په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٨\٢٠١٠

کورسی دەسەڵات و زانکۆکانی کوردستان.
- ٥)

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز*


گەر دەسەڵاتداران، لە پیلکەیان دەرچووبێ و حەجێکیان کردبێ، ڕاگرێکیان لابردبێ و یەکێکی دیکەیان، بە جێکەکەی شادکردبێ، ئەوا ڕاگری زۆرلێکراو، بەپێ و بە چنگەکڕێ، ڕووەو ماڵی لێپرسراوێ بەڕێکەوتووە، لە دەرگەی بەهەشتی هیوای داوە، باسی باری نالەباری خۆی کردووە و پاڕاوەتەوە، تا پۆستێکی دیکەیان بۆ دۆزیوەتەوە. گەر پۆستی ئامادەش نەبووبێ، ئەوا کۆلێژێکی دیکەیان، لە شوێنێکی دیکە بۆ داتاشیوە، نەبا {دادی یەئسی خۆی بباتە لای ئەو عارفاتی بێ} و پۆستێکی نوێی بۆ بئافرێنێ!


بۆ نموونە: پڕۆفیسۆر {فارووق عەبدوڵڵا کەریم}، دوازدە ساڵ ڕاگری کۆلێژی یاسا بوو، کاتێ بە بڕیاری شالیاری خوێندنی باڵا دوکتۆر {ئەختەر نەجمەدین} لابرا، یەکسەر هەوڵیدا و پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی کاروباری کارگێڕیی پچڕی. بە مەرجێ هەمووی زۆر نەبوو، دوکتۆر {فارووق عومەر سەدیق}، ئەو پۆستەی وەرگرتبوو، بەڵام بێ ئەوەی هیچ هۆیەک هەبێ، ئەویان لابرد و ئەمیان دانا، چونکە دەسەکەی ئەم جوان و بەهێزتربوو، هەر بە حەواوە گرتی! تا خۆشی بێزار نەبوو، لایان نەبرد و کاتێکیش بە باشی زانی، واز لە ئەو پۆستە بێنێ، خۆی بۆ کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان پاڵاوت و بە یەکەم دەرچوو!


نازانم، دوکتۆر {واحید عومەر محێدین} لە زانکۆی {سولەیمانیی}، چەن ساڵ ڕاگری کۆلێژی یاسای ڕۆژ بوو، بەڵام کاتێ لابرا، کۆلێژی زانستە ڕامیاریی و کۆمەڵایەتییەکانیان، لە شارۆچکەی {چەمچەماڵ} بۆ دامەزراند و پۆستی ڕاگری وەرگرت.


سەیر ئەوەیە، هێندێ مامۆستای زانکۆ هەن، کۆلێژێکیان تەواوکردووە، پسپۆڕییان لە بابەتێکی دیارییکراودا هەیە، کەچیی لە کۆلێژێکی دیکە ڕاگرن و کاردەکەن. بۆ نموونە: دوکتۆر {خەسرەو عەبدوڵڵا عەلی}، کۆلێژی کشتوکاڵی تەواوکردووە، کەچیی ڕاگری کۆلێژی ڤێتەرنێریی بوو. دوکتۆر {نووریی حەسەن غەفوور}، لە کۆلێژی کشتوکاڵ دەرچووە، کەچیی ڕاگری کۆلێژی پەروەردە زانستەکان بوو. دوکتۆر {عوسمان عەبدول بەرزنجیی}، کۆلێژی زمانی خوێندووە، کەچیی ڕاگری کۆلێژی وەرزش بوو. دوکتۆر {ئارم نامیق تۆفیق}، لە کۆلێژی زانست بەشی جیۆلۆجی بووە، کەچیی ڕاگری کۆلێژی بازرگانیی ئێواران بوو. لە ئەوەش سەیرتر ئەوەیە، دوکتۆر {موحەممەد عەلی عەبدوڵڵا}، چەندین ساڵ، ڕاگری کۆلێژی زانست بوو، خانەنشینکرا، کەچیی جارێکی دیکە گەڕاندیانەوە و ڕاگری کۆلێژی دەرمانسازیی بوو!


یا هێندێ خوێندکاری خوێندنی باڵا هەن، جگە لە ئەوەی پۆستیان هەیە، یا هێشتا هیچیان دەس نەکەوتووە، کەچیی دەیانەوێ، بە پەلەپڕوزێ خوێندنەکەیان تەواوکەن، پەلاماری قەڵای سەختی پۆستێ بدەن و داگیریکەن. ئەمەش نەک لەبەرئەوە بێ، زۆر لێهاتوو و شارەزابن، بەڵکوو تەنیا هەر لەبەرئەوەیە، بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان، خۆیان بە یەکی َ لە ئەو دوو پارتە دەسەلاتدارەدا هەڵواسیوە، بۆ ئەوەی پۆستێکیان دەسکەوێ. بۆ نموونە: دوکتۆر {عەبدولکەریم مەحموود - ئاکۆ شوانیی}، لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان دەرچووە، کەچیی ئەوەتەی خوێندنی تەواوکردووە، لە دوو کۆلێژی دیکەی جیاواز، دوو جار پۆستی یاریدەدەری ڕاگری وەرگرتووە، چونکە لە کۆلێژەکەی خۆی، پۆستی چۆڵ نەبووە، خۆ ناشبێ، ئەو هەموو ساڵە خوێندوویەتی و لە {یەکێتیی}شدا کۆشاوە، بێ دەسەڵات بمێنێتەوە! ئەمە وەک ئەوە وایە، کەسێ حەزبکا، لە گەڕەکێ بژی، بەڵام خانووی چۆڵی دەس نەکەوێ، بە ناچاریی، لە گەڕەکێکی دیکە، بۆ خانوویە بگەڕێ، جا هەر خانوویە بێ، گرنگ نییە، بەڵکوو گرنگ ئەوەیە، خانوویەکی هەبێ!


ئەو کادێرە ئەکادێمیکانەی لە دەرەوەی ووڵاتیش گەڕاونەتەوە، ئەمانیش دوو جۆرن. هێندێکیان مەرجیان هەبووە و هەر لە پۆستەکانی شالیارگە، سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرەکانی، ڕاگر و یاریدەدەرەکانی، سەرۆک بەشەکانەوە، بۆیان دابینکراوە. واتە: یەکسەر بە دەسەڵاتەوە دامەزراون و زۆربەشیان سەرکەوتوو نەبوون. چونکە زۆربەیان، هەرگیز لە زانکۆ کاریان نەکردووە، شارەزایییان لە ئەو کارانەدا نەبووە و هیچ جۆرە ئەزموونێکی پێشینەشیان نەبووە. جا وەک سەرکردەی پارتەکان بڕیاریانداوە، لە نێو ئینجانەی ئەو پۆستانەدا بیانڕوێنن، با هیچ نەبووایە، چەن مانگێ خولێکی کارگێڕیییان بۆ ئەو بەڕێزانە بکردایەتەوە و شتێ فێربوونایە، ئینجا دەس بە کاربوونایە!


ئەمە وەک ئەوە وایە، لە شۆڕشی کۆن و نوێی گەلەکەماندا، ئەو پێشمەرگەیەی پلەبەپلە، بە ئازایەتی و پاکیی خۆی، هێڵی ئاگر و خوێنی بەرەکانی جەنگی دەبەزاند، وردەوردە پێشدەکەوت، تا بە لێهاتوویی خۆی، پۆستێکی سەربازیی وەردەگرت. لەبەرئەوە خۆی و پێشمەرگەکانی، زۆر دڵسۆزانە و ئازایانە، کاریاندەکرد و دژی دوژمنی داگیرکەر دەجەنگان. بەڵام ئەوانەی بە ئەو قۆتاغەدا تێپەڕنەبووبوون، لەبەر هەر هۆیە بووبێ، پۆستێکی سەربازیی یا کارگێڕیییان پچڕیبوو، نەک هەر هەمیشە، خۆیان لە بەرەکانی جەنگ دەپاراست، بەڵکوو توانای بەڕێوەبردنی لقێ یا بەتالیۆنێکیشیان نەبوو. ئاخر بۆیە، نە خۆیان هیچ بوون، نە شۆڕشەکانیش سەرکەوتووبوون!


بۆ نموونە: دوکتۆر {رەفیق سابیر} قایل نەبوو، لە {سوید} بگەڕێتەوە و وەک مامۆستایەک، لە زانکۆ کاربکا. لەبەرئەوە چەندین جار هاتوچۆیکرد، چەندین لێپرسراوی {یەکێتیی} بینی، تا پۆستی بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆڵۆجی زانکۆی {سولەیمانیی} پچڕی، کە بە پلەی بریکاری شالیار دامەزرا، چونکە دەسەڵات و پوڵێکی زۆری تێدا هەیە. لە هەمان کاتیشدا، کارێکی وای کرد، بە هۆی سەرۆکی میریی هەرێمەوە {عومەر فەتاح}، مەڵبەندەکەی لە زانکۆ جیاکردەوە و بە ئەنجوومەنی شالیارانەوە گرێیدا، بۆ ئەوەی لە بندەسی سەرۆکی زانکۆدا نەبێ، دەسەڵاتی پتربێ و ئازادبێ، چونکە هەر دووکیان بە پلە، وەک یەک وان و بریکاری شالیارن! پاشان مەڵبەندەکەشی بەجێهێشت، چونکە خۆی بۆ پۆستێکی باشتر ئامادەکردبوو، لە سەر لیستی {یەکێتیی}، کورسییەکی لە پەرلەمانی {کوردستان} پچڕی و وازی لە مەڵبەند هێنا! مەڵبەندەکەش ئەوەیە، کە دەیبینین، نەک لە سەردەمی ئەودا هەر پێش نەکەوت، بەڵکوو ئێستە، ئاییندەی دیار نییە، لە نێوان زەوی زانکۆ و ئاسمانی ئەنجوومەنی شالیاراندا هەڵواسراوە!


دوکتۆر {ئەلبێرت عیسا} ویستی، لە {فڕەنسە} بگەڕێتەوە و لە زانکۆی {سولەیمانیی} دامەزرێ. ئەوە بوو، گەڕایەوە و داوای پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی کرد. بەڵام لێپرسراوانی {یەکێتیی}، داواکەیان پەسەند نەکرد. بە هۆی قەشەی {سولەیمانیی}ەوە، خۆی گەیاندە {مام جەلال} و پۆستی ڕاگریی بۆ بڕییەوە. بەڵام لەبەرئەوەی، پۆستی ڕاگریی چۆڵ نەبوو، بیدەنێ، کۆلێژی زانستە ڕامیارییەکانی ئێوارانیان بۆ داتاشی و بوو بە ڕاگر. ئاخر، ئەو ئەندامی {یەکێتیی}یە و {مام}یش بڕیاریداوە، ئەو پۆستەی بدەنێ، ئیدی چۆن مامۆستایی دەکا و گەر ئەویش نەگەڕێتەوە، زانکۆ پەکیدەکەوێَ؟! بە مەرجێ، لە ماوەی دەسەڵاتەکەیدا، جگە لە ئەوەی گرفتێکی زۆر، لە لایەکەوە لە نێوان مامۆستاکان و لە لایەکی دیکەشەوە، لە نێوان مامۆستایان و خوێندکاراندا هەبوو، کۆلێژەکەشیان داخست و بە پێویستیان نەزانی! ئینجا گرفتەکە لە ئەوە دایە، ئەم کادێرە ئەکادێمیکەی لە هەندەران گەڕاوەتەوە، چی لێ بکەن و چ پۆستێکی دیکەی بدەنێ؟! چونکە بۆ شانوشەوکەتی جوان نییە، هەر نابێ و ناشێ، دوێنێ ڕاگربووبێ و ئەوڕۆش مامۆستا بێ!


لەبەرئەوە، بە هەموو لایەکدا دەگەڕا و هەوڵیدەدا، تا پۆستێکی نوێی بۆ بدۆزنەوە. ئەوە بوو، بازیان هەڵدا، باز بە سەر کۆلێژی هونەرەوە گیرسایەوە. چونکە ئەو هونەرمەندە گەورەیە، ساڵی جارێ پارچەیە موزیکی دەژەن! لەبەرئەوە پۆستی ڕاگری کۆلێژی هونەریان، بە دیاریی پێشکەشکرد. ماوەیەکی زۆر کەم، لە ئەوێ مایەوە و بە ئەوەش قایل نەبوو. ئینجا بە تەمای پۆستی شالیاریی بوو. بەڵام نەیتوانی، بیپچڕێ، چونکە پێشبڕکێکە تولەوتانجی دەپسان، خەڵکێکی زۆری تێ ورووکابوو، کارتی بەهێزتریشیان پێ بوو، لە ئەو لە پێشتربوون، لە ئەو ددانیان تیژتر و دەسیشیان درێژتربوو! تا ئەم جارەش {مام} فریاکەوتەوە، ئاوێکی پڕ بە سۆزی بە ئەو ئاگرە سوورەی ململانێی دەسەڵاتدا کرد، پۆستی باڵوێزی بۆ دۆزییەوە، لە دۆزەخی ململانێی نێو زانکۆ قوتاریکرد و جارێکی دیکەش، بە بەهەشتی {ئەورووپا} شادبووەوە، بەڵام ئەم جارەیان، بە دەسەڵاتێکی نوێ و گەورەترەوە گەڕایەوە!


لە هەمووشی سەیرتر ئەوەیە، دوکتۆر {بارزان یاسین موحەممەد}، کە هەمووی چەن مانگێ دەبێ، لە {ئیتالیا} گەڕاوەتەوە، یەکسەر پۆستی ڕاگری کۆلێژی هونەری پێ دراوە، بە مەرجێ، تا ئێستە پلەی زانستیی پێ نەبەخشراوە و لە لاپەڕە {219}ی ڕێبەری زانکۆدا، ئەو شوێنەیان بە چۆڵیی هێشتووەتەوە! ئەمەیە دەڵێ، ئەوەتەی لەدایکبووە، کەوچکی زێڕی لە دەم دایە!


هێندێکی دیکەیان لە هەندەران بێزاربوون، یا کاریان دەس نەکەوتووە، گەڕاونەتەوە و هەر دوو پارتی دەسەڵاتداریش، وەک لە ئاسمانەوە و لە ئەستێرەیەکی دیکەوە باریبن، چەن پۆستێکیان بە چەن کەسێکیان داوە، ماوەیە لەگەڵیدا ڕۆیشتوون و کاریانکردووە، بەڵام هیچ شتێکی نوێیان، پێشکەش بە زانست و زانکۆ نەکردووە، بۆیە زۆر سەرکەوتوو نەبوون. لەبەرئەوە، هێندێکیان لابردوون و هێندێکی دیکەشیان لەبەر هەر هۆیەک بێ، بە پوڵێکی باش خانەنشینکردوون!


هێندێکی دیکەشیان، دەروێشی بیر و باوەڕئاسا، لە دەسەڵاتەکەی میریی هەرێمیان ڕوانیوە و گەڕاونەتەوە، ئەزموونەکەیان لە ئامێزگرتووە، تا توانیویانە، وەک سەربازێکی گومناو، ڕاژەی زانکۆیان کردووە، کەچیی کەس هیچی بە کڵاویان نەپێواوە، چونکە زۆربەیان سەربەخۆبوون! مەگەر کەسایەتی ئەو کادێرە خۆی بەهێزبووبێ، جێپێی خۆی کردبێتەوە، ئەگینا بە هەموو شێوەیە دژایەتییانکردووە و هەوڵیانداوە، لە هەموو شتێ دووریخەنەوە، نەبا زیانی بۆ پەزەکانیان هەبێ!
________________

* نووسەر و مامۆستای زانکۆ.

ماڵپه‌ڕی دوکتۆر حوسێن محه‌ممه‌د عه‌زیز