کورتە سەرنجێک بۆ
تواناى وەرگێڕان لاى ئازاد بەرزنجى.

دیدار ماوەتى
بەداخەوە بەشێکى زۆرى بەناو وەرگێڕەکانى کورد هەلى زمان نەزانینى
بەشێکى زۆرى خوێنەرى کوردیان قۆزتۆتەوە، بۆ خۆکردنە زمانزان بەسەر ئەو
خوێنەرە داماوەى کە تەنیا شارەزاى زمانى کوردییە. باشە رەواى ههقە
ئەوانەى کە باش زمان نازانن تەنیا بۆ پەیداکردنى بژێوى خۆیان، لەدەزگا
بەناو رۆشنبیریی و دەزگاکانى رۆشنبیرییدا بە پاڵپشتى دەسەڵاتى سەرانى
ئەو حیزبانهی که پهیوهستن پێیانهوه ببنە سەرپەرشتیکارى کاروبارى
رۆشنبیریی یان لەهەموویان مەترسیدارتر ببنە وەرگێڕ.
ئەمە لەگەڵ ئەوەى وەرگێڕان کارێکى زۆر گرانە و زۆر لە وەرگێڕە
جیهانییەکان بەترسەوە ئەو کارە دهکەن هەرچەند پسپۆڕ و شارەزاى بوارى
وەرگێڕانن و بەشێوەیەکى ئەکادیمى زمانیان خوێندوە و بە عەمەلیش
سالانێکى دوورودرێژ پراکتیکیان کردووە.
ئێمەى کورد گرفتێکى زۆر گەورەو ترسناکمان هەیە بەتایبەت لەڕووى ئەو
دەقانەى کە لە فارسییەوە دەکرێنه کوردى، بێگومان شارەزایانى زۆر
باشمان هەبوون و هەن لەزمانى فارسیدا، بەڵام بەداخەوە دەزگاکانى
وەرگێڕان و بەناو رۆشنبیرییهکان سوودیان لە تواناى ئەوانە وەرنەگرتووە
کە بەڕاستى فارسىزانن، بۆ نمونە گەنجێکى وەک مەریوان هەڵەبجەیى یەکێکە
لەو فارسىزانانەى کە سالانێکى دوورودرێژى ژیانى لە ئێراندا بردۆتە سەر
و تا بڵێى بە توانایە لەو رووەوە کەچى دەبێت بۆ بەچاپگەیاندنى
پهرتووکێکى وەرگێڕاوى لەفارسییەوە نەک هەر بچێتە ''سەرەوە'' بەڵکو
ئیشى وەرگێڕێکى بێتواناى زمانى فارسیشى زۆر بە ئاسانى و بە (واسیته)
دەبرێتە پێش کارەکەیەوە. وەرگێرێکى وەک کاک مەریوان هەڵەبجەیى و
هاوچەشنەکانى سەربارى تواناى بێسنووریان لە فارسیدا دەبێت لەم بازاڕى
پهرتووک چاپکردنى ئێستاى کوردەواریدا بکەونە دواى دواوە، بێگومان
رەنگە بەرگەى ئەو هەموو فشارە تا سەر نەگرن و لە ساتەوەختێکا بە
تەواویى دەستبەردارى ئەو کارە بن کە زۆر گرنگە بۆ بەرەوپێشچوونى ئاستى
رۆشنبیریی کوردى، هاوکات زۆر بەداواى لێبووردنەوە دهڵێم بەڕێزێکى
فارسىنەزانى وەک مامۆستا ئازاد بەرزنجى بۆتە وەرگێڕى فارسى و شوێنێکى
زۆر گرنگى لەدەزگایەکى رۆشنبیرییدا بە مووچەیەکى خەیاڵى داگیرکردووە و
لەوەش زیاتر ههر ساڵهی کۆمەڵێک یان بابڵێین کۆشێک پهرتووکى بێ
سەرەوبەر وەردەگێڕێت و بەجیاش پاداشتى مادیی ئەوانیش وەردهگرێت و لەو
پێناوەشدا نۆرەبڕیی بۆ دهکرێ و هەر خۆى کە بەرپرسە دەیان پهرتووکى
باش رهتدههکات و لەپێناو مانەوەى خۆیا دژایەتى هەموو توانا و کەس و
وەرگێڕێک دهکات، کە تائێستاش ئەگەر بیبەیتە تاران دهبێ وەرگێڕى
فارسىزانى لەگەڵ بنێرى، ئەوەى سەیرە ههڵبژاردنی ئەو جۆرە کەسانە کە
توانایان نییە ههڵبژاردهی حیزبەکانە، چونکە ئەوەى گرنگە لاى حیزب
پهیوهستبوون و ئهمهکی کەسەکەیە نەک تواناى، بەڵام دهکرێ دەیان
کەسى بەڕێزى وەک ئازاد بەرزنجى شوێنێکى تریان پى رەوا ببینرێت بەتایبەت
بەڕێزى دەرچووى بەشى شانۆیە نەک وەرگێڕان، دهکرێت بکرێتە مامۆستا یان
هەر شتێک کە حیزبەکەى پێى خۆش بێ، نەک شوێنێکى پێ بدرێ کە ببێتە مایەى
گۆجبوونی بوارێکى تایبەتى کایەى رۆشنبیریی کوردى کەئەویش وەرگێڕانە،
راستە ئەو بەڕێزە پاش راپەڕین راستەوخۆ وەک بێژەرێک خزمەتى حیزبێکى
دیاریکراوى کوردى کردووە و بەدڵ و بەگیان لەگەڵیان بووە، ئیتر بەمەش
توانى پێشینەى خۆى بسڕێتەوە، لەئێستاشدا کارمان بەو لایانەى پیشووترى
نییە، لەکاتێکا (موستەشار) و سەرجەم بەشداربووانى ئەنفال بەپێى
لێبووردنى گشتى پاش راپەڕین بەخشران.
ئەوەى گرنگە تواناى وەرگێڕانى ئەو بەڕێزەیە کە بەداخەوە نەک هەر
دەزگایەکى قۆرخکردووە بەڵکو لە هەموو قۆڵێکیشەوە دژایەتى هەر کەسێک
دهکرێ کە لەسەر وەرگێڕانەکانى دهنووسێ، تەنانەت بەرپرسى لاپەڕەى
ئەدەبیی یەکێک لە رۆژنامە بەناوئەهلییەکان پاش ئەوەی دەرکرا کە بابەتى
یەکێک لە نووسەرە رەخنەگرە فارسیزانەکانى بڵاوکردبۆوه و بابەتەکەشى
تایبەت بوو بە ڕەخنەگرتن لە یەکێک لە وەرگێڕانەکانى کاک ئازاد بەرزنجى،
بەداخەوە ئەمەیە باری ئەو کەسانەى کە خۆیان بە رۆشنبیر دهزانن، نان
بڕینى خەڵکیشیان پێ ئاساییە، تەنانەت کۆمیدیاکە لەوەدایە هەموو ئەوانەى
کە سەردەمى حکومەتى بەعس نانخۆرى شوێنە بەناو رۆشنبیرییهکانى رژێم
بوون پاش راپەڕینیش هەر ئەوان هێنرانەوە و تا ئێستاش هەر نانى لێدهخۆن
و لەوەش ناچێت پاش هاتنە سەر کارى حکومەتێکى دژە دەسەڵاتى ئێستاى
هەرێمى کوردستانیش ئەوان هیچ کێشەکەیان هەبێت، بە دڵنیایەوە ئەوان ئەو
دەمیش هەر لەپێشەوە دهبن و وەک جۆکەر بۆ هەموو کار و بارێک دەست
دهدەن تەنیا بۆ خزمەتکردنى رۆشنبیریی کوردى نەبێ.
وێڕاى سوپاسم بۆ سایتى ئەمڕۆ کە ڕێگەى بە بڵاوبوونەوەى ئەم باتەم و
هەموو بابەتە جیاوازەکان دهدا، قسەکردن لەسەر وردەکارى کەموکوڕیی
وەرگێرانەکانى مامۆستا ئازاد بەرزنجى بۆ داهاتوو بەجێدهههێڵم کە
بەداخەوە هەڵەکانى لە ووشە و دێڕ و دەستەواژە و پەرەگراف و تەنانەت
لاپەڕەش تێپەڕدهبن و بگرە ئەوەى ئەو بە ناوى وەرگێڕان لە فارسییەوە
کردوویەتى کارێکە هیچ پەیوەندیەکى بە دەقەکانیشەوە نییە، ئاخر ئەم
پیاوە ساڵى یەک باوەش پهرتووک وەردهگێرێ و لەتاو پاداشتى مادیی ئەگەر
شتێک زمانى فارسیش بزانێ ئەویشى لەبیر دهچێتەوە، بەراستى دروست نییە چ
کاک ئازاد بەرزنجى و چ هیچ رۆشنبیرێکى تر بۆ پاداشت یان بردنە پێشى
ناوى خۆى و خۆجێکردنەوەى گاڵتە بەو خوێنەرە زماننەزانانە بکا کە
بەوپەڕى خولیاوە دهیانەوێت وەرگێڕەکان بە دهستپاکییهوه شتێکیان بۆ
وەرگێڕن نەک گاڵتەیان پێ بکەن و وەک گێل و نهزان تێیان بڕوانن و وا
بیربکەنەوە کە کورد مادامەکى بێخاوەنە کەواتە کێ هەیە وەرگێرانەکانیان
بەراورد بکا، نەخێر بەپێچەوانەوە سەربارى برادەرە فارسیزانەکانى
رۆژهەڵاتى کوردستان کەجێگەى داخە بەلایانەوە کە ئاوا دەقە فارسییەکان
بە ناشرینیی و پڕ کەموکورتیی و بگرە بەوێرانیی بکرێتە کوردى و ئەمە
بەتاوانێکى گەورە دادهنێن، سەربارى ئەوەى کە زۆر کەس ئەوە دهزانن کە
زۆر بەناو لە وەرگێڕانە بەناو فارسییهکانى کاک ئازاد هەر لە
فارسییشهوە وەرنەگێڕدراوە بەڵکو لەعەرەبییەوە، کەچى هێشتاکە بەوەشەوە
نە وەرگێڕانەکەى کاک ئازاد لە عەرەبییهکە دهچێت و نە لە فارسییهکە و
نە لەدەقە بنەڕەتییهکە، هەر بۆ نموونە رۆمانى "ئاوریشم" کە ئازاد
بەرزنجى وەریگێڕاوەو دەزگاى سەردەم کەخۆى و کۆمەڵێکى وەک خۆى خاوەنین
بۆى چاپکردووە، نەک هیچى لە فارسییهکە ناچێ بەڵکو وا خۆم
بەراوردمکردووە لەگەڵ ئینگلیزییهکەى و تەنیا ئەوەم بۆ مایەوە بگریم،
هەر خوێنەرێک کە زمانزان بێت دهتوانێت خۆى بڕوانێتە ئەو جیاوازیەى
نێوان نەک هەر دەقە کوردى و ئینگلیزییەکە بەڵکو فارسى و کوردییهکەش،
ئیتر بە ئاشکرا کاک ئازاد هیچ کارى بەوەرگێرانى دەق نییە بەڵکو بەناوى
وەرگێڕانەوە و لە هەر شوێنێکدا لەزمان و دەستەواژە و دێڕەکان تێنەگەیشت
خۆى چۆنى پێ خۆش بێ وادهکات، لاى ئەو مەسەلەو کێشەیەک نییە، ئاشى
نەزان خوا دهیگیڕێ و هەر براى ئازیزمان کاک ئازاد نانبڕاو نەبێ هیچ
شتێکى تر کێشە نییه، خۆ ئەو ئەوەى بەفەردە پارە بۆ دەزگاى سەردەم
هەڵدهڕێژێ کارى بەوە نییه کار چۆن دهکرێ، کارى بەوەیە دەرئەنجامى
ئهژماری ژمارەى پهرتووکەکان و تێچووەکان و خهرجیی دەزگاکە لەڕووى
ژمێریارى و راپۆرتکارییهوە تەواو بێت و ئەویش بەسەرەوەى خۆى بڵێ ئەمە
چالاکییەکانى ئێمهیە، ئیتر کاکم نازانێت چ کارەساتێک لەدوو توێى ئەو
پهرتووکە بەناو وەرگێڕاوانەدا هەیە و هەموو ئەمە دهبێتە دروستکردنى چ
نەوەیەکى نەزان و بێئاگا، مەترسیەکەش لەوەدایە دەسپێشکەرى ئەم جۆرە
کەسانەى وەک کاک ئازاد لە وەرگێڕاندا رێگە لەخەڵکانى تریش دهبەستێتەوە
کە هەمان بابەت جارێکى تر وەربگێڕێن، ئەمە جگە لەوەى لەبەر ئەو جۆرە
وەرگێڕە فەرمانبەرانە وەرگێڕانى وەرگێڕە باشەکان هەر بڵاوناکرێتەوە،
لەگەڵ ئەوەى کە کاک ئازاد نموونەى وەرگێڕێکى خراپە بەڵام رێزمان بۆى
هەیەو هیچ کارێکمان بەلایەنى کەسایەتى ئەو نییه و نابێ ئەوەشمان
لەبیربچێ کە خۆشبەختانە وەرگێرى بەتواناى وەک هادى محەمەدى و
عەبدولخالیق یەعقوبى و حەمەکەریم عارف و دلاوەر قەرەداغى و بەهرۆز
حەسەن و دەیانى ترمان هەیە، کە بە واتاى ووشە وەرگێڕن و هیواخوازین
نموونەیان زۆر بێت.
بەریتانیا
kakadidar@yahoo.co.uk
|