په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١١\٢٠١٥

    کورتە نامەی شیعریی.

         - بەشی سێیەم -

فەتاح حەسەن

من، بە بێ تۆ..
هەست بە بوونی
کات و شوێن دەکەم
لەگەڵ تۆ.. نا.

گەر ئاشق بوون، روو زەردیی بێت
دەبا وەك بەی، من روو زەردبم.

کە تەمەنی ئیشق.. کورتتر بێت
لە تەمەنی پەپوولە
دەبێت ژیان.. مانای چی بێت؟!

ئاشق وتی، تۆبە لە ئیشق
بڕوات هەبێ، درۆدەکا
گەر درۆ نەکا
درۆ دەکا بڵێ ئاشقم.

خۆزگە وەك شەمەندەفەر دەبووم
کە، چاوەڕوانی کەسێك ناکا
ئەگەر چاوەڕوانی نەکا

هەر کەسێك بمکوژێ.. سەوز دەبێ دەستی
ئەی خودایە..
ئاشقی کەسێك بووم
مانای خۆشەویستی نازانێ.

لە ناخمدا گڵۆڵە بوم
بە دەوری خۆمدا هەر خولدەخۆم
بە دەردێك چووم
سەری گڵۆڵەی خۆم نابینمەوە.

هەر کات ماسی..
زانی چۆن فێری مەلە بووە
مەلەوان
رووبەری دەریای زانی
ئەو کات.. دەزانم
بۆ.. خ ۆ ش م دە و ێی ؟!

تاجە گوڵینەت.. لەسەرناوە
دەربەست نایەیت..
چاوەڕوانی گوڵی منی
کە بۆ خۆم.. بیدەمە دەستت.

بڕیار بوو تەنها
بایکۆتی ماچم بکەی..
ئەی هەش بەسەرم
ئەمڕۆ
پێکەنینیشی هاتەسەر.

شەوانە، وەك (لالۆ عەباس)
*
پێچراوەم و تۆ ببینم
هەروەکو رۆژ دەکرێمەوە
کە تۆم هەبێ، .. چیمە لە رۆژ
دەبا هەمو دەمم شەو بێ.
__________________________
* لالۆ عەباس: جۆرە گوڵێکە شەو خۆی دەپێچێتەوە و بە رۆژ دەکرێتەوە.

 

دانیمارك / ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک