٨\١٠\٢٠١٧
کورد و هونەری
سیاسەت.

محەمەد بەرزی
ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەکی زۆر سوک و ئاسان
پێناسەی سیاسەت بکەین ، ئەوا دەڵێین : ( سیاسەت بریتییە لە توانای
لایەنێک بۆ سەپاندنی هەژمۆن و داواکانی خۆی بەسەر لایەنی بەرامبەردا )
. دیارە ئەمەش پێویستی بە بیری تیژ و مێشکێکی زیرەکی کراوەیە ، کە
بتوانێت ژیرانە هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕووداوەکاندا بکات و بە وریاییەکی زۆر
و چاوێکی کراوەوە ڕووداوەکانی دەوروپشتی وەک خۆی ( واقعی ) ببینێت ، تا
لە کۆتایی دابە باشترین شێوە و کەمترین زیان ئامانجەکانی بپێکێت .
بێگومان بە درێژایی مێژوو ، کورد جەنگاوەرێکی ئازای بێ وێنە بووە ، جگە
لە خوای گەورە هەرگیز سەری بۆ هیچ داگیرکەر و زاڵمێک دانەنەواندووە ،
کەچی لەگەڵ ئەم ئازایەتییەشدا وڵاتی پارچە پارچە کراوە و دووچاری
قڕکردن و دەربەدەری و نەهامەتی و ئاشبەتاڵ و ئەنفال و پاکتاوی ڕەگەزی
بۆتەوە ، کە دیارە ئەمەش نیشانەیە ئەگەر ئازایەتی بیری تیژ و هونەری
سیاسەتی لەگەڵدا نەبێ ، ئەوا مەحاڵە جگە لە قوربانی و ماڵوێرانی هیچ
ئەنجامێکی تری لێبکەوێتەوە . بێگومان بێ بەختی و نەگبەتی میللەتەکەشمان
لە وەدایە ، سەرکردەکانی توانیویانە زیرەکانە کۆشک و تەلار بەرەو
ئاسمان بەرزبکەنەوە ، بەڵام بە داخەوە نە فێری سیاسەت دەبن، نە وانەیەک
لە مێژووی پڕ لە کارەساتە خوێناوییەکانمان وەردەگرن ، نە دەست لە تەخت
و بەختی خۆشیان هەڵدەگرن ، نە لەو جۆرە لووتانەشیان هەیە ، کە بۆنی
مەترسی پێش ڕوودانی بکەن.
ئاشکرایە بە درێژایی ساڵانی شۆڕشی ئەیلول ئێران بە چەک و بە پارە
گەورەترین پاڵپشتی ئەو شۆڕشەی کردووە. سەرکردەکانی کورد بیرێکی تیژیان
نەبووە تا ڕۆژێک لە ڕۆژان پرسیارێک لە خۆیان بکەن : ئێرانێک ڕێگا بە
کوردی وڵاتەکەی خۆی نەدا بە زمانی دایکیان بخوێنن ، دەی باشە چۆن وا
بەو گەرموگوڕییەوە پشیگیری لەو شۆڕشە دەکات ، کە مەترسییە بۆ سەر خۆی؟
.دیارە ئێران هونەری سیاسەتی زانیوەو توانیویەتی کڵاو بکاتە سەرمان و
خوێن و خەباتی ئێمە بەکاربهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی . ئێمەش
بە سەد هەزار پێشمەرگەی ئازاوە ئاشبەتاڵێکی بێ وێنە دەکەین و
ئاواتەکانمان ئاوێتەی گڵ دەبن ... پاشان لە دوای ڕاپەڕینەوە بە گشتی
ئێران و بە تایبەتیش تورکیا لە بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی
وڵاتەکەماندا سودمەندی سەرەکیی بوون وتورکیا گرێبەستی پەنجا ساڵەی
نەوتی لەگەڵدا کراوە و وەک برا گەورە سەیری کراوە و بە بێ بیرکردنەوە
ڕێگامان پێداون هێزی سەربازییان بارگە و بنکە لەسەر سنگی وڵاتەکەمان
دابنێن ، لە بیرخۆمان بردۆتەوە ، کە ئەم داگیرکەرانە چەپییان نییە لە
یەک و هەموو بە خوێنی سەرمان تینون و دوژمنی سەرسەختی نەتەوەکەمانن ،
ئەوەتا کاتێک ڕاپرسیی بۆ دەوڵەت دەکەین ، ڕووە ڕاستەقینەکەی خۆیانمان
بۆ دەردەخەن و سنورەکانمان بە ڕوودا دادەخەن و دەبن بە باوەشێنی ئاگری
ئاژاوە و دنەدانی عیراق بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانمان و وڵاتەکەمان
بکەنەوە بە گۆمی خوێن . بێگومان ئەوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان سیاسەت
دەکەن ، ئێمەش بەبێ ئەوەی سوودمان لە مێژووی پڕ کارەساتی خۆمان
وەرگرتبێت دەستەوەسان بەرامبەریان دەوەستین و سەرلەنوێ هەڵەکانی
ڕابوردوومان دووبارە دەکەینەوە.
لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٥ دا و ڕاستەوخۆ لە لایەن میللەتەوە
ڕاپرسییەکی پاکوبێگەرد بۆ سەربەخۆی کوردستان کرا . میللەت بە ڕێژەی
٩٨،٨٨٪ بە بەڵی دەنگیاندا . ئەو سەردەمەش عیراق وڵاتێکی لاوازی
پڕ ئاژاوەی بێ سوپا بوو . سەرباری ئەمەش زوربەی هەرە زۆری وڵاتانی دنیا
پشتگیرییاندەکردین ، وەک ئەمڕۆش کۆمەڵگاکەمان ئەوەندە پەرتوبڵاو نەبوو
، باشترین فرسەتیش بوو ئەنجامی ئەو ڕاپرسییە بکەین بە ئامرازێک بۆ
داوای سەربەخۆییمان . بەڵام چونکە سەرکردەکانمان ئەم ڕۆژەیان لەبەر چاو
نەبوو ، لە هونەری سیاسەتیش نەگەیشتبوون و تەنها مەستی پۆست و پارە
بوون ، بۆیە ئەو هەلە مێژوویەیان لە دەستدا ، هەتا ئەوەشیان لە بیرچوو
لە دەستوری عیراقدا ئاماژە بۆ خواستی سەربەخۆیی میللەتەکەمان بکەن .
بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ،کاتێک چەند پۆستێکی گرنگ لە حکومەتی
عیراقدا لە دەستدەدەین ، بە تایبەتی دەرکردن و تاوانبارکردنی هوشیار
زێباری خاڵی کاک مەسعود بارزانی و لاوازبوونی پێگەی سەرۆکی پارتی بەهۆی
کێشەکانی ناوخۆوە و بەسەرچوونی ماوەی پۆستەکەیەوە ، بیر لە ڕاپرسیی
دەکەینەوە . پاشان بەبێ بوونی پایەکانی دروستبوونی دەوڵەت و بە بێ
هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ناوەوە و دەرەوە و بە بێ گویێ گرتن لە وڵاتە
زلهێزەکانی دنیا ، ڕاپرسیی دەکەین. ئەوجا وڵاتانی گرنگی وەک ئەمەریکا و
ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان ئامۆژگاریمان دەکەن و دەستپێشخەری
ناوبژیمان پێشکەش دەکەن . جا ئەگەر سەرکردەکانی کورد یەک تۆز لە هونەری
سیاسەتیان بزانیایە ، ئەوا دەبوو گورج بە دەنگ ئەو دەستپێشخەرییە
جیهانییەوە بچوونایە ، نەک بە داوای کۆنە بەعسییەکی وەک ئەیاد عەلاوی
قایل بن ، کە جگە لە مووچە وەرگرتن هیچ سەنگ و قورساییەکی لە ناو
حکومەتی عیراقدا نییە و کەس هیچ بە کڵاوی ناپێوێ و حسابی چڵە پووشێکی
بۆ ناکەن و ئەنجامەکەشی گرەوە لەسەر ئەسپی دۆڕاو و گەڕانەوەشە بۆ سەر
بای بەڕە کۆن ، کە دیارە ئەمەش دەرمانی دەردی کورد ناکات.
لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم کورد مافی ڕەوایخۆیەتی لەسەر خاکی سورڕەنگی
باوباپیرانی دەوڵەتی سەربەخۆ دابمەزرێنێت ، بەڵام دەبێ زۆر چاکیش ئەوە
بزانێ ، کە بە بێ بوونی پایەکانی دامەزراندنی دەوڵەت و سوپایەکی
یەکگرتووی بەهێز و بە بێ تێگەیشتن لە هونەری سیاسەتی ناوەوە و دەرەوە و
وازهێنان لە بەرژەوەندی تایبەت، ئەوا مەحاڵە تەنها بە ئازایەتی و
سەنگەرگرتن و پشتبەستن بە داگیرکەران بتوانێت بە ئامانجە پیرۆزەکانی
بگات ، کە سەدان ساڵە خەباتی بۆ دەکات و هەزاران هەزار شەهید و کەسانی
پایەبەرزی وەک حاجی قادری کۆیی بە داخی نەبوونی دەوڵەتی کوردستانەوە
سەریان ناوەتەوە :
قوڕی کویێ کەم بەسەر خۆما لە غوربەت
خەوم نایێ لە داخی موڵک و دەوڵەت
ئەگەر وەک من خەبەردابن لە دەوڵەت
لە حەیفان خۆ دەخنکێنن بە بێ پەت.
٢\١٠\٢٠١٧
mkbarzy@hotmail.com
|