په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٦\٢٠٢١

    کورتەنامەی شیعریی.

         - بەشی سێزدەم -

فەتاح حەسەن

کاتێك،
بەرچاوم تاریك دەبێ
خەریکم دەتوێمەوە وەکو مۆم.
کە، ناوی تۆ دەهێنم
دەگەشێمەوە، دەبمەوە بە خۆم.
  *   *   *
کە، ژنێکت خۆشویست
مانای ئەوە نییە،
کەسی دیکەت خۆشنەوێ.. نا،
خۆشتبوێن..
بەڵام وەك ئەو.. نا.
  *   *   *
کە، دەتبینم
ماندوێتیم دەحەسێتەوە
چەشنی کرێکارێك
کە، هەقدەستی کاری رۆژەکەی
دەخاتە تەنکەی باخەڵی.
  *   *   *
هێندە دڵم دەشکینی
بڵیی هەتبێ
ئەو پارچە گۆشتەی
پێیدەڵێن دڵ.
  *   *   *
من خۆشەویستی تۆم
بۆ پێت نەوتم دەردت گرانە
نەمگوت چون..
تۆ خۆشەویستیی منی.
  *   *   *
خەڵکی کۆڵانی خۆمان،
گەڕەکی ئەوبەر،
شاری بەفر و رەشەباش
رقیان لێتبێ.
دڵنیا بە..
پڕ بە هەستم خۆشمدەوێی.
  *   *   *
دراوسێیەکم هەبوو
رۆژی چەند جارێك،
گوێم بە دەنگی دەزرنگایەوە
هاواری لە منداڵەکەی دەکرد
لە کۆڵان بێتەوە
ئەوەتەی عاشق بووە
تاریکیش دادێ
هاواری، نابیستم.
  *   *   *
کە، تۆ هێندە دڵت رەق بێ
کۆتاییهێنان،
بە خۆشەویستتیی ئەمن و تۆ
ئەمڕۆ درەنگە..
سبەی زوو نییە.

دانیمارك / ڤالبی - ٢٠٢٠

ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک