په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

کورتەیەک لەسەر دیموکراسییەت...

           
نوێکار نه‌جمه‌دین حه‌مه‌سه‌عید حه‌مه‌ئه‌مین


دیموکراسی واقعێکە زۆربەى کۆمەڵگە مرۆییەکان هەوڵ دەدەن پێى بگەن ، نەک بەو پێیەى موقەدەسە و بێ خەوشە ، بەڵکو ڕەهەندێکە مۆرکێکی مرۆیی دەلکێنێت بە ژیانی کۆمەڵگە مرۆییەکان و واى لێدەکات ئەستەم نەبێت لە چوارچێوەى هاوکاری و هاوژیانی لە نێوان تاکەکان و دەستە بژێر و لێهاتووەکاندا لە لایەک و ڕەگەزە پێکهاتە مرۆییەکانی دیکەى(ئیتنی و زمان و ئایدۆلۆجی) کۆمەڵگە لە لایەکی دیکە.


دیموکراسی سەمتێکی کۆنتراکتی دەستەجەمعییە ، وەلێ ئەو کۆنتراکتە پڕ بە پێست و تەواو نییە ، بەڵکو کۆنتراکتێکی دەستە جەمعی هەمیشە لە نوێ بوونەوە و گەشە و نەسرەوتن دایە، بە جۆرێک ئامادەگی و نائامادەگی کاریگەرێتییەکی روونی هەیە بەسەر ڕێڕەوی کۆمەڵگە مرۆییەکان.


دیموکراسی رێکخستنێکی سیاسی کۆمەڵگاکان نییە ، بەڵکو تەنیا ڕەهەندێکی کۆمەڵگایە ، ئەمەش وادەکات ئەو میکرۆ سیستمە دیموکراسییە سیاسییەکان لە کۆمەڵگاکان بەشێک بێت لە میکرۆ سیستمێکی دی فراوانتر لەو ، تەنیا ژیانی سیاسی ناگرێتەوە بەڵکو هەموو لایەنەکانی دیکەى کۆمەڵگا وەک یەک دەگرێتەوە ، جا بەو پێیە ناکرێ و ناشێ دیموکراسی سیاسی بەبێ ڕووە رۆشن بیرییەکەى لە ژێر باڵى باوی سەرکوتکاری دام و دەزگاکانی دیکەى کۆمەڵگە هەر لە خێزانەوە تاکو دەگاتە دام و دەزگا دینییەکان ، ئیستیراد بکرێت ، هەرگیز ئەو گەلەى ڕۆڵەکانی بۆماوەیەکی دورودرێژ ژیانی لە (ئەشەو بیلا) بۆ (زەعیم) بەسەر بردبێ و پەروەردە کرابێ لە شەو و رۆژێکدا بە دیموکراسی شاد نابێ، پێگەیاندنی دیموکراسی تاکەکەسی هەر لە یەکەم ساتی لەدایک بوونی بوونەوەری مرۆیی دەست پێ دەکات.


لەلایەنی شکڵییەوە سێ نمونەى سەرەکی دیموکراسی هەیە کە بیرمەندانی ئەمڕۆ کاری پێ دەکەن ئەوانیش :
1- دیموکراسیەتی نسبی یان جیهانی .
2- دیموکراسیەت وەک پرۆسە یان بارێک.
3- دیموکراسیەت وەک پرۆگرامێک و ئالەتێک یان ناوەرۆک و بەرهەمی بابه‌تیی.


لە تاقیکردنەوەى مێژوو دا دەردەکەوێ کە هەموو نموونەکانی سەرەوە پێویستیان بە چاک کردن هەیە بە بێ جیاوازی ، چونکە لەوانەیە دیموکراسییەت هەبێ وەک هەموو ئەوانەى کە ئاماژەم پێ کرد ، بەڵام لێکۆڵەرەوان و پسپۆڕان و تێکۆشەران رێک کەوتوون لەسەر ڕایەک کە دەسەڵات پێوەرى دیموکراسیەتە بە پلەى یەکەم ، لەگەڵ ئەوەشدا بەکارهێنانی و دابەش کردنی دەسەڵات و حوکم کردن تیایدا یان گواستنەوەى ، یان لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەى کێشە بنیاد دەنێن ، یان ئەوانەى تێ دەکۆشن تیایدا ... جیاوازی دەردەکەوێ لە تەماشا کردنی ئەو هۆکارانەى کە پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە هەیە دەربارەى ئەوە لە نێوان تێگەیشتنی ڕەوشتی ئەفلاتوون و ئەرستۆ لەلایەک و نێوان ئەدەب و رەوشتی مارکس و ئەنجلس و لینیندا...


کارل مارکس و ئەنجلس لە (بەیانی شیوعی) کە دەرچووە لە ساڵى 1848 دا ، مارکس وا باسی دەسەڵات دەکات یان واى دەبینێ(لە ڕووی ناکۆکی چینایەتییەوە یان لە ڕووى شەرعییەوە) بەڵام فلادیمیر لینین لە شۆڕشی پرۆلیتاریا باس لە دەسەڵات دەکات و دەڵێ (دیکتاتۆری دەسەڵاتێکە پشت دەبەستێ بە هێز ، ملکەچی هیچ یاسایەک نابێت )) ، هاوتس ترنج لە پەرتووکی سووردا دەڵێ: دەسەڵات لە ڕاستیدا دەردەکەوێ بە ئاسن و ئاگر..
بەڵام رامیارییەکانی ئەمرۆ واى دەبینن لە هەڵوەشانەوەى دەسەڵات کێشەیەکی جەوهەری هەیە ، بەڵام ڕەوشتیەکان(الاخلاقیون) لە ڕووى ئاستییەت و بەرهەمەوە دەیبینن ، بەڵام زۆرینەى لێۆڵەرەوانى ئەم سەردەمە واى دەبینن دیموکراسیەت توخمێکە لە واقیعی ڕامیاری و زانستی و ڕەوشتی ، هەندێکیان تەرکیز لەسەر ئەوە دەکەن کە کێشەى بەردەوام هەیە لە نێوان ئەوانەى دەسەڵات بە موڵکی خۆ دەزانن لەگەڵ ئەوانەى تێ دەکۆشن لە نێوان دەسەڵاتی رێکخراوو تاکەکانی دیار ... لەگەڵ ئەو تێگەشتنانەش ئەبێت کە هەموویان هەبێت ، هەیە پێچەوانەیە ، لەڕووى تەماشا کردنی فەلسەفەوە جیاوازە و پێچەوانەى دەکاتەوە ، سروشتی مرۆڤ و سروشتی کۆمەڵگا لە هەندێک دیانەتەکان سەروەری بۆ خوایە نەک بۆ مرۆڤەکان ، ئەبێ وەحی لە خوداوە بۆ کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی بێت و ئەگەری دیموکراسیەت هەبێ بە گوێرەى ئەم دیانەتانە ، ئەبێ لەو چوارچێوەیەدا بێت کە دیانەتەکان داى دەهێنن و وە بە پێچەوانەى ئەمەوە فەلسەفەى دنیاییە کە سەروەری لە نێو دەستی خەڵکەکەیە ، مافی خۆیانە حکومەت پێک بهێنن و هەڵیشی بوەشێننەوە وەک ئەوەى (ئەبرەهام لنکۆڵن) دەربارەى حکومەت دەڵێ (لە گەلەوە بۆ گەل)...


لە کاتی گفت و گۆ کردن لەبارەى دیموکراسیەت پێویستە ڕەچاوی ئەوە بکرێت کە دژکار نەبێت بە پرەنسیپ و بەها کۆمەڵایەتی و نیشتیمانییەکان بەڵکو بە پێچەوانەوە پێویستە بە ئاراستەیەک باس لە پەیڕەو کردنی دیموکراسیەت بکرێت کە ببێتە بەهێز کردنی ئەو پرەنسیپانە و هاوکار بێت لە کۆکردنەوەى ووزەى کۆمەڵگە بەشێوەیەکی تەندروست بۆ بەرگری کردن لە بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان ، بە پێچەوانەى یاسا فریاگوزارییەکان و بڕیار و پێشڕەوییە نەریت باوەکان کە بەشدار دەبن لە لاواز کردنی کۆمەڵ و بەهێز کردنی دوژمنەکانی ... دیموکراسیەت داواکارە بە فرە ڕەنگی سیاسیى و بە مەدەنی بوونی دەسەڵات و بوونی ئۆپۆزسیۆن و ماف پێدانی ئەو ئۆپۆزسیۆنانە بۆ گەشەسەندن و بوون بە زۆرینە ، جێى ئاماژە پێکردنە نەبوونی پرۆسەیەکی دیموکراسی تەندروست دەبێتە هۆى پەیدا بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی ناتەندروست و شێواو و هەندێ جار ئەو ئۆپۆزسیۆنە لە وێنەیەکی تەواوکەر و پڕاو پڕى دەسەڵات زیاتر نییە و نابێت و بە هەمان ئەو جێگە پێیانە دەڕوات کە دەسەڵات لە پێش ئەم دا بە هەڵە پێى لەسەر داناون و پێیدا تێپەڕیوە ، پێویستە ئۆپۆزسیۆن هەمیشە بە چاوێکی ڕەخنە گرانە بڕوانێتە چالاکییە مەیدانییەکانی خۆى هەتاکو نەبێتە خاوەنی ئەو جێ پێیانەى کە بە هەڵە دەسەڵات لە پێش ئەو دا جێى هێشتوون .


پێویستە هەموو کات جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە ئازادی و دیموکراسییەت سیستەم گەلێکن کە لەناو خودی کۆمەڵگە مرۆییەکاندا سەر هەڵدەدەن بۆیە بە پێویستم زانی لێرەدا ووتەیەکی هیگڵ بە نموونە بێنمەوە کە دەڵێ : چەسپاندنی ئازادی و دیموکراسیەت لە دەرەوە دەبێتە هۆى خنکاندنی پرۆسەکە .


لە کۆتاییدا دەمەوێ بڵێم دابەشبوونی کۆمەڵ لەلایەنى ئابووری و کۆمەڵایەتی و هزریەوە بۆ هەموو چێنێک واى کردووە کە چەند ڕەنگ و چەند بیرێکی دیاری کراو لە تواناى دا نەبێت هەموو داواکاری و پێویستییەکانی کۆمەڵ دابین بکات ، هەر ئەمەش واى کردووە لەدایک بوونی چەندەها رێکخراوی مەدەنی و حزبی سیاسی و دەستەى بچووک ببێتە دیاردەیەکی ئاسایی ، بەڵام بۆ پاراستنی پێک هاتەو یەک ڕیزی کۆمەڵ پێویستە هەموو ئەو دامەزراوانە لەژێر سایەى کۆمەڵە یاسایەکدا کۆمەڵێک خاڵى هاوبەش کۆیان بکاتەوە ، بە واتایەکی دی بە داڕشتنی یاساى حزبەکان و یاساى هەڵبژاردن و .. هتد دەتوانرێ کۆمەڵ بە تەندروستی بهێڵدرێتەوە بە مەرجێ ئەو یاسایانە هەموو پێک هاتە سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان بێ جیاوازی بگرێتە خۆى و سەروەرییەکان بپارێزێت ....