٣\١١\٢٠١٢
کورد ئۆردوگان و
کۆیلایەتی ناوێ، ئازادیی و ئۆجالانی دەوێ.

محەمەد جەمشیدی
بە تێپەڕبوونی زەمەن بارودۆخەکان گۆڕاون.
ئێمەی نەوەی بندەستەکانی رابردوو، بە هەزاران دەروازەمان بەرەو ئازادی
بۆ کراوەتەوە!
هەستانی گەلانی ناوچەکە و زیاتر سووریا، کوردی گورجوگۆڵ کردوەتەوە.
شۆڕشی چیاکان دابەزیوە بۆ قووڵایی ناو شارەکان و دەنگی تەقەی تفەنگی
کورد تا ئەوپەڕی جیهانی پێشکەوتوو بڕ دەکات.
شیعەگەریی ئێرانچییەکان ئیتر ناتوانێ کورد لە مافەکانی سارد بکاتەوەو
باج و هەوڵی خوێندنی وانەی کوردی لە ئیلام زیاتر لە پارێزگاکانی دیکەی
کوردستان دەدرێت!
نەتەوایەتیی کوردی بەرپرسیارێتی دروستکردووە.
خەباتی بێوچانی ئەم گەلە وای لە دوژمنانی کردووە، وەکو گایەکی یاخی
پەلاماری ببەن.
لە سنوورەکانی هەرێمەکانی رۆژهەڵات و باشوورەوە سوپای پاسداران چاومان
لێ سوور بکاتەوە و لە حەڵەب و عەفرین چەتەو دز و سوپا
ئازادیخوازەکانیان پەلامارمان بدەن و سوودیشی نەبێت.
ئەمە یانی ئیرادەی گەلێک بۆ رزگاربوون.
تورکەکان کە پێیانوابوو، بە لەناوچوونی بلۆکی سۆڤییەت دەبنە یەکەم
کەڵەگا و باجگری ناوچەکە، ئەمڕۆ لە ترسی تەنیا یەک نەتەوە لە
بندەستەکانی رابردوویان کە کورد بێت، زراویان چووە. ئەمە کە دەڵێین
بارودۆخەکە گۆڕاوە، دەبێ باوەڕی پێبکەین.
زۆر ناچمە قووڵایی بابەتەکانەوە و بە کورتی باسی زیندانەکانی تورکیا و
مانگرتووانی بەباوەڕ و گیانفیدای کورد دەکەم کە ئۆردوگان و سوپا و
دامودەزگا گرانە ٥٠٠ ساڵانەکەی بە چۆکدا هێنا و هیچ چارەیەکیان
بەدەستەوە نەهێشتوون بێجگە لە "خۆکوژیی سیاسی". بێجگە لە خواردنەوەی
جامی تەسلیم بوون و ... بە باوەڕی من ئیتر دنیاش لێیان قبووڵ ناکات، بە
مەجبووری باس لە هەبوونی کورد لە وڵاتەکەیاندا بکەن.
ئۆردوگان دوو بەڵێنی داوە کە دژ بە یەکترن.
ئەوەی کە کورد لە ناوخۆدا بە قسە تەسلیم بکات و بە تانک و تۆپ و
تەیارەش سەرکوتی جموجۆڵی ناوشاخەکانی کوردستان بکات، هەم بتوانێ
نوێگەری لە دەستوور و کاروباری وڵاتدا بکات و سەردەمیانە بجووڵێتەوە.
کە ئەمەش فۆرموولە مێژووییەکەی "خوا و خورما"یە!
پێموایە ئۆردوغان هەم تووڕەیە لەوەی کە کورد بۆچی وەک جاران ناچێتەوە
بۆ پابۆسی ئەوان و دڵتەنگ - یشە.
دڵتەنگیی ئۆردوغان بۆ ئەو کاتانەیە کە فراوانخوازیی عوسمانی وای لە
کوردان کردبوو، بڕۆن بۆ زیارەتی حەزرەتی سوڵتان (!) و بە هەموو شێوەیەک
کۆیلایەتیی ئەوان قبووڵ بکەن، کەچی لەم سەردەمەدا دۆخەکە گۆڕاوە.
کوردی ئەم هەزارەیە لە ناو زیندانەکانیشدا شکستی بەوان هێناوە و خەونە
گەورەکانی ئەوانی شڵەژاندووە.
ئەو راستییەی کورد پێی گەیشتووە و نایەوێ زیاتر تێیدا زەرەرمەند بێت،
قازانجی تورکەکانیشی تێدایە و بۆیە زۆربەی تورکە عاقڵ و دووربینەکان
هاودەنگن لەگەڵ ئێمە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەم وڵاتە و سەرەتای
چارەسەیی ئاشتیانەش بە رێزگرتن لە باوەڕەکانی کورد و ئازادیی ئۆجالان
لە زیندان و ئازادیی هەموو زیندانیانی سیاسیی کورد دەستپێدەکات.
ئەمەش زۆر قورس و ئاڵۆز نییە، تەنیا یەک بریاری عاقڵانەی ئۆردوغانی
دەوێ کە "کرانەوە راستەقینەکە" پاڵ بە "کرانەوە درۆیینەکە"وە بنێت.
چارەسەریی دۆخی تورکیا بە ئازادیی ئۆجالان دەست پێدەکات. چونکە کورد بۆ
ماڵی خۆی، ئۆردوگان و کۆیلایەتی ناوێت، ئازادی و ئۆجالانی دەوێت و
تورکیاش دەبێ لەمە تێبگات.
بۆیە بە راشکاوی ئەو هەموو بەندکراوانەی ناو زیندانەکان دەڵێن: بەڵێ
جەنابی ئۆردوغان تێبگە!... تەنیا یەک بریاری بەویژدانانەی دەوێت، ئەگەر
ویژدانت هەیە!!!
skirtaryet.liberal@gmail.com
|