په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٨\٢٠٢٣

کورد لە نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێم.

مەهدی حەمید      


بە واتایەکی تر: کورد لە نێوان دەستی ڕەشی کۆمپانیا بیانی و ناوخۆیەکانی حکومەتی هەرێم وچەپەرۆکی گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەند لە بەغدا، بە حیسابی ربح و خەسارە لەمەیان قازانج دەکات و لەمی تریان زیان، یان بە پێچەوانەوە و بە هەردو دیویەوە ڕێی تێ دەچێ.


بە حیسابی بڕیاری فەڕەنسا، تورکیاو کۆمپانیا بیانی و ناوخۆیەکانی هەرێم، زیانیان بەردەکەوێ و لە بەرامبەڕیشدا خەلک دەگاتە تەواوی موچەی خۆی و لەوانەشە هەندێ قازانجی تریشیان لە بابەت هەرزانی بەنزین وغازو وەچەنگ کەوتنی سوتەمەنیەکان وەک نەوتی ماڵان سوودیان پێ بگات. ڕەنگە لە ڕووی دۆزینەوەی هەلی کارو دامەزراندن باریان لە گەڵ حکومەتی ناوەند باشتر بێت.


ئەوەش نازانم ئەگەر بێت و ناردنە دەرەوەی نەوتی کوردی لە چاو شایستە دارایەکانی حکومەتی هەرێم زیاتر بێتو ئایا زیادەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی هەرێم یان بەغدا قوتی دەدات، ئەوەیان نازانم. جیاوازی ئێستای نرخی یەک بەرمیل نەوت لە ڕێگای سۆمۆ لە سەروی ٢٠ دۆلارێک دەبێت بۆ یەک بەرمیل بە حیسابی ئەوەی نرخی گواستنەوە بە سۆمۆ کەمتر لە دوو دۆلارەو هی پێشتری هەرێمیش ٩ دۆلار بوو یان بە حیساب کردنی جیاوازی نرخی نەوت و گواستنەوەو مەسارفی تر، جیاوازیەکە خۆی لە سەروی٢٠ دۆلار دەدات. ئەدی ئەگەر بێت و پارەی کۆمپانیاکان لە پشکەوە بگوازرێتەوە بۆ تەنیا خزمەت گوزاری و لەگەڵ کۆمپانیا بیانیەکانی سەر بە ناوەند هاوتا بکرێت کە ١٠ دۆلاڕە بۆ هەر بەرمیلێک. لەو حالەتەش و بەلای کەمەوە ٢٠ دۆلاری تر بە قازانجی نەوتی هەرێم دەشکێتەوەو بۆیە دەڵێم ئەگەر بێت و ئەو پاڕە زیادانە بۆ خەزێنەی هەرێم بگەڕێتەوەو بگوازرێتەوە بۆ بواری وەبەرهێنان و دۆزینەوەی هەڵی کار و پێیەوە هەرێم بوژانەوەیەکی زۆر باش دەیگرێتەوە.


بە شێوەیەکی گشتی:


ئەگەر بێت و وردبیینی لە نەوتی هەرێم بکەین بە هەموو زەمەنەکان واتە سەردەمی حوکمی پاشایەتی و بە دوایەوەو ئەو سەردەمەی ئێستا کە وەک بڵێین بەناوحکومەتی کوردی، دەستبەکارە و تا ئێستا ئەو نەوتە کوردیە ئەوەندەی خێرو بێری بۆ کوردیەوە پێوە بووە، دە ئەوەندە ببوە بەڵا بە سەر کوردەوە. سەردەمی حوکمی پاشایەتی دەستە گوڵەکە بۆ کۆمپانیا بیانیەکان و ئەوانەی پێیان بەسترابوونەوە. لەوەش زیاتر، نەوت ڕۆلێکی بەرچاوی بینی لەتەعریبی لەسەرخۆی عەرەبەکان بۆسوود وەرگرتن لەخێرو بێری دامەزراندن لەحەقلی نەوتەوە. دوای ئەو سەردەمیش و تا حوکمی کوردی دەتوانین بڵێین نەوتی کوردی ڕێک بەڵا بوو بە سەر کوردەوە. ڕژێمە یەک لەدواییەکەکانی عیراق بەتایبەتی هی سەردەمی بەعس بە نەوتی کوردی هەمووشتێکیان لە دژی کورد پێیەوە کرد. بە پارەی نەوتی کوردی کوردستانیان کردە سوپاگەیەکی هەرە فراوان لە دژی کوردو شۆڕشەکانیان و دەمکوتکردنی شۆڕشو بیروباوەڕی ئازاد. هەرنەوتی کوردیش بوو لە ڕێگای تەعریب، دیموگرافیای ناوچەکەیان بە قازانجی عەرەب گۆڕی.


لە سەردەمی حوکمی کوردیش هەمان تاس و حەمام خێروبێری نەوتی کوردی چارەگەکیشی بۆخۆشگوزەرانی خەلکەکە نەدەڕۆیشت ئەو چارەگەش بۆپڕکردنەوەی پێداویستی موچە بوو، دۆزینەوەی هەلی کار، وەبەرهێنان ڕێژەیەکی هەرەنزمی بەخۆوە دیتبوو دەبینێ. باقیەکەیتری خێروبێری بۆکۆمپانیا چاوچنۆکەکانی بیانی و ناوخۆ دەڕۆیشتو ئەگەر بشڵێم بەشێکی هەرە فراوان لەو داهاتە نەوتیە کوردیە بۆ داپلۆسینی جولانەوەی ڕزگاری نیشتمانی کوردو کپکردنی دەنگە ئازادیەکان دەڕۆیشتو پێیەوە زۆری دەچێتە خانەی ڕاستی.


ئێستاش و کورد دوای دادگای فەرەنسی کەوتۆتە بارێکی وەهاوە کە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێ.


تەیاری دینی و نەوەی نوێ و تا ڕادەیەکیش یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بە پۆزەتیڤ باس لەو وەرچەرخانە نوێیە دەکەن. پارتی بە ناچاری و ئاو نا وەرچەرخانەکەی قبوڵ کردووەو لێرەولەوێش لە هەلێک دەگەڕێ کە تورکیا بە تەواوەتی پشتیان تێ نەکات.


هەرچی ئەمەریکایە، دەیەوێ بەغداشی هەبێت حکومەتی هەرێمیشی هەبێت بەڵام بە ئەجندای خۆی نەک بەوڕێوشوێنانەی کەهەولێرو تاڕادەیەکیش سولێمانی کاری لە سەر دەکەن.


ئەمەرکیەکان لە گەڵ کوردی ڕۆژئاواش وبە ئەجندای خۆی لە گەڵیان لەسەر خەتە.


دوا وێسگەی کورد بە بیرکردنەوەی خۆم با بڕیاری دادگای فەڕەنسیش بە دڵی دەسەڵاتی کوردی باشوور نەخوڵابێتەوە بەڵام مانای کۆتایی هاتن بەڕۆڵی کورد ناگەیەنێ لە بەر کۆمەڵە هۆکارێک و دەتوانین هەندێکیان لەم خاڵانەی خوارەوە بەدی بکەین:
١- هێشتا دەسەڵاتی ناوەندبە ناجێگیری تەماشا دەکرێ.
٢- ئەمەریکا پشتی لە کورد نەکردیە.
٣- کورد و ئیمڕۆکە بە رەغمی پاشەکشەی باشوور، هێشتا وەک هەموو پارچەکان دەناو هاوکێشەیەکی سیاسیو سەربازی وەهادایە کە لە ڕووی جیهانیەوە خوێندنەوەی باشی بۆ دەکرێ.


بۆ کوردی باشوریش هەندێ خوێندنەوەی وەهای بۆ دکرێ کەهێدی هێدی تەنویعی سیاسی شوێنی باڵادەستی حزبێک یان دوان بگرێتەوەو دووبارە هەستانەوەی سیاسی ڕوو لە باکووربکات وپێیەوە پێگەی هەرێم یان وەک کوردستانی باشوور لە پێگەی ئێستاو پێشتریشی باشتر ببێت.


وەرچەرخانی نوێی ناوچەکەش لە ڕوانگەی وڵاتانی ناوچەکەو ئەمەریکاو رووسیاشی بخەپاڵ هێشتا نەمەییتەوە. ڕەنگەبە مەینەوەشی کارتێکردنە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی خۆی لە سەر دۆزی کورد ڕەنگ بداتەوە.
 

ماڵپه‌ڕی مه‌‌هدی حه‌مید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک