په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٧\٢٠١٦

کورد و خەنجەرە خۆکوژییەکەی.


سەڵاح حەمەئەمین    


نەبوونی گوتارێکی نەتەوەیی و نیشتمانی شادەمارو گرێ کوێرەی سەرجەم گرفتەکانی ھەرێمی کوردستانە ، ئەوەش بێگومان لە سەرەتای قۆناغی خەباتی رزگاری خوازی گەلی کوردەوە تادەگاتە ئەمڕۆمان گرتووتەوەو کۆمەڵی گرفتی بەدوای خویدا پەلەکێش کردووە ، کەگرنگترین و دیارترینیان شەڕی ناوخۆ و براکوژییە کەلەشەستەکانەوە تا دەگاتە مەترسییەکانی دووبارە بوونەوەیان لە ئەمڕۆماندا رووبەڕومان بووەتەوە ، ئەفسوس ئەوەش زیاتر بۆ قبوڵ نەکردنی رای جیاواز و نەبوونی دیموکراسی راستەقینە و پەیڕەو کردنی سیاسەتی حیزبی ژمارە (١) یەک و حیزبی براگەورە کەباڵی بەسەر کوردستاندا کیشاوە و سەرکردەو حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بەھەموو توانایێکیانەوە لەسەرەتای سەرھەڵدانی بزافی رزگاری خوازی گەلی کوردەوە کاریان لەسەری کردووە ، لەپاڵ نەبوونی گوتاری نەتەوەیی و نیشتمانی نەبوونی کاریزما و سەرکردەیەکی نەتەوەیی بەدەر لەسەرکردەی حیزبی کەھەموو نەتەوەی کوردی کوردستانی باشوور لەدەور خۆیدا کۆبکاتەوە ھۆکارێکی تری سەرجەم کیشەو گرفتەکانی ھەرێمی کوردستانە . سەرەڕای ئەوەش لەدوای راپەڕینی بەھاری (١٩٩١) وە تادەگاتە ئەوڕۆمان نەبوونی دەستوور لە ھەرێمی کوردستاندا ھۆکارێکی گرنگ و دیاری ترە لەو ناسەقامگیری و سەرجەم ئەو گرفت و تەنگەشە ناوخۆییانەی کە رووبەڕووی کوردو ھەرێمی کوردستان بوونەتەوە ، ئەوەش بەتەنھا بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و پەرستنی سەرکردەی تاک و ھەتا ھەتایی لە نیو حیزبە بالادەستەکانی کوردستان لەمپەڕە لەبەردەمیدا ، بەداخەوە ھەردوو حیزبە باڵادەستەکەی کوردستان لەماوەی پتر لەچارەکە سەدەیەک لە حوکمڕانی خودی کوردی تەنھا لە دیدو بەرژەوەندی حیزب و چەند کەسێکەوە وڵاتیان بەڕیوە بردووە و ھەرگیز نەیانتوانیوە ئەو دیدە تەسکە بەجیبھێڵن و کار بۆ بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی بکەن .وەک لەبابەتی رابووردوومدا کە لەژێر ناونیشانی (ئەم جارەیان کوردو (سایکس بیکۆ)یەکی خۆماڵی لە رێکەوتی ١٨ / ٦ / ٢٠١٦ی سایتی ئەمڕۆ دا بڵاوم کردەوە ) شەڕی ناوخۆو ئەزموونی تاڵی دوو ئیدارەیی لە ھەرێمی کوردستاندا پەڵەیەکی رەشە لە مێژووی نوێ کوردستان و ھەردوو حیزبە باڵادەستەکەی کە تائەم دەمەش مەترسی دووبارە بوونەوەیان لە ھەرێمی کوردستاندا بوونی ھەیە . سەرەڕای ئەوەش دەستی دەرەکی و بەرژەوەندی و لەپاڵیەوە دژایەتی کردنی ھەژموونی خۆبەڕیوەبردنی کوردی لە ھەرێمی کوردستاندا لەلایەن وڵاتە ھاو سنوورییەکانی کوردستانی باشوور ھەژموونی ئەم ھەرێمەی لە ھەڵوەشاندنەوەو لەباربردن نزێک کردۆتەوە ، لەو بوارەشدا دەستی ئیران لەناوچەکانی زۆنی سەوزو دەستی تورکیا لە ناوچەکانی زۆنی زەرد ئاشکراو حاشاھەڵنەگرە ، سەرەڕای بەرژەوەندی و دژایەتیکردنی ھاو سنوورییەکانمان ، کە لەزۆر کاتدا یەکانگیردەبن لەگەڵ بەرژەوەندی خودی بەرپرسە پلەباڵاکانی کوردستان و حیزبە باڵادەستەکانیان بەمەبەستی دژایەتیکردنی رکەبەرەکانیان ، لەو پیناوەشدا ھەریەک لەلایەنە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان ئامادەییان تیدا ھەیە بەمەبەستی سەپاندنی خۆی و دەسەڵاتەکەی پەلەکێشی ھاوسنوورییەکەی خۆی بەمەبەستی وەدەرنانی لایەنەکەی تر بکات لەو بوارەشدا ھەژموونی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی ١٩٩٤ تا ٣١ / ٨ / ١٩٩٦ دیارترینیانە و بوونی ھیزی سەربازی تورکیا لە ناوچەکانی زۆنی زەرد ئەوەمان بۆ ئەسەلمینی.


خەونی چەندین ساڵەی گەلی کورد لە بەدەستھێنانی ئازادی و سەربەخۆیی تەنھا کوردستانی باشووری نەگرتووەتەوە و لەو بوارەشدا کوردستانی باکور و رۆژھەڵاتیش رۆڵ و خەباتی خۆیان لەپیناو بەدەستھێنانی ئامانجە نەتەوەییەکانی خۆیان و خەونی گەورەو لە میژەی کوردستانی گەورەو ئازاد و سەربەخۆدا ھەبووە کە ھەر چوارپارچە لەتکراوەکەی کوردستان بگریتەوە ،لەو پیناوەشدا بەدریژایی مێژووی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد لە ھەر چوارپارچەکەی کوردستان ، لەھەر پارچەیەکیان شۆڕش ھەڵگیرسابی کوردانی پارچەکانی تر بەشدارییان لەو شۆڕشەدا کردووەو خوینیان لە پیناویدا رژاندووە ، زیندووترینیشان بەشدارێکردنی کوردانی کوردستانی باشوور لە کۆماری مھاباد و ھەروەھا بەشداریکردنی کوردانی ھەر سێ پارچەکەی تر لەشۆڕشی ئەیلولە.

 

بەڵام بەداخەوە لەمڕۆماندا و بەھۆی ئەوەی لەکوردستانی باشوردا و لەژێر چەتری حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا تائەم دەمە حیزبە باڵادەستەکان پەیڕەوی سیاسەتی (حیزب القائد) ئەکەن و بەھەموو توانایێکیانەوە کار بۆ دەستیوەردان لە شۆڕشەکانی پارچەکانی تری کوردستان ئەکەن ، بەڵام بەداخەوە وەک ئەو مافە بەخۆیان ئەدەن بەڵام بۆ حیزب و شۆڕشەکانی پارچەکانی تری کوردستان ئەو مافەھیڵی سوورەو نیەو تەنانەت مافی ئەوەشیان نیە کاری حیزبی لەکوردستانی باشووردا بکەن وەیا لایەنگریان لە نیو کوردانی کوردستانی باشووردا ھەبیت ، وەیا رای ئازاد لەسەر ئەزموونە تاڵەکەی ئەم ھەرێمە کوردستانیە دەرببڕن ، ھەڵوێست وەرگرتن و دژایەتیکردنی شۆڕشی کوردستانی باکور و رۆژئاوا لەو ئاستەدا نەوەستا بەڵکو گەیشتە ئەو رادەیەی سنووری ھەرێمی کوردستان بەرووی کوردانی رۆژئاوادا دابخەن و تەنانەت ری نەدەن بریندارەکانیان بەمەبەستی چارەسەر کردن بیننە ناو ئەم ھەرێمە بەناو کوردستانیەوە.


ناکۆکی و دژایەتیکردنی سیاسی و سەربازی یەکتر لەلایەن ھەردوو حیزبە باڵادەستەکەی کوردستانی باشوور تەنھا لە سنووری ھیڵی (٣٦)ی پانتایی گۆی زەویدا نەمایەوە . ئەوەبوو دوای روخاندنی رژێمی لە ناوچووی بەعس لەساڵی ٢٠٠٣ دا و بەھۆی ئەوەی ئەو دوو حیزبە ھیچ ریکەوتن و گوتارێکی یەکگرتوویان لەمەڕ مامەڵەکردن لەگەڵ قۆناغی دوای ێدام و چارەسەرکردنی کیشەی کەرکوکدا نەبوو ، لەو کاتە ھەستیارەدا دەبینین سەرجەم ناکۆکی و دژایەتیکردنی یەکتریان گواستەوە نیو شاری کەرکوکی بەناو (قودس و دڵی کوردستان) ، دەسپیکی ئەوەش لەوەدا بوو کە ھەردوو حیزبەکە بە دوو پاریزگارەوە روویان لە شاری کەرکوک کرد ، وەک ھەردەم بەمەبەستی چارەسەر کردنی ئەو گرفتە چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجامدا بەڵام ئەمیشیان ھیچ دەرئەنجامێکی نەبوو . یەکێکی تر لەو ھەڵانەی کەسەرکردایەتی کورد لەشاری کەرکوکدا کردی ئەوە بوو لەسەرەتای ئازادکردنی شاری کەرکوک پیشنیاری ئەوەیان بۆ نەتەوەکانی تری کەرکوک کرد کە ئەنجوومەنێک لە (٢١) ئەندام بۆ پاریزگای کەرکوک پیک بینن و تیدا نەتەوەکانی کوردو تورکمان و عەرەب ھەریەکەیان (٦) کورسی و کلدو ئاشوریش ببنە خاوەن (٣) کورسیان لەو ئەنجوومەنەدا ھەبیت ، ئەو پیشنیارە پیچەوانەی مافە مێژوویی و جوگرافی و نەتەوەیی کورد لەم شارەدا بوو ، خۆشبەختانە ئەو دابەشکردنەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پاریزگای کەرکوک ماوەیەکی زۆری نەخایاند و لەسەر پیشنیارێکی (ھیزە ھاوپەیمانەکان) بڕیاری زیادکردنی کورسییەکانی ئەو ئەنجوومەنە درا ، ئەو پیشنیارەش زەمینەی خۆشکرد بۆ دەربازبوون لە کیشەی دەستنیشان کردنی پاریزگار بۆ شاری کەرکوک و بۆ یەکەمین جار ھەردوو حیزبە باڵادەستەکەی کوردستان رێککەوتن لەسەر دەسنیشانکردنی بەڕیز عەبدولڕەحمان مستەفا بۆ پاریزگاری کەرکوک و ھەروەھا لەرێی ئەو پیشنیارەشەوە کورد توانی ریژەی کورسییەکانی خۆی لەو ئەنجوومەنەدا زیادبکات . ئەفسوس (برابەشییەکەی) کورد لەگەڵ نەتەوەکانی تری شاری کەرکوک لەئاستی ٦ بە ٦ ی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پاریزگای کەرکوک نەوەستا و ئەوەبوو لە ساڵی (٢٠٠٨) دا سەرکردایەتی کورد پیشنیاری دابەشکردنی پوستە ئیدارییەکانی پاریزگای کەرکوک بەریژەی (٣٢٪) بۆ ھەریەک لەنەتەوەی لەکورد و عەرەب تورکمان و بەریژەی (٤٪) بۆ کلد و ئاشورییەکان کرد ،بێگومان ئەم پیشنیارەش پیچەوانەی خواست و ئاواتە لە میژەکانی کوردانی شاری کەرکوک بوو کە لەساییەدا ھەموو مافە مێژووییەکانی کورد لەم شارەدا پیشیل ئەکرا و ھیچ حسابیک بۆ زۆرینەی کورد نەئەکرا . ئەفسوس ئەوەندەی حیزبە کوردستانیەکان بەگشتی و ھەردوو حیزبە باڵادەستەکە شەڕ لەسەر پوست و کورسی دەسەڵات و داھات لە ھەرێمی کوردستان و بەغدادا ئەکەن نیوەی ئەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ وە شەڕیان لەسەر گەڕانەوەی کەرکوک بۆ ئامیزی کوردستان بکردایە ئیستا بێگومان دەمی بوو ئەم شارە دیرینەی کوردستان گەڕابووەوە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان . بەداخەوە ھەڵە کوشندەکانی سەرکردایەتی کورد لە باشووری کوردستاندا ھەموو پیوەرەکانی شکاند و گەیشتە ئەو رادەیەی لە بری کارکردن بۆ بەدستھینانی ئازادی و مافی چارەی خۆنووسین ئەم جارەیان کار بۆ ئەوە بکەن چوار پارچە لەتکراوەکەی کوردستان بکەنە پینج پارچە ... نازانین رۆژگاریش چەند لەتبوونی تری لە جەستەی کوردستاندا بۆمان ھەڵگرتووە!

 


salah1325681@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک