٨\٩\٢٠١٦
کورتە وەڵام!

کامیل ژیر
- ٦ -
١-
سایتی روداو ١٥\٨\٢٠١٦:
ژمارەیەک لەسەرکردەکانی ئەنەکەسە لە رۆژئاوی کوردستان دەسگیرکران.
١- دەسگیرکردن لەسەر بیروباوەڕ، ناڕەوایە.
٢- ھۆ پارتەکانی باشوری کوردستان: رۆژئاوای کوردستانیش مەکەن
بەگەڕەلاوژێی پارتایەتی و ھەر یەکەتان و لکێکی پارتە جوانەکەتان لەوێ
بکەنەوە، بەھەر ناوێک!. ئێوە لێرە لاپەڕەتان سپی نیە، ئەوێش رەش مەکەن.
لێیانگەڕێن، تائێستا دەسەڵاتەکەی رۆژئاوا، سەرکەوتوانە ئەیگوزەرێنێ. کە
گوڵنین بۆرۆژئاوا، مەبنە دڕک بۆی.
٣- ھۆ شەڕڤانە نەبەردەکانی رۆژئاوا: بوار بەدیاردەی فرەپارتی نەدەن
کەئەبێتە فرەمافیا، ھەڵنەخەڵەتێن بە بەندوباوی ئەو دیموکراتییەی بۆ ئەم
کۆناغی خەباتی رزگارییەمان ئەبێتە ژەھری کوشندە. سەربەخۆیی و ئازادی و
یەکسانی، لەلولەی چەکەکانتانایە. ئەم ھەلە لەدەسنەدەن و جەرابلوس بکەن
بە گۆڕستان بۆ گورگە بۆرەکان.
٤- ھۆ شێرە پێشمەرگەکانی باشور: ئێوە بەداستانی نەبەردییەکانتان و
خوێنی شەھیدان، لەبەستەڵەکی زستان و گڕەی ھاویندا، ئایندەی گەشی
نەتەوەکەمان ئەنەخشینن و سەرنجی ھەمو جیھانتان راکێشاوە. لەوەزیاتر
رێگەمەدەن جەردەکان، لەسای سێبەرداو لەکۆشک و باخی رازاوەدا، پێکی
شەرابی قوربانییەکانی ئێوە ھەڵدەن و ھەر یەکەشیان بەلایەکدا رایکێشێ و
ئەم تۆزە دەسکەوتەشمان لەدەسبدەن! بەڵێ کاتی ئەوە ھاتوە ئەتا کوردێک
ھاوکێشە بگێڕێتەوە بۆ ترازوی لاسەنگ و یەکڕیزیمان بپارێزێ و ھاوبیرو
ھاوسەنگەر دەسبەکاربین بۆ گەیاندنی کەشتییەکەمان بە کەناری ئارامی.
٥- ھۆ گەریلاو شەڕڤان و پێشمەرگە: سەرکەوتنی ھەر لایەکتان، سەرکەوتنە
بۆ لاکانیتر، شکستی ھەرلایەکتان، ئەبێ بە ھی ھەموتان. دوژمنەکانی
نەتەوەکەمان ھەمیشە یەکڕیزن و ناکۆکیەکانیان بەلاوەئەنێن بەرامبەرمان.
نەکەن لولەی چەکەکانتان بکەنە یەک بە فەرمانی پارتەکانتان بۆ رازیکردنی
داگیرکەران. ئێوە زۆر لەوانە گەورەترن کە لەسایسێبەردان و ئێوە ئەکەن
بە سوتماکی شەڕی براکوژی وەک جاری جاران! یەکگرن و بەھانای یەکدییەوە
بچن، نەک تەماشاکار!!
٦- ھۆ پێشمەرگەو شەڕڤان و گەریلا: لەجیاتی گوللە، گوڵ بەیەکدی ببەخشن.
بەھیوای یەکبونتان لەلەشکرێکی یەکگرتوی کوردستانیدا.
* * *
٢- سایتی روداو ٢٤\٨
مەلا بەختیار: ٢٨ وڵاتی رۆژئاوا دژی سەربەخۆیی کوردستانن.
١- ئاخر تا کورد تۆپێکی ساردبێ، ھەردو تیپەکەی رۆژھەڵات و رۆژئاوای
گێتی، ھەروەھا ئوسمانی و سەفەوی، ھەر تێیھەڵئەدەن و ئەیکەن بەگۆڵی
یەکترداو گۆڵەکان بۆخۆیان ئەنوسرێن و بۆئێمەش ھیچ. دیارە لەبارێکی وادا،
وتەکەی مەلا بەختیار دێتە دی و بەشی ھیچ ھەر ھیچ ئەبێ و سەری شکاوو
تۆپی دڕاومان بۆئەمێنێتەوە!.
وەلێ گەر ببین بەتۆپێکی گەرم، ئەبینە خاوەنی تیپێکی کوردیی کاریگەرو
ئێمەش شوت لێئەدەین بۆ گۆڵی بەرامبەرو گۆڵ بۆ خۆمان ئەنوسرێ و قۆناغی
ھیچ تێئەپەڕێنین و ئەو ٢٨ دەوڵەتەی مەلا بەختیاریش، چەپڵەی سەرکەوتنمان
بۆلێئەدەن. تۆپی گەرمیش ئەو تۆپەیە کە لەلولەی چەکەکانمانەوە ئاڕاستەی
نەیارەکانمانی ئەکەین و بەگۆڵ بۆمان ئەنوسرێ و ھەزاران وتەی ورەڕوخێنەر
ساردمانناکاتەوە.
٢- سەربەخۆیی ئەسەنرێ، نادرێ!
٣- با کەس چاوەڕوانی ئەوە نەبێ، وەک ھێلکەیەکی پاکراو، سەربەخۆییمان بۆ
بخرێتە سەر خوان! لەو پێناوەدا ئەشێ قوربانیش بدەین. ئەی فایەق بێکەس
نەیوت: داری ئازادی بەخوێن ئاونەدرێ قەت بەر ناگرێ، سەربەخۆیی بێ
فیداکاری ئەبەد سەرناگرێ؟.
٤- ئەو ٢٨دەوڵەتەی کاک بەختیار ئاماژەیان بۆئەکا، وەلی ئەمری کورد نین.
نەتەوەی کورد خۆی خاوەن بریارە بۆ دیاریکردنی چارەنوسی خۆی.
٥- تا ئێستا دیارنیە بانگەوازەکانی، پ د ک، بۆ سەربەخۆیی، تەنیا دروشمە؟
یان گوژمە؟ ئەگەر دروشمە، پەشمە. ئەگەر گوژمە، ئەمە ئەرزو ئەوە گەز،
چاوەڕوانی چین!؟ نەیخەنە دوای کۆتایی شانۆگەرییەکەی دائش و لەدەسدانی
ئەم ھەلە!.
٦- ئافەرین بۆئەو کۆمێنتانەی بەدوای وتەکەی مەلا بەختیاردا ھاتن کە
ئەمە دەقەکانیانە:
Rizgar Khoshnaw
کە ئەو وڵاتانە ھیچ پرۆژەیەکیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان نییە.......!!!!!!
تۆ باسی چیئەکەیت ؟؟ کەس پڕۆژەی پێبو بۆسەربەخۆیی لاتیڤیا ؟ ئەستۆنیا ؟
لیتوانیا ؟ ئەتوانی پێمانبڵێی کێ پڕۆژەی پێبو بۆ: سەربەخۆیی سینگا پور
لە کوانلی زیاتر؟ بۆ سەربەخۆیی پاکستان لە محمد علی جناح زیاتر؟ بۆ
سەربەخۆیی مۆلدۆڤا؟ بۆ سەربەخۆیی ئیست تەیمور؟ ئەمریکا دژی سەربەخۆیی
ئیست تەیمور نەبو؟ کێ پڕۆژەی پێبو بۆسەربەخۆیی کڕواتیا؟ بۆ سەربەخۆیی
مۆنتی نێگرۆ ؟ کاکەگیان، بڵێ ئێمە دژ بە سەربەخۆیی کوردستانین، ھەقی
خۆتانە، بەڵام میلەتی کورد شت ئەزانێت و ئاگای لەدنیایە، ساڵ ساڵانی
شێستە کاننیە ؟؟؟ لەیەکەم کۆبونەوەی پاش اعلانی سەربەخۆیی حیزبە
موعاریزەکان دژی سەربەخۆیی وەستانەوەو گوتیان سینگاپوریەکان لەبرسان
ئەمرن بەم اعلانەو گوتیان کوانلی، بۆبەرژەوەندیی خۆی ئەم بەزمەی
ناوەتەوە، گوتیان کوانلی شەرعیەتی نیەو بە چ شەرعیەتێک وڵاتێک
دروستئەکات ؟ لەبەرژەوەندیی کێ؟ ئنجا موعارەزەکان ڕایانکردە مالیزیا ،
کوانلی ھەمو حزبە موعارەزەکانی قەدەغەکرد بۆماوەی ٣٠ساڵ، پا ش ۲۰ساڵ
لەاعلانی سەربەخۆیی، سینگاپور بو بە دەوڵەمەندترین وڵاتی جیھان.
Alan Saeed
باشە جەنابی مەلا بەختیار تێناگات کە سەربەخۆیی دەبێت بیسەپێنیت و
بیکەیتە واقع، ئنجا داوای دان پێنان بکەیت؟ سەربەخۆیی بەسواڵکردن
بۆدانپێنان دروستنابێت!
Diyar Nasruldeen
کاک بەختیار گیان بەتەمای بریاری روس و ئەمریکابین، ئەبێ بچینە سەر
ئیران و تەسلیمی ئیران مان کەن، ھەر چۆن ئیراقیان تەسلیم بە ئیرانکرد!.
__________________________
کورتە وەڵام -
٥ -:
www.emrro.com/kurtewelam5.htm
کورتە وەڵام -
٤ -:
www.emrro.com/kurtewelam4.htm
کورتە وەڵام -
٣ -:
www.emrro.com/kurtewelam3.htm
کورتە وەڵام - ٢ -:
www.emrro.com/kurtewelam2.htm
کورتە وەڵام - ١ -:
www.emrro.com/kurtewelam.htm
ماڵپهڕی کامیل ژیر
|