په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٨\٢٠١٢

کوڕی کەسەر حەمەدەین و سامی عەلی.

بەشدار سامی      


ھیچکات مەیلی ئەوەم نەبووە لە تەوەر و نازانم چی و چی ڕۆژنامەوانیدا ھەبم و ڕای خۆم بڵێم، ڕای من لەبارەی ھەر شتێکەوە، لە نووسینەکانمدا دەردەکەوێ ئەگەر بەشەرەکان بیانەوێ بیزانن.
لەو ماوەیە تەوەرێک لەبارەی (ململانێی نەوەکان( لە پاشکۆی ھزر و ھونەری ڕۆژنامەی (خەبات)دا سەری دەرھێنا و سۆران عەزیز کە خاوەنی تەوەرەکە بوو، داوای لە من کرد وەڵام بدەمەوە، لەبەر ئەوەی سۆران عەزیز داوای کرد گوتم، باشە.
وەڵامم دایەوە و بۆییم ناردەوە، دیارە پاشایانی ڕۆژنامەی خەبات بە کاک سۆرانیان ڕاگەیاندبوو کە وەڵامی بەشدار سامی بڵاو ناکەینەوە چوونکە ڕەقە و ناوی خەلکی ھێناوە.
بڕیارم دا وەڵامەکانی خۆم لە سایتەکان بڵاو بکەمەوە و لەوەیش تێنەگەیشتم کە ڕەق چۆنە، ناشمەوێ تێبگەم، ھەر ئەوەندە.. ە..! ڕۆژنامەی خەبات..


سۆران عەزیز: زۆر جار لای شاعیرانی نەوەی نوێووە رەخنە لەنەوەی پێشوو دەگیرێ بەوەی ھیچیان نەکردووە و بەوەی کێشەی زمانیان ھەیە و بەوەی کێشەی وەرگرتن و ھتدیان ھەیە، زۆر جاریش دەوترێ نەوەی نوێش خاڵییە لەشیعر و نەوەیەکە زمان نازانێ و لووت بەرزە و بێ ھیچ ئارگۆمێنتێک نەوەی پێشوو رەت دەکاتەوە، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەمە لە ئەساسدا شەری نەوەکانە؟ ئەم قسانە چین و لەبەرچی ھاتوونەتە ئارا؟ رەخنەی تۆ لەنەوەی پێش خۆت چییە؟


بەشدار سامی: من ڕەخنەی چی لە بەرد بگرم؟ ئەوان بەو جۆرە ڕۆیشتون و کاریان کردووە، کە کورد بوون و کوریانە ھەبوونە، ھیچ ھەوڵێکیان بۆ درووستکردنی خۆیان بە شێوەیەکی عالەمی نەداوە، تەنیا لە دەوری خۆیاندا خوڵاونەتەوە و ھیچ سوودێکیان لە دەرەوەی کوردبوون وەرنەگرتوە، ئەگەر لە نێوانیاندا کەسێکیش ویستبێتی سوود وەربگرێ کەوتوونەتە سەنگەر لێی و نەیانھێشتووە پشوو بدا، ئەوەش بووە بە کێشە بۆ شیعری کوردی بە کۆن و نوێوە، کە بەراود بە شیعری ھاوچەرخی ڕۆژئاوایی و شوێنەکانی تری دنیا، زۆر لە دواوەیە و چەقیوە، دەبوو وەھا نەبوایە، بەلانیکەمەوە، ھەستی ھەبوونی سنوور لە چوارچێوەی کوردبووندا و ئەو شتە قۆڕانەی کە کردوویانەتە بەھانە بۆ ئەوەی تەمبەڵ بن و تەمبەڵ بمێننەوە، بەھانەیەکی پووچە، نەدەبوو خۆیانیان پێوە خەڵەتاندبا، ھەر ئەوەندەم لەبارەیانەوە ھەیە، خوا لە گوناحیان خۆش بێ، بەشێکیان مردوون و بەشێکیشیان ئومێدەوارم زوو بمرن، مردنی ئەوان کارێکی باش دەبێ بۆ ئەدەبی کوردی! بەھۆی ئەوەی... ئەوان تا بۆیان بکرێ ڕێگری دەکەن لە کاری تازە، چوونکە دەزانن کاری تازە واتا کۆتاییی دنیای شیعری ئەوان.


کاری باش و خراپ و کێشەی زمان و شتی دیکەیش لە ئێستایشدا ھەیە، با ئەوە نەبەستینەوە بە نەوەکانی پێش خۆمان، نەوەی پێش ئێمە دەبوو چی بۆ ئێمە بکەن و چییان جێ ھێشتبا؟ من، وەکوو خۆم دەمێکە دەستم لێیان شوشتۆتەوە، (قسەی من لەبارەی ھێلە گشتییەکەیە، لە نێو ھەزاران بە ناو شاعیری کورد یەک یان دوو شاعیر بەس نییە)ناکرێ نەوەی نوێ دانیشن و چاوەڕوانی دەم و قەڵەمی نەوەی پێش خۆی بکا، کە نە دەمی ھەبووە و نە ھەیە تا قسەی پێ بکا و نە قەڵەم و نە ھیچی دیکەیش، دواتریش بەڕاستی کاری سەعاتێک بەر لە ئێستا، بۆ ئێستا کۆنە و دەبێ بەوە بزانین کە کراوە و ناچاری ئەوە بین کاری دیکە بکەین، ناکرێ دەست پان کەینەوە و دانیشین تا شتێک لە نەوەی پێش خۆمان بەر دەبێتەوە کە ھیچ شتێک لە ئارادا نییە تا بەر ببێتەوە، نا. بە پێچەوانەوە، دەبێ شتێک کە نییە بخوڵقێندرێت و لێ بکرێتەوە و بەم ھۆیەوە پیرە شاعیرەکانمان، ھۆشیار بکرێنەوە، کاری من ئەوەی دووەمیانە بۆ شیعرنووسین.


من کۆمەک و ھاوکاریی ئەوانی پێش خۆم، بۆ خۆم بەتەواوەتی ڕەت دەکەمەوە و بەکەڵکیشم نایەت، ئەگەر ئەوە بە گوناح نازانن، خۆ ئەگەر پێشیان وایە گوناحێکی گەورە دەکەم، ئەو گوناحکردنەم خۆش دەوێ و دەیکەم، ‌لە ڕاستیدا ئەگەر کۆمەکیان کردبم، تەنیا ئەوە بووە کە شیعری خراپی ئەوانم خوێندۆتەوە، ئەوە تاکە کۆمەکی نەوەی پێش خۆمە، بۆ من، ئەگەر بەوە بگوترێ کۆمەک، ئەوە بووە،‌ ئیدی.


من کە لێرەدا دەڵێم: شیعری خراپی ئەوان، دیسان مەبەستم ھێڵە گشتییەکەی شیعری کوردییە، کە بەڕاستی بە زەحمەت دەتوانی شیعری باشی لێ دەربھێنی.. (شێوازەکان)ی زانا خەلیل و (بەتەمابووم لە تەم بدوێم)ی بەڕۆژ ئاکرەیی و چەند شیعرێکی ھاشم سەڕاج و ئیدریس عەلی جوانن و چەند گەنجێکیش کە لە ئێستادا وەکوو خۆم تەنیا خەریکن، دەبێ چاوەڕوانیان بین بزانین دەبن بە چی. ئەوە بەسە بۆ شیعری کوردی؟ بە دڵنیایییەوە نەخێر و نەخێر.. دواتریش ئەوانەی ناوم ھێنان کۆن نین، ئایە ناوی کێ بێنین لە کۆنەکان؟
ھیوادارم ھیچ ڕێگەیەک من نەبەستێتەوە بە نەوەی پێش خۆم! بەو جۆرەی ئەوان شیعریان نووسیوە، من نەینوسم و بڕوام پێی نەبێ، ئەوە ھەموو شتێکی منە لەم بارەیەوە، خۆ ئەگەر نەوەی پێش خۆم زۆریش باشیان بنووسیبا، ھەمدیسان ئومێدم ئەوە دەبوو بە ھیچیانەوە نەبەسترێمەوە، بۆ ئەوەیش من دەبێ (بەشدار)انە ھەبم و ھەرچی ھەبێ دەبێ لێی لادەم.. ‌ من وەھا تێگەیشتووم! ئەوان ھەبوون باش یان خراپ؟ بۆ من بەگشتی خراپنووس بوونە..‌ بۆ ھەندێکی دیکە کە کاری من نییە ئەگەر پێیان باشن، دەی بۆ ئەوان با ھەبن و ھەبوون، ئەوە نییە منیش باسی ھەبوونیان دەکەم!


ماوەیەکی باشە پەیوەندیی ھاوڕێیانە و نامەگۆڕینەوە لە نێوان من و عەبدولڵا پەشێودا پەیوەندییەکی پتەو بووە، بۆ من ئەو پەیوەندییە،‌ پەیوەندی بە شیعرە باشەکانی پەشێوەوە ھەبوو، لای ئەو نازانم چی منی بەوەوە دەبەستاوە، دواجار کە گەڕاوە کوردستان یەکترمان بینی و قسەی چاکیشی لەبارەی شیعر و زمانەوە پێ بوو، بەڵام قسە ھەموو شتێک نییە، کە لە کۆڕەکەی ھەولێردا چەند شتێکی قۆڕی بەناوی شیعرەوە بە خەلکی فرۆشت، پەشێو بوو بە پرسیار و وەڵامەکەشی ڕوونە..!


خراپیی زمان، ھەیە و ھەبووە،‌ ئەوە پەیوەندیی بە نەبوونی یاساوە ھەیە، ئێمە دەژیین بەبێ ئەوەی یاسامان ھەبێ، دەزانم شتێک ھەیە پێی دەگوترێ یاسا، بەڵام نازانم چۆنە! (بۆ ھەموو بوارەکان) زمان بەتایبەتی کە قسەی ئێمەی زۆر لەسەرە و دەکرێ و دەبێ بە یاسا ڕێک بخرێ، کە یاسایش ھەر وجوودی نییە، دەبێ چاوەڕوانی ھیچ بین. زمانزانی باش لە نەوەی پێش ئێمەدا ھەبوونە، زمانزان ھا!

سۆران عەزیز: وەک گەنجێک چەندە وزەت پێدراوە لەلایەن نەوەی پێش خۆتەوە لەکاتێکدا مرۆڤ بۆ ئەوەی بچێتە نێوکایەیەکەوە پێویستی بەوزەیەک ھەیە کەنەوەی بەرلەخۆی پێی بدەن ، وزەیەک بەرمەبنایی ستایشێکی کوێرانە نا، بەڵکو بەرمەبنایی دەستگیرۆییەک تا بناخەیەکی تۆکمەی ئیرادەی بۆ درووست بێت، کە ئەمانەش ھۆی ئەساسی و سەرەتایی داھێنانن؟
تۆ وەک شاعیرێکی نەوەی نوێ بۆچی شیعر دەنووسی؟ بروات بەوە ھەیە دەبێت شتێ بکەی کە بەر لەتۆ نەکرابێ؟ یانیش تۆش ھەر خەریکی خۆخاڵی کردنەوەیت؟ بەگشتی قسەی تۆ لەسەر شیعر و ململانیچ نەوەکان چییە؟
ئەوەشی بۆ زیاد کەن کە لەسەر بنەمایی شار چیچتی و ھاورێیەتی دەخوێنرێیتەوە و دەچیتە پێشەوە؟


بەشدار سامی: لە سەرەتادا پێم وا بوو دەبێ شاعیرانی پێش خۆم دەستم بگرن تا بکەومە سەر پێ و بناسرێم، بەم ھۆیەوە کاتی زۆرم بەفیرۆ داوە، بەڵام ئێستا بیرکردنەوەم تەواو پێچەوانە بۆتەوە و دەزانم کە من چ ھەڵەیەکم کردووە، ھەڵە بووم گەر ویستوومە ھەبوونی خۆم بەھۆی کەسانی دیکەوە بسەپێنم (ھۆمەر دەزەی) گوتی: (دەبێ ئێمەی پیرەکان سوود لە وزەی گەنجەکان وەربگرین ئەوان فێری کاری تازە بوونە) ئەوە دانپێدانانێکی جوان و تەواوە، سپاس بۆ خودا ئەو کاتەی کە دەشم ویست وزە لە نەوەی پێشەخۆم وەربگرم پێم نەدرا، من..


ھیچ جۆرە وزەیەکم لە نەوەی پێش خۆمەوە پێ نەدراوە، تەنانەت زۆرجار نائومێدیان کردووم، لە ساڵی ٢٠٠٦ کە تازەبەتازە، خۆم خەریک دەکرد بە شیعرم نووسینەوە، چەندینجار ‌شیعرم بۆ کەریم دەشتی برد تا بۆمی بڵاو بکاتەوە، بۆمی بڵاو نەدەکردەوە، ئەوکات سەرنووسەری ھەفتەنامەی (ستایل) بوو. جارێک دەیگوت شیعرەکەت کورتە، جارێک دەیگوت درێژە، ھەتا جارێکیان گوتی: ناوی خۆت لە (بەشدار سامی مەخمووری)یەوە بکە بە(بەشدار سامی) و بۆتی بڵاو دەکەمەوە، ئەوکات ناوی خۆمم وەھا دەنووسی: (بەشدار سامی مەخمووری) لەگەڵ ئەوەی ناوەکەم درێژ و بێتام بوو.. بەڵام کە کەریم دەشتی کورتی کردەوە زۆرم پێ ناخۆش بوو، وام ھەست دەکرد دەستکاری ژیانمی کردووە، بەڵام لە پێناو ئەوەی شبعرێکم بڵاو ببێتەوە، گوتم قەیناکە، دوای ئەوەیش سێ مانگ چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی شیعرەکەمم کرد تا بڵاو بۆوە.


لەوانەیە دە جار زیاتر شیعرم بۆ گۆڤاری (ئایندە)ناردبێ و بڵاویان نەکردبێتەوە، ھەر جار کە دەمنارد، خوا نەبێ کەس نەیدەزانی لە کوێدا بزر دەبوو، بەھانەیشیان نەبوو، ڕۆژێک نەیان گوت.. ئەرێ بەشداری سەگباب، شیعرمان بۆ مەنێرە، منیش ھەر دەمنارد و دەمناردەوە، ھەمیشە بەبێ دەنگی کۆتایی بە ناشتنی شیعرم دەھات لە گۆڤاری ئایندە، جارێکیان شیعرێکم لە ئایندەدا بڵاو بۆوە، بڵام چۆن؟ لەبەر ئەوە بوو کە من بەناوی خۆمەوە نەمنارد بەڵکوو بەناوی کچێکەوە ناردم، لە جێگەی ناوی خۆم، ناوێکی کچانەم نووسی و بە ماوەیەکی زۆر کورت بڵاویان کردەوە.


ھەر لە ساڵی دووھەزاروشەشدا بوو.. ڤێستیڤاڵێک لە (یەکێتیی نووسەرانی کورد لقی ھەولێر) ڕێک خرا و منیش لەبەر ئەوەی حەزم لەوە بوو دەرکەوم و ھیچیشم نەبوو بۆیان ببەم، چەند شیعرێکی شاعیرانم خڕ کردنەوە، لەوانە ھیی بەختیار عەلی و ئەبوبەکر عەلی و چەندانی دیکەیشم لێک دا و بردم و خەڵاتیشیان کردم، ھەر ئەوکات زانیم شاعیری کورد تەنیا خۆی دەخوێنێتەوە و تەنیشت و پێش و پشتی خۆی نابینێ، بە ‌ھەرحاڵ لە کۆتاییی ڤێستیڤاڵ خەسرەو جاف وەکوو پاڵەوان دەستی برند کرد و گوتی: شیعرە براوەکانی ڤێستیڤاڵ لەسەر ئەکی من چاپ دەکرێن، بەڵام لە کۆتاییدا وای نەکرد، تەنیا خۆی نمایش کرد، باشتر کە یارمەتییان نەدام، کێ ناڵێ یارمەتیی ئەوان ئیفلیجی نەدەکردم؟!


سەبارەت بە شیعرنووسین، حەزم لێیە شیعر بنووسم، بە نووسینی شیعر و تا خوێندنەوەیشی جەوم باش دەبێ.


ئومێدم بە ھیچ شاعێرێکی کورد نییە، تا ئەوەی خۆم دەمەوێ بینووسن، ناچاریش نین بەم شێوەیە بنووسن کە من دەمەوێ، ئەوانیش وەکوو خۆیان دەنووسن، ناجارم خۆم ھەوڵ بۆ خۆم بدەم.

 

ماڵپه‌ڕی به‌شدار سامی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک