په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١١\٢٠٢٦

کوڕگەل بێنەوە، کەژ بەفراوییە.*

- لە بن نسێی گرتە ڤیدیۆییەکەی ''حسێن سەفامەنش''دا -

هۆمەر          


یەکەم،لە قۆناخێکی ھەستیاردا کە کورد پتر لە ھەموو کاتێکی دی پێویستی بە یەکبوون و یەکگرتوویی و ڕۆحێکی بڵندی نەتەوەیی ھەیە و گەرەک بە ھەموومانەوە کار لەسەر بەرزکردنەوەی وریایی نەتەوەیی بکەین و جیاوازییەکان تەنێ وەک دەرفەتێک بۆ بەرفرەوانیی جوگرافیا و فرەیی زار و بنزارە کوردییەکان و دەوڵەمەندیی زمانەکەمان بقۆزینەوە و کوردبوون بۆ خۆ بکەینە پێوەری سەرەکی،لێرە و لەوێ،داڵاشەکان بە فیتی ئەم و ئەو،خەریکی ئاژاوەنانەوە،گێرەشێوێنی و دووبەرەکی سازکردنن. لەبەر نەبوونی سیاسەتێکی فەرھەنگی یان لەڕاستیدا ھەژاری فەرھەنگی،ھەر جارە و باھۆز و فەرتەنەیەک کۆمەڵگەی کوردی دەگرێتەوە و ھەموو پیلانە نگریسەکانیش دوای یەک ئامانج دەکەون و ئەویش لەخشتەبردن،ناکۆکی نانەوە، ئاژاوەگێڕی،ترازان و تێکدانی یەکڕیزی لە ھەر ھەموو پار و بەشەکانی نیشتماندا.


لێرەوە ئازارەکە سەد ھێندە گورچکبڕ و ھەژێنەرترە کە تاقمێکی ھەلپەرست و زەینکوێر بە بیانووی جیاوازی لە نێوان زار و بنزار و ئایین و ئایینزادا کە پرسێکی ھەرە ئاسایی و نیشانە بۆ فرەڕەنگی و فرەدەنگی لە نێو کولتووری کوردیدایە،ڕاست تیر دەگرنە دڵی خودی نیشتمان و دەیانەوێت بۆ گەییشتن بە مراز و ئاواتە پۆخڵەکەیان،درز و کەلێنێکی گەورەتر دروست بکەن. شاعیری نەتەوەیی کورد"ھەژار موکریانی(١٩٩١-١٩٢١)نزیک ٦٠ساڵ لەمەوپێش لە پەیامێکدا بۆ کۆڕی زانیاریی کورد لە بەغدا دەبێژێت:
ئەم کۆڕە ژ کورداڕا جەوھەر بە خەڵات دێنێ
تیرێژی ھونەر لەوڕا تاریکی دەتارێنێ
وێژە و کەلەپووری کۆن، فەرھەنگ و زمانەوانی
زانیاری بە ھۆزانی خۆی لەگرەوە دەنوێنێ
کرمانج و لوڕ و سۆران، زازا و موکری و گۆران
وەل یەکتری داخێون، کەس نینە کو دامێنێ
ئەو ڕووگەیە پیرۆزە، ئاواتی گەلی کوردە


بڵا پەیام و شیعرەکەی ھەژار پێوەر بۆ ھەموو کوردێکی گەلپەروەر بێت و جیاوازییەکان وەک دەرفەت نەک ھەڕەشە بقۆزێتەوە.


دووەم،"حسێن سەفامەنش"،دەنگێکی ئەھوورایی نیشتمانەکەی کوردانە کە لە داڵاھۆی سەربەرزەوە بۆ ماوەی پتر لە ٣٠ ساڵ دەچێت لە مەیدانی ھونەری ڕەسەندا ئامادەیە و دەنگی ئاشنا بە ھەموو شار و شارۆچکە و گوند و شاخ و داخێکی نیشتمانەکەی کوردانە و چ تۆفیر ناکات ئەو چریکە بڵندە لە کامە ناوچە و شار و گوندی نیشتمانەوە سەری ھەڵدابێت چونکە نیشتمانە ڕاستینەکەی سەفامەنش خودی کوردستانە و کەس ناتوانێت نکۆڵی لەم ڕاستییە بکات.


سێیەم،وەک خودی خۆم،بۆ یەکەم جار لە ڕێی ھەڤپەیڤینەکەی میدیاکاری کورد،"بارزان شاسوار"(١٩٥٧)لە کەناڵی"میدیا تێ ڤێ"دەگەڵ ھونەرمەندی زمانپاراوی کورد،"ناسر ڕەزازی"(١٩٥٥)،چریکەی بڵندی دەنگەکەی"حسێن سەفامەنش"م بەرگوێ کەوت کە بە گوتنەوەی گۆرانی"ساڵەھای ساڵە"ی ئەم ھونەرمەندە،ئەشکی شۆقێکی خستە نێو چاو و دڵەکەی ناسر ڕەزازی. ھەر لێرەوە سۆزی بلاوێنی دەنگەکەی سەفامەنش دە ھێندە زێتر ڕێی بڕییە نێو ھەموو ماڵە کوردێک و مژدەی لەدایکبوونی گەورە ھونەرمەندێکی دی بە ڕووبەری ھونەری کوردی بەخشی. بەدرێژایی پتر لە ٣٠ ساڵ،حسێن سەفامەنش بە چریکە ئەھووراییەکەی ھەردەم لە مەیداندا ئامادە بووە و لە کوێ،ئازار و ژانێک وەبەر جەستەی نیشتمان کەوتبێت،خۆی لەوێندەر ئامادە بووە،دەنگی ھەڵبڕیوە و ھەڵوێستی نواندووە. جگە لەمەیش،خودی گۆرانییەکانی ئەم ھونەرمەندە ڕوونترین بەڵگە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییەن.


چوارەم،حسێن سەفامەنش،ڕۆژانێک بە گۆرانی"خوەیشگە خاسەگەم"،ڕووی سترانەکەی لە ئافرەتی کورد بوو و دەیەویست ژن بۆ ئامێزی نازەنینی جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی بگەڕێنێتەوە و ھەلێک بخاتە بەردەم خانمان کە ئەم بەرگە پشتگوێ نەخەن،چونکە کراسی ژنانی کورد نەک ناجوان نییە بگرە یەک لە بەرگە ھەرە ڕازاوەکان بۆ خانمانە کە جوانییەکەی سەد ھێندە دەنوێنێت. لە لایەکی دیکەوە ژنی کورد ئێستا پێویستی بە قووڵبوونەوە لە خوێندنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی خۆی ھەیە و دەتوانێت شانبەشانی پیاو،لە مەیدانەکەدا ئامادە بێت و بەرەنگاری شەمشەمەکوێرەکان ببێتەوە کە تیری ژاراوی تێ دەگرن و بە بیانووی پڕ و پووچ،دەبنە کۆسپ و لەمپەری سەر ڕێی خەبات و چالاکی.


پێنجەم،سەفامەنش،ڕۆژانێکیش بە حوزنە بڵندەکەی دەنگەکەی،دەمانباتەوە تا سەر بەرزاییەکانی شاھۆی سەرکەش و دەسەلمێنێت شاھۆ، قەندیل، داڵاھۆ، نەکەرۆز، ئاگری، سەفین و...،لە لای ھەر یەکن و قاسپەی کەوی کوردان لەوێندەرەوە ھەمیشە بڵندە.


حسێن سەفامەنش ئەمڕۆکە مۆرک و جێپەنجەی بەسەر ھونەری ڕەسەنی کوردییەوە دیارە و ئیتر ئەم ھونەرمەندە مڵکی بە تەنێ ناوچە و شار و گوندێک نییە و ھەر ھەموو کوردستان،مەکۆ و لانکەی ھونەرەکەیەتی. سەفامەنش ئێستا لە ترۆپکی ھونەرەکەیدایە و خاوەن ئەزموونێکی باڵایە و چاوەڕوانی لەم کەڵە ھونەرمەندە فرەترە و پێویستە ئەوەندە دەربایستی قسە و قسەڵۆکی تاقمێکی بوودەڵەی شەوپەرست نەبێت و وەک جاران ھەر لە قەسر و ئیلام و کرماشانەوە تا بە سنە و موکریان و مەریوان و ھەورامان و سەرپاک کوردستانی نیشتمانەوە بۆ گشت کوردان بسترێت.


شەشەم،حسێن سەفامەنش کە لە کانیاوە زوڵاڵەکەی ھونەری ڕەسەنی کوردی لە لای سەدان ھونەرمەندی وەک سەیید ئەسکەر کوردستانی(١٩٣٧-١٨٨٢)،حەسەن زیرەک(١٩٧٢-١٩٢١)،عەلی مەردان(١٩٨١-١٩٠٤)،تایەر تۆفیق(١٩٨٧-١٩٢٢)،حسێن عەلی(١٩٩١-١٩٢٥)،حیشمەت لوڕنژاد(١٩٩٥-١٩٤٧)،محەممەد ماملێ(١٩٩٩-١٩٢٥)،موجتەبا میرزادە(٢٠٠٥-١٩٤٥)،ئازاد خانەقینی(٢٠٠٦-١٩٥٨)،ئیسماعیل مسقەتی(٢٠٠٨-١٩٢٢)،ئارام تیگران(٢٠٠٩-١٩٣٤)،حەمەجەزا(٢٠١٠-١٩٤٩)،ئیسماعیل سابوور(٢٠١٩-١٩٥٦)،یەدوڵڵا ڕەحمانی(٢٠١١-١٩٥٠)،ئۆسمان ھەورامی(١٩٣٦)، مەزھەر خالقی(١٩٣٨،تەنیا عەرەب(١٩٥٢)، ناسر ڕەزازی(١٩٥٥)،قادر ئەلیاسی(١٩٦١)و... دەخواتەوە،ئیدی کوا ڕەوایە بە قسەی پڕ و پووچی تاقمێکی گێرەشێوێنی زەینکوێر،لە خودی نیشتمان بتۆرێت!


حەوتەم،٣٠ساڵ ئامادەبوون لە کۆڕی گەرمی کوردانی گەلپەروەردا،ڕۆح و وریەکی ئەوەندە بڵندی نیشتمانی لە لای حسێن سەفامەنش دروست کردووە،کە تیرە ژاراوییەکەی ناحەزان ھەردەم وە بەردی تەق و ڕەق دەکەوێت و بەرەو سینگە ژەنگاوییەکەی خۆیان دەگەڕێتەوە.


ھەر بۆیە پێویستە بڵێم،تۆ کە خاوەنی سەدان سترانی وەک "خوەیشگە خاسەگەم،کوڕگەل بێنەوە،داڵاھۆ،خەو ئەڕاد نەیرم،ئەی خودا، ئەرمەنی، دایە، کرماشان، ئامۆزا گیان، ھەر من بێکەسم، ھەڵەبجە، ئەی موتریبی حەریفان، ماڵمان ئەمبەر ئەوبەرە، نەسرین ئەمڕۆ نەورۆزە، دێوانە خۆم، وە خودا نە، ھەڵاڵە وەرە، زمانی کوردی، شەڤ چوو،کۆڵبەر، پەی خەڵوەتی، کۆبانی،کرماشانەگەم ھەسارەی شەوم"و...یت و ھەر ھەموو نیشتمانت لە کۆڵ ناوە و ئەم ھەموو دەنگ و سۆزەت لە لا کۆ بووەتەوە، کوا دەبێت بە دوو قسەی شەوپەرستان، مەیدانەکە چۆڵ بکەیت!


ھەشتەم،ڕەنگە ھەر وەک چلۆن ئەم ڕەخنەیە ئێستا ڕووی لە خەمساردی بەشێکی جەماوەر لە ھەمبەر زمانی کوردی لە سنە تا بە مەھاباد و ...بێت،بە ھەمان شێوە کرماشانیش بگرێتەوە و ئەمە چ پێوەندی بە خاڵە جیاوازەکان و زاراوەی دێرین و زەنگین و ڕەنگینی کەلھوڕییەوە نییە کە چەندان پەڕتووکی پیرۆزی وەک"سەرەنجام"ی بە زمانی کوردی پێ نووسراوە و سەدان دەنگی بڵندی شیعری وەک شاکە و خان مەنسوور(١٧٠٠ی زایینی)،خانای قوبادی(١٧٧٨-١٧٠٤)،سەیید یاقوو مایەشتی(١٨٨١-١٨٠٨)،سەیید ساڵح مایەشتی(١٩٠٥-١٨٣٤)،غوڵامڕەزا ئەرکەوازی(١٨٣٩-١٧٧٠)،تەمکین کرماشانی(١٩٧٨-١٩٢٠)،شامی ھەرسینی(١٩٨٤-١٩١٧)،پەرتەو کرماشانی(٢٠٢٢-١٩٣١) ئەسەد چراغی(٢٠١٥-١٩٣٠)،سەعید عیبادتیان بە نازناوی بانان(١٩٦٣)،ئەلی ئولفەتی(١٩٧٧)و... لەوێوە دەڕژێنە نێو سیروانی ئەدەبی کوردییەوە.


ئەمە ڕاستییەکی حاشاھەڵنەگرە ھەنووکە بەشێکی فرەی جەماوەری شار بە زمانێک دەئاخفێت کە خۆیان وتەنی بە"فارسیی کرماشانی"ناودێر دەکرێت و چ بەرگی زمانی کوردی لەبەردا نییە و"ئەردەشێر کشاوەرز"(١٩٤٤)وتەنی،تشتێکی بێ ڕەگ و ڕیشەیە و فڕی بە کوردییەوە نییە. شێوازی ئاخاوتنەکە ئەوەندە ئاسایی بووەتەوە و لە ھەموو شوێنێک دەکار دێت و قسەی پێ دەکرێت کە گەر سووکە گلە یان ڕەخنەیەک بگریت،وەبەر زمانێکی زبر دەکەویت و بگرە دەیان ناو و ناتۆرەت وەپاڵ دەدرێت. کرماشان کە ھەنووکەیش بە سەدان نووسەر،ھونەرمەند و ڕۆشنبیری وریا و خەمخۆری لە ئامێزدایە کە لە ھەر ھەموو کوردستاندا ناسراون،لە واقیعدا بەشێکی زۆری جەماوەرەکەی لە ھەمبەر چاند و زمانی کوردیدا خەمساردە و لە کووچە و کۆڵان و بازاڕ و فەرمانگەکاندا،زمانی باڵادەست،فارسییە و خەڵکەکە بە ھەزار داخ و کەسەرەوە کوردییەکەی خۆی پشتگوێ خستووە و بەم زمانە قسە دەکات. ئەوە لە حاڵێکدایە ئێستایشی لەگەڵ بێت زۆرینەی نفووس و حەشیمەتی کرماشان کوردە و کرماشانیش شارێکی ھەرە گەورەی کوردستانە و کەس ناتوانێت نکۆڵی لەم ڕاستییە بکات و مێژوو بشێوێنێت. بەڵام ئەی ھۆکارەکان چنە زمان و فەرھەنگی کوردی بەرەو ئەم ئاقارە چووە یان بە واتایەکی ڕاستتر،ئەوەندە غەریب کەوتووە و بگرە پەراوێز خراوە؟ دیارە ئەم پرسە پێویستی بە توێژینەوەیەکی ورد ھەیە و ھەر وا سووک و ھاسان ناکرێت بەسەریدا باز بدەین. لێ ئەوەی لەم نێوانەدا دیار و خویایە و بە ھۆکاری سەرەکیش دادەنرێت،خەمساردی لە لایەکەوە ڕووی لە خودی بنەماڵەکان بەرانبەر زمان و چاندی کوردییە کە خەڵکەکە ئەوەند بەدەست ژیانی ڕۆژانەوە سەرقاڵە،ئیدی پرسی زمان و فەرھەنگ لە لای بووەتە پرسێکی لاوەکی و فرەیش بەھەند وەرناگیرێت.لە ئالییەکی دیکەوە،ئارێشەکە بەرۆکی ڕۆشنبیران دەگرێتەوە کە ھەموو ھەوڵ و خەباتەکەیان ئەوەیە جار ناجار لە دەوری یەک گرد دەبنەوە و کۆڕێک بەڕێوە دەبەن. ھەر بۆیە دەنگیان وەک پێویست بە کۆمەڵ ناگات یان بە واتایەکی ڕاستتر،کارتێکەرییان لەسەر کۆمەڵ بەرفرەوان نییە. نووسەری ئەم دێڕانە لە بابەتێکی توێژینەوییدا لە بن سەردێڕی"بچوو بچوو خاڵوو کوردی نمەزانی"،سووکە ئاوڕێکی لەو پرسە داوەتەوە.


نۆیەم و دوا خاڵ،لێرەوە ئەرکەکەی حسێن سەفامەنش و ڕۆشنبیرانی ئەم ناوەی نیشتمان قورستر دەبێت و ھەرگیز نابێت بکەونە بن کارتێکەری قسەی ھەڵیت و پەڵیتی تاقمێکی شەوپەرست چونکە ھەم کرماشان،خاکە نازەنینەکەی کوردانە،ھەم کەڵھوڕی،یەک لە دێرینیترین و شیرینترین زاراوەکانی زمانی کوردییە و ھەمیش حسێن سەفامەنش لەمێژە بوونی خۆی لە مەیدانەکەدا ھەم وەک ھونەرمەند و ھەمیش مرۆی گەلپەروەر سەلماندووە و پرسەکە چ قسە ھەڵناگرێت.


جێی ئاماژەپێدانە ھونەرمەند"حسێن سەفامەنش"ڕۆژی ٢٩ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٥٥ی ھەتاوی(١٩٧٦)لە شا شارەکەی کوردان،کرماشان لەدایک بووە. خاوەنی ھەگبەیەکی ڕەنگاڵەیی لە گۆرانی کوردییە و خودانی چەندان ئەلبۆمی وەک"ئێوارە"و"یەلدا"یە و ھەڵگری دەیان خەڵاتی زێڕینی وەک"خەڵاتی ماملێ"بۆ ساڵی ٢٠١٩یە.

_____________________________________________
* سەردێڕ و ناونیشانی نووسینەکە لە خودی گۆرانییەکی ئەم ھونەرمەندەوە وەرگیراوە.
ژێدەر:
بۆ کوردستان،ھەژار،بڵاوکراوەی ئاراس،چاپی چوارەم،ھەولێر،٢٠٠١.
گۆرانییەکانی حسێن سەفامەنش.
ماڵپەڕی محەممەد ماملێ
www.mamle.net.
ھەڤپەیڤینی بارزان شاسوار دەگەڵ ناسر ڕەزازی،میدیا تێ ڤێ،ساڵی ٢٠٠٠.
گۆڤاری بەیان،بچوو بچوو خاڵوو کوردی نمەزانی،ھۆمەر نۆریاوی،ژمارە ٣٠،ساڵی ١٤٠٢ی ھەتاوی(خەرمانانی ٢٧٢٣)و چەندان سەرچاوەی دی ئینتەرنێتی.

 

 

h_noryawi@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک