٣٠\٨\٢٠١٦
کورتەنامەی شیعریی.
- بەشی
پێنجەم -

فەتاح حەسەن
خۆشەویستێك و
دوو هاوڕیی راستەقینە و
پێکێك شەراب
و
لەتێك نانم هەبێت..
ئەمن پاشام.
بەر لە، خەوتن
کە، بەخەبەردێم..
کەسێك بە خەیاڵمدا دێت
ئەو کەسەش.. تۆی.
با هەر چوار وەرزەکە
خونچە بپشکوێ
کە، خونچەی دڵی من، نەپشکوێ..
بە من چی؟!
ئەو کاتانە، زیاتر
خۆم خۆشدەوێ
کە بیر لە تۆ دەکەمەوە
ئەدی ئەتٶ؟
گرنگ نییە
خەڵك چی دەڵێ
تەنها خۆت بڵێ
هەستکردن.. ژیان
خۆشەویستی
بێ تۆ چییە؟
کە، زیزت دەکەم
رقم لە خۆم
دەبێتەوە
بە خۆم دەڵێم
ئای چەند شێتم؟!
تۆ دەگرێی
چاوت پڕدەبێت لە فرمێسك
منیش رۆحم
دە بەس بگری
لێگەڕێ رۆحم.. ئاسودەبێ.
دڵم دەشکێنی
گلەیی ناکەم
کە، تۆ دڵت بەرد بێ
گلەیی لە بەرد، کەی کراوە.. کەی؟
چۆن تۆ بێ دەسەڵاتی
لەوەی خۆشمدەوێی
منیش
لەوەی خۆشتناوێم.
گەر ئەوە ترسنۆکیی بێت
کە نەتوانم،
دڵی کەسێك ئازار بدەم
کە، رۆژێك لە
رۆژان
خۆشمدەویست
دەبا..
هەر، من ترسنۆك بم.
دانیمارك
/ ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
|