په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١١\٢٠١٧

    کورتە نامەی شیعریی.

         - بەشی هەفتەم -

فەتاح حەسەن

حەزدەکەم، وەك داشەهارە..
گشت خەمەکانت بخۆم.
   *   *   *
لە هەموو شتێکی ژیانمدا
دەتوانم میانڕەو بم
لە خۆشەویستییدا نەبێت،
ناتوانم..
زیادەڕەو، نەبم.
   *   *   *
دێم، خانمەکەم دێم
بەرەو ئەو هەوارەی
تامەزرۆییم
بێگومانم، ئەو هەوارەش
هەر بە تەنها.. دڵی تۆیە.
   *   *   *
هەر کات وێنەکێش، توانیی
وێنەی شنەی با.. خشەی گەڵا،
سروەی گوڵ بکێشێت
ئەو کات
دڵم دەبێت بە بەرد، لە ئاستی تۆ.
   *   *   *
شەو راشکاوە
خەلکی هەموو نوستوون
تەنها، من بێدارم
بیر لە تۆ دەکەمەوە و بەس.
   *   *   *
ئەو ساتانەی کە، دڵتەنگم
نە گوڵ جوانە لە لام،
نە بۆنی خۆشە.. رێحانە.
   *   *   *
هەندێك جار بایەخدانی کەسێك
خۆشترە لەوەی، کە پێتبڵێ:
خۆشمدەوێی.
   *   *   *
بیر لە من دەکەیەوە
هێندەی بیردەکەمەوە لە تۆ؟
گیانم ئازیزە لات
هەروەکو چۆن.. گیانت،
ئازیزە لام؟
   *   *   *
وەرە بۆ لام.. یان، دێم بۆ لات،
دەنا..
بەرگەی بێ تۆیی ناگرم.
   *   *   *
بە هاتنت ئاواتەخوازم
هەر چۆن ئاواتەخوازی
شەقبردنی ناحەزانتم،
دەسا وەرە..
ناحەزانمان، با شەقبەرن.

 

دانیمارك / ڤالبی

ماڵپەڕی فەتاح حەسەن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک