٢٩\٣\٢٠٢٥
کورد و تورکیا
ئایندەیەک لەسەر
لێواری گۆڕان.

ئەرسەلان مەحمود
تورکیا لە ژێر سەرکردایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا، تادێ خراپتر دەچەرخێ،
وڵاتێک کە دوێنێ وەک پردی دیموکراسی سێکولار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
وێنا دەکرا، ئەمڕۆ لە ژێر سایەی سیستەمێکی دەسەڵاتخوازدا خەریکە
دەخنکێت.
دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو، شاریاری ستەنبوڵ، لە ١٩ی مارسی ٢٠٢٥، ئێستا
زەنگی مەترسییەک لێدەدات کە نە تەنها بۆ دیموکراتخوازەکان، بەڵکو بۆ
کورد کە دەیان ساڵە لە ژێر سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی ئەنقەرەدا دەناڵێنن.
ئەم دەستگیرکردنە، کە بە تۆمەتی گەندەڵی و پەیوەندی لەگەڵ "تیرۆریزم"
لە ٢٣ی مارس بە زیندانی بەرایی کۆتایی هات، تەنها کەیسێکی تاکەکەسی
نییە. بەڵکو پارچەیەکە لە پازڵێکی گەورەتر کە ئەردۆ کێشاویەتی:
سەرکوتکردنی دەنگە جیاوازەکان. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، زیاتر لە
١٤٠٠ کەس لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیر کراون، ا١٢٥ ئەکاونتی ئێکس باند
و قەدەغە کراون و پلاتفۆرمەکانی وەک یوتیوب و ئینستاگرام لە تورکیا لە
ژێر سنووردارکردنێکی بێوێنەدان. لەگەڵ دابەزینی نرخی لیرە بە ڕێژەی ١٠٪
و قەیرانی ئابووری، تورکیا لە خاڵێکی وەرچەرخاندان کە دەکرێت ئایندەی
سیاسیی وڵاتەکە دیاری بکات.
کورد، لە نێوان هەڕەشە و دەرفەت.
بۆ کورد، وەک گەورەترین پێکهاتەی نەتەوەیی لە تورکیا، ئەم دۆخە دوو
ڕووئ هەیە: هەڕەشە و دەرفەت. حکومەت، کە ئیمامئۆغڵوی بە پەیوەندی لەگەڵ
پکک تۆمەتبار کردووە، دەتوانێت ئەم تۆمەتە وەک پاساوێک بۆ سەرکوتکردنی
زیاتری کورد بەکاربهێنێت. دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان وەک ئیسماعیل
سایماز و قەدەغەکردنی میدیا یادەوەرییەکی ئاشنایە بۆ کورد - دەوڵەتێک
کە هەر دەنگێکی ناکۆک بە "خائین" یان "تیرۆریست" تۆمەتبار دەکات.
لە بەرامبەردا، خۆپیشاندانە گەورەکانی ئەستەنبوڵ و شارەکانی دیکە
دەرگەیەکن بۆ کورد کە دەنگی خۆی بەرزتر بکاتەوە. پارتی گەلی کۆماری
(جەهەپە)، کە ئیمامئۆغڵو کەسایەتییە سەرەکییەکەیەتی، ئەم دەستگیرکردنەی
بە "سیاسی" ناو دەبات. ئەمە دەرفەتێکە بۆ کورد کە لێیەوە داخڵی
هاوپەیمانێتی ستراتیژی بێت لەگەڵ دیموکراتخوازەکان - بەڵام بە مەرج.
ستراتیژییەکی هۆشمەندانە.
کورد دەبێت لەم قەیرانەدا هەنگاوەکانی بە وریاییەوە بنێت. پشتیوانی لە
ئیمامئۆغڵو دەکرێت گرنگ بێت، بەڵام نە بە شێوەیەکی کورکورانە. دەبێت
جەهەپە سەلماندنامەیەکی ڕوون پیشان بدات کە سیاسەتێکی کورد-دۆستانەتر
پەیڕەو دەکات، ئەگەرنا پشتگیرییەکە تەنها قازانجێکی کاتی بۆ تورکە
دیموکراتخوازەکان دەبێت بەبێ سوودێکی درێژخایەن بۆ کورد.
لە هەمانکاتدا، کورد دەتوانێ دەنگی خۆی بە جیهان بگەیەنێت. سەرەڕای
سنووردارکردنی سۆشیال میدیا، بەکارهێنانی (ڤی پی ئێن) و بڵاوکردنەوەی
بەیاننامە بە زمانە نێودەوڵەتییەکان دەتوانێت چاوەکانی دونیا بۆ سەر
دۆخەکە بکاتەوە. هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوەکانی وەک ڕێکخراوی چاودێری
مافەکانی مرۆڤ یان وڵاتانی ئەوروپا - بۆ نموونە ئەڵمانیا، کە ئەم
دەستگیرکردنەی بە "پاشەکشەی دیموکراسی" وەسف کردووە - دەتوانێت
گوشارەکان لەسەر ئەنقەرە زیاد بکات.
ئایندەیەک کە لەسەر لێواری گۆڕانە.
تورکیا لە ئێستادا لە ژێر گوشاری قەیرانی ئابووری، خۆپیشاندانە
بەردەوامەکان، و ناکۆکی سیاسییە. بۆ کورد، بێدەنگی لەم کاتەدا دەتوانێت
ببێتە پاساوێک بۆ سەرکوتکردنێکی توندتر لە داهاتوودا. بەڵام چالاکی
ستراتیژی لە نێوان دژایەتی ئەردۆغان و هاوپەیمانێتی لەگەڵ هێزە
دیموکراتییەکاندا بەبهاوسەنگی، دەکرێت دەرگەیەک بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە
بکاتەوە.
ئێستا کاتێکە کە کورد دەتوانێ ڕۆڵێکی دیاریکەر لە سیاسەتی تورکیادا
بگێڕێت. ئەگەر ئەم دەرفەتە بە باشی بەکاربهێنرێت، دەکرێت ئایندەیەک
دروست بکرێت کە دەنگی هەمووانی تێیدا ببیسترێت - لە ئەستەنبوڵەوە تا
دیاربەکر. بەڵام ئەمە پێویستی بە یەکگرتوویی و هۆشیارییەکی قووڵ هەیە.
______________________________________________
زانیاری نوێ دوای نووسینی وتارەکە لەسەر دۆخەکە:
- نزیکەی ١٠٠ کەسی تر، لەوانە ڕۆژنامەنووسان و
چالاکوانان، لە پەیوەندی لەگەڵ دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵوە گیراون.
- حکومەت ٣٧ کەسی تر بە هۆی پۆستەکانی سۆشیال میدیاوە دەستگیر کراون و
٢٦١ هەژماری گوماناوی دەستنیشان کراون، کە ٦٣یان لە دەرەوەی تورکیا
ئیدەرە دەدەرێن.
- خۆپیشاندانەکان بەردەوامن، و پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ و فیشەکی
پلاستیکی وەڵامی خەڵکەکە داوەتەوە.
٢٤\٣\٢٠٢٥
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|