کورتەیەک
لەپێشەکى
راپۆرتى
ساڵانەى تایبەت بە بازرگانیکردن بەمرۆڤ بۆ ساڵى
2007 .

ئا/ محەمەدى مشیر
هەروەک لە پێشەکى ئەو راپۆرتەدا هاتووە کە لە 17/11/2007 دەرچووە، بە
پێى یاسا پێویستە لەسەر وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا ساڵانە راپۆرتێک بۆ
کۆنگرێس بەرزبکاتەوە لە بارەى ئەو هەوڵانەى کە لە لایەن حکومەتە
بیانییەکانەوە ئەنجام دەدرێن بۆ لەناوبردنى هەموو شێوەکانى
بازرگانیکردن بە مرۆڤ، ئەم راپۆرتەى ئێستاش شەشەمین راپۆرتى ساڵانەیە
کە لەبارەى بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە بەرزبکرێتەوە.
مەبەست لەم راپۆرتە هەروەک لە پێشەکییەکەیدا ئاماژەى بۆکردووە
بەرزکردنەوەى ئاستى هوشیارى جیهانی و تیشک خستنە سەر ئەو هەوڵانەیە کە
بەمەبەستى قەڵاچۆکردنى بازرگانیکردن بەمرۆڤ دەگیرێنەبەر، هەروەها بۆ
ئەوەشە کە حکومەتە بیانییەکان هانبدرێن تا رێوشوێنى کارا بگرنە بەر بۆ
رووبەڕوو بونەوەى هەموو شێوەکانى بازرگانیکردن بەمرۆڤ. بەپێى یاساى
پاراستنى قوربانیانى بازرگانیپێکردن کە لە ساڵى 2000 لە ئەمریکا
هەموارکراوە ئامانج لە قەڵاچۆکردنى بازرگانیکردن بە مرۆڤ سزادانى
بازرگانەکان و پاراستنى قوربانیان و قەدەغەکردنى
بازرگانیپێکردنە.هەروەک لە پێشەکى راپۆرتەکەدا هاتووە مەبەستى سەرەکى
حکومەتى ئەمریکا لە ئامادەکردنى ئەو راپۆرتە رزگارکردنى ئەو کەسانەیە
کە لە هەلومەرجێکى نزیک لە کۆیلایەتییدا ژیان بەسەردەبەن. هەروەک
ئاشکرایە بازرگانیکردن بە مرۆڤ مەترسییەکى هەمەلایەنە و خەڵک بێبەش
دەکات لە ماف و ئازادییەکانیان و مەترسى تەندروستیش لە سەراپاى جیهاندا
زێتر دەکا وهەروەها زەمینەى گەشەکردنى تاوانى رێکخراویش خۆشتردەکات.
بازرگانیکردن بە مرۆڤ کاریگەریەکى وێرانکارانەى هەیە بەسەر
قوربانییەکان و زۆرجاران دووچارى ئازارى جەستەیى و دەروونى و لاقە و
هەڕەشەکردن لە خۆیان و کەسوکاریان و دزینى کەلوپەل و بەڵگەنامەکانیان و
تەنانەت مردنیش دەبنەوە.
کورتەیەک لەو زانیارى و داتایانەى لە نێو
راپۆرتەکەدا هاتوون :
1- بەپێى مەزەندەى رێکخراوى کارى
نێودەوڵەتى (ILO) نزیکەى 12.3 ملیۆن کەس لە هەلومەرجى زۆرەملێیانە یان
سوخرەکاریدا کاردەکەن یا بەکویلەکراوى سێکسین یاخود منداڵن و
بەزۆرکاریان پێدەکەن، بەڵام بە گوێرەى هەندێ سەرچاوەى دیکە
مەزەندەدەکرێ ئەم ژمارەیە لە 4 تا 27 ملیۆن مرۆڤ بگرێتەوە.
2- بەپێى لێکوڵینەوەیەک کە
لەژێرچاودێرى حکومەتى ئەمریکادا ئەنجامدراوە و لە ساڵى 2006 کۆتایى
هاتووە، ئاماژە بەوەدەکات کە هەر ساڵێک نزیکەى 800.000 کەس لە رێگەى
سنوورەکانەوە بازرگانیان پێدەکرێت، جگە لەوانەى لە نێو سنوورى
وڵاتەکانیان بازرگانیان پێدەکرێت و 80% ئەو قوربانیانەى لە دەرەوەى
وڵاتن ژن و کچن و نزیکەى 50% یشیان ناکامن.زۆرینەى قوربانییەکان ئەو
ئافرەتانەن کە بازرگانى سێکسیان پێدەکرێت.
3- بەسەربازکردنى منداڵ یەکێ لەو
دیاردە هەرە دەگمەن و دڵڕەقانەیە لە بوارى بازرگانیکردن بە مرۆڤ دا کە
راپۆرتەکە ئاماژەى بۆ کردووە و دەڵێ:بەشێوەیەکى ناڕەوا و بەزۆر یا
تەزویر یان زۆرەملێیانە منداڵان ناچاردەکرێن بە سەربازى و وەکو کوێلەى
سێکس رەفتاریان لەگەڵدا دەکرێت بە تایبەتیش لەو ناوچانەى ململانێى
چەکداریان تێدا هەیە. ئەو جۆرە رەفتارە ناڕەوایانە لە لایەن هێزەکانى
حکومەت یا رێکخراوى نیمچەحکومى یان لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە
پێِڕەودەکرێن. بە پێى مەزەندەى یونیسیف ئێستاکە پتر لە 300.000 منداڵ
لە ژێرەوەى 18 ساڵیدا، لە 30 ململانێى چەکدارى لە جیهاندا
بەکاردەهێنرێن، لە کاتێکدا زۆربەیان تەمەنیان لە نێوان 15تا 18
ساڵیدایە و هەندێکیشیان تەمەنیان لە نێوان 7تا8 ساڵیدایە.هەندێ لەو
منداڵانە دەڕفێنرێن تاوەکو وەک جەنگاوەر بەکاریان بهێنن، هەندێکى
دیکەشیان بەشێوەیەکى ناشەرعى ناچاردەکرێن تا وەکو بارهەڵگر یا چێشت
لێنەر یا خزمەتکار یا پەیامنێر یا سیخوڕ کاربکەن.
4- ساڵانە پتر لە 2 ملیۆن منداڵ
لە سەرتاسەرى جیهاندا لە بازرگانى سێکسى بازرگانیدا بەکاردەهێنرێن
سەربارى ئەوەى کە سەرجەم بەڵگەنامە و پرتۆکۆلە نێودەوڵەتییەکان
بەکارهێنانى منداڵ بۆ بازرگانیکردنى سێکسى بە تاوان دادەنێن.
5- لێکۆڵینەوەکان بەدیارى دەخەن
کە توندوتیژى و بەدرەفتارى دوو کۆڵەگەى بازرگانیکردنى لەشفرۆشین. بە
پێى یەکێک لەو لێکۆڵینەوانەى لە ساڵى 2006دا بۆ ژنان ئەنجامدراوە
بەدیاردەکەوێت کە ئەو ژنانەى بەمەبەستى لەشفرۆشى بازرگانیان پێکراوەو
رەوانەى یەکێتى ئەوروپادا کراون رێژەى 95% یان قوربانیانى توندوتیژى و
ناچارى سێکسى زۆرەملێیانەکراون و پتر لە 60% یشیان باسیان لە هیلاکى و
ئاسەوارى نارەحەتى دەروونى و کێشەکانى دەزگاى هەرسکردن و پشت ئێشەو
نەخۆشى ژنانەیان کردووە.یەکێ لەو لێکۆڵینەوانەى لە ساڵى 2001دا
ئەنجامدراوە بەدیاریخستووە کە رێژەى 86% ى ئەو ژنانەى لە نێو وڵاتەکانى
خۆیان بازرگانى سێکسیان پێکراوە و رێژەى 85% لەوانەى لە رێگەى سنوورە
نێودەوڵەتییەکانەوە بازرگانیان پێکراوە دووچارى بارگرژى هاتوون.
6- نزیکەى 42 ملیۆن کەس لە
سەرتاسەرى جیهاندا هەڵگرى ڤایرۆسى ئایدزن و بازرگانیکردن بە مرۆڤ
رۆڵێکى کاریگەرى هەیە لە بڵاوکردنەوەى ئەو ڤایرۆسەدا. راپۆرتى ساڵى
2005 ى نەتەوەیەکگرتووەکان لە بارەى ئایدز دەڵێ:" پەتاى ئایدز لە
ئاسیادا لەوێوە سەرچاوە دەگرێ و تەشەنەدەکات کە ماددەى سڕکەر لە رێگەى
سرنج بەکاردەهێنرێت و سێکسى بازرگانیش لەوێدا بەربڵاوە". کەواتە
لەشفرۆشى و بازرگانیکردن بە سێکس دوو هۆکارى بەشدارن لە بڵاوبوونەوەى
پەتاى ئایدز.لە سەر ئاستى جیهانیشدا ئەو ژنانەى لەشفرۆشى دەکەن یان
ئەوانەى لە پێناوى سێکسدا بازرگانیان پێکراوە رێژەیەکى زۆریان دووچارى
تووشبوون بە ڤایروسى ئایدز دەبنەوە. بۆنموونە رێژەى تووشبوون بە ئایدز
لە نێو ئەو ژنانەى لە شفرۆشى دەکەن لە (نیپال) دەگاتە 20%، لە باشوورى
ئەفریقیا رێژەیان دەگاتە 70.4%، سەربارى ئەمەش بەپێى کۆنگرەى جیهانى
بەرهەڵستکار بە سێکسى بازرگانى لە نێو منداڵاندا ئاشکرابووە کە لە
باشوورى خۆرهەڵاتى ئاسیادا رێژەى نێوان 50 تاکو 90% ئەو منداڵانەى لە
ماڵەکانى لەشفرۆشى دەربازکراون تووشى ڤایرۆسى ئایدز هاتوون.
هۆکارەکانى بازرگانیکردن بە مرۆڤ
بەپێى ئەو راپۆرتە هۆکارەکانى ئەم دیاردەیە زۆرن لەوانەش: هەژارى،
گەڕان بەدواى ئاستێکى بەرزترى بژێوى لە وڵاتانى دیکە ، کەمى دەرفەتى
کار و دامەزراندن، گەندەڵى گشتى و تایبەت، تاوانى رێکخراو، توندوتیژى
لە دژى ژنان و منداڵاندا، نائارامى سیاسى و ململانێى چەکدارى، دابڕانى
منداڵ لە قوتابخانە.یەکێ لەو هۆکارە رەمەکیانەى بازرگانیکردن بەمرۆڤ لە
نێوان سنوورە نێودەوڵەتییەکان بە جیهانى بوونى بازاڕەکان و هێزەکانى
کارە.
بۆ نموونە پارساڵ :
- کۆمەلێک کچى تازەپێگەیشتوو
بەمەبەستى بەکارهێنانى سێکسى لە زمبابۆى گوێزراونەتە ئایسلاندا.
- چەندین منداڵى ڤیتنامى بە
شێوەیەکى زۆرەملێیانە گوێزراونەتەوە بەریتانیا بەمەبەستى بازرگانیکردن
بە ماددە سڕکەرەکان .
- چەندین ئافرەتى چینى بە
مەبەستى بەکارهێنانى سێکسى گوێزرراونەتەوە ئەفغانستان .
- چەندین قوتابى روسى بە
مەبەستى کارى زۆرەملێ و فرۆشتنى مۆتا گوێزراونەتەوە ئەمریکا.
*
سەرچاوە: ئینتەرنێت
|