١٨\١\٢٠١٦
کورد و هەڵپەڕکێ!

جەمال عەزیز
لە مێژووی کورد و کوردستان هەڵپەڕکی جیگای تایبەتی گرتووە ، ئەم مێژووە
ئەگەر خۆمان یاداشتمان کردبێ یان گەڕیدەو مێژوونووسان ، باش بێت یان
خراپ ، لەدڵسۆزیان بێت یان لەدوژمنایەتی ، ئێستا هەڵپەڕکێ جێگایەکی
بەرز و جوانی هەیە لە کلتوری نەتەوەیمان ، هەرچەندە ڕەنگاوڕەنگی
جلوبەرگمان لەسروشت وەرگیراوە ، بەڵام ئەمڕۆ ئەوبەرگە بووە بەپێناسەی
ناسینەوەمان بۆ حیزبایەتیمان ، لەکاتی خۆشی وناخۆشی ، لەکاتی جەنگ
وئاشتی هەڵپەڕکێ جێگای شیاوی هەیە ، مێژوونووسان دەگێڕنەوە کاتی چوون
بۆ شەڕ کورد هەڵپەڕکێی کردووە ، بەجۆرێک پیاوەکان خۆیان جووڵاندۆتەوە
تانیشانی دوژمنی بدەن هیچ ترسێکیان نیەو هیچ ئەرزشێک بۆ دوژمن دانانێن
، ئەم باسەی مێژوو تاچەندە ڕاستە ئەوە باسێکی ترە ،بەڵام خۆمان هیچ
گومانمان لەو ڕاستیە نیە کەزۆرمان حەز لەهەڵپەڕکێیە!
کاتی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ جاش و طواری پیاوانی ڕژێمی بەعس تەقەیان
لەخەڵکی ڕاپەریوو دەکرد ، لەلایەکی ترەوە خەڵکی ڕاپەریوو هەڵپەرکێان
دەکرد ، ساڵی ١٩٩٢ خەڵکی برسی بوو بێ نان وئاو ژیانی کوولەمەرگی بوو،
بەڵام بۆ هەڵبژاردنی حیزبەکەی کاری غەش وتەزوویر و هەڵپەڕکیی دەکرد بۆ
ئەم حیزبانەی ئەمڕۆی کوردستان ، کاتی شەڕی براکوژی پێشمەرگەی ئەمبەر بۆ
دژایەتی پێشمەرگەی ئەوبەر لەمەیدانی جەنگدا هەڵپەڕکێی دەکرد ، لەکاتی
یادی دامەزراندنی ئەم حیزب یان یادی لەدایک بوونی فڵان سەرکردەی حیزب
خەڵکی لەماڵەوە دێنەدەرەوەو دڵشاد ودڵتەنگ هەڵپەڕکێ دەکەن ، بۆ
یەکگرتنەوە ، بۆ ئاشتەوایی ، بۆ هەواڵی ڕۆشتنی نەوت ، بۆ هەواڵی هاتنی
مووچە ، بۆ وشکە ساڵی ، بۆ باران بارین ، بۆ جەژنی نەورۆز ، بۆ یادی
پێغەمبەری ئیسلام ، خەڵکی هەڵپەڕکێ دەکەن ، کەواتە ڕاستە دوژمن دەڵێ
کورد بکوژە ، بەڵام دەهۆڵ وزوڕنای بۆ لێبدە هەڵدەپەڕێ.
ئەمڕۆ خەڵکی لەباشوری کوردستان ، یان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ژیانێکی
گەلیک سەختدان ، قورسی ژیان بڕسکی لە زۆر خێزان بڕیووە ، گرانی دەستی
ناوەتە هەناوی زۆر لەخێزانەکان ، مووچە بە چەند مانگ دوادەکەوێ ،
پێدانی مووچە بووە بە مژدانە ، بەجۆرێک خەڵکی مووچەی خۆش دەوێ ئەگەر
لەسەرشەقامەکانیش هەڵپەڕکێی بۆ نەکەن بەدڵنیایەوە لەماڵەوە هەموو
خێزانەکە بۆ هاتنی مووچە هەڵپەڕکێ دەکەن ، پێشمەرگە لەسەنگەردا بەرگری
لەخاکی کوردستان دەکات ، منداڵەکەی لەماڵەوە شیری نیە، خاوەن خانوو
داوای کرێی خانووەکەی دەکات ، منداڵەکەی بەبێ وەرگرتنی ڕۆژانەکەی
دەچێتە قوتابخانە ، سەرکردەکەی هێندە بێ ویژدانە هیچ سۆزێکی نەبۆ
پێشمەرگەو نەبۆ خانەوادەکەی هەیە ، چەند مانگە مووچەکەی دواکەوتووە ،
بەرپرسێکی فشەکەر بۆ وێنەگرتن ئێوارانێک دەچێت بۆ لایان لەسەنگەرەکاندا
چەند کاتژمێریک دەمێنێتەوە ، سەرەڕایی ئەم هەموو بەدبەختیانە کەچی
دەبینی پێشمەرگەی قارەمان هەڵپەڕکێ دەکات،.
ڕێژەی زۆری ئۆتۆمبێلی بەرپرسەکان و ڕێژەی سووتانی سووتەمەنی
ئۆتۆمبێلەکانیان گەر کەمبکرێتەوە دڵنیام مووچەی پاسەوانەکانیان دابین
دەکات ، بەڵام پاسەوانەکانیان بەبێ مووچە بۆ شەوەئاهەنگێکی
بەرپرسەکەیان هەڵپەڕکێ دەکەن. لەباشوری کوردستان حوکمەتێکی حیزبی
وپەڕلەمانێکی ئیفلیجمان هەیە ، پارەیەکی خەیاڵی بۆ وەزیر و ئەندام
پەڕلەمانەکان دەڕوات ، هەربەگەنجی خانەنشینیان دەکەن ، هیچ کەسێک نیە
بڵێ ئەم هەموو سەروەت وسامانەی ئەم میللەتە بۆ بەهەدەر دەدەن ، بۆ
وەزیر یان پەڕلەمانتارێکی وابەستە بەحیزبەکەیەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ
ناکەن ، بەڵام خەڵکی ئەم وڵاتەی لەمەڕخۆمان بۆ خۆشبەختی وەزیر یان
پەڕلەمانتاریک بەناوی دەستبەکاربوونیان هەڵپەڕکێ دەکەن.
لەکوردستان چەندین کەناڵی تەلەفزێۆنی وڕادیۆ و بڵاوکراوە هەیە کە
بەبواری میدیایی ناوزەندی دەکەن ، زیاتر لە ٢٠ کەناڵی ئاسمانی
(سەتەلایت) هەیە تێچووی هەریەکێک لەو کەناڵانە مانگانە یان ڕۆژانە
زیاتر لە ٢٠٠٠٠ تا ٢٥٠٠٠ هەزار دۆلارە ، هەرچەندە هەندێک لە کەناڵە
ئاسمانیە ٢٤ کاتژمێریەکان تێچوویان دەکاتە ٥٠٠٠٠ هەزار دۆلار ، بێجگە
لە کارمەندوو پەیامنێریان لە زۆربەی وڵاتانی دنیا ، هەرکەناڵێکی لۆکاڵی
بۆ مانگێک زیاتر لە ١٠٠٠٠ دۆلار تێچوویەتی ، بێجگە لە ڕادوێ
وبڵاوکراوەی حیزبی ، سەرەڕایی ئەم هەموو بەهەدەردانی سەروەت وسامانەی
خەڵکی کوردستان ڕۆژێک نەمانبینی خەڵکی کوردستان بڵێن ئەرێ ئەی حیزبی
فڵان ئەم پارە بێ شومارە ، ئەم تێچوونە زۆرەی پارە سەرچاوەکەی لەکوێووە
دیت لەکاتێکدا ٤ مانگە مووچەخۆران چاوەڕوانی مووچە دەکەن ئەی خێرە
نەمانبینی ڕۆژێک یان کەناڵێک لەبەر بێ مووچەی لەپەخش ڕابووەستێ ، بەڵام
لەبەرامبەردا خەڵکی بۆ دەست بەکاربوونی فڵان کەناڵی حیزبی هەڵپەڕکێ
دەکەن.
بەکوردی بەکرمانجی ئێمە میللەتێکین زوو شتمان لەبیر دەچێتەوە ، ئێمە
میللەتێکین تاکو خەڵکانی تر لەبری ئێمە بیر نەکەنەوە بیرمان بۆ شتگەلێک
ناچێ کەپەیوەندی ڕاستەوخۆی بەژیانی ڕۆژانەمانەوە هەیە ، ئەگەر وانیە ،
ئەی بۆ قاید زەروورە هەر بوونی هەیە ، ئەی بۆ کۆبوونەوەکان قەت تەواو
نابێ ، ئەی بۆ هۆنینەوەی بەیت وبالۆرە بەشانی ئەم حیزب وئەو حیزب بووە
بەناسنامەمان ، ئەوەتە بۆ بەرژەوەندی حیزبی هەندێک دەوڵەتی کوردی دەوێ
، هەندێک دەوڵەتی کوردی بە دکتاتۆریەت ناودەبات ، هەندێک بووە بە
پاسدار و حەشدی شەعبی ، هەندێک بووە بە ژەندرمە.
١٧\١\٢٠١٦
ماڵپهڕی جهمال عهزیز
|