په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٦\٢٠١٣

کورد لە نێوان سوومێر و چیاکانی زاگرۆس!


ئاریتما موحەممەدی     


مێژوو بەسەرچاوەی پێشکەوتن و پاشکەوتن و هەستانەوەی مرۆڤ لەڕابردوو سەیر دەکرێت، واتا بۆ ئەوەی ژیانێکی بەختەوەر و دوونیایەی ڕون و شەفاف بۆ خۆمان و نەوەکانمان دابین بکەین، پێویست بەئەوە دەکات کەئاگاداری ڕووداوەکانی مێژوو بین و وەک سەرچاوەی بڕیارو پێشخستنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و نەتەوایەتیمان سەیری بکەین.


ئەوەش کۆمەڵێک ڕێوڕێکاری نوێ لەبەردەم سیاسییەکان و خاوەن هەڵوێستەکانی کۆمەڵگا دەکاتەوەو دەخاتەڕوو، کە دەکرێت وەک پردی پێوەندی و هەستانەی مرۆڤ بۆ بەدیهێنانی خەون و خەیاڵەکانی، چاوی لێبکرێت. مرۆڤ بونەوەرێکە کەهەمیشە بۆ ڕێکخستن و پێشخستنی داهاتوی لە ئەزمونی ڕابردووی کەڵک وەردەگرێت، بەواتا، بەبێ ئەوە کە بیری لێبکاتەوە، سیماو وێنەی ئەزمونی پێشووی لەهزریدا خۆدەنوێنێت و بۆ بوونیادنانی پلانەکانی داهاتووی کەڵکی لێوەر دەگرێت. ئەوە سروشتی مرۆڤە.


لەڕەوتی مێژووش، کۆمەڵێکی زۆر لەنەتەوە بندەستەکان، یان بەگشتی نەتەوەکانی جیهانی سێوەم، لەبەر نەبونی زانیاری پێویست لەسەر ڕابردووی خۆیان، پەنایان بۆ قسەو قسەلۆک و ئەفسانە سازکراوی بەشێک لەکەسە نەناسراوەکانی ڕۆژئاوایی دەبەن و بۆ دۆزینەوەی مێژووی خۆیان پەنا بەو بۆچونە نازانستییانە دێنن و کەڵکی لێوەر دەگرن. ئەوە ڕەئالیسمی ئەوسیما سازکراوەیە کەبنەغەکانی لەسەر پێوەری هەست و ئیحساس دانراوەو پشتی بەزانست و بەڵگەی مێژوویی نەبەستووە.


ئەوەش کێشەی گەورەی بۆ ئەو نەتەوانە خوڵقاندووە، بەجۆرێک کەبەشێک لەوان لەڕابردووی خۆیان بێگانەن. نەتەوەی کوردیش یەکێ لەو نەتەوانەیە کە ئاستی زانیاری لەسەر ڕابردووی خۆی زۆر لەخوارەوەیەو بەرژەوەندی زلهێزەکان لەدژی بونی حوکوومەتێکی کوردیی، وەک سەردەمی مادو سوومێرییەکان بووەو دەرفەتیان پێنەداوە کەسەرکەوێت. چونکوو هەستیان بەوە کردووە، ئەو حوکوومەتە بەرژەوەندی ئەوان دەخاتە مەترسییەوەو کێشەی مەزنیان لەسەر ڕێ ساز دەکات. هەربۆیە پەنایان بۆ ئەو نەتەوانە بردووە کە لەڕەوتی مێژوودا لاواز، ونن و دیار نین.


مێژوونووسە نوێکانمان هەمیشە پەنایان بۆ ڕوانگەو بیرو بۆچونی کەسانێک دەبەن و بەبەڵگە دەیهێننەوە کە لەفەلسەفەی هزریاندا فاشیزم خۆدەنوێنێت و ئامانج لەنوسینەکانیان شێواندن و چەواشەکاری کردنی مێژووی نەتەوەی کوردە. ئاکامی ئەو هەوڵانە ئەوە بووە کەنەتەوەی کورد لەبواری مێژووی نەتەوەیی خۆیەوە بێئاگا بمێنێتەوەو بیبەستنەوە بەنەتەوەیەک کە لەڕەوتی ڕووداوە نوێکان خۆی دەرخستووەو ڕابردووێکی ئەوتۆی نییە.


ئامانج لەنوسینی ئەم وتارە مێژووییە ئەوەیە کە بەشێک لەو چەواشە کارییانەی کە بەسەر نەتەوەی کورددا هاتوون ڕووماڵ کەم و ئەگەر کورتیش بوو بێت، بەشێکی بچوک لەمێژووی ئەم نەتەوەیە ڕاست کەمەوە. بەپێی زانستی زمانەوانی و شێوەی ئاخاوتن و هاوکات کولتورو ناسنامەی فەرهەنگی، نەتەوەی کورد بەشێکە لە تەمەدوون و شارستانییەتی سوومێر.


سوومێر، بەو خەڵکانە دەوترێت کە سێ هەزار ساڵی پێش میلادی مەسیح لەمیزوپۆتامیاو لەنێوان دوو ئاوی دیجلەو فۆرات، تەمەدوون و شارستانییەتێکی زۆر کۆن و لەسەردەمی خۆیدا، زۆر پێشکەوتوویان پێکهێناو بوونیادنا.


وەک لەهندێک سەرچاوەی مێژوویی باسی لێوەدەکرێت، ئەو نەتەوەیە دوو هەزارو سەدوو پانزدە ساڵ پێش میلادی مەسیح، حوکوومەتەکەیان دەڕۆخێت و کۆتایی بەدەسەڵاتی ئەو نەتەوەیە دێت و لەناو دەچن!، هاوکات دەبنە بەشێک لەدەسەڵاتدارێتی بابل و ئاشوور!. ئەمە لێرەدا جێگای پرسیارەو دواتر باسی لەسەر دەکەین، کە ئەو بابەتە تاچەند ڕاستە!. لەشارە بەناوبانگەکانی سوومێرییەکان، دەتوانین ئاماژە بەشارەکانی ئاور، لارسا و ئارخ بکەین، هاوکات شارستانییەتی سوومێر بەنیشتیمانی شەنگار،یش ناوی هاتووە!. شەنگار ناوچەیەکە لەباشوری کوردستان.


ئەو کەسانەی کە لەڕابردوودا لەڕەوتی مێژووی هاوچەرخ لەسەر ئەو نەتەوەیە لێکۆڵینەوەیان ئەنجام داوەو نووسیوانە، ڕێچکەی زمانەوانی ئەم نەتەوەیەیان بەجیاواز پێناسە کردووە. واتا نەبە سامی،یان زانیووەو نەبە هیندو ئەورووپی.


کاتێک کەباس دێتە سەر سوومێرییەکان، دەلێن کە ئەوان نەتەوەیەکی جیاواز بونەو پێوەندی بەهیچکام لەو نەتەوانەی کە لەڕەوتی مێژوو لەو ناوچەیە ژیاون، نەبووە. واتا نە کاستی بوونە، نە لۆلۆیی، نە گوتی، نە ئارامی و نە... هتد. ئەگەر کەمێک وردبین بین، ئەوا لێرەدا چەواشەکارییەک هەست پێدەکەین، کە سوومێرییەکان لەنەتەوەکانی دیکە جیا کردووەتەوە، واتا نەیانویستووە کە ئەو مێژوو شارستانییەت و تەمەدوونە دەوڵەمەندە بە نەتەوەیەکی دیکەی ئەمڕۆ ببەسترێتەوە.


ئەوەش ئامانجی تاییبەتی بەدواوە بووە، کە دواتر بەوردی باسی لەسەر دەکەین. بەڵام بۆ هەموو لایەک ڕوونە، کە نەتەوەی کورد لەڕەوتی مێژووی هەزار ساڵەی دواییدا، کولتورو ناسنامەکەیان بەش بەش کردووە، هەر لەقاوەی کوردییەوە بگرە تاکوو دەگاتە زمان، موسیک، شیعرو ئایین و سامانە سرووشتی و ژێر زەوییەکانی بەفیڕۆ بردراوەو تاڵان کراوە.


ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کەنەتەوەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر بناغەو بنەمای ناسنامەو کولتورو زمانی نەتەوەی کورد، نەتەوەی خۆیان پێشخستووە و دەوڵەمەند کردووە. واتا ناسنامەی کورد سفرەیەک بۆ نەتەوەکانی دیکە بووە کە خۆیانی لەسەر پێتێر بکەن و برسێتی کولتوریی پێبڕەوێننەوە.


ئەوەی کە لەسەرەوە باسم کرد، تەنیا وەبیر هێنانەوەیەک بوو، کە پێویستی دەکرد باسی لەسەر بکەین. مێژووی نەتەوەی کورد، بەمێژووێکی لێل وناڕوون پێناسە دەکرێت، کە ئەوەی لەو پێوەندییەدا نوسراوە، قسەی بێگانەکان بووەو ڕوانگەی کەسانی دیکەیە.

ئەو کەسانەی لەو پێناوەدا لێکۆڵینەوەیان ئەنجام داوە، چونکوو سیاسەتی لایەنێکی دیاریکراویان بەڕێوە بردووە، ئامانجی خزمەت بەنەتەوەی کوردیان نەبووە، یان لانیکەم نەیانویستووە ڕاستییەکان ڕووکەن، تەنیا ئامانج، چەواشەکاری و بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی بووە. زانیارییە ڕاستەقینەکانیان نەدرکاندووەو باسیان لەسەر نەکردووەو شاردووێتیانەوە.


بۆ نمونە بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە لەبارەی کوردەوە لێکۆڵینەوەیان ئەنجامداوە، ڕۆژئاواییەکان بونە، ئیستراتیژیکی سیاسی ئەوانیش لەگەل بونی دەوڵەتی کوردی لەڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەبووە، مێژووی پانسەد سالی ڕابردوومان بەباشی ئەوە دەسەلمێنێت کە داگیرکەرانی بنەڕەتی کوردستان ڕۆژئاواییەکان بونە. چونکوو ئەوە ڕۆژئاواییەکان بون کە دووژمنیان بۆ ئێمە تاشی و بەسەر نەتەوەی کورد زاڵیان کرد.


ئەوانیش نەیانویستووە کە مێژووی ئەم نەتەوەیە بەباشی بۆ نەوەکانی داهاتوویان ڕوون بکرێتەوەو ڕێگای بنەڕەتی خۆیان بدۆزنەوەو باوباپیرانیان لەمێژوودا بناسن. بۆیە سوومێرییەکان تاکوو ساڵی پار وەک نەتەوەیەکی تاک و تەنیا، لەمێژووی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا بەسەر لێشێواوی دەمانەوە.

سوومێرییەکان کۆنترین خەڵکانی ئەو ناوچەیە بونەو هیچ نەتەوەیەک لەوان کۆنتر نییە، ئەوان بۆ هەمیشە لەو ناوچەیە ژیاون و لەبەشێکی دیکەی دوونیا بۆئێرە نەهاتوون. کەچی وەک بێگانە چاویان لێکراوە. بەسەرهاتی سوومێرو کورد یەکە، چونکوو کوردیش ئیستا وەک بێگانە لەسەر خاکی خۆی چاوی لێدەکرێت.


ئەمن، ئەو کەسانەی کە لەبارەی نەتەوەی کوردەوە ڵێکۆلینەوەیان کردووە، بە مێژووناس یان مێژوونووس ناناسم، چونکوو مێژووی نەتەوەی کوردیان چەواشە کردووەو ڕاستییەکانیان لەخەڵکی کورد شاردووەتەوە، ئەوەش کەسایەتی مێژوویی ئەو کەسانە دەباتە ژیر پرسیارەوە. هاوکات پیشەی ئەوان بەنازانستی دەخاتە بەرچاو.


بەڵام ساڵی پێش کتبێی کورد کێیە! لەنوسینی مێژووناسی کورد سۆرانی حەمەڕەش بڵاو کرایەوە. لەو کتێبەدا مێژووی نەتەوەی کورد بەباشی ڕون دەکرێتەوەو چەندین پرس و بابەتی پێوەندییدا بەنەتەوەی کورد دێنێتە گۆڕێ. ئەوەش ئامانجی تاییبەتی ئەو مێژووناسانە ڕوو دەکات و چەواشەکارییەکانیان لەدژی نەتەوەی کورد بۆ هەموو لایەک ئاشکرا دەکات.


لەو کتێبە مێژووییەدا پرسەکانی پێوەندیدار بەنەتەوەی کوردو سوومێر بە جوانی شی دەکرێتەوەو بەبەڵگە دەسەلمێنرێت کە نەتەوەی کورد بەشێکە لە نەتەوەی سوومێرو ئەو شارستانییەتە مەزنەی مێژوو، واتا کوردەکان هەمان سوومێرییەکانی پێنج هەزارو پانسەد ساڵی پێشن.


نوسەری ئەو کتێبە لێکۆڵینەوی لەسەر سێزدە زمانی مردوو بیست زمانی زیندوو کردووەو وشەکانی ئەو زمانانەو هاوکات کولتورو ناسنەمەی ئەو نەتەوانەی پێکەوە هەڵسەنگاندووەو بەپێی بەڵگەی زانستنی دەریخستووە کە نەتەوەی کورد بەشێک لەسوومێرییەکانە و سوومێرییەکانیش هەمان مادی دوێنێ و کوردەکانی ئەمڕۆن.


کاتێک کوردێ گوێچکە لەزاراوەی سوومێری دەگرێت، بەلەبەر چاو گرتنی لەپاش پتر لەپێنج هەزار ساڵ تێپەڕبون بەسەر ئەو زمانەدا، ئیستاش لێی تێدەگات، سەرەڕای ئەوە کە هەر زمانێک لەپاش هەزار سال، ئاڵوگۆڕی قوڵی بەسەردا دێت، بەلام زمانی کوردی و سوومێری ئیستاش وەک یەکن و لەیەک دەچن.

هۆکارەکەی ئەوەیە کە هەردووک زمان و نەتەوە یەکن و زمانەکەیان پێکەوە گرێدراون. لەیەک ئاژنانی دژوارە. واتا ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لەماوەی پتر لەپێنج هەزار ساڵ بەسەر هەر زمانیکدا تێپەڕ دەبێت، بەتەواوەتی ئەو زمانە دەگۆڕێت، بەڵام ئەو ماوە زۆرو مێژووە درێژە، نەیتوانیوە زمان کوردی و زاراوەی سوومێری لەیەک دوور بخاتەوە، ئەوەش پێناسەی نەتەوەی کوردو سوومێرییەکانە. کە تاکوو ئیستا سەرپۆش کرا بوو.


پسپۆڕان و شارەزایانی بواری مێژوو بۆ ئەوە کە نەتەوەکان بناسن و لەیەک جیابکەنەوە، پەنا بۆ جیاوازی زمانەوانی و فۆنۆلۆژی زمانەکان دەبەن، زمانی سوومێری و کوردی لەیەک فۆنۆلۆژی و بنەماو ڕێچکە پێکهاتوون، جیاوازی نێوان وشەکانیش زۆر نییەو سوومێری و کوردێک لەکاتی ئاخاوتن بەباشی لەیەک تێدەگەن.


دیارە بۆ ئەوە کە نەتەوەی کورد و سوومێر پێکەوە ببەستیتەوە، ناکرێت تەنیا پشت بەزانستی زمان و زمانەوانی ببەستین، ئەگەر چاو لەمێژووی ئەو نەتەوەیە بکەین، دەبینین کاتێک حوکوومەتی سوومێرییەکان تێکدەشکێت و لەناو دەچێت، مێژووی خەڵکانێکی دیکە بەناوی ماد دەسپێدەکات و سەرهەڵدەدات!


لەباری جۆگرافی، ناوچە، زمان، ناسنامەو تەنانەت ڕووخسارو دەمچاویش لەیەکن و جیاکردنەوەیان دژوارە. وەک لەبەڵگە مێژوویەکاندا هاتووە، مادەکانیش لەهەمان ناوچە ژیاون کە ژیانگەی سوومێریەکان بووە، واتا شاخەکانی زاگرۆس و میزوپۆتامیاو نێوان دوو ئاوەکەی دیجلەو فۆرات شوێن و ژیانگەی ئەو دوو هێزەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بچوک بووە. ئەم پێم وایە کە ژیانگەی مرۆڤایەتی لێرەوەو لەسەر خاکی کوردستان دەستی پێکردووە، دیارە ئەوە تەنیا ڕوانگەی من نییە، زۆر میژووناسی دیکە لەسەر هەمان ڕوانگەن.


هەنوکە ئەوە بۆ هەموو لایەک ڕون و ئاشکرایە کە نەتەوەی کورد کۆنترین نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و میزوپۆتامیایە. تەمەدوون و شارستانییەتی کۆنی ئەم ناوچەیە لەسەر زانست و شارستانییەتی کورد بنەماو بناغەی بۆ دانراوە. ئەوەش ئەو بەڵگە چەواشەکارانانە کە کورد بەنەتەوەێکی کۆچەرو کۆچەری کە لەباکوری سیبرییەوە هاتەبێت، بەبێبنەما پێناسە دەکات، هاوکات ئیدانەو لەقاوی دەدات.


کتێبە هەرە مێژووییەکانی زانستی کشت و کاڵی لەمیزوپۆتامیا بەکتێبی کورد ناودەبرێن و لەکتێبی کورد کێیە! بەباشی ئاماژی پێکراوە. ئەوەش پێگەی مێژووی و سیاسی کورد لەناوچەکە دەگۆڕێت و کورد هەنگاوێکی مەزنی بۆ گەیشتن بەخۆناسی هەڵناوەتەوە. بەڵگە مێژووییەکان سەلمێنەری ئەوەن کە کوردو سوومر یەک نەتەوەن و پەیوەست بەیەکن، ئەوەش بەلاپەڕەیەکی نوێ و گرینگ لەمێژووی کوردو زانستنی مێژوویی نەتەوایەتیمان پێناسە دەکرێت.


لەلایەکی دیکەوە، وەک لەهندێک سەرچاوەی مێژوویی باسی لێوە کراوە، هاتووە کە بەشێک لەو خەڵکانەی کە پێش شەش هەزار ساڵ بۆ حەوت هەزار ساڵ، لەو ناوچەیە ژیاون، لەبەر هۆکاری وشکە ساڵی بۆ ناوچەگەلێکی دیکە کۆچیان کردووە، هندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لەو خەڵکانە سوومێرییەکان بونە کە لەبەر هۆکاری ئاماژە پێکراو بۆ ئەو وڵاتانەی کە ئەمڕۆ پێیان دەوترێت ڕۆمانی و دەورووبەری کۆچیان کردووە.


بەڵگەی گرینگ کە من بەدواوەچونم بۆی کردووەو لەبەردەست دایە، کە ئەمڕۆ لەوڵاتانی ڕۆمانی و دەورووبەری هەمان خێڵ و تیرەو تائیفە بەهەمان ناوی کوردی، وەک خۆشناو، هەمەوەند و چەند نمونەیەکی دیکە هەن، هاوکات زمانی کوردی و ڕۆمانی زۆر لەیەک نزیکە، ئەگەر کوردێک بچێتە ڕۆمانی، لە ماوەی شەش مانگ زمانی ئەو وڵاتە بەباشی فێر دەبێت و بەتەواوەتی بەسەر ئەو زمانەدا زاڵ دەبێت. ئەو بەڵگانەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە سوومێرییەکان و کوردەکان و مادەکان یەکن و یەک نەتەوەن.


پاش پتر لەسەد ساڵ و لەدوای ئەوە کە وشکە ساڵی لەو ناوچەیە کۆتایی پێدێت، بەشێک لەو خەلکە دەگەڕێنەوە بۆ میزوپۆتامیا. هەنوکە، هندێک لە مێژوونوسان لەوە بەهەڵە گەیشتوون کە پێیانوایە ئەو خەڵکە لەسیبرییەوە بەرەو باشوور کۆچیان کردووە، ڕاستی ئەو پڕۆسە ئەوەیە کە ئەو خەڵکە بەرەو باشوور کۆچیان نەکردووە، بەڵکو بۆ زێدی خۆیان گەڕاونەتەوە.


بەڵگەی دیکە لەبەر داستدایە کە بەشێکی زۆر کەم لەسوومێرییەکان لەکاتی وشکە ساڵیدا بەرەشوێنەکانی دیکە کۆچیان کردووە، ئەوانی دیکە هەر لەزێی باوباپیرانیان ماونەتەوە. شاعیری گەورەی کوردعەبدووڵا پەشێو دەڵێت، کوردو زمانی کوردی وەک زێخ وایە، هەموو شتێک لەناو خۆیدا ورد دەکات و دەتوێنێتەوە، ئەوەش نمونەی ئەوەیە کە کاریگەری کولتورو زمانی سوومێری ئیستاش لەسەر خەڵکی وڵاتانی ڕۆمانی و دەورووبەری ماوە.

هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، ئەو بەشە لەسوومێرییەکان، کە کۆچی کاتیان کردووە، ئەوەندە زۆر نەبوونەو گرینگیش نەبووە، هەر بۆیە زۆربەی مێژوونوسانی ئەو بوارە باسیان لێوە نەکردووە، چونکوو کۆچی ئەو بەشە کەمە کاریگەری نەرێنی لەسەر هێزو توانای سوومێر لەناوچەکە دانەناوە.

دەبێت ئەو ڕوانگەیە لەبەرچاو بگرین کە مرۆڤایەتی و زانست لەمیزۆپۆتامیاوە بەرەو بەشەکانی دیکەی جیهان بڵاو بووەتەوەو ئیستاش کاریگەری بەسەر کایە سیاسی و ئابورییەکانی جیهان و ناوچەکەش هەیە.


بەڵگەیەکی دیکە ئەوەیە کە ئاسەواری کۆنی ئەو ناوچەیە ئاماژە بەوە دەکات، کە سوومێرو کوردەکان یەکن، بۆ نمونە تاکوو ئیستا هیچ ئاسەوارێکی سەردەمی هاخامنشی نەدۆزراوەتەوە، پێچەانە ئاسەواری سەردەمی سوومێری و مادەکان زۆر لەبەر دەستدان و هەموو ئەو کەرەستەو ئاساوارە بەجێماوانەی کەتاکوو هەنوکە بەدەست هاتوون، باس لەوە دەکەن، کە سوومێرو مادو کورد یەک نەتەوەن و بەبەردەوام لەم ناوچەیە ژیاون، مێژووێکی دە هەزارساڵەیان بۆخۆ پێکهێناوە.

تەنانەت هیچ بەڵگەیەکی زانستی لەبەردەستدا نییە کە باس لەوە بکات، نەتەوەی ئاماژەپێکراو لەشوێنێکی دیکەوە هاتبنە ناوچەکە. ئەگەر فەلسەفەی مێژوویی ئەو پرس و بابەتانەی کە ئاماژەم پێدا شی بکەینەوە، بەو ئامانجە دەگەین کە ئەوە سوومێرو مادو کورد بونە کە مێژوویان لەم ناوچەیە درووست و دەسپێکردووەو زادەی ئەم ناوچەیە بونە. هاوکات وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، زمانەکانی دوونیا لەم ناوچەیەوە لەقوپۆی لێبووەتەوەو بەرەو بەشەکانی دیکەی دوونیا پەلی ڕاکێشاوەو ڕۆیشتووە.

تەمەدوون و شارستانییەتی سوومێر ئەوەندە مەزن و کاریگەر بووە، کە نەتەوەکانی دیکەی وەک کاستی، لۆلۆی و گوتی و لیدی ، هەروەها دەیان نەتەوەی دیکە لەناو خۆیدا تواندووەتەوەو بەخۆیەوە پێوەند کردووە. ئەوەش بەمەزنایەتی و پێگەی کولتوری ئەو نەتەوەیە پێناسە دەکرێت.


خەت و نوسین، کشت و کاڵ و زانستی ئەوبوارە، ئاسن سازکردن و شاردروستکردن، بەدەستکەوتەکانی سوومێرو بەشەرییەت پێناسە دەکرێت، ئەو دەستکەوتانە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتییان بەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پێکهێناوە.


ئەگەر لەباری ئایینەوە چاو لەئایینی سوومێری و مادەکان بکەین ئەوا بێشک هەمان ئایینی زەڕتوشتیان هەبووەو مادەکانیش ئەو ئایینەیان لە سوومێرییەکانەوە وەرگرتووە. سوومێرییەکانیش خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ ڕووناکی، جوانی، مانگەشەو ئاگر هەبووە.


ڕۆخانی حوکوومەتی سوومێر لەلایەن دژبەرەکانییەوە بەواتایی کۆتایی هاتن بەتەمەدوون و شارستانییەتی سوومێر نەبووەو نییە، لێرەشدا هێندێک لەو کەسانە کە لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوەیان ئەنجامداوە، دیسان چەواشەکاریان کردووە.

لەڕاستیدا حوکوومەتی ماد درێژەپێدەری حوکوومەت، تەمەدوون و شارستانییەتی سوومێر بووە، ئەگەر فەلسەفی و وردبینانە چاو لەشێوەی دەسەڵاتدارێتی مادو سوومێرییەکان بکەین ئەوا هەردوو حوکوومەت یەک ڕێگەیان درێژە پێداوە، ئەوەش شارستانییەتی سوومێر بووە. لەنووسینەکانی بەشێکی زۆر لەمێژوونوسان، بەڕونی ئاماژە بەوەکراوە کە مادەکان درێژەیان بەشارستانییەتی سوومر داوە، بەڵام بەناوی مادەوە.

زۆر کەس باس لەوە دەکەن، باشە ئەگەر مادەکان هەمان سوومێرییەکان بونە، ئەی بۆ بەناوی سوومێرەوە حوکوومەتیان نەکردووە، وڵامی ئەو ڕەخنەیە یان ئەو پرسیارە ئەمەیە، ئەگەر ئاگاداری زانستی مێژوو بین، زۆرجار دەبینین کە لەڕەوتی مێژوودا جاری وا هەبووە یەک نەتەوەی دەیان حوکوومەتی بەناوی جیاوازەوە پێکهێناوە، هەر تیرەو تائیفەیەک کە دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتبێت، بەناوی هەمان تیرەی خۆیەوە دەوڵەتی پێکهێناوە، حوکوومەتی مادەکانیش لەنێۆڕۆکدا هەمان سوومر بونە.

هاوکات گۆڕانکارییەکانی سەردەمیش کاریگەری لەسەر ئەوان هەبووە، نمونەیەکی دیکە، کورد نەوەی مادو سوومێرییەکانن، کەچی ئیستا پێمان دەڵێن کورد! ئەوەش زۆر بەئاسایی سەیر دەکرێت ئەگەر هاتوو ناوەکانمان جیاواز بوو، هاوکات ئەو کاریگەرییانەی کە هۆکاری ئەوە بونە کە لەڕەوتی رووداوەکانی مێژوو ناوی ماد بۆ کورد بگۆڕدرێت، هەمان هۆکاریش بووە کە ناوی سوومێرییەکانی بۆ ماد گۆڕاوە.

ئەوەمان لەبیر نەچێت، ژیانگە هەمیشە لەئاڵوگۆڕو گۆرانکاری دایە، ئەوەش کاریگەری لەسەر هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دادەنێت. تەنانەت کاتێک میژوو دەخوێنینەوە، زۆر جار دەبینین کە لەو سەردەمەدا هەر کەسێک کە دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتووە ناوو نازناوی خۆی بەو مەبەستە بۆ حوکوومەتەکەی هەڵبژاردووەو بەکار هێناوە. لە گەڵ ئەوەشدا هزرو ئەندیشەش هەمیشە لەگەشە سەندندا بووە...


نمونەیەکی دیکە، زۆربەی هەرە زۆری مێژوونوسە بلیمەت و لێهاتووەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە سوومێرییەکان لەناو نەچوونە، بەڵکو ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لەسیستمی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی پێکیان هێناوەو قۆناغ بەقۆناغ گەشەیان کردووە، هۆکاری ئەوە بووە کە لەیەک شێوە سیستمی بەڕێوەبردن کەڵک وەرنەگرن، لەقۆناغە جیاوازەکانیش پێشکەوتنیان هێناوەتە کایەوە.

مادەکانیش بەقۆناغێکی پێشکەوتووتر لەنەتەوەی سوومێر پێناسە دەکرێن. لە هندێک لەبەڵگە مێژووییەکان و بەتاییبەت ئەو بەڵگانەی کە مێژووناسە گەورەکانی وەک کتزیاس، دیو دور سیسیلی و نولدکە نوسیویانە، مادەکان سێسەدوپانزدە ساڵ حوکوومەتیان کردووەو ٩ پاشایان هەبووەو یەکێ لەمەزنترین ئیمپراتوورەکانی جیهانیان بوونیاد ناوە. دیارە ئەمن پێم وایە کە مادەکان زۆر لەوە پتر حوکوومەتداریان کردووە.

چونکوو ئەو ئاسەوارانەی کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا دۆزراونەتەوە ئاماژە بەبەربڵاوی ئیمپراتووری مادو ماوەی دەسەڵاتدارێتیان دەکەن، هاوکات هەمووی نوسینەکانی کتزیاس کە لە سیوسێ کتێبی لێکۆلینەوە خۆ دەگرێت و پتر لەپێوەندی بەمادەکانەوەیە ونکراون و لەناوبراون.

لەوانەیە لەداهاتوودا بەڵگەی گرینگترو نوێتر لەو پێوەندییەدا بدۆزرێتەوە. هاوکات ئەو لایەنانەی کە لەپێوەندی بەمێژووی کوردو مادو سوومر لێکۆڵینەوەیان ئەنجامداوە، لەچەند کەس زیاتر نین و لەماوەی سەد سالی ڕابردوو بەو کارە هەستاون، یەکێ لە هەڵە مەزنەکانی ئەو چەند کەسە ئەوە بووە کەحوکوومەتداری و دەسەڵاتدارێتی سوومێرییەکانیان نەبەستووەتەوە بەئیمپراتووری مادەوە.

هاوکات ئەو پەڕی هەوڵی خۆیان بۆ ئەوە خستووەتەگەڕ کە سوومێر لەمادو کورد دوور بخەنەوە، ئەوەش هەڵەیە، ئیستاکە ئێمە دەزانین مادو سوومێرییەکان یەک نەتەوە بونە، دەسەڵاتەکەیان پێکەوە دەبەستینەوەو بەو شێوە حوکوومەتی مادو سوومێر هەزاران ساڵ دەسەڵاتیان بەسەر جیهاندا هەبووەو حوکوومەتداریان کردووە، ئیتر ئەو ئەرکە دەکەوێتە ئەستۆی ئێمە، کە مێژوو ڕاستبکەینەوەو حوکوومەتی باشووری کوردستانیش پێویستە لەسەری کە لەو پێوەندییەدا هەنگاوی گرینگ و مەزن هەڵنێتەوە.

نمونەیەکی دیکە، زۆر ئەستمە کە تەمەدوون و شارستانییەتێکی ئەوەندە مەزن لەڕەوتی مێژوودا لەناو بچێت، چونکوو دەیان نەتەوەی بچوک لەناوچەکە هەبونە کە ئیستاش هەست بەبونیان دەکرێت. بۆیە کوردبونی سوومێرییەکان و سوومێریبونی کوردەکان بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە. هەروەک لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد، دەیان خاڵی بەهێزو گرنیگی جێی باوەڕ هەن کە یەکێتی و یەکبونی ئەو دوو تەمەدوون و شارستانییەتە دەسەلمێنێت و پێکەوە گرێ دەدات.


نەتەوەی کورد کۆنترین و مەزنترین نەتەوەی جیهانە کە ئاڵوگۆڕی پێکهێناوەو شارستانییەتی بوونیاد ناوە، ئەوەش ئەرکێکی قورس دەخاتە ئەستۆی دەسەڵاتی سیاسی کورد، کە بەداڕشتنی پلانێکی گشتگیر ئەو مێژووە لەناو کتێب و وانە دەرسییەکاندا بگونجێنن و بەکردەوە هەنگاوی بۆ هەڵنێنەوە.


دەبێت ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان لەمێژووی مەزن و تەمەدوونی کۆنی خۆی ئاگادار بن و شانازی پێوە بکات کە نەوەی نەتەوەیەکە کە ئاڵوگۆڕی مەزنی لەکۆمەڵگای مرۆڤایەتی پێکهێناوەو خزمەتێکی گەورەی بەکۆمەڵگای جیهانی کردووە.


ئیتر کاتی ئەوە گەییشتووە کە لەمێژووی دەستکردی بێگانەکان دەست هەڵگرین و باییخ بەشارستانییەتی کۆن و مەزنی خۆمان بدەین، بەو کارە پلانەکانی داگیرکەران تێکدەشکێنین و لەهیواو ئاواتی کورد نزیکتر دەبینەوە.


کاتێک کە مێژوو و ڕابردووی نەتەوەیەک دەشوێ و تێکی دەدەن، لەڕاستیدا ئەوە شەڕێکی دەرونی و ڕەوانییە کە لەدژی ئەو نەتەوەیە لەپێشیان گرتووە. ئەوەش سەر لەو نەتەوەیە دەشێوێنێ و داهاتووی ئەو خەڵکە لێڵاوی دەکات، ئامانجی ئەو لایەنە کە ئەو سیاسەتەی لەپێش گرتووە، ئەوەیە کەخۆی بسەپێنێتە سەر ئەو کۆمەڵگا. مرۆڤێک کەزانیاری لەسەر ڕابردوو و مێژووی نەتەوەکەی نەبێت، لەباری دەروونییەوە ناتوانێ بڕیاری گرینگ لەپێوەندی بەچارەنوسی خۆی و تەنانەت کاری ڕۆژمەڕەیشی بدات.
____________________________________
تێبینیی: لە نوسینی ئەم بابەتە دا کەڵک لە وتەی مێژوونوسە گەورەکانی وەک، کتزیاس ،دیو دور سیسیلی، نولدکە و هەروەها کتێبی کورد کێیە! وەرگیراوە.

 

ماڵپه‌ڕی ئارایتما موحەمەدی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک