٢٤\٨\٢٠١٤
کورتەنامەی شیعریی.
- بەشی دووەم -

فەتاح حەسەن
گۆمی بیرم،
دەشڵەقێنن..
پێنازانن
لەتەك تۆدا.. لە جێژووانم!!
کە، وشە لێم یاخی دەبێت
ناتوانم وەسفی تۆ بکەم
تەنهام لە خۆم.. نامۆم بە
خۆم.
کەشتییەوانی، کەشتییەکم
کەناری دەریام.. لێ ونە
چاوەڕوانی، تۆی قیبلەنومام
ئەی.. خانمەکەم.
من، حەز ناکەم بێ هیوابم
سوور دەزانم، کە ناهێڵن
بە یەك بگەین.. کەچی گوڵم
هەر چاوەڕێم.
ئای چەن خۆشە
رۆژگاری بەهار، من گوڵچنت بم
شەوگاری پایز، دەست لە ملت بم
زستان و هاوێن، چەتری سەرت بم.
لەو دەمەی را، کیژێك
کیژێك، کە دەچێت بۆ ژوان
کێ دەزانێت
دڵی لەسەر چەند لێدەدا.. چەند؟؟
دڵی کیژ و دڵی کوڕ
لە بۆ ژوانێ..
کەی وەك یەك لێدەدا.. کەی؟؟
ئاوێنەی ماڵەکەم
هێندە رەنگی (تۆ )ی گرتوە
بۆ سەیری خۆم
وێنەی (ئەتۆ)ی، تیادەبینم.
دوێنێ، کە:
بۆنی بسکی تۆم کرد
بە چوونەوەم..
شووشە عەترەکەی ماڵەوەم
و. ر. د. و. خ. ا. ش. ک. ر. د.
قەڵەمەکەم دۆشداماوە
نازانێت، چیتر بنووسێت؟!
زیاتر لەوەی نووسیوێتی:
ئەی
پە
ری.
کە:
هەنگ شیلەی گوڵ دەمژێت
نازانم
خۆزگە بە کامیان بخوازم
بە هەنگ ..
یاخود بە گوڵ؟!
کەی
ترپەی باران و هاژەی رووبار
دەگەن بە:
خەندە و پێکەنینی تۆ.. کەی؟!
هیچ شتێك
هێندەی دوورییت، وەڕسم ناکات
گەر دەتەوێت وەڕس بم
دە، دووربە لێم.
لە نێوان زماناندا
سنوور هەیە..
دڵان نا
بۆیە، بە دڵ خۆشمدەوێی
بە زمان نا.
ئەمن
چپەی ئیشق و
خوڕەی ئاوم لە لا خۆشە.
ئەتۆش خرینگەخرینگی بازن و
هاڕەی هەیاسە
وەی لە تۆ.. وەی!!
وا تێدەگەم، کفریش بکەیت
لەوانەیە، خوا لێت خۆشبێ
دڵی ژنێك زویر بکەیت.. نا.
دانیمارك
/ ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
|