١٨\١١\٢٠١٦
کورد لەتاو مار
پاڵ ئەدا بە ئاگرەوە.
پیرە
خاوەن خانوویەک ئەگەر کرێچی هەبێ ئەبێ ئەم کرێچیە لە کاتی خۆی کرێ
خانوو بدات و نابێ ئاو و کارەبا زۆر سەرف بکاو، نابێ میوانی زۆری هەبێ
و زرمەزلێ بکات. ئەنا ڕووبەڕوی هەڕەشەو گوڕەشەی خاوەن خانووەکە ئەبێ و
پێی ئەڵێ (بار) بکە. جاران لە کوردستان، سەردەمی دەرەبەگایەتی بوو، هەر
گوندێک یان هەر ناوچەیەک کە لە چەند گوندێک پێک هاتبوو، ئاغایەکی هەبوو،
ئیتر ئەم ئاغایە بکوژ و ببڕ خۆی بوو، حاکمی موتڵەق بوو، لە بڕیاردان و
بەڕێوبردنی گوندنشینەکان. نەک هەر موڵکانە و سەرانەو سورانەیان لە
جوتیارەکان ئەسەند، بەڵکو دەستیان ئەخستە ناو کاروباری هەر خێزانێک: لە
کچ بە شودان و تەڵاق و زۆری تریش. هەر کەس سەرپێچی بکردایە ئەوا فەلاقە
ئەکراو ئەگەر هەر بەردەوام بوایە، لەسەر بێ ئەمری ئاغا، ئەوا ئەمری پێ
ئەکرا (بار) بکا.
ئەم نەرێتە، یان باوا بڵێین ئەم کلتوور و یاساو ڕێسا قێزنەونە کۆنانە
هەر ماوە، ئەگەر چی قۆناغی دەرەبەگایەتی نەماوە. بەڵام لەناو حیزبەکانی
کورد هەروەک گیاکەڵە سەری هەڵداوەتەوە و ئاغاو کوێخاکان وەک سەرۆک و
مەسولی حیزبەکان و جوتیار و پاڵەش وەک ئەندام و لایەنگر و دەروێشی ناو
حیزبەکان، حیزبەکانیش وەک خێڵەکانن و هەمان یاساو هەمان ڕێسا پەیڕەوی
ئەکەن. ئا ئەوەتا "ئەدهەم بارزانی" کە کتومت لە (وەتبان تکریتی) ئەچێت
لە بارزانەوە هاتووەو هەڕەشە لە سلێمانی و نەیارەکانی پارتی ئەکات و
پێیان ئەڵێ (بار) بکەن. هەر لەبەر ئەوەی کەسێک یان کۆمەڵە کەسێک
پرسێکیان خستە ڕوو بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری و موچەو یان باوا
بڵێین بە پێچەوانەی ئەدهەم بارزانی و پارتییەوە هەڵسوکەوتیان کردووە و
ئەمەش یەکەم جار نیە قسەی وا بکەن، بەڵکو لە شەڕی ناوخۆو لە نەوەدەکان
هەر لەسەر گومانێ یان بیروباوەڕی جیاواز سەدان خێزان ئیجبار کرا کە (بار)
بکەن. سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتارەکانی گۆڕان ئیجبار کران کە هەولێر
بەجێ بێڵن و (بار) بکەن. من بە بیرمە لە کۆتایی شەستەکان تازە بووبوم
بە پێشمەرگەی حیزبی شیوعی، هەر لەبەر ئەوەی جارو بارێ حیزبی شیوعی
جوکەیەکی ئەکردو بەرهەڵستی سیاسەتی بارزانی و پارتی ئەکرد، بارزانی
ئەمری کرد بەوەی شیوعیەکان ئەبێ (بار) بکەن.
لە دوای ڕاپەڕین خەڵکی کوردستان ڕژانە سەر شەقام و بە حەماسەوە دەنگیان
دا بە فیدڕاڵیەت بۆ کوردستان، زۆر خۆڕاگر بوون بەرامبەر گەمارۆی
ئابووری و بڕینی مووچەو هەڕەشەکانی سەدام و دوژمنکاریەکانی ووڵاتانی
دراوسێ و کارەساتی شەڕی ناوخۆ و زۆری تریش. هەموو ئومێدەوار بوون کورد
یەک بگرێ و حوکومەتێکی ناوخۆیی و نمونەیی دروست بکات و کوردستان
ئاوەدان بکرێتەوە، داهاتوو خێر و بێری وڵاتەکەمان بە عەدالەتی
دابەشبکرێت. بەڵام بەهۆی تەماع و چاوچنۆکی حیزبەکان بۆ دەسەڵاتی زیاتر
هەموو ئەو ئاوات و خەونانە خرایە ژێر گڵ، بە تایبەتی دوای ڕووخاندنی
سەدام دەسەڵاتدارەکان و حیزبەکان کە چاویان کەوت بەو هەمکە پارەیە (پشکی
هەرێم لە بودجەی عێراق ١٧٪) بە تەواوی خۆیان کەشف کرد کە مافیان
و ئای پارەیان لووشداو ئای پارەیان تەخشان و پەخشان کرد، هەر لایەک بۆ
زیادکردنی نفوزی سیاسی خۆی و بە بێ بەرنامە خەڵکیان تەعین ئەکرد و
خەڵکیان تەقاعود ئەکرد. بەشی زۆری ئەم پشکە کەس نەیئەزانی بۆ کوێ ئەچێ،
تاکو ئەمریکاییەکان ئەوەیان درکاند کە دووسەد ملیار دۆلار لای پێنج
سەرکردەی کوردەو بەوەش تێریان نەخواردو ئیتر بە نێرەکەری و بە پاڵپشتی
تورکیا دەستیان کرد بە نەوت فرۆشتن تاکو کوردستانیان کرد بە دەبەو
قوڕیان کرد بەسەری کورد دا.
ئەدهەم بارزانی، ئەبێ ئەوە باش بزانێ کە ئەم بیرکردنەوە و
هەڵسوکەوتانەیە کە بارزانی و بارزانیەکان و هەموو کوردی چەندین جار
تووشی شکست هێناوە. هەر ئەم گومڕایی و خۆ بەزلزانینەیە کە هەموو
سەروەریەکانی کورد و بارزانیەکان ئەسڕێتەوە. ئەدهەم بارزانی ئەبێ ئەوەی
لەبیر بێ کە هەر ئەنجامی ئەم هەڵەو گومڕاییەنایە کە لە ساڵی ١٩٤٦
بارزانی و بەرزانیەکان بۆ ماوەی چواردە ساڵ باریان کردو ئاوارەی ڕووسیا
بوون. وە لە ساڵی ١٩٧٥ بۆ ماوەی چەندین ساڵ باریان کرد و ئاوارەی کەرەج
و ئەمریکا بوون.. لە ساڵی ١٩٩٦ ئەگەر (سەرۆک سەدام!) نەبوایە ئەوا
بارزانی و بەرزانیەکان بۆ یەکجارەکی باریان ئەکرد. هەر بۆیە پێویستە
سود لە بەسەرهاتەکانی ڕابردوو وەربگیرێت و ئیتر بەسە گومڕایی و
لەخۆبایی بوون و قۆرخ کردنی دەسەڵات و شاردنەوەی پارەو پول و زەوتکردنی
زەوی و زارو ماڵ و حاڵی خەڵک، ئیتر بەسە هەڕەشە مەکەن لە کەس (بار)
بکەن، ئەبێ ئەوە بزانن کە کوردستان تەنها موڵکی بەرزانیەکان نیە، بەڵکو
موڵکی جاف و گۆران و زەنگەنەو، هەرکی و سورکی و زێباری و سلێمانی و
گەرمیان و هەولێری و دوهۆکی و خانەقینی و کەرکوکیەکانەو ، هی هەموو
کوردە. کوردستان موڵکی ئاشووری و ئەرمەنی و تورکمان و عەرەبە
ڕەسەنەکانە، ئەدهەم بارزانی میوانە لە سلێمانی ئەبێ کاری باش بکات و
خزمەتی شارەکە بکاو هەووڵی چارەسەری کێشەکان بدات، نەک هەڕەشەو گوڕەشە
بکات و ئاژاوە بگێڕێت و ویژدانی خەڵک بکڕێ. بەداخەوە زۆر بەداخەوە
ئەدهەم بارزانی و سەرجەم دەسەڵات دارەکانی هەرێمی کوردستان خەریکن
هێواش هێواش ئەچنە ناو سوپاس نەفرەت لێکراوی دوژمن ڕۆژ لەدوای ڕۆژ مۆرک
و ڕەنگی نیشتیمانی و کوردستانیان پێوە نامێنێ و ڕەنگی کۆمەڵە مارێکی
ژەهراوی ترسناکیان لێ نیشتووە. کورد بە عام هیوا بڕاو بووە لێیان و
تۆقیوون لەم مارانەو لە تاوا خەریکە پاڵ ئەدەن بە ئاگرەوە، کە حوکومەتی
عێراقە.
ئێستاش کات هەر ماوە. ئەگەر دڵسۆزی هەبێ وەزعەکە چارەسەر ئەکرێ، ئەمەش
بە پلەی یەکەم بە بارزانی ئەکرێ و ئەبێ فریای وەزعەکە بکەوێ، بۆ ئەوەی
چارەسەری قەیرانەکان بکات و نەیەڵێت کورد ڕەنج بە خەساربێ و
خەونەکانمان بمرێ. ئەبێ بارزانی هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئەدهەم بارزانی و
هەموو ئەوانە بدات کە وەزعی کوردستان تێکئەدەن، ئەگەر وانەکات زامەکان
قوڵتر ئەبێ و لە جیاتی گۆرانی ووتن بە باڵای دەوڵەتی کوردی، ئەبێ شین و
شەپۆڕ بکەین و بگرین و "فیدڕاڵیەت ڕۆ" بڵێین.
حیزبەکانی ترو بەرهەڵستکارەکانیش، بە هەموو کوردیشەوە ئەبێ خۆڕاگر بن و
پارێزگاری لەیەک ڕیزی کورد و حوکومەتی کوردستان بکەن. چوونە پاڵ بەغداد
چارەسەری کێشەکانمان ناکات و ئێمەی کورد تەجروبەیەکی تاڵ و دوورو
درێژمان هەیە لەگەڵ حوکومەتی عێراق و بەغداد.هەروەک چۆن کاتی خۆی
لەسەرەتای حەفتاکان حیزبی شیوعی عێراق لە ئەنجامی زوڵم و ستەمی پارتی و
پاراستن ڕێگای چوونە پاڵ بەغدادیان هەڵبژاردو پێشتریش مام جەلال و باڵی
مەکتەبی سیاسی پارتی لای بەغدایان هەڵبژارد و بەڵام لە مەینەتی و
ڕیسوایی بەولاوە هیچیان دەست نەکەوت. پارتی و بارزانی لە ساڵی ١٩٧٠
ڕێکەوتنیان کرد لەگەڵ حوکومەتی عێراق، بەڵام هیچ ئەنجامێکی باشی نەبووە،
وە بووە هۆی کارەساتێک. لە ساڵی ١٩٨٤ یەکێتی لەگەڵ حوکومەتی عێراق
موفاوەزاتی کرد لە نائومێدی بەولاوە هیچی دەست نەکەوت. حسک لە ١٩٧٩ لای
بەغدادی هەڵبژارد و مفاوەزاتی کرد بەڵام لە پەشیمانی بەولاوە هیچی دەست
نەکەوت. لە ساڵی ١٩٩١ لە دوای ڕاپەڕین بەرەی کوردستانی لای بەغدای
هەڵبژارد و مفاوەزاتیان کرد، لێ لە ناوئومێدی بەولاوە هیچیان دەست
نەکەوت. لە ساڵی ١٩٩٦ سەرانی پارتی لەگەڵ بەغداد ڕێکەوتن و پاڵیان دا
بە حوکومەتی عێراقەوەو بەڵام لە شەرمەزاری ڕسووایی بەولاوە هیچیان دەست
نەکەوت. باشتر وایە هەموو سود لەم تەجروبە تاڵانە وەربگرین و لەمە
زیاتر هەڵە نەکەین و هەموو بەیەک دەنگ و بەیەک ڕەنگ هاوار بکەین: بەڵێ
بۆ یەک ڕیزی کورد و بەڵێ بۆ حوکومەتی کوردستان.
GR2pap@hotmail.com
|