په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢۴\٨\٢٠١٠

کورسی دەسەڵات و زانکۆکانی کوردستان.
- ٥)

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز*

سەرەتا، منیش لەگەڵ هۆنەری پایەبەرزی کورد {مەحویی}دا، بە دەنگێکی بەرز و زۆر ڕاشکاوانە دەڵێم:


بە حەق هەر حەق، بە ناحەق ناحەقم وتووە، لە ڕۆژێ بووم
وەکوو {مەنصور}، ئەگەر بیشمکوژن، ناکەم، لە حەق لادەم


وەک لە گوتاری {پەتای کورسی دەسەڵات}دا نووسیومە: سەرکردەی پارتەکانی {کوردستان}، ئاوێکی وا خاوێنیان نەڕشتووە، تا هەموو دەسەڵاتدار و لێپرسراوەکانی دیکەی کورد، لە هەر جێگە و پۆستیکدا بووبن، پێیان لێ نەخستبێ. چونکە وەک کورد گوتوویەتی: گەورە ئاو دەڕێژێ و پچووک پێی لێَدەخا!


لەبەرئەوە، دەردێکیان لە ڕیزەکانی نەتەوەکەدا بڵاوکردووەتەوە، گەر لە دەردی تاعون و شێرپەنجە ترسناکتر نەبێ، مەترسیی کەمتر نییە، ئەویش پەتای گەندەڵیی و ئارەزووی دەسەڵات وەرگرتنە. چونکە ئەو دوو دەردە کوشندەیە، چەن مرۆیەک دەکوژن و هەموو کۆمەڵەکە لەنێونابەن. بەڵام ئەم پەتا گەورەیەی دیکە، بنچینە سەرەکیی و دینگە بەهێزەکانی کۆمەڵ هەڵدەتەکێنێ و لەنێویدەبا. ئەم نەریتە خراپە، وەک تاعون، لە نێو هەموو دەزگەکانی میریی هەرێمدا ڕەنگیداوەتەوە.


لە ئەم گوتارە نوێیەدا هەوڵدەدەم، چەن نموونەیەک لە سەر دەستێوەردانی پارت لە کاری نێۆخۆی زانکۆ، گەندەڵیی، پۆخڵیی، کەموکووڕیی، باری نالەباری زانست و کارگێڕیی زانکۆکانی {کوردستان} بێنمەوە.


لە ڕاستییدا، زانکۆکان واتا ڕاستەقینەکەی خۆیان وونکردووە، لە ڕێباز و خەسڵەتە ئەکادێمیکەکەی خۆیان لایانداوە. {پارتیی} و {یەکێتیی}، ململانێکەی نێوان خۆیانیان، بۆ نێۆ زانکۆکانیش گواستووەتەوە و وەک دەزگەیەکی دەسەڵات تەماشایدەکەن. لەبەرئەوە، هەموو پۆستە گرنگەکانی زانکۆ، وەک: سەرۆک، هەر سێ یاریدەدەرەکەی، ڕاگر، هەر دوو یاریدەدەرەکەی، سەرۆک بەشەکان، بێ ئەوان دانانرێن و لاشنابرێن. خوا هەڵناگرێ، ئەوانیش درێغییان نەکردووە، بە دەس و بە ددان، دەسیان بە پۆستەکانی خۆیانەوە گرتووە، نەک هەر بە هیچ شێوەیەکیش ئامادەنین، وازی لێ بێنن، بەڵکوو شەڕی کورسی دەسەڵاتیش دەکەن. هێندێ مامۆستاش ئیرەیییان پێ دەبەن، لە ڕوو ماستاویان بۆ سارددەکەنەوە، لە پاشملەش بە خراپە باسیاندەکەن. ئەمەش هەمووی تەنیا هەر لەبەرئەوەیە، ئەو پۆستانە وەک حەڵوا و گەزۆ شیرینن، چونکە کورسی دەسەڵات و پلە و پایە، پارەیەکی باشی تێدا هەیە، نەک لەبەرئەوە بێ، ڕاژەی زانست و گەلەکەیان بکەن. جا گەر وا نەبووایە، هەڵبەتە ڕۆژێ لە ڕۆژان، دەنگێ لە خاوەن پۆستێکەوە بەرزدەبووەوە، تووڕیی و بێزاریی خۆی، بەرانبەر ئەو هەموو گەندەڵیی و بارە نالەبارەی زانکۆ دەردەبڕی، یا هەر هیچ نەبووایە، یەکێکیان پڕۆژەیەکی چاکسازیی دەنووسی و بڵاویدەکردەوە. **


ئەوەی ئاشکرایە، هەموو پۆستەکان، بەگوێرەی بەرنامەی زانکۆکان، ماوەیان بۆ دیارییکراوە. بۆ نموونە: هەموو پۆستەکانی سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرەکانی، ڕاگرەکان و یاریدەدەرەکانی دەبێ، هەر چوار ساڵ جارێ نوێکرێنەوە. سەرۆک بەشەکانیش دەبێ، هەر سێ ساڵ جارێ بگۆڕێن. کاتێکیش بۆیان نوێدەکرێتەوە، گەر کادێری لە ئەوان باشتر نەبوو. ئەمە خۆی لە خۆیدا، بیانوویەکە و داتاشراوە، بۆ ئەوەی کەس لانەبەن. ئەگینا تۆ بڵێی، لە هەر یەکێ لە زانکۆکانی {سولەیمانیی} و {سەلاحەددین}، پتر لە هەزار دوکتۆر و ماستەری تێدا هەیە، لە ئەوان باشتری تێدا نەبێ، کە لە ڕاستییدا، زۆربەیان شیاوی ئەو پۆستانە نین و دەسەڵاتی {یەکێتیی} و {پارتیی}، وەک نەمام چەقاندوویانن! ئاخر، لە چ دۆزەخێکی ئەم سەر زەمینەدا هەبووە و هەیە، بە هەر شێوەیە بێ، یەکێ سواری ئەسپی پۆستێ بێ، ماوەی {10 – 15} ساڵ، لە ئەو دەشتە بەپیتەی دەسەڵات و پارەدا، غارغارێنبکا، بە مەرجێ سوارێکی باشیش نەبێ؟!


ئەو بەڕێزانەی، ئەو پۆستانەیان پێ بەخشراوە، نە بە تەمان لاببرێن و نە خۆشیان بیر لە ئەوە دەکەنەوە، وازبێنن و چۆڵیکەن، تا بوار بە یەکێکی دیکە بدەن، لێوەشاوەیی و دەسڕەنگینیی خۆی بنوێنێ، هەموو بەرنامە و پلانەکانی جێبەجێکا. چونکە هیچ بەرنامە و پلانێ، بێ دەسەڵات ناچەسپێ و سەرناگرێ، دەسەڵاتدارەکانیش نە بەرنامە و نە پلانیان نییە، حەزیش ناکەن، کەس بەرنامە و پلانی هەبێ، چونکە دەساکێن و جێیان پێ لەقدەبێ، لەبەرئەوە دەیانەوێ، تا خانەنشین دەکرێن، یا تا سەر لێواری گۆڕ، هەر بە ئەو پۆستانەوە لاربنەوە!


بۆ نموونە: دوکتۆر {ئیدریس هادی}، لە سێ کابینەی میریی هەرێمدا، سێ جار پۆستی شالیاری وەرگرتووە. واتە لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ساڵی {2010}، هەر شالیار بووە. ئەو پیاوە هەژارە، سێ لە سەر چواری ژیانی، بە شالیاریی بەسەربردووە! بەڵام تەنیا لە ئەم کابینە نوێیەدا، پۆستێکی دیکەی نوێی بۆ دەرنەچووە، ڕەنگە ئێستە خۆی بە مەغدوور بزانێ! پێشم وایە، وەک شالیاری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی، سەرکەوتوو نەبوو، چونکە سەردانمکردووە و پڕۆژەشم پێشکەشکردووە، بەڵام هیچ جۆرە چاکسازیییەکی لە زانکۆکانی هەرێمدا نەکردووە!


با لێرەدا چەن نموویەک، وەک مشتێ لە خەروارێ، لە سەر پۆستەکانی زانکۆکانی هەریم بێنمەوە. بەپێی بەرنامەی زانکۆکان نابێ، ئەوەی خوێندکاری خوێندنی باڵا بێ، هیچ جۆرە پۆستێکی هەبێ. لە هەموو زانکۆکان، گەلێ خوێندکاری خوێندنی باڵا هەبوون و هەن، پۆستەکانی زانکۆیان داگیرکردووە، جا هەر لە سەرۆک زانکۆوە بیگرە، تا بە بڕیاردەری بەشە زانستییەکان دەگا. بۆ نموونە: دوکتۆر {عیسمەت}، ماستەری هەبوو، سەرۆکی زانکۆی {دهۆک} بوو. خوێندکاری دوکتۆرا بوو، هەر سەرۆکی زانکۆ بوو. بە کورتیی: ئەوەتەی زانکۆی {دهۆک} دامەزراوە و تا ئەوڕۆش، هەر ئەو سەرۆکە و ڕەنگە، تا لە ژیانیشدا بێ، هەر سەرۆک بێ، چونکە بۆی بڕاوەتەوە و کەسیش لە زانکۆی {دهۆک}، لە ئەو باشتر نییە و شاییستەی ئەوەش نییە، ئەو پۆستە تاقیکاتەوە، مەگەر بە کودەتایەکی سەربازیی لاببرێ، ئەگینا خۆی نیازی ئەوەی نییە، دەس لە پێچکەی زێڕینی ئەو کوورسییە هەڵگرێ! یا مەگەر پارتەکەی لایبەرێ و دەمی یەکێکی دیکە، بە ئەو پۆستە چەورکا!


دوکتۆر {عادیل رەشید قادر}، ماستەری هەبوو، خوێندکاری دوکتۆرا بوو، ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی {چەمچەماڵ} بوو. ئێستەش دوکتۆرە و هەر ڕاگرە!


دوکتۆر {خەسرەو عەبدوڵڵا رەشید}، ماستەری هەبوو و خوێندکاری دوکتۆرا بوو، کەچیی لێپرسراوی پێوەندیی ڕووناکبیریی زانکۆ {بە پلەی بەڕیوەبەری گشتیی} بوو.


دوکتۆر {رەعد جۆرج میخا}، لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی {سولەیمانیی} بەشی خاک و ئاو، مامۆستا بوو، هیچ جۆرە پۆستێکی نەبوو، چونکە لەگەڵ {یەکێتیی}دا دانوی نەدەکوڵا. لە تاوادندا، کارەکەی بۆ کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی {سەلاحەددین} گواستەوە و دەسبەجێ، پۆستی یاریدەدەری ڕاگریان دایە. پاشان لایانبرد و پۆستی سەرۆکی بەشی بەروبوومی کێڵگەیان پێ بەخشی، بە مەرجێ، خۆی لە بەشی خاک و ئاو دەرچووە و لە بەشی کێڵگەش، چەندین دوکتۆری دیکەی لێ هەیە، تا ئەو پۆستە پڕکەنەوە!


هەروەهڕ چەندین ڕاگر و یاریدەدەرەکانی، سەرۆک بەش و بڕیاڕدەڕەکانی هەن، خوێندکاری خوێندنی باڵان و چەن پۆستێکیان داگیرکردووە، بە هیچ شێوەیە نە لادەبرێن، نە خۆشیان دەنگدەکەن، ورتەیان لە خۆیان بڕیوە، نەبا دەنگێ بڵاوبێتەوە و پۆستەکانیان لەکیسچێ!
___________________________________________________

* نووسەر و مامۆستای زانکۆ.
* لە ئەو ڕۆژەوە گەڕاومەتەوە و کار لە زانکۆ دەکەم {2005}، بە هەموو توانامەوە، دژی گەندەڵیی زانستیی و کارگێرَیی وەستاوم، هەوڵمداوە، ئەو دیاردە دزێوە نەهێڵم. جگە لە ئەوەی، سێ پڕۆژەی چاکسازییم نووسیوە و لە ڕۆژنامەکانیشدا بڵاومکردوونەتەوە، مانگی {نۆڤەمبەری2006}یش، لەگەڵ ئەنجوومەنی زانکۆ کۆبوومەتەوە، دەربارەی دیاردەی گەندەڵیی و بنەبڕکردنی، دەمەتەقێیەکی زۆرمان کردووە. بەڵام ئەو پۆستدارانە، نەک هەر باری سەرنجیان باش نەبوو، بەڵکوو خواخوایان بوو، زوو کۆتایی پێ بێنم و بڕۆم! ئەو کەسەی دەیەوێ، لە ئەو بارەیەوە، زانیاریی پتر بزانێ، با تەماشای ئەم سەرچاوەیە بکا: د. حوسێن م. ع.، هێندێ پەتای کوردکوژە، سولەیمانیی، 2009، ل 147، 156، 169، 179، 196.
 

ماڵپه‌ڕی دوکتۆر حوسێن محه‌ممه‌د عه‌زیز