١٦\٥\٢٠٢١
ئەحمەد موسڵیح
گەیلانی:
دەبووایە
چالاکوانان رەمی بکرانایە.

تاهیر عیسا
ئەحمەد، کوڕی موسڵیح گەیلانی یەکێک لەو دادوەرانەی سزای ٦ ساڵ زیندانی
بەسەر چالاکوانانی بادینان سەپاند، داوای لە سێدارەدانیان دەکات و
دەشڵێت: دەبووایە چالاکوانان لەبەرچاوی خەڵک رەمی بکرانایە نەک شەش ساڵ
زیندانیکردن. ئەوەی پشتگیری گیراوانی بادینان بکات تیرۆریستە.
لە کۆمەڵگا نەریتیە دواکەوتووە باوک سالاریەکاندا، کەم وا ھەڵکەوتووە،
کوڕ و باوکێک لەسەر پرس و کێشە زۆر ھەستیار و گرنکەکانی ژیانی سیاسیی و
ئابوریی و کۆمەڵایەتییاندا، ناکۆک و ناتەبابن! بۆیە، دەکرێت زۆر جار
بەھۆکاریی ئەم پەیوەندیە خێزانیە باوکسالاریە و بەھۆکاری سۆزو
خۆشەویستی نێوان ھەردوو لاو لێک ھەڵپێکرانی بەرژەوەندیەکانیاندا، ئەم
تەباییەی نێوانیان، ئاسایی وەربگیردرێت وئاساییش لەبەرچاوبگیرێت.
بەڵام ئەوەی لەم ھاوسۆزیەی کوڕ بۆباوکدا دەبیندرێت، لە حاڵەتی، ئاسایی
بوون بەدەرە! بەڵکو، لێدوانێکە، ڕێک پێچەوانەی ئەو ژینگە خێزانیەیە،
کەکوڕ، لەپاڵ پیشەی دادوەری وباوکی بەناو دادوەرو دادپەروەردا،
پەروەردەبووە! واتە لێرەدا، دادوەریی و دادپەروەریی، تەنیا ناو و
نیشانێکی ڕۆتینی، دوور لەمانا جەوھەریەکەیەتی، لەناو ژینگەی سیاسیی
کۆمەڵگای کوردستاندا!
دادوەریی بوون، لێرەدا جگە لەوەی، وەک پیشەو بەڵگەنامەیەک، لەپڕۆسەیەکی
وشکی ئەکادیمیستیدا، دەتواندرێت، بەپێی پلەبەندی و ئاستی نمرەیی،
قۆناغی دوای تەواوکردنی خوێندنی دواناوەندی، بەدەست بھێندرێت و دواتریش،
لە دوای بەدەستھێنانی بەڵگەنامەی جۆراوجۆری وەک ماستەرو دکتۆرا،،،،،
لەڕێگای تەزکیەو لایەنگریی حیزبییەوە دەتوانێت، بەقۆناغە یەک لەدوای
یەکەکانی دەسەڵاتی دادوەریدا تێپەڕێت.
ھەتا زیاتریش، دادوەرێکی نادادپەروەری ژینگەی سیاسیی ژێر سایەی
ھەیمەنەی حیزبی بێت و بەقازانجی حیزب ودەسەڵاتە میلیشیا و سەرەڕۆکان،
کەیسەکان یەکلاکاتەوەو بۆبەرژەوەندی گشتی ئەوان دادوەرێکی لێزان و
پسپۆڕو لێھاتو بێت و لەدژی ھەر دەنگ و ڕەنگێکی ناڕازی بزوتنەوە
کۆمەڵایەتیە ناڕازیەکان بێت، ئەوا ھەرچی زیاتر چانسی چوونەسەری
زیاتردەبێت.
بەگشتی، لەناو خێزانە ئەدەب دۆستەکاندا، ھەمیشە نەوەکانیشیان زیاتر
بەرەو ئەدەبدۆستی ھەنگاو ھەڵدەگرن، وە یان لەناو ھونەرو شانۆو مۆزیقاو
ھەموو ئەوانەدا، باوک ودایک لەسەر نەوەکانیان، کەم تا زۆر بەباری
ئەرێنیدا، کاریگەریی دادەنێن و دەبن بە ھونەر دۆست!
بەڵام، پەیامی، ئەم دادوەر زایە، پێچەوانەی ئەوە دەسەلمێنێت، کە باوک
بەباریی نەرێنی وەک داوەر، کاریگەری لەسەر کوڕداناوە، نەک بەباری
ئەرێنیدا. ئەمەش زیاتر ، ئەو بۆچوونەمان پشتڕاست دەکاتەوە، کە دادوەریی
و سیستەمەکەی، پێچەوانەی تێگەیشتنێک کە لەئاستی کۆمەڵگادا لەسەری،
چەسپاوە تەنیا شکڵێکە بۆ پیشاندانی تابلۆ و وێنەیەک، بۆ بەلاڕێدابردنی
ڕوانگای گشتی، دەنا لەبنەڕەتەوە، وەک دام ودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی دیکەی
وەک پاراستن و زانیاری و پۆلیس و ئاساییش و زێرەڤانی یەکەکانی حەفتاو
ھەشتا،،،،بۆ پارێزگاری لەبنەماڵەو حیزب وبەرژەوەندیەکانیان دامەزراون.
ھەروەک وتم، دادوەریش، لەناو جیھانی ئەمڕۆی دنیای لینگاو قوچی
سەرمایەداریدا، وەک ھەر شەھادەو بەڵگەنامەیەکی ئەکادیمیستی دیکەدا،
تەنیا، پێوەرە بۆ ئەوەی چەندە دەتوانێت، لەو ڕێگایەدا، بکەوێتە خزمەت،
ئەم پڕۆسەی سەرمایەو سەرمایە گوزاریی و تاڵانکاریەوە، وەتایبەتی تریش،
پڕۆسەیەک لەکوردستاندا، کە حیزبی بۆرژوای میلیشیایی لەژێر ناوی
دیموکڕاسیی و پلۆڕالیزمدا،بۆ سێ دەیەیە، دەستیان داوەتێ و ئەمڕۆکەش،
دەیانەوێت، سەرباریی پێشینەی پڕ لە کوشتن و تیرۆرو سەرکوتکاریی
بزووتنەوە ناڕازیەکان و چالاکانی سیاسییان، لەڕێگای دام ودەزگای
نادادپەروەرانەیان، چۆک بەکۆمەڵگاو چالاکانی سیاسییاندابدەن.
کوڕی ئەم دادوەرە، بەم لێدوانەی، کەخوازیاری سێدارەو ڕەمیکردنێکی
داعشئاسایانە، ئەگەر چی ھیستریای بەرەنجامی شەپۆلێکی پڕلە توڕەیی و
ڕەخنەی توندی بەرفراوانە، کە لەئاستی شەقام وکوچە و کۆڵانە و تەوای
ناوەندەکانی ژیان وکارو خوێندن، لەکوردستانداو وە لەئاستی جیھانیشدا ،
لەدژی باوکی ناداپەروەریی و تەواوی سیستەمی دادوەریی و خوداوەندە
ستەمکارەکانی ژوور سەریان، دەستی پێکردوە، نەک ناتوانێت، تۆزقاڵێک
ھاوکێشەکە بەقازانجیاندا بشکێنێتەوە، بەڵکو، زیاتر لەبڕیاری دادگاکەیان،
دادگاو باوکی ڕۆبۆتی قوڕمیشکراوی خۆی خستە ژێر پرسیاریی نادپەروەریی و
ستەمکاریەوە.
١٣\٥\٢٠٢١
taheresa_9@hotmail.com
|