٢٨\١٠\٢٠١٦
کورتە وەڵام!
بۆ ئەو دەنگەی وتوێتی سەربەخۆییمان دواخست!

کامیل ژیر
- ١٠ -
ئەشێ
سەرگروشتەکە، روداوێکی راستبێ. بەڵام ھەریەکەو بەجۆرێک ئەیگێڕێتەوە.
ئەزیز نەسین، بە شێوازی خۆی کردوێتی بەچیرۆک. لە سوریا کراوە بە کورتە
فلیمێک. منیش بەشێوازی خۆم ئەیگێڕمەوە و ئەڵێم:
دوای راپەڕین، یا راستتر، دوای شەڕی کوێت، بازەگە لەسەر ھەندێ ناوچەی
باشوری کوردستان نیشتەوە. بەڵام نەمانزانی تاجی سەربەخۆیی لەسەرکەین!.
وتمان باچاوەڕوانکەین بزانین چیئەبێ!؟ وەک چاوەڕوانییەکەی گوڵبەھار.!
دوای روخانی رژێمی بەئس، ئەمانتوانی سەربەخۆیی رابگەیەنین، یا ھیچ نەبێ
ئەمانتوانی ناوچە رزگارنەکراوەکان بخەینەوە سەر ھەرێم، نەمانکرد و
وتمان با چاوەڕوانکەین بزانین چیئەبێ!؟ تا ئێستاش ھەر لەچاوەڕوانیداین
وەک چاوەڕوانییەکەی گوڵبەرھار!؟
ھەر لەدوای راگرتنی شەڕە نەگریسەکەی ناوخۆمان، ئەمانتوانی دو ئیدارەکە
یەکخەینەوە. نەمانکردو تا ئێستا چاوەڕوانین بزانین چیئەبێ!؟ وەک
چاوەڕوانییەکەی گوڵبەرھار.
بە سودوەرگرتن لە شەڕی ناوخۆو چاوبڕینە بەشێک لە بوجەی تاڵانکراوی
ھەرێم، پیاوانی ئاینیش خۆیان ھاویشتە زەلکاوی ھیزبایەتییەوە!.. ئێستا
لە مەغریب سیاسەت و ھیزبایەتی لەپیاوانی ئاینی قەدەغەکراوە، کەچی
دەسەڵاتی ھەرێم، لەئاستی ریشپانە سمێڵتاشراوەکاندا، ھەر
لەچاوەڕوانیدایە بزانێ چیئەبێ! وەک چاوەروانییەکەی گوڵبەھار.
لە ٢٠٠٩وە (گۆڕان)ی موتوربەکراو بە سەرانی شەڕی ناوخۆ و بەجۆرێک لە
شەتڵی ئاینی، ھاتە ئاراوەو وتیان کە چوینە پەرلەمان ئەیگۆڕین. چون و
نەیانگۆڕی. وتیان کە چوینە دەسەلات، چون و ھەر نەیانگۆڕی. ئێستا
ئەوانیش دەستوستان لەچاوەڕوانیدان وەک چاوەڕوانیەکەی گوڵبەھار!
بەغدای پایتەخت و شارە شیئەنشینەکان، ھیچکام لە ئاوارەکانی شەڕی
دائشیان نەگرتەخۆیان. ئێمە باوەشمان بۆکردنەوەو ئەوانیش وەک سوپاس و
پێزانینیان بۆئەو کارە مرۆڤانەیەمان، بەرەبەیانی ٢١/ ١٠/٢٠١٦ کەرکوکیان
کردە خەڵتانی خوێن! کەچی ھەر دەریانناکەین و چاوەڕوانین بزانین چیئەبێ
وەک چاوەڕوانییەکەی گوڵبەھار.
لە ٢٠١٦دا دەنگۆی راگەیاندنی سەربەخۆیی، ئەوەندە گەرمبو، کوردە
ئێراکچییەکان خەمیانلێھات و وایانزانی گەمەکە راستە! بەپەلە لە بەغداوە
موچەو بوجەیان لە ھەرێم بڕی بۆئەوەی برسێتی، سەربەخۆیی لەبیربەرێتەوە.
شەمەندەفەری سەربەخۆییەکەش، رویکردە بەغدا، تا، گوایە بەمژدەی
سەربەخۆییەوە بگەڕێتەوە!! لەپڕ ئیستۆپێکی گرت و دای بەبەگ و رویکردە
موسڵی کوردستان، تا بەخوێنی پێشمەرگەی قارەمان، بیبەخشێتەوە بە ئیراکی
ئەنفال و کیمیاباران! دەنگێکیش لەھەولێرەوە بەرزبوەوەو وتی:
سەربەخۆییەکەمان دواخست! وەک بڵێ جارێ چاوەڕوانئەبین تابزانین شەڕەکەی
موسڵ ئەبێ بەچی!؟ لەکاتێکدا ئەمانتوانی بەمەرجی سەربەخۆیی بەشداریی لەو
شەڕەدا بکەین، کەچی بەبێ مەرج خۆمان ھاویشتە ئەو ئاگرەوەو ئێستا
چاوەڕوانین وەک چاوەڕوانییەکەی گوڵبەھار!
گوڵبەرھار بۆ خۆی گوڵبەھاربو! لەجوانیدا بێ وێنە.. بەڵام لە
ساویلکەیەتیدا وەک ئێمە!! کەچی مێردەکەی دڵی بەو ساویلکەیەتییەی خۆشبو!
ئەیوت بۆ منی پیرەمێرد. دوای سێ ژن، ئەم ژنی چوارەمی تەمەن چواردەیە،
ساویلکەبێ باشترە وەک لەوەی وریا و چاوکراوەبێ. لەو باوەڕەشدابو کەبەو
ھەمو زێڕەی بۆیکردوە، نمەکگیری ئەکات و گزیی لێناکات ! کەچوش بۆ حەج،
کلیلی کاسەکەیدا بە گوڵبەھارو وتی خۆت سەرپشکبە لە خەرجیدا، بەڵام کە
حاجی لەحەج گەڕایەوە، روانی گوڵبەھار بۆتە بنەدارێکی گەڵاوەریو! پرسیی
گوڵەخان ئەوە چی رویداوە!؟ گوڵە وتی: ئێوارەیەک چوم بۆ سینەما، لەڕێگا
لاوێک کەوتە دوم. قسەم نەکرد، وتم بزانم چیئەبێ؟ ھاتە تەنیشتم و بۆم
پێکەنی. وتم با چاوەڕێکەم بزانم چیئەبێ. لەسینەماکە ھاتە تەنیشتمەوە و
جارجار دەستی بۆ درێژ ئەکردم، وتم با چاوەڕێکەم بزانم چیئەبێ.
لەگەڕانەوەدا ئەویش ھاتە ماڵەوە، وتم بابزانم چیئەبێ؟ کەچومە ژێر جێگا،
ئەویش لەگەڵما ھاتە ژێر جێگا. ھەر وتم با چاوەڕێکەم بزانم چیئەبێ؟
دوایی دەستی کرد بەو شتەی کەتۆ لەگەڵما ئەتکرد، بەڵام ئەو لەجیاتی
جارێک، کردی بە دەجار. دیسان وتم با چاوەڕێکەم بزانم چیئەبێ؟ کە بەیانی
لەخەو ھەستام، روانیم کوڕە نەماوەو ھەمو زێڕەکانی بردوم و ھیچیشی لە
کاسەکەدا نەھێشتوە!
ئێستا، سەرەڕای نەبونی سەربەخۆیی، لەو رێگەی موسڵە خوێنمان لێئەچۆڕێ و
لەکەرکوکیش یەکەم باجی ئەو شەڕی موسڵە ئەدەین و کاسەکەی ئێمەش وەک
کاسەکەی گوڵبەھار، ھیچی تیانەماوەو زێڕی رەش و داھاتی ٢٥ ساڵیشمان،
پشەکان خواردویانە وەک پشەکەی گوڵبەھار! دیارە تا پشەکانیش بمێنن، ھەر
بەبڕیاری ھەڵەو ھەر بەبرسێتی و کۆیلەیەتی و ژێردەستەیەتی چاوەڕوانئەبین،
وەک چاوەڕوانییەکەی گوڵبەھار!
__________________________
کورتە
وەڵام - ٩ -:
www.emrro.com/kurtewelam9.htm
کورتە
وەڵام - ٨ -:
www.emrro.com/kurtewelam8.htm
کورتە
وەڵام - ٧ -:
www.emrro.com/kurtewelam7.htm
کورتە وەڵام -
٦ -:
www.emrro.com/kurtewelam6.htm
کورتە وەڵام -
٥ -:
www.emrro.com/kurtewelam5.htm
کورتە وەڵام -
٤ -:
www.emrro.com/kurtewelam4.htm
کورتە وەڵام -
٣ -:
www.emrro.com/kurtewelam3.htm
کورتە وەڵام - ٢ -:
www.emrro.com/kurtewelam2.htm
کورتە وەڵام - ١ -:
www.emrro.com/kurtewelam.htm
ماڵپهڕی کامیل ژیر
|