی دونیا، ئەوەی کڕۆکە لەهزرینیاندا،
نەتەوەو نیشتمان و بەرژەوەندی جڤاکی نییە، سەرۆکە، سەرۆک وەک یەکەی
خۆسەپێنەری بڕیار بەدەستی سەرەتاو کۆتایی!!
ئەو هەزارانجار خۆدێرو دەوێهاویشتن و دەست ماچکردن و خۆچەماندنەوەیەی
سەردەستە کۆمەڵایەتی و سەردارە سیاسیەکانی کورد لەبەردەم ئەم و ئەوی
غەیرە خۆدا، لەپێناو خۆیاندا کردویانەو دەیکەن، یەکجار تەنها یەکجار
لەپێناو بەرژەوەندی باڵای میللەتەکەیاندا بیانکردبایە، هەر کورد نا،
ئێستا خەڵکانی تریش لەسەر خاکەکەی دەحەسانەوەو نیشتمانەکەیشی دەمێک
ساڵبوو ڕزگاری دەبوو!!
حزب و سەردارە سیاسیەکانی کورد، نەیتوانیوە ببنە بەشێک لەخۆیە جڤاکیەکە،
کەچی بەشێکن لەهەر شتێک کەوتبێتە دەرەوەی خۆیە کوردییەکە، لەوەتەی مێژو
مێژووە لەبری شەڕی ئیرادە لەگەڵ ئەوانی تری غەرە خۆدا، ئەوانەی ئێستا
لەهەر کات زیاتر کار لەسەر بێشوێن کردن و بێئیرادە کردنی دەکەن، جەنگی
سەپاندنی ئیرادە بەسەر یەکتردا دەکەن، تەنانەت کەڵک لەداگیرکەران
وەردەگرن تا لەڕێگەیانەوە، یەکتر گەمارۆ بدەن!!
ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر ئاستە هەرێمایەتییەکەو بەغدا بەتایبەت دەگوزەرێ،
بەشە هەرە گەورەو مەترسیدارەکەی ئەم گەمە پیسە شەیتانییەیە، بێگومان
وەک هەمیشە لەژێر کەتافەی کوردایەتی و دروشمی بەرژەوەندی نیشتمانید،
لەسیاسەتدا هیچ شتێک بەڕێکەوت ڕونادات، ئەگەر ئەوە ڕوبدات، دەتوانی
گرەو بکەیت لەسەر ئەوەی نا نەخێر پێش وەختە پلانی بۆ دانراوە، کورد
هەرگیز کۆتایی بەکێشەکانی نایەت، تەنها لەیەک کاتتدا نەبێ، ئەو کاتەی
عاشقانی ژیانی جڤاکی و ژیری لەسیاسەتدا دێن و دەسەڵات دەگرنە دەست.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|