په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٣\٢٠٢٢

کورتە وەڵامێک وەک برووسکە بۆ:

ھاوخوێن و ھاوچارەنووسەکانم لە ھەڵەبجە و ھەر شوێنێکی تر بن.

هەڵۆ محەمەد      


گوایە ئەم کەسەی لەم وێنەیەدا دیارە،( لوقمان) ی ناوە قسەکەشی خراوەتە ڕوو، ئەوە بیرکردنەوەیەتی... ((وەک کەسوکاری قوربانی ھەڵەبجە: گەردنی سەدام ئازاد دەکات)!؟

هەندێ دەزگای میدیایش وەک ھەنگوینی لە کلۆرە داردا دۆزیبێتەوە لەخۆشیدا نازانێ چ رۆنی بدات لە قەلبی!.. ئەم ئەواڵە پەخش بکاتەوە!!. کۆمەڵێ نەزان و ساویلکە و بێژووش دەھۆڵی بۆ دەکوتن و بە تێکڕا سەرچۆپی مەرگی کوردیان بەستووە...

بەڕاستی کارەساتە! تکاندنی ئابڕوو و شوورەییە! ئەمە سواڵی پارەیە. جا برالە ئەگەر ئەوە بەغدا چنگێ پوولی دایتێ! ئایا تۆ خوێنی خوشک و برا و کوڕو کچ و مێرد و ژنت بە پارە دەفرۆشی؟؟!!

نا نا، ئێوەی سەرلێشێواو و سەقەت کراو! جگە لەوەی دروست تۆ قوربانی ھەڵەبجە و ئەنفال و کوردایەتیت! ، ھەر لە ڕقی دەسەڵاتی کوردی،دەتەوێ لە بکوژ و ستەمکار و خوێنمژەکەم خۆش بیت و گەردنی ئازاد بکەیت!!.. بەڕاستی من ھێشتا کەسم نەدیوە، وەک ئێوە لەداخی منداڵی دراوسێ، ورگی منداڵی خۆی بدڕێ!!...

بەگشتی حاڵەتەکە لەنێوان دوو بڕگەدایە:

ئەگەر توڕەیت، ھەقی خۆتە!، بەس خۆ نابێ منداڵەت بکەیتەوە بە قوربانیەکی نوێ! بەڵکو بەئامۆژگاری و پشوودرێژی ھەوڵی لەگەڵ دا دەدەیت، بێتە سەر ڕێی ڕاست..یاخود ..راسپێردراوی و قورمیشکراوی بۆ ئامانجێک بەکارت دێنن! یاخود حەزت بەوەیە ڕۆڵ و تەمسیل بگێڕی!!...

ھاوچارەنووسەکەم : ئێوە باش دەزانن گەر ئێوەش لە داگیرکەر و زاڵم و بکوژ و دوژمنانتان خۆش بن ! ئەوا میللەت و مێژوو لێیان خۆش نابن! خودی شەھید و قوربانییەکانی دراوسێتان، گوندەکەت و شارەکەت، کەسوکارت لێیان خۆش نابن...

تۆ دەزانی لەم هەڵوێستەتدا جگە لە پەڵەیەکی شەرمەزاری ھیچی ترت لەم بۆ نەماوەتەوە!!...
ئاخر تا هەنووکە ھیچ (جولەکەیەک) لە (ھیتلەر )خۆش نەبووە!...
ھیچ (ئەرمەنییەک) لە (سوڵتان عەبدولحەمید و ئەتاتورک) خۆش نەبووە!
ھیچ (عەرەبێک) لە (موشەدایان و شارۆن) خۆش نەبووە!
ھیچ (ڕۆژھەڵاتییەک) لە (خومەینی و خاڵخاڵی) خۆش نەبووە!
ھیچ (رۆژئاواییەک) لە (ئەسەد و رێوی) باوک و کوڕ خۆش نەبووە...؟؟؟!!!!

یاخود مەسەلەکە بریتییە لەوەی بە فەرمان! ئەم ڕۆڵە خراپ و ریسواییەتان پێ دەگێڕن ھیچی تر نین...

ئێمە ئاگادارین و مێژووش گەواهە! بنەماڵەی شەھیدانی سەربەرزی کوردایەتی سەرگەرمی درێژەدانن بە خەبات و سەنگەریان چۆڵ نەکردووە، داوای ھەقی رەوای نەتەوەکەیان دەکەن...

بەداخەوە ئێوە! بۆ ئامانجێکی گڵاو بەکار دەھێنرێن! ئێوە خۆتان کردۆتە قەرەقۆزی گەمەیەکی تا سەر ئێسک ناشیرین و نزم و گوماناوی !..من ئێستا دەزانم بەدەست ئازاری ویژدانتەوە( گەر ھەتبێت)!! چۆن تلاوتل دەکەن..ئێستا دەزانی چ کڵاوێکت لەسەر نراوە؟!..ئێستا دەزانی سەرت بەسەقەتی تاشتراوە و ئاوێنەشت دراوەتە دەست؟!.. ئێستا دەزانی رووی ناو کۆمەڵت نییە! ھەڵەبجەییەکان ، ئەنفالکراوەکان قێزت لێ دەکەنەوە!!!

ئاخر شەڕی دەسەڵاتێکی گەندەڵ و دز بەو جۆرە نییە؟!.. تۆش ئامانجت دادپەروەری و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگەکەت نییە؟!.. بەڵکو چنگێ پولی ڕەزالەتی و سووک و سەلیمی و ھەوڵ دەدەیت بۆ بەدیھێنانی ئامانجی پیس و دۆڕاوی سەر شانۆی سیاسی!...گومانم ھەست تۆ و ئێوە ھەڵەبجەیی و ئەنفالکراو بن! نا ، نا ھەڵەبجەییەکان :سەرکەش و قارەمانی کوردایەتین...

کوردبوون ھێندە ئاسان نییە، ئێوە بیکەنە بەردەبازی دەروونی نەخۆش و مەرامی چڵکنی خۆتان و کەسیش لە داگیرکەر و دوژمن و بکوژی و کاولکەری نیشتمانی خۆی نابورێ...سەدام و عەلی کیمیاوی دروشمەکانی عروبە، وان لەناو زێرابی شەقام و کۆڵان و دەشت و دۆڵی ھەڵەبجەی مەرگ بەزێن و گەرمیانی سەربەرزی کوردایەتی دا...

ملیۆنەھا سڵاو بۆ گیانی شەھیدانی ھەڵەبجە و ئەنفال و بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد.
ڕووڕەشی بۆ خاکفرۆش و خۆفرۆش و تابووری پێنجەم لە کوردستان دا.
 

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک