په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١٠\٢٠١٥

کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم"ی "شوان عەتووف" لە سلێمانی نمایشکرا.
 

مەنسوور جیهانی


کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" لە نووسین و دەرھێنانی "شوان عەتووف" لە ئەنستیتۆی کەلەپووری کورد لە شاری سلێمانی نمایشکرا.

کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" لە نووسین و دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" بە تیشک خستنەسەر شێعرێکی "مەولانا جەلالەدین ڕۆمی" و بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتیی فەرھەنگی و ھونەریی کورد لە ھۆڵی ئەنستیتۆی کەلەپووری کورد لە شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان نمایشکرا و لە لایەن سینەماکاری کورد "حەسەن عەلی" خوێندنەوەیەکی بۆ کرا و پاشان کۆڕی ڕەخنە و ھەڵسەنگاندیی فیلمەکە بەڕێوەچوو.

لەم بەرنامەیەدا کە بە پێشکەشکاریی سینەماکاری کورد "کەریمۆک" بەڕێوەچوو، چەندین کەسایەتیی فەرھەنگی و ھونەریی کورد لەوانە: "خالید دۆسکی" وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، "مەزھەر خالقی" گۆرانیبێژی ناوداری کورد و بەڕێوەبەریی گشتیی ئەنستیتۆی کەلەپووری کورد، "بابەکر دڕەیی" بەڕێوەبەریی گشتیی ڕۆشنبیری و لاوانی پارێزگای سلێمانی، کۆمەڵێک لە سینەماکارانی کورد، ھۆگرانی ھونەریی سینەما و ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی شاری سلێمانی تیایدا ئامادەبوون.

دەرھێنەری کورد "حەسەن عەلی" سەبارەت بە چیرۆکی کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" گوتی: بەڕای من، ھەڵبژاردنی چیرۆکی ئەم فیلمە زۆر ھەڵبژاردنێکی نایاب و جوانی "شوان عەتووف" دەرھێنەری فیلمەکە بوو کە سینەما لە فەزای ئەمڕۆی دنیادا کارەکەی ئەمەیە کە تیشک بخاتە سەر ڕووداوەکانی ڕۆژ و ھەروەھا بابەتی گرینگ بخاتەڕوو کە پەیوەندیی بە ژیانی مرۆڤایەتییەوە ھەیە لە چاخی خۆیدا.

گوتیشی: لێرەدا ئەو تایبەمەندییە کە بە لای منەوە زۆر گرینگە و دەرھێنەر ھەڵیبژاردووە بەراوردێکی زۆر جوان نیشاندەدات لە نێوان ئایین لە دوو ڕێبازدا، ئایین بە ڕێبازیی سۆفیایەتیی و ڕێبازیی پاک کە کەسایەتیی فیلمەکەی وەکوو نموونە لە "مەولانا جەلالەدین ڕۆمی" وەرگرتووە و ھەروەھا ئایین بەو دیوە ناشیرینەکەی کە لە گرووپە تیرۆریستییەکانی ئەم سەردەمە و یا ڕابردوو بەدیکراوە.

ئەم سینەماکارە کوردە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: ئەو بەراوردە زۆر جوانە، بۆ نموونە لەم سەردەمەدا کە ڕووداوەکان کاریگەرییان کردۆتە سەر مرۆڤایەتیی ناوچەکە و ھەروەھا بەتایبەتی ئەم دەڤەرەی ئێمە، لە سینەمادا بۆ دەرھێنەرێک کە بیھێەوێت باس لە مەسەلەیەکی زۆر چەتوون بکات زۆر ئەستەمە و دەرھێنەری کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" زۆر جوان بۆی چووە و نموونەیەکی باشی ھەڵبژاردووە، بۆ ئەوەی کە بتوانێت پەیامی خۆی بسەلمێنێت لە ئیدانە کردنیی ئەو کەسایەتیی و ئەم ڕێبازە پیسانە و بە بەڵگەیەک ئەو کارەی کردووە کە دێت بەرانبەرەکەی نیشانی بینەر دەدات. ئەو بەرانبەرەی ڕێگا پاکەکەی ئایینە کە ھەموو شتێک لە ھەموو مادییاتی ژیان پاک دەکاتەوە.

ئەوەیشی خستەڕوو: یانی "مەولانا جەلالەدین ڕۆمی" جوانترین نموونەیە کە دەرھێنەرەکە ھەڵیبژاردووە کە ڕێبازی ئەو ئینسانەیە و لەڕاستیدا ئایینی ئەو مرۆڤە خۆشەویستییە. یەکێک لە قسە ھەرە گرینگەکانی "مەولانا" ئەوەیە کە دەڵێت: ئایین ئەوەیە کە وەکوو ڕووەکێک لە ناو دڵی مرۆڤەکان بە گوێرەی گەشەپێدانی پێگەیشتووی عەقلی ئەو ئینسانە بەر دەگرێت، یانی ئەوە فەلسەفەیەکی زۆر قووڵە کە ھەموو شتێک لە خۆشەویستیدا چڕدەکاتەوە، لەوانە: خۆشەویستی بۆ مرۆڤ، خۆشەویستی بۆ سروشت و ھەروەھا خۆشەویستی بۆ خودا. یانی ئەو ڕێبازە دروست بە پێچەوانەی ئەو ڕێبازەیە کە ئەمڕۆکە ئایین لەوە نیشاندەدەن کە لە پێناویی گەیشتن بە خودا دەبێت بکوژی، سەر ببڕی و ھەروەھا خوێن بڕێژیی.

"حەسەن عەلی" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: ئەوەی کە لێرەدا پێم جوانە ئەوەیە کە ململانێی ئەم فیلمە لەگەڵ تیرۆریستاندا نییە و ململانێی کاڕاکتێرەکە لەگەڵ خۆیدایە و کەوتۆتە ململانێی لەگەڵ خۆیدا، لە نێوان دوو ڕێبازدایە ڕێبازێک کە لە باخەکەی باوکییدا کەسێک بووە کە لە ژێر کاریگەریی ئەو فەلسەفە جوانەی مەولانادا بووە و ئێستاکە باوکیی پێی دەڵێت کە کوڕم بۆ کەوتوویتە ناو ئەو ڕێبازە پیسەوە، ئیدی خۆی لەگەڵ ململانێی خۆیدا دەژیی.

گوتیشی: ئەوەی کە لێرەدا جوانە ئەوەیە کە دەرھێنەرەکە تیشکی خستۆتە سەر ململانێی کاڕاکتێرەکە لەگەڵ خۆدی کەسایەتییەکەدا و ئەوەش شتێکی زۆر جوانە دیسانەوە لە پشتەوەی ئەوە دەتوانین کۆمەڵێک سوودی مانا وەربگرین.

ئەم ڕەخنەگرە سەبارەت بە فۆڕمی کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" گوتی: شێوەی گێڕانەوەی ئەم فیلمە وەکوو فۆڕم بە دوو شێوازە، لەوانە: وێنە و دەنگ. ئەو دەنگەی لە وجوودی دیالۆگی ئەکتەرەکانە و ھەروەھا ئەو دەنگەی کە لە بەگڕاوندەوە دێت و دەنگی باوکەکەش ھەر چیرۆک گێڕانەوەیە. بە بڕوای من جوانترین پلانی ئەم فیلمە کە لە سینەماشدا زۆر گرینگە دیمەنی دەسپێکی فیلمەکەیە، ئەم پلانە کارێکی زۆر گرینگی تێدایە ھەم لە لایەنی دیمەنەوە و ھەمیش لە لایەنی ماناوە کارێکی زۆر جوانی تێدا کراوە کە بۆ من زۆر سەرنجڕاکێشە. ئەوەیش پیشاندانی ھەر سێ قۆناغی منداڵی، گەنجی و گەورەبوونی ئەم کاڕاکتێرەیە لە جلووبەرگیی سۆفیایەتیی "مەولانا"دا بە بینەر نیشان دەدرێت. دەرھێنەر بە نیشاندانی ئەم پلانە جوانە ھەندێک ئاساناکاریمان بۆ دەکات بۆ ئەوەی کە کاڕاکتێرەکان باش بناسین.

"حەسەن عەلی" سەبارەت بە وێنەگرتنی کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" گوتی: دوای وێنەی دەسپێکی فیلمەکە و تا ئەو کاتەی کە فیلمەکە کۆتایی پێدێت من ھەموویم بە یەک کۆمپۆزەیشێن بینی، ڕاستە ١٥ تا ١٦ کاتی تێدا بوو بەڵام بە حوکمی ئەوەی کە کامێڕاکە یەک جۆر لەرز و قەلەق و نیگەرانی تێدابوو و پابەندنەبوو بەوەی کە بە شێوەیەکی فیکس یا تڕاولینگ بەکار بھێنرێت یانی دروست لەسەر ئەو نیگەڕانی و دڵڕاوکێیەی کە لە چیرۆکەکەدا ھەیە دەرھێنەریش زیرەکانە کامێڕایەکی بەو شێوەیەی بەکارھێناوە و من ھەستم کرد فیلمەکە یەک کۆمپۆزەیشێنی ھەیە، چونکە لە سەرەتای دەسپێکەوە تا کۆتایی فیلمەکە کامێڕاکە یەک جۆر جوولەکردنیی ھەیە و دەرھێنانی فیلمەکەش ھەمان شێوازیی بەخۆوە گرتووە.

گوتیشی: خاڵێکی گرینگ و بەرچاوی ئەم فیلمە لە بەکارھێنانی دەنگی باوکی کاڕاکتێرەکەیە کە جوانە و یارمەتیی چیرۆکی فیلمەکە دەدات، ئەو کاتەی کە کاڕاکتێرەکە دەشۆن و حەبێکی پێدەدەن و ئەویش ململانێی کەسایەتیی فیلمەکە لەگەڵ خۆیدا و لەم دیمەنەدا دیارە و ئەو کاتەیە کە دەنگی باوکی دەبیستێت.

"حەسەن عەلی" لە کۆتایی ئەم کۆڕەدا گوتی: لە بینینی کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم"دا بە گشتیی بۆم دەرکەوت کە دەستی دەرھێنەرەکە ھەوڵدانە بە گەڕان بە دوای وێنە و ئەتمۆسفێڕی تازەدا کە ئەتمۆسفێڕی ئەم فیلمە و ئەو شوێنانەی کە ھەڵیبژاردبوو بەلامەوە جوان بوو و نزیکی کردمەوە لە وێنەی چیرۆکی فیلمەکە و ھەمووی ئەمانە یارمەتیدام کە وەکوو بینەرێک بە ئاسانیی لە چیرۆکی فیلمەکە تێبگەم. بەڕاستی سازکردنی ئەم فیلمە ھەوڵدانێکی باشی کاک "شوان عەتووف" وەکوو دەرھێنەرێکی سەرکەوتووە کە دەبێت لێرەدا دەستخۆشی لێبکەین.

لە درێژەی ئەم بەرنامەیەدا بینەران، پرسیارەکانی خۆیان ئاراستەی "شوان عەتووف" نووسین و دەرھێنەری کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" کرد کە ئەویش بە وردی وڵامی پرسیاریی بینەرانی و ئامادەبووانی ناو ھۆڵی ئەنستیتۆی کەلەپووری کوردی دایەوە و لە نێوان بینەران، ڕەخنەگری کۆڕەکە و ھەروەھا دەرھێنەری فیلمەکە دیالۆگێکی جوان و ھونەریانە ساز کرا.

سینەماکاری "شوان عەتووف" لە کۆتایی ئەم بەرنامەیدا ڕایگەیاند: کە دوای سازکردنیی کورتە فیلمەکانی "ماڵ و کلیل" و "باخەکەی باوکم" ماڵئاوایی لە سازکردنیی کورتە فیلم دەکات و لە داھاتوویەکی نزیکدا دەست دەکات بە کارکردن لەسەر یەکەمین فیلمی درێژیی خۆی.
 


بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندیی گشتیی کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم"

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک