په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٣\٢٠١٣

کورد و عێراق، چاو خشاندنەوەیەک بە پەیوەندییە سیاسیی و دیپلۆماسییەکانى کورد لە بەغدا.


سامان عەلا        


پێویست ناکات بۆ دەیان ساڵى رابردووى مێژوو بگەرێینەوە،لێرەدا ئێمە هیچ پێویستمان بەگەڕانەوە بۆ ئەو مێژووە دوور و درێژە نییە، ئەوەى لێرەدا جێى مەبەستە، هەڵسەنگاندن و تێڕوانینى ئاستى پەیوەندى و هاوپەیمانێتى کوردە لە بەغدا لەگەڵ هێز و لایەن و جەمسەرە گرنگ و کاریگەرەکانى ناوەند. ئەوەى لەم دەیەى رابردودا دیمان و شاهیدى راستەوخۆى ئەو پەیوەندیانە بووین کە لە پاش رووخانى رژێمى بەعس، گرنگى و کاریگەرى راستەوخۆى هەبووە لەسەر ئایندەى کوردستان.

 

هەرە گرنگترین ئەو هاوپەیمانیەتیەى کە کورد لە دە ساڵى رابردوودا لە بەغدا هەمیشە حسابى بۆ کردوە و تا رادەیەکى زۆریش پشتى پێ بەستوە، لایەنى شیعى و هێز و تەیارە جیاوازەکانى شیعە بوون، ئەو برا شیعانەى کە سەرچاوەى هاوپەیمانیەتیەکەیان هەڵقوڵاوى ساڵانى ستەملێکردنى هاوبەش بوون لەگەڵ کورد لە ژێردەستى بەعسى سونەدا، هەر ئەمەش یەکەمین هاوپەیمانێتى گەورەى لەدواى رووخانى رژێم لە ٢٠٠٣دا بە دواى خۆیدا لێ سەوز بوو، سەرەتاى ئەو هاوپەیمانێتیە رەنگە تا رادەیەکیش کورد لێى سوودمەند بوبێ، بەڵام سوودى گەورەى ئەم هاوپەیمانێتیە بۆ هیزەکانى شیعەبوون نەک کورد، ئەوان توانیان سوودى گرنگ و ئایندەساز لەسەر دەستى هاوپەیمانێتى کورد بەدەست بێنن، بە پێچەوانەوە کورد ئەودەم کە خاوەنى ناوچەى ئازاد و هێزى رێکخراوى چەکداریی و پێگە و کاریگەریی خۆى بوو، نەیتوانى هەلەکە بە قازانجى خۆیدا بقۆزێتەوە، بەڵکو بە تێپەربوونى کاتیش هاوسەنگى هێز و دەسەڵات پێچەوانە بوویەوە و بە درێژایى ئەم دە ساڵەى ڕابردوو ئێمە وەک کورد نەمانتوانى تەنها جارێکیش، (خاڵیکیش) بەسەر هێزە عێراقیەکاندا بسەپێنین. بە پێچەوانەوە ئەوان بە دۆست و نەیارەکانمانەوە، لە کاتێکدا کە تا سەر ئێسقان دژى یەک بوبێتن، بەڵام لە بەرامبەر کوردا هاوهەڵوێست و خاوەن یەک ئەجێنداى کارى هاوبەش بوون و زۆرترین مەرام و خواستى خۆیان بەسەر ئیمەى کوردا سەپاندوە، باشترین نموونەى زیندووش، پەسەندکردنى بودجەى ٢٠١٣ بوو.

 

لێرەوە دەبێت کورد بە تەواویی بەو نەخشە رێگایەدا بچێتەوە کە ساڵانێکى زۆرە هیواى لەسەر هەڵدەچنێ، دەبێ دەستى جدى بەسەر کۆى ئەو کار و کردەوانەى رابردووى خۆیدا بێنێتەوە، دەبێ بەگومانەوە لەئایندەى هەموو ئەو گفت و بەڵێن و سۆزد ەربڕینانە بنواڕێ، دەبێ بە تەواوى باوەڕى بەوە بێت کە جگە لە کورد خۆى، هیچ هێزێکى سیاسى عێراقى، دۆستى ڕاستەقینە و خەمخۆرى دۆزى رەواى ئێمە نیە، ئەوى گوتیان و لە داهاتووشدا ئەوەى دەیڵێن، هیچ نییە جگە لە کۆمەڵێک گفت و بەڵینى بێ ناوەرۆک و بریقەدار، دیسانەوە چ نیە جگە لە کوشتنى کات و هەوڵى دەستەبەرکردنى کاتى زیاتر، هیچ نییە جگە لەوەى ئەوان پێویستیان بە کاتى زیاترە بۆ خۆرێکخستنەوەو بەدەستهێنانى هەلى زیاتر.

 

ئەوەى دوێنى لە پەرلەمانى عێراقدا بە بەرچاوى هەموومانەوە گوزەرى کرد، رووى راستەقینەى هەموو ئەو هێز و لایەنانە بوو کەبەناوى دۆست و هاوپەیمانى کوردەوە، لە ساڵانى رابردوودا فرمێسکى تیمساحیان بۆ کوشتن و بڕین و ماڵوێرانى ئێمە هەڵدەڕشت، ئەوانە چ نین، جگە لە کۆمەڵێک کەسى خۆویست و هەلپەرست و شۆفێنى، ئەوانە هەر خاوەنى ئەو ئەقڵیەت و ماکى هەمان سیاسیە هەلپەرستەکانى دەیان ساڵەى رابردووى دەسەڵاتدارانى عێراقیان لە سەردایە، ئەوانیش هەرهەمان سروودى رابردویان پێیە بۆ گوتن و بە ئەزموونى دەساڵەى حوکمڕانیاندا بەدەرکەوت، کە ئەوانیش قوتابى هەمان مامۆستایانى سەردەمى رابرددوى خۆیانن، ئەوانیش دەسەڵات و هێز، پارە و سامان کۆکردنەوە کوێرى کردوون، ئیدى چیدیکە ناشێ چاوەڕوانى لەوە باشتریان لێ بکرێت، ئەوانیش هەمان ئەو شوێن پێیانە هەڵدەگرنەوە کە ساڵانێکى دورودرێژ دەسەڵاتدارانى عێراق پێیدا رۆشتن و جگە لە نەهامەتى و ماڵوێرانى و خوێن رشتن، هیچ ئاکامێکی باش و بە سوودیان بۆ عێراقیەکان بە دیارى نەهێنا.

 

ئەگەر تا دوێنێ ئێمە چاوێکى ئومیدمان بڕیبێتە هێندێ لە هێز و کەسایەتى و ڕەوتى جیاوازى سیاسى و قەومى عەرەب، ئەوا دەبێت لەمڕۆ بەدواوە، ئەو خەیاڵە لە فکرمان بەدەرنێین و دڵنیابین لەوەى کە ئەوان هەرگیز نەک هەردۆستێکى راستەقینەى ئێمە نابن، بەڵکو لە ئایندەیەکى نزیکیشدا، نەیار و دوژمنى سەرسەختى خواست و مافە دەستوورییەکانمان دەبن، ئەوان لە کاتێکدا کە سەرگەرمى سەختترین ململانێى سیاسى و بگرە خوێناوى خۆیاندا بوون، کەچى بەرامبەر کورد، بە کردار دۆست و براى راستەقینەى یەکترن، ئەوەى لە دەساڵى رابردوودا و بە تایبەتیش لە ماوەى یەکساڵى رابردوودا، بەسەر کردار و هەڵویستى هێزە سیاسیەکانى عێراقدا بەرامبەر کورد تێپەڕى، گەواهى ئەو راستیەن کە کورد دۆستێکى راستەقینەى لە ناوەندا نییە و دیسانەوە لەمڕۆوە روبەڕووى زۆر نەیاری سەرسەختى عێراقى بۆتەوە کە هیچ جیاوازیەکى ئەوتۆى لەگەڵ هێز و دەسەڵاتدارانى سەردەمى رابردوودا نییە، ئەوەى کە لە رابردوودا هێزە حوکمڕانەکانى عێراق بۆیان نەکرا، ئەمان وەک قوتابیەکى دڵسۆزى ئەو قوتابخانەیە، دەیانەوێت بیسەپێنن، دەیانەوێت هێدى هێدى، دەسەڵاتى کوردى سنووردار بکەنەوە و چوارچێوەى دەسەڵاتیشى بەرتەسکتر بکەنەوە، بۆیە دەکرێ بڵێین، دیسانەوە ئێمە کەوتینەوە بەرامبەر هێزێکى دیکەى عێراقى، کە ئەویش ئامادەى دانپێدانانى راستەقینەى مافەکانى ئێمەى نییە، بەڵام هێزێک کە لە شێوە و زەمەنێکى دیکەدا، هێزێک لە ژێر دروشمى دیموکراسى و عێراقى نوێدا، دیسانەوە زەنگى هەمان ئەو پەیامەى لێدایەوە، کە کورد دەیان و سەدان ساڵە، بە دەستیەوە دەناڵێنێ و لە سایەیدا دەچەوسێتەوە..

 

ماڵپه‌ڕی سامان عه‌لا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک