په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٥\٢٠١١

کورد زەرەرمەندی یەکەمە لە هەڵوشاندنەوەی دادگای باڵای تاوانەکان.
بە هەڵوەشاندنەوەی دادگای باڵای تاوانەکان ''431'' تۆمەتباری ئەنفال رزگاریان دەبێ.


راپۆرت و به‌دواداچوونی: شوان سدیق


لە لایەن حکومەتی عێراقەوە لێژنەیەک بۆ ئامادەکردنی پرۆژەیەک دانراوە، کە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق هەڵبوەشێنێتەوە، کورد جیا لەوەی هەڵوەشاندنەوەی دادگاکە بە دژی بە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەزانێت، بڕیارەکەش بە پێچەوانەی دەستوور و بە بڕیارێکی سیاسی لەقەڵەم دەدات.


لیژنەی باڵای دادگای تاوانەکان لە عێراق، لە ئێستادا سەرقاڵی ئەوەن پرۆژەیەک رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکەن، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو دادگایە. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە راگەیاندنەکاندا بڵاو کراونەتەوە، پێشتر لیژنەیەک‌ پێکهێنراوە، کە هەریەکە لە (نازم عەبودی)‌ سەرۆکی‌ دادگای‌ باڵای‌ تاوانەکان ‌و سەرۆکی‌ هەر چوار دەستەی‌ ئەو دادگایە ‌و (فازڵ جەشعمی‌) نوێنەری‌ نوری‌ مالیکی‌ سەرۆک وەزیران‌، هەروەها (عەباس ساعدی)‌ بەڕێوەبەری‌ یاسایی‌ لە ئەنجومەنی‌ وەزیران، ئەو لیژنەیە خەریکی ئەوەن لەرێگەی پرۆژەیەکەوە کارەکانی‌ دادگای‌ باڵای‌ تاوانەکان کۆتایی‌ پێبهێنن.


پاساوی کۆتاییهێنان بە کارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان، پشت بەستنە بە دەستوری عێراق، هەر بۆیە لیژنەی باڵای ئەو دادگایە بە چاودێری سەرۆکایەتی دادگای باڵای تاوانەکان و نوێنەری سەرۆکی حکومەتی عێراق و بەڕێوەبەری‌ یاسایی‌ لە ئەنجومەنی‌ وەزیران رایانگەیاندوە، کە دوای‌ دیراسەکردنی‌ کاری ئەو لیژنەیە، بڕیاری‌ هەڵوەشاندنەوەی‌ دادگای‌ باڵای‌ تاوانەکان بەپێی دەستوور هەڵدەوەشێتەوە، ئەو مادەی کە ئەوانیش پشتی پێدەبەستن‌ مادەی‌ (134)ی‌ دەستوورە، کە تێدا هاتووە، "هەر کاتێک دۆسییەکانی‌ سەردەمی‌ رژێمی‌ بەعس کۆتاییان پێهات و یەکلایی‌ کرانەوە، ئەوا پێویستە دادگای‌ باڵای‌ تاوانەکان هەڵبوەشێتەوە". بەو پێیەش لیژنەکە وای لێکداوەتەوە، کە ئێستا کارەکانی دادگاکە تەواو بووە، بۆیە بڕیارە لە رۆژی‌ (30)ی‌ مانگی‌ حوزەیرانی‌ ئەمساڵ ئەو دادگایە هەڵبوەشێنرێتەوە، ئەمە لەکاتێکدا کە چەندین کەیسی کورد لە دادگاکە ماوەتەوە، بۆیە کورد ئەو بڕیارە بە دژی خۆی دەزانێ و یاساناسانی کەسیەکانی کوردیش لەو دادگایە ئەو بڕیارە بە پێچەوانەی دەستور لە قەڵەم دەدەن.


مازن شوانی وەک پارێزەر و بریکاری دادخوازەکان لە کەیسی پاکتاوی نەژادی، لە دادگای باڵای تاوانەکان لەعێراق، بڕوای وایە کە هەڵوەشاندنەی ئەو دادگایە دەقاودەق پێچەوانەی بنەماکانی دەستوری عێراقە، مازن شوانی لە لێدوانێکی بۆ (سڤیل) گوتی "هەڵوەشاندنەوەی ئەو دادگایە پێچەوانەی دەستوری وڵاتە، چونکە لە مادەی (134)ی دەستوردا ئاماژە بەوەکراوە، کە دوای تەواوبوونی کەیسەکان، بڕیاری لەسەر درا و کۆتایی پێهات، ئەوکاتە دەکرێت، لەرێگەی دەرکردنی بڕیارێکی پەرلەمانەوە ئەو دادگایە دابخرێت".


ئەو پارێزەر و بریکارەی دادخوازەکان لە کەیسی پاکتاوی نەژادی، ئاماژە بەوە دەکات کە هێشتا کاروباری دادگاکە کۆتایی نەهاتووە، مازن شوانی گوتی "کە دەڵێم هەڵوەشاندنەوەی ئەو دادگایە پێچەوانەی دەستورە، چونکە لەئێستاشدا ئەگەر سەیری کاروباری دادگاکە بکەین، زۆر لەو داوایانە پلەی بنبڕیان وەرنەگرتووە، وەک کەیسی پاکتاوی نەژادی، یان کوردە فەیلییەکان، هەرچەندە ئەو کەیسانە بڕیارێکیان بۆ دەرچووە، بەڵام خۆ کەیسی ئەنفال دوو تازە دەستی پێکردووە، کەیسی راپەرین گەورەترین کەیسە کە 14 پارێزگای عێراقی گرتووە، کە گەورەترین زەرەرمەندی بوو لە مێژووی عێراق، چۆن دەکرێت خەڵکێکی زۆر لەو وڵاتە بەهۆی ئەو راپەڕینەوە، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، لە ئیستاشدا ئەو دادگایەش دابکخرێت". شوانی زیاتر لەسەر زەرەرمەندیی کورد لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو دادگایە وەستا و گوتی "بەهەڵوەشاندنەوەی ئەو دادگایە تاوانێکی یەکجار زۆر دەرهەق بە کورد دەشاردرێتەوە و ژمارەیەکی زۆریش لە تۆمەتباران بە ئاسانی رزگاریان دەبێت، چونکە هێشتا کەیسەکانی پاکتاوی نەژادی و ئەنفالی دوو و کەیسی فەیلییەکان ماون و لەو کەیسانە ژمارەیەک تۆمەتبار هەن، کە فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە و تا ئێستا دەستگیر نەکراون، تەنیا لە کەیسی ئەنفال 432 تۆمەتبار دەبێ بگیرێن، تا ئێستا تەنیا یەک تۆمەتبار دەسگیر کراوە، ئەوانی تر ئەگەر دادگاکە هەڵوەشێتەوە، ئەوا لەسزا رزگاریان دەبێت".


دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، کە دادگایەکی سەربەخۆیە، لە ساڵی (2003)دامەزرا، بەپێی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (2003) کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی سەردەمی رژێمی بەعسی رووخاو پێکهێنرا، بەپێی ئەحکامەکانی مادەی (48)ی یاسایی بەڕێوەبردنی وڵات بۆ گواستنەوە دەرچوو بوو، بەڵام دوای تەواو نەبوونی کارەکانی ئەو دادگایە لە رێکەوتی (3/5/2011) دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، رەزامەندیان لەسەر پرۆژەی هەڵوەشاندنەی ئەو دادگایە دەرکرد و پرۆژەکەیان رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرد بۆ پەسەندکردنی.


بە بڕوای مازن شوانی داخستنی ئەو دادگایە دەستێکی سیاسی لەپشتە، "چونکە لەهەموو دانیشتنەکان کە لیستی ئەلعێراقییە پرۆژە پێشکەش دەکات، یەکەم ئامانجیان داخستنی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقە"، شوانی پێیشوایە دادگای باڵای تاوانەکان لەماوەی کارکردنیدا بەئەرکی خۆی هەڵساوە و گوتیشی "ئەو دادگایە زۆر بە باشی بە ئەرکی خۆی هەڵساوە، هەرچەندە ماوەی 7 ساڵە دەستبەکاربووە، بەڵام کاری باشیش کراوە". چاودێر و شارەزایانی یاسایی و هەڵسوڕاوانی کەیسی تاوانەکان لە عێراقدا، پێیانوایە لە ئێستادا هەڵوەشاندنەوەی ئەو دادگایە هێندە رەهەندێکی سیاسی لەخۆ گرتووە، هێندە دەستووری و یاسایی نییە، بۆیە زەرەرمەندی یەکەم لە داخستنی دادگاکە بە پلە یەک خەڵکی کوردستانە.


سادق فەیلی سەرۆکی دۆسیەی کوردە فەیلییەکان لە دادگای باڵای تاوانەکان، ئەویش هاوڕایە لەگەڵ ئەو بۆچوونانەی مازن شوانی و لەلێدوانێکدا، سادق فەیلی گوتی "بەڕاستی بڕیارەکە زیاتر سیاسیە نەوەک یاسایی، چونکە ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی دادگای باڵای تاوانەکانەکان یاسایی بێت، پێموانییە یاسا بیگرێتەوە، لەبەر ئەوەی بەپێی یاسایی دادگای باڵای تاوانەکان ژمارە (10)ی ساڵی (2005) لە مادەی یەکدا ئەو جۆرە تاوانانەی کە هەیە لە بەرواری (11/7/1968) هەتا (1/5/2002) دەیگرێتەوە، چ جەریمە و تاوانێک بێت، واتە ئەو تاوانانەی کە ماون بەهەڵوەشاندنەی دادگای باڵای تاوانەکان تەواو نابن".


ئەو پارێزەرە، کە چەند ساڵێکە وەک سەرۆکی کەیسی فەیلیەکان کار دەکات، لەدادگای باڵای تاوانەکان، گوتیشی "زۆر لە کەیسەکان هەرچەندە یەکلایی بوونەتەوە، بەڵام بەشێکیان لێکۆڵینەوە و تەمیزکردنیان ماون، بەتەنها هی کوردیش نییە، بەڵکو هی باشور و ناوەڕاستی عێراقیشی تێدایە"، بەبڕوای پارێزەر سادق فەیلی کورد زەرەرمەندی یەکەمە، بۆیە دەیوت "پێموایە ئەوەی زەرەرمەندە لە هەڵوەشاندنەوەی دادگای باڵای تاوانەکان، ئەوەیە کە زەرەری لێکەوتووە، بەڵام بە گشتی کورد زەرەرمەندی یەکەمە، چونکە زۆر دۆسیێ هەیە کە هێشتا پێویستی بەتەمیزکردنەوە هەیە، ئەوەش بۆ کورد زەرەرە، یان هەندێ لێژنە ماون، کە هێشتا لە سەرەتایانە کە دەستبەکارەکانیان دەکەن. هەروەها قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوی خەڵکی زیان لێکەوتووش ماوە، بۆیە ئێمە زەرەرمەندی یەکەمین".


بەشێک لەنیگەرانییەکان لە هەڵوەشاندنەوەی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ئەوەیە، کە هێشتا پرسی یەکلاییکردنەوەی مەلەفی دادگاییکردنی ئەو جاش و مستەشارانەی کە تۆمەتبارکراون بە بەشداریکردنیان لە ئەنفالدا یەکلا نەکراوەتەوە.


موحسین شێروانی نوێنەری وەزارەتی شەهیدان لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، لە لێدوانێکدا باسی لەوەکرد، کە ئەوان خەریکی ئاگادارکردنەوەی هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمن، موحسین گوتی "هەڵوەشاندنەوەی دادگای باڵای تاوانەکان قابیلی قبووڵکردن نییە، وەک وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوەکانیش خەریکی ئامادەکردنی نوسراوێکین بۆئەوەی هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق و هەرێمی کوردستانی لێ ئاگادار بکەینەوە، چونکە بە هیچ پێوەرێک ناکرێت، ئەو دادگایە هەڵبووەشێتەوە، لەبەر ئەوەی هێشتا کاری زیاتر ماوە لەسەر دادگاییکردن و یەکلاکردنەوەی کەیسەکانی پاکتاوی نەژادی و تەمیزکردنی ئەو داوایانەی لە دادگا بڕیاری بۆ دەرچووە".


دکتۆر مەحمود عوسمان کەسایەتی سیاسی کورد و پەرلەمانتاری کوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە هێشتا پرۆژەکە نەگەیشتۆتە پەرلەمان و پاساوێکی تری داخستنی ئەو دادگایەش ئیدارییە، چونکە ژمارەی کارمەندەکانیان زۆرە، مەحمود عوسمان گوتی "هێشتا ئەو پرۆژەیە نەهاتۆتە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام حکومەت دەڵێت لەبەر ئەوە دایدەخەین کە (1300) کارمەندی هەیە و ئیشیشی تەواو بووە، بۆیە دەمانەوێت هەڵیبوەشێنینەوە". مەحمود عوسمان ئاماژەی بە بۆچوونی خۆی کرد و گوتی "بەڵام بەبۆچوونی من ئیشوکاری ئەو دادگایە تەواو نەبووە، چونکە هەندێ دۆسییە هەیە هێشتا یەکلای نەکراونەتەوە و بەشێکیشیان دەستی لێنەدراوە، بۆیە ئەگەر هاتە نێو پەرلەمانیش هەوڵدەدەین، کۆدەنگییەک دروست بکەین، بۆ ئەوەی پرۆژەکە پەسەند نەکرێت".

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک