په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٩\٢٠١٠

کورسی دەسەڵات و زانکۆکانی کوردستان.
- ٥)

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز*

 

دەربارەی سیستەمی نوێی خوێندن و کارکردنی زانکۆکانی هەرێم، شالیاری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی پڕۆفیسۆر دوکتۆر {دلاوەر عەلاددین}، پڕۆژەیەکی نوێی بۆ چاککردنی باری نالەباری زانست و کارگێڕیی زانکۆکانی هەرێم گەڵاڵەکردووە. لە ڕاستییدا ئەو پڕۆژەیە، وەک هەموو شتێکی دیکەی ئەم جیهانە، لایەنی چاکە و خراپەی خۆی هەیە. بەڵام بێ ئەوەی، لە ئەو پڕۆژەیە بکۆڵرێتەوە و ڕەهەندە قووڵەکانی دیارییکرێ، جگە لە کەمینەیەک نەبێ، تا ئێستە پشتگیریی ئەو پڕۆژەیەیان کردووە، یەکسەر کاردانەوەیەکی نەرێنی لە نێو زۆربەی مامۆستایانی زانکۆکانی هەرێمدا پەیداکردووە، کارێکی خراپیشیان، لە دید و بۆچوونی لێپرسراوانی هەر دوو پارتی دەسەڵاتدار کردووە. ئەوانەش دوو دەستەن:


1. هەموو ئەو کۆنپارێز و خاوەنپۆستە بەرژەوەندییخوازانە دەگرێتەوە، کە دەیانەوێ، گەر ڕەوڕەوەی گالیسکەی مێژوو، بەرەو دواوە نەخولێتەوە، بەرەو پێشیشەوە نەڕوا و لە شوێنی خۆی بچەقێَ! واتە: هیچ جۆرە گۆڕانکاریییەکی نوێ و چاکسازیییەک، لە سیستەمی کۆنی داڕزیوی زانکۆکاندا نەکرێ. زۆربەی ئەمانەش، خۆیان لە هێندێ سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرەکانی، ڕاگر و یاریدەدەرەکانی و سەرۆکی بەشە زانستییەکانی کۆلێژەکاندا دەبیننەوە. چونکە جگە لە ئەوەی، کورسی دەسەڵات و پارەیان لەکیسدەچێ، بەپێی ئەم سیستەمە نوێیەش بێ، هیچ کەسێ بۆی نییە، لە ماوەی دیارییکراوی خۆی پتر، لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، یا جارێکی دیکە، خۆی هەڵبژێرێتەوە. یا پسپۆڕییەکی دیارییکراوی هەبێ و لە کۆلێژێکی دیکە، ڕاگر یا یاریدەدەری ڕاگر بێ! ئاخر خاوەنپۆستی وایان تێدا هەیە، هێندە لە سەر ئەو کورسییە دانیشتووە، هێندێ لە زانستەکەی خۆی بیرچووەتەوە و گەندەڵ بووە. بۆیە دژی خودی شالیار و پڕۆژەکەی دەوەستنەوە!
2. هەموو ئەو خاوەن ماستەرانە دەگرێتەوە، کە دەیانەوێ، لە ماڵی خۆیاندا دانیشن و بە ئاسانیی دوکتۆرا بێنن. جا ئەو دوکتۆرا جوانەی کە لە زانکۆکانی هەرێمیش دەدرێ، بە ئەو هەموو بێ توانایی و کەموکووڕییەی کە هەیە!


بەڵام جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەی شالیاری نوێ، هەروا ئاسان نییە و بگرە زۆر قورسیشە. چونکە لە لایەکەوە، لەشکرێکی گەورەی کۆنپارێزان دژی وەستاون. لە لایەکی تریشەوە، ئەو دەیەوێ، بە یەک جار، سەرلەبەری گرفتەکان چارەسەرکا و لە هەموو زانکۆکانی هەرێمیشەوە دەسیپێکردووە. لەبەرئەوە، دوژمنێکی زۆری بۆ خۆی پەیداکردووە. ئەمەش، نەک لەبەرئەوە بێ، پڕۆژەکەی زیان بە زانست و پێشکەوتنی زانکۆکان بگەیەنێ، بەڵکوو تەنیا لەبەرئەوەیە، زیان بە بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان دەگەیەنێ!
**
 

هەڵبەتە باشتر وابوو، سەرەتا شالیاری نوێ، نموونەیەکی وەرگرتایە، لە یەکێ لە زانکۆکانی هەرێمەوە دەسیپێبکردایە، گەر ئەو نموونەیە سەرکەوتووبووایە، ئەو کاتە، ئەو ئەزموونەی لە زانکۆکانی دیکەش دووبارەکردایەتەوە. یا سەرەتا، تەنیا گرفتێکی دیارییکراوی هەڵبژاردایە و هەموو توانای خۆی، بۆ لەنێوبردن و چارەسەرکردنی ئەو گرفتە تەرخانکردایە، چونکە گرفتەکان زۆرن و هەمەجۆریشن!


جگە لە ئەوەی، تا ئێستە هەر دوو دەسەڵاتەکە، بە تەواویی یەکیان نەگرتووەتەوە، لە زۆر بواردا، نیشانەکانی دوو کارگێریی پێوە دیارە. ئەو دووبەرەکیی و دوو دەسەڵاتەی هەشبووە، لە زۆربەی بوارەکانی ژیانی ڕۆژانە، کاری ڕامیاریی و بەڕێوەبردنی زانکۆکاندا ڕەنگیانداوەتەوە. لەبەرئەوە دوور نییە، لە نێوچەکانی ژێر دەسەڵاتی {پارتیی}دا، ئاستەنگی بۆ پەیدا نەبێ و خاوەنپۆستەکانی ئەو زانکۆیانەش، بڕیارەکانی پشتگوێ نەخەن. مەگەر سەرۆکی هەرێم بە تایبەتیی و سەرکردایەتی {پارتیی} بە گشتیی یارمەتیبدەن، ڕەوشێکی وای بۆ بئافرێنن، کە بڕیارەکانی وەک یەک، لە هەموو زانکۆکانی هەرێمدا جێبەجێکرێ و ڕێز لە واژووەکەی بگرن. ئەمەش، بە ئەرکێکی نیشتمانیی سەرشانی ئەو لایەنانە دادەنرێ!


یەکێ لە ئەو خاڵە هەرە باشانەی پڕۆژەکە ئەوەیە، بەپێی سیستەمی نوێی خۆپاڵاوتن بۆ هەموو پۆستە گرنگەکانی زانکۆ دەبێ، بە شێوەیە بێ، لەگەڵ گیانی سەردەمەکە، پڕۆسەی دێمۆکراسیی و مافی چوونیەکیی هەموو مامۆستایانی زانکۆدا بگونجێ. واتە: هەر دوکتۆرێ ئەو مەرجانەی تێدا هەبێ، کە لە سیستەمی نوێدا ڕاگەیەنراوە، بۆی هەیە، بۆ ئەو پۆستانە خۆی بپاڵێوێ. بە مەرجێ، کورتەیەکی ژیانی خۆی، پێشکەش بە لایەنە بەرپرسەکان بکا، شارەزایی کارگێڕیی هەبێ و ئامادەی چاوپێکەوتنیش بێ. گوایە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو مەرجانەدا، بە شێوەیەکی ڕوون و بە گوێرەی بڕیاری کۆمیتەیەک، پاڵێوراوێ بۆ هەر پۆستێ هەڵدەبژێررێَ. نەک وەک جاران، هەر دوو پارتی دەسەڵاتدار، پۆستەکان بە نهێنیی، لە نێوان خۆیاندا دابەشکەن و بە سەر هەوادارانی خۆیاندا بیبەخشنەوە، گەمەش بە چارەنووسی زانکۆکان بکەن، کە زۆربەشیان شیاوی ئەو پۆستانە نەبوون و نین، بەڵکوو پارتەکانیان لە ئەو شوێنانەدا دایانناون، تا لە ڕووی ڕامیاریی، پارتایەتی و بەڕێوەبردنەوە، کۆنترۆڵی کۆلێژ و زانکۆکان بکەن.


بەڵام بە داخێکی زۆرەوە، خەریکە گوڵی هیوای ئەم جارشمان، هەروا بە خۆڕایی و بە زوویی هەڵدەوەرێ، باوەڕمان بە شالیاری نوێش لەقدەبێ. چونکە ئەم بڕیارە وا دەرنەچوو، زۆربەی مامۆستایان، بە شانۆگەریییەکی نوێی دەزانن. بۆ؟ لەبەرئەوەی، کاتێ پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی کاروباری کارگێڕیی ڕاگەیەنرا، نزیکەی دە کەس خۆی بۆ ئەو پۆستە پاڵاوت. ئەوەی ئەز ئاگام لێی بێ و لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە بیستبێتم، بڕیار وابوو، دوکتۆر { موحەممەد کەساس} هەڵبژێررێ، گوایە ئەمە بڕیاری کۆمیتە و ڕای سەرۆکی زانکۆش بووە. کەچیی لە هەمان کاتیشدا، پێش چاوپێکەوتنەکە بە هەفتەیەک، لە نێو زانکۆدا دەنگبڵاوبووەوە، کە دوکتۆر {بەختیار} دادەنرێ و داشنرا. جا گەر ئەمە ڕاستبێ، لە دووفاقیی و دووڕوویی پتر، هیچی دیکە ناگەیەنێ!


ئەوە جگە لە ئەوەی، دوا مۆڵەتی پێشکەشکردن بۆ پۆستەکە، ڕۆِژی {07. 06. 2010} بوو. کەچیی، ڕۆَژی {13. 07.}، چاوپێکەوتنەکە، لە شالیارگەی خوێندنی باڵا کرا، کە ماوەی مانگێک و شەش ڕۆژ دواکەوت و زانکۆش لە ئەو ماوەیەدا، پتر لە دوو مانگ، بێ یاریدەدەری سەرۆک مایەوە. جا کەواتە، لە ڕووی چاکسازیی کارگێڕیی، دژایەتیکردنی بێرۆکراسیی و کارڕاپەڕاندنەوە، چی گۆڕاوە و چی کراوە؟! کە ئەوە پچووکترین نموونەیە و پێوەندیی بە هیچ لایەنێکەوە نییە، تا بڵێن، تەنگژەیان لە بەردەمدا ئەفراندووە، مەگەر لێپرسراوانی زانکۆ و کۆمیتەی {یەکێتیی} لە نێو خۆیاندا، لە سەر کاندیدێ نەیانتوانیبێ، لە ماوەیەکی کەمدا، خۆیان ساغکەنەوە!


بە ڕاستیی، ئەمە کەلتووری {بەعس}م بیردێنێتەوە و بە میرات بۆ هەر دوو پارتە دەسەڵاتدارەکەی {کوردستان} ماوەتەوە. بۆ نموونە: {ساڵح ئەلعانی}، یەکێ لە خوێندکارە تەوەزەلەکانی کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی {سولەیمانیی} بوو. کەچیی، کاتێ خوێندنی بەکەلۆریۆسی تەواوکرد، یەکسەر پۆستی جێگری ڕاگری کۆلێژیان دایە. وەک سەگێکی هاریش، لە گیانی نیشتمانپەروەرانی کورد بەربوو، تا دەسی دادپەروەرانەی کوردپەروەرانی گەیشتێ و گیانی پۆخڵیان، بە دۆزەخی دوژمنایەتی کورد سپارد!


لێرەدا گرنگ ئەوەیە، شالیاری نوێ، ورەی بەرزبێ، لە پڕۆژەکانی خۆی پەشیمان نەبێتەوە، پێ لە سەر دید و بۆچوونەکانی خۆی داگرێ و بیانچەسپێنێ. گەر لە هەموو لایەکیشەوە، گوشاریان بۆ برد، ئەوا زۆر مەردانەترە، بە هەموو شنەبایەک نەچەمێتەوە و لە پرینسیپەکانی خۆی لانەدا. گەر هەر چاریش نەبوو، گوشاری ڕامیاریی پتری لە سەربوو، ئەوا وا چاکترە، شەقێ لە ئەو کورسی دەسەڵاتە گەندەڵە هەڵدا و بۆ گەندەڵکارانی بەجێبێڵێ. نەک وەک شەپۆلی زەریا، هەر لە هەڵکشان و داکشاندا بێ، لەگەڵ بڕیار و گوشارەکانی دەسەلاتداراندا بگۆڕێ و لە بڕیارەکانی خۆی پاشگەزبێتەوە!

__________________________________

* نووسەر و مامۆستای زانکۆ.

** کاتێ لە کۆبوونەوەی ڕۆژی {08. 07. 2010}دا، ڕووبەڕوو، هێندێ ڕەخنەم لەپڕۆژەکەی شالیاری نوێ گرت و لە هەمان کاتیشدا، پشتگیریی تەواویی خۆم بۆ دەربڕی، زۆربەی خاوەنپۆستەکان پێیان ناخۆشبوو. بەڵام زۆربەی مامۆستایان پێیان باشبوو، دەسیان بەرزکردەوە و چەپڵەیان لێدا. تەنانەت ڕاگرێکی برادەرم پێی گوتم: کارێکی باشت نەکرد، چونکە دڵی ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆت لە خۆت یەشان و ئیدی بۆ هیچ شتێ دەنگت نادەنێ. منیش گوتم: زۆر گرنگ نییە. چونکە ئەوە کاری ئێستەم نییە، بەڵکوو ئەوەتەی گەڕاومەتەوە، دژی گەندەڵیی دەکۆشم، بۆیە لە دڵ و دەروونێکی خاوێنەوە، ئەو قسانەمکردووە و پشتگیریی خۆشم بۆپڕۆژەکەی ڕاگەیاندووە!

 

ماڵپه‌ڕی دوکتۆر حوسێن محه‌ممه‌د عه‌زیز