٢٢\١\٢٠١٠
کورته‌یه‌ک له ژیان و خه‌باتی لینین.

سه‌ردار عه‌بدوڵا
له22ی
نیسانی ساڵی 1870 ڤلادیمێر ئیلتش ئۆلیانۆف ( لینین) له‌شاری سیمبیرسک
که‌ده‌که‌وێته سه‌ر ڕوباری ڤۆلگا چاو به‌جیهان هه‌ڵده‌هێنێ، ژیانی
منداڵی له شاری قازان وسمارا به‌سه‌ر ده‌بات.
باوکی لینین ئیلیا نیکولایفتش ئۆلیانۆف که‌سێکی نه‌دار بوو، به‌ده‌ستگیرۆیی
برا گه‌وره‌که‌ی توانی خوێندنی باڵا ته‌واو بکات و ببێته مامۆستای
ناوه‌ندی، پاشان بووه پشکنه‌ر( مفتیش) و دوای ئه‌وه بووه به‌ڕێوبه‌ری
قوتانخانه گه‌لییه‌کان، که‌سێکی دڵسۆز بوو له کاره‌که‌یدا، هه‌روه‌ها
ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی هه‌بوو له دامه‌زراندنی قوتابخانه له‌گونده‌کانی
ڕوسیا و فێرکردنی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه.
به‌ڵام دایکی لینین (ماریا ئه‌لکسندرفنا) خوێندنی له‌ماڵه‌وه ته‌واوکرد
و شاره‌زایی له‌ئه‌ده‌ب ومۆسکدا هه‌بوو، دایکێکی دلسۆزبوو له‌په‌روه‌رده‌کردنی
منداڵه‌کانیدا.
خێزانه‌که‌ی ئۆلیانۆڤ له 6 منداڵ پێک هاتبوو ( ئانا،ئه‌لکسنده‌ر،ڤلادیمێر،
ئاوگا، دیمیتری و ماریا) باوکیان هه‌وڵێکی زۆری ده‌دا بۆ فێرکردنی
منداڵه‌کانی له هه‌موو زانسته‌کان وخێزانه‌که‌ی به‌ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانه‌وه
په‌روه‌رده ده‌کرد .
لینین له7 ساڵیدا ده‌چێته قوتابخانه‌و پله‌کانی خوێندن زۆر به‌سه‌رکه‌وتووانه
ده‌بڕێ. ئه‌و هه‌میشه حه‌زی به‌یارمه‌تی هاوڕێکانی بووه له‌خوێندندا.
ژیانی منداڵی ولاوێتی به خوێندنه‌وه و مۆسیک به‌سه‌ر برد، شاره‌زاییه‌کی
زۆری به‌رهه‌می نوسه‌رانی ڕوسی هه‌بوو به‌تایبه‌ت ( پۆشکین،لیرمونتۆڤ،
گۆگۆل، تۆلستۆی) هه‌روه‌ها له‌به‌رهه‌می دیموکراته شۆڕشگێڕه‌کانیش له‌وانه
( بیلینسکی،هوتسن،تشیرنیشیفسکی ودوبرولیوبوڤ وبیساریف).
له‌شانزه ساڵیدا به‌ته‌واوه‌تی بڕوای به ئایین نامێنێت. له‌م باره‌یه‌وه
کروبسکایا ده‌گێڕێته‌وه که ڕۆژێک باوکی ڤڵادیمێر لای یه‌کێک له
میوانه‌کانی گلله‌یی له منداڵه‌کانی ده‌کات که‌هاتوچۆی کڵێسا ناکه‌ن،
میوانه‌که‌ی له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێ ( لێیان ده‌ن پێویسته لێیان ده‌ی) له‌وکاته‌دا
سه‌یری لینین ده‌کات،لینین بێزار و توڕه‌ده‌بێت، خاچه‌که‌ی ملی فڕێ ده‌داته
سه‌رزه‌وی و به‌ڕاکردن ده‌ڕواته ده‌ره‌وه‌ی ژووره‌که، له‌و کاته‌وه
بڕیارده‌دات که به‌ته‌واوی له ئایین دووربکه‌وێته‌وه .
له‌ساڵی 1886 ژیانی ڤلادیمێر به‌ته‌واوی ده‌گۆڕێ، باوکی کۆچی دوایی ده‌کات،
ئه‌لکسه‌نده‌ری برا گه‌وره‌که‌ی ئه‌وکات له زانکۆی تیرسبۆرگ زانستی
گیانه‌وه‌رزانی ده‌خوێند، به‌هۆی به‌شدار بوونییه‌وه له هه‌وڵدانێکدا
بۆ تیرۆرکردنی (تزار) له‌سێداره ده‌درێت، به‌هۆی ئه‌م دوو ڕوداوه‌وه
باری ژیانی لینین زۆر قورس ده‌بێت و زۆر ده‌ستکورت و نه‌دار ده‌بێت.
به‌له‌سێداره‌دانی براکه‌ی ئه‌زمونێکی گه‌وره وه‌رده‌گرێت، له‌تۆڵه
سه‌ندنه‌وه و تیرۆری تاکه‌که‌س دوور ده‌که‌وێته‌وه و بیر له‌گۆڕینی
ته‌واوی سیستێمی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کاته‌وه.
لینین بۆ یه‌که‌م جار چاپکراوه مارکسیسته‌کانی له ده‌ستی براکه‌ی چاو
پێ ده‌که‌وێت، له‌ئابی 1887 ده‌چێته کۆلیژی یاسا له‌زانکۆی قازان وله‌وێ
په‌یوه‌ندی به‌و قوتابییانه‌وه ده‌کات که مه‌یلی شۆڕ‌شیان هه‌یه، به‌هۆی
ئه‌م کاره‌یه‌وه دوور ده‌خرێته‌وه بۆ گوندی کوکوشکینو له‌ناوچه‌ی
قازان و ده‌خرێته ژێر چاودێری پۆلیسه‌وه، له‌به‌یانیه‌وه تا ئێواره
خۆی به‌خوێندنه‌وه خه‌ریک ده‌کات. پاشی ساڵێک ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زانکۆ
وداوای ڕۆیشتن ده‌کات بۆ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات به‌ڵام داواکه‌ی قبوڵ ناکه‌ن
به‌هۆی بوونی ناوییه‌وه له‌لیستی که‌سانی( گومان لێکراودا).
له‌وکاته‌ی که‌له‌قازان ده‌بێت ئه‌ڵقه‌ی مارکسیستی نهێنی هه‌بوون و په‌یوه‌ندی
به یه‌کێ له‌و ئه‌ڵقانه‌وه ده‌کات.
له‌وماوه‌یه‌دا لینین زۆربه‌قوڵی ده‌ستیکرد به‌خوێندنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی
مارکسیزم وله‌کۆبونه‌وه‌کانی کرێکاران و قوتابیاندا به‌شداری ده‌کرد.
له ئایاری 1889 خێزانی ڤلادیمێر ده‌گوێزرێته‌وه بۆ سمارا و چوار ساڵ
و نیوی تیادا به‌سه‌ر ده‌به‌ن، له‌و ماوه‌یه‌دا لینین سه‌رقاڵی نوسراوه‌کانی
مارکس وانگلس ده‌بێت و فێری زمانی بێگانه ده‌بێت به‌تایبه‌ت ئه‌ڵمانی،
( مانیفێستی کۆمۆنیست) له ئه‌ڵمانییه‌وه ده‌گۆڕێته سه‌ر زمانی ڕووسی.
له‌وکاتانه‌دا زۆری گه‌نجه‌کان وقوتابیان له‌ژێر بۆچونی پۆپۆلیستاکاندا
بوون که‌ڕایان وابوو سه‌رمایه‌داری گه‌شه‌ی نه‌سه‌ندووه له‌ڕوسیا،
بڕوایان به ڕۆڵی مێژووی چینی کرێکار نه‌بوو، جوتیارانیان به‌هێزی
بزووێنه‌ری شۆڕش ده‌زانی. لینین به‌رده‌وام ڕه‌خنه‌ی له‌کارو بۆچونی
پۆپۆلیسته‌کان ده‌گرت.
له‌ساڵی 1891 له‌زانکۆی پێترسبۆرگ تاقیکردنه‌وه‌کانی ده‌دات وبه نمره‌ی
به‌رز ده‌رده‌چێت،له‌ساڵی 1892 ده‌بێته پارێزه‌رله‌دادگای سمارا،
لینین هه‌میشه پارێزگاری له مافی هه‌ژاران ده‌کرد. له‌و ماوه‌یه‌دا
زیاتر سه‌رقاڵی کاری سیاسی بوو، هه‌رله‌و ساڵه‌دا یه‌که‌م ئه‌ڵقه‌ی
مارکسیستی درووست ده‌کات که په‌یوه‌ندی پته‌وی به نووسراوه‌کانی
مارکس وئه‌نگلسه‌وه ده‌بێت.
له‌ئابی 1893دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێترسبورگ به‌هۆی پێشکه‌وتنی پیشه‌سازی
و زۆری ژماره‌ی کرێکاران تیایدا،ئه‌و شاره یه‌کێک بوو له ناوه‌نده
هه‌ره گرنگه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری له ڕووسا، هه‌روه‌ها ئه‌وکاته‌ش
پایته‌ختی ڕووسیا بوو.
پۆپۆلیستیه لیبراله‌کان ڕێگریه‌کی گه‌وره‌بوون له‌به‌رده‌م پێک هاتنی
حیزبی کرێکاراندا. لینین به‌رده‌وام هێرشی ده‌کرده سه‌ریان. له‌هاوینی
1894دا کتێبێکی نووسی به‌ناوی (دۆستانی گه‌ل کێن؟ و چۆن ده‌گه‌نگێن له‌گه‌ڵ
سۆسیال دیموکراته‌کاندا؟) که ڕه‌خنه‌ی له بۆچونی پۆپۆلیسته‌کان (
الشعبین) ده‌گرت که پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی ( کۆلاک) جوتیاره ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان
بوون، هه‌رله‌و ساڵه‌دا ( کرۆبسکایا)ی ناسی که مامۆستای یه‌کێ له
قوتابخانه کرێکارییه‌کانی ئێواران بوو، زۆرێک له قوتابییه‌کانی له
ڕێگه‌ی خۆیه‌وه په‌یوه‌ندیان به ئه‌ڵقه کرێکاریییه‌کان کرد که‌ئه‌وکات
لینین ڕابه‌رایه‌تی ده‌کرد.
له‌به‌هاری 1895دا لینین ده‌چێته ده‌ره‌وه‌ی ووڵات به‌کاری په‌یوه‌ندی
کردن به هاوڕێیانی(ڕزگاری کار) واته ( تحریر العمل) که‌له‌ساڵی
1883دا له سویسرا دامه‌زرابوو له‌لایه‌ن بلیخانۆف وهاوڕێکانی که
ڕایانکردبووه سویسرا.
له‌سویسرا بلیخانۆف ده‌بینێ و کۆمه‌ڵێ ڕاپۆرتی هاوبه‌ش به‌ناوی (کرێکار)
ده‌رده‌که‌ن، بلیخانۆف زۆر سه‌ری ده‌سوڕمێ له چالاکی و زیره‌کی لینین
وبڕوایه‌کی زۆری پێ ده‌بێت.
له‌پاشان ده‌چێته پاریس و به‌رلین، له‌وێ په‌یوه‌ندی به کۆڕوکۆبونه‌وه
کرێکارییه‌کانی ئه‌وێ ده‌کات، له‌پاریس هه‌وڵێکی زۆری‌دا که ڕابه‌رایه‌تی
کرێکارانی جیهان (فریدریک ئه‌نگلس) ببینێت به‌ڵام له‌به‌ر خراپی باری
ته‌ندروستی ئه‌و نه‌یتوانی ئه کاره ئه‌نجام بدات.
له‌ساڵی 1895گه‌ڕایه‌وه پێترسبۆرگ که کۆمه‌ڵێ نووسراوی به‌نرخی له‌جانتاکه‌یدا
شاردبۆوه‌و گه‌یاندییه‌وه ڕووسیا، هه‌رله‌وساڵه‌دا توانی هه‌موو
ڕێکخراوه کۆمۆنیسته‌کانی پێترسبۆرگ له‌یه‌ک ڕێکخراوی سیاسی‌دا یه‌ک
بخات به‌ناوی ( یه‌کێتی خه‌بات بۆ ڕزگاری چینی کرێکار) ئه‌م ڕێکخراوه
یه‌که‌م بنچینه‌ی حیزبی مارکسیستی شۆڕشگێڕ بوو له ڕووسیا، ئه‌م
ڕێکخراوه توانی ئایدۆلۆژی سۆسیالیزمی زانستی به بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری
پابه‌ند بکات، که‌له‌وکاته‌دا بزووتنه‌وه کۆمۆنیسته‌کان په‌یوه‌ندی
زۆر لاواز یان هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به‌بزوتنه‌وه‌ی کرێکاریه‌و نه‌بوو،له‌چالاکی
ئه‌م ( یه‌کێتیه) مانگرتنی کرێکارانی چنینی پترسبۆرگ بوو، له‌ساڵی
1896دا که 30 هه‌زار کرێکار به‌شداربوون تیایدا، هه‌روه‌ها بڵاوکردنه‌وه‌ی
نه‌شریات له‌ناو کرێکاراندا به‌جۆرێک چالاکی ولایه‌نگرانی چووه ده‌ره‌وه‌ی
پێترسبۆرگ. به‌م جۆره که‌وتنه ژێر چاودێری ده‌وڵه‌ت وپۆلیسه‌وه. ئه‌وه‌بوو
له‌سه‌ره‌تای کانونی یه‌که‌می 1895دا ده‌وڵه‌ت ده‌ستی لێ وه‌شاندن
وژماره‌یه‌کی زۆر که‌له‌نێوانیاندا لینین بوو گیرا و ده‌ست به‌سه‌ر
ڕۆژنامه‌ی ( کاروباری کرێکاران) دا گیرا.
لینین 14 مانگ زیاتری به‌سه‌ر برد له‌زیندانی پێترسبۆرگدا.له‌زیندان به‌شێوه‌یه‌کی
زۆر نهێنی په‌یوه‌ندی به‌هاوڕێکانییه‌وه ده‌کرد وپڕۆژه‌ی یه‌که‌می بۆ
به‌رنامه‌ی حیزبی کۆمۆنیست نووسی. لینین نووسراوه‌کانی به‌شیر ده‌نوسی
تاکوو دیار نه‌بن له‌پاشان که گه‌رم ده‌کرا خه‌ته‌که شێوه‌ی ئاشکرای
خۆی وه‌رده‌گرت، پێنوسه‌کانی له‌نان دروست ده‌کرد، له‌یه‌کێ له نامه‌کانیدا
ده‌ڵێ (ئه‌مڕۆ شه‌ش پێنوسم خواردووه) .
لینین له زینداندا ده‌ستی کرد به‌نووسینی کتێبی( گه‌شه‌کردنی سه‌رمایه‌داری
له‌ڕووسیا) و ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی که پێویستی بوون له‌ڕێگه‌ی (ئانا) ی
خوشکییه‌وه به‌ده‌ستی ده‌گه‌یشت.
له‌پاشان له 13 ی فبرایر 1897 حوکمی به‌دوورخستنه‌وه‌ی بۆ سیبیریای
ڕۆژهه‌ڵات درا، بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ بۆ گوندێک که سه‌دان کیلۆمه‌تر له‌هێڵی
ئاسنینه‌وه دووربوو. ژیان له‌و گونده‌دا زۆر به‌گرانی ده‌باته سه‌ر،
له‌نێوان دانیشتوانی ئه‌و گونده‌دا زۆر خۆشه‌ویست ده‌بێت و یارمه‌تی
زۆری کرێکارانی ئه‌و ناوچه‌یه ده‌دات. زۆر جار فێری ده‌کردن که چۆن
پارێزگاری له خۆیان بکه‌ن له دادگاکاندا، چونکه نه‌ی ده‌توانی بچێته
دادگاوه به‌هۆی ئه‌و حوکمه‌ی که درابوو به‌سه‌ریدا.
دوای ساڵێک (نادبجدا کرۆسبکایا) دوور ده‌خرێته‌وه بۆ هه‌مان گوند به
حوکمی کردنی به‌هاوکاری( یه‌کێتی خه‌بات) له‌وێ ژیانی هاوسه‌رێتی لینین
قبوڵ ده‌کات. کرۆسبکایا هه‌واڵی به‌ستنی کۆنگره‌ی یه‌که‌می حیزبی
کرێکارانی سۆسیال دیموکراتی ڕوسیای پێ ڕاده‌گه‌یه‌نێت که‌له‌ئازاری
1898 له‌منیسک به‌سترابوو که دامه‌زراندنی حیزبی تێدا ڕاگه‌یاندرابوو.
لینین پێی وابوو که‌زیادکردنی ووشه‌ی ڕوسیا بۆ ناوی حیزب ده‌بێته هۆی
کۆکردنه‌وه‌ی کرێکارانی پێشڕه‌وی هه‌موو ڕوسیا،هه‌روه‌ها له‌سه‌ر خاڵه
بنچینه‌ییه‌کانی حیزب ڕازی بوو، به‌ڵام کۆنگره نه‌یتوانی بوو ئه‌ڵقه
و ڕێکخراوه مارکسیسته په‌رتوبڵاوه‌کان یه‌ک بخات و هه‌روه‌ها نه‌ی
توانی به‌رنامه‌و په‌یڕه‌وی ناوخۆش بۆ حیزب دابنێت.
لینین له‌و کاتانه‌دا سه‌رقاڵی دانانی پرۆژه‌ی حیزب بوو، به‌لای ئه‌وه‌وه
پێویست بوو زۆرتر کاری نهێنی بۆ بکرێت به‌هۆی سه‌رکوتی پۆلیسه‌وه.
ڕۆڵی گشتی له‌م پرۆژه‌یه‌دا بریتی بوو له ده‌رکردنی گۆڤارێکی سیاسی بۆ
هه‌موو ڕوسیا که هه‌موو کۆڕوکۆمه‌ڵه‌کان له‌سه‌ر ئایدۆلۆژی مارکسییزمی
شۆڕشگێڕ سه‌قام گیر بکات.
بۆ خۆ ئاماده‌کردن بۆ کۆنگره‌ی دووه‌م و دانانی یه‌ک به‌رنامه و یه‌ک
په‌یڕه‌وی ناوخۆ بۆ حیزب، ڕۆڵی ئه‌و گۆڤاره ته‌نیا له بزواندن و
پڕوپاگه‌نده بۆ حیزب خۆی نه‌ده‌نواند، به‌ڵکو کاری بۆ یه‌کخستنی ئه‌ڵقه
سۆسیال دیموکراته‌کان له‌یه‌ک ڕێکخراودا ده‌کرد.
دواین ڕۆژانی حوکمه‌که‌ی خه‌ریک بوو به‌سه‌ر ده‌چوو، زۆر دوودڵ بوو له‌وه‌ی
که ماوه‌ی حوکمه‌که‌ی تازه بکرێته‌وه، بۆیه شه‌وانه خه‌و نه‌ده‌چووه
چاوی، به‌ڵام خۆش به‌ختانه له29 کانونی دووه‌می ساڵی 1900 له‌گه‌ڵ
کرۆسبکایای هاوسه‌ری ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ پێترسبۆرگ.
به‌درێژایی ساڵی 1900 له هه‌وڵی ڕێکخستنی گۆڤارێکی سیاسی بوو بۆ سه‌رتاسه‌ری
ڕوسیا، له‌به‌ر کاری ئیستبدادی پۆلیس بڕیاریدا له‌ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا ده‌ری
بکات. پێش ده‌رکردنی گۆڤاره‌که په‌یوه‌ندی کرد به‌زۆربه‌ی ڕێکخراوه
سۆسیال دیموکراته‌کانی ڕوسیا بۆ پشتگیریکردنی گۆڤاره‌که، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته
زۆربه‌ی شاره‌کانی ڕووسیا گه‌ڕا، پیاوانی پۆلیس هه‌ست به‌چالاکی لینین
ده‌که‌ن، له‌ئایاری 1900 ده‌ستگیر ده‌کرێت پاش ئه‌وه‌ی هیچ زانیارییه‌کیان
ده‌ست ناکه‌وێت پاش ماوه‌یه‌کی که‌م ئازاد ده‌کرێت، له‌یه‌کێ له
ڕاپۆرته‌کانی ئه‌فسه‌رێکی گه‌وره‌ی پۆلیسدا هاتووه که ناوی زۆرباتۆڤ
بوو ده‌ڵێت: (له‌کاتی ئێستادا له شۆڕشدا هیچ که‌سێک وه‌ک ئۆلیانۆڤ گه‌وره
نی یه).
لینین توانی له 16ی ته‌موزی 1900 سه‌فه‌ر بکات بۆئه‌ڵمانیا که 5 ساڵی
خایاند،له‌وێ گۆڤاری( ئایسکرا) ده‌رده‌کات، واته ( بروسکه) و بنکه‌ی
ده‌رچوونیشی شاری میونیخ بوو. هه‌روه‌ها شاری ( براغ) ی هه‌ڵبژارد بۆ
په‌یوه‌ندیکردن به‌ڕووسیاوه له‌به‌ر کاری ئه‌منی گۆڤاره‌که. ئه‌م
گۆڤاره زۆر ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی ده‌هاته ڕێ،هه‌رله‌سه‌رچاوه‌ی دارایی
وشوێنی چاپکردن و پیتی چاپی ڕوسی، به‌ڵام سۆسیال دیموکراته‌کانی ئه‌ڵمان
کۆمه‌کێکی زۆریان به‌م گۆڤاره‌کرد، ئه‌وه‌بوو له‌کانونی یه‌که‌می ساڵی
1900 ژماره‌ی یه‌که‌می ده‌رکرد. ئه‌م گۆڤاره ده‌ورێکی به‌رچاوی هه‌بوو
له‌به‌ره‌و پێشبردنی مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیه کرێکارییه‌کان و خه‌بات
بۆ پێکهێنانی حیزب. به‌ده‌ست پێشخه‌ری لینین چه‌ند کۆمه‌ڵێک پێک هات بۆ
کۆمه‌ک و بڵاوکردنه‌وه‌ی(ئیسکرا). ئه‌وه‌ی شایه‌نی باسه بۆ ئه‌م
گۆڤاره کاغه‌زی قایم وته‌نک به‌کارده‌هێنرا، تا باشتر به‌رگه بگرێت و
سوکه‌ڵه‌تر بێت. ژماره‌کانی ئه‌م بڵاوکراوه‌یه له‌به‌رگی کتێب یاخود
له‌به‌رگی جانتادا قایم ده‌کرا و ده‌نێردرایه‌وه بۆ ڕوسیا،له‌وێ
چاپخانه‌ی نهێنی پێک هێنرابوو بۆ له‌چاپ دانه‌وه‌ی. ئه‌م گۆڤاره تا ده‌هات
زیاتر ده‌چووه ده‌رونی کرێکارانه‌وه و په‌یوه‌ندی ته‌واوی به خه‌باتی
ڕۆژانه‌ی کرێکارانه‌وه په‌یدا ده‌کرد.
له‌کۆتایی ساڵی1901دا ڤلادیمێر ئێلیتش ئۆلیانۆڤ ڕاپۆرت ونوسراوه‌کانی
به‌ناوی(لینین)ه بڵاوده‌کرده‌وه. زۆر پرسیار ده‌کرا ئایا بۆ له‌ژێر
ئه‌م ناوه خواستراوه‌دا نوسراوه‌کانی بڵاو کراوه‌ته‌وه به‌لای لینین
وه کارێکی عه‌رز بوو، ئه‌وکاته‌ی له گۆڤاری ئیسکرا له‌گه‌ڵ بلیخانۆف
کاری ده‌کرد هه‌ندێ جار نوسراوه‌کانی له‌ژێر ناوی ڤۆلگین بڵاوده‌کرایه‌وه.
لینین بۆ ئه‌م ناوه ڕووباری (لینا) ی مه‌زنی وه‌ک بنچینه‌یه‌ک بۆ ناوه‌که‌ی
هه‌ڵبژارد.
له‌ساڵی 1902 کتێبی ( چی بکه‌ین) ( ماالعمل) ی به‌چاپ گه‌یاند ئه‌م
نوسراوه ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی له پێکهێنانی حیزب‌دا هه‌بوو، له‌ساڵی 1903
لینین بۆ باسکردنی به‌رنامه‌ی حیزب نوسراوێکی بۆ جوتیاره هه‌ژاره‌کان
نووسی و داوای یه‌کگرتن و پشتگیری کرێکارانیان لێ ده‌کات.
له ته‌مووزی ساڵی 1903دا دووه‌م کۆنگره‌ی پارتی کرێکارانی سۆسیال
دیموکراتی ڕوسی له برۆکسل به‌سترا، پاشان دانیشتنه‌کانی برا بۆ له‌نده‌ن.
ئه‌وه‌ی شایه‌نی باسه سه‌ره‌ڕای ئاماده‌بوونی که‌سانی شۆڕشگێڕ وڕابه‌ر
که‌سانی ئۆپۆرتۆنیست( هه‌لپه‌رست) ئامادده‌ی بوون.
پاش خه‌باتێکی زۆر به‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نانه‌دا که لینین ڕۆڵێکی به‌رچاوی
تێدا هه‌بوو، توانرا به‌بڕیاری زۆری ده‌نگه‌کان ئه‌و به‌رنامه‌یه قبوڵ
بکرێت بۆ درووست‌کردنی حیزب که( ئیسکرا) ئاماده‌ی کردبوو. له‌کۆتایی
دانیشتنه‌که‌دا لایه‌نگرانی لینین سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ست هێنا به‌هۆی
چوونه ده‌ره‌وه‌ی به‌شێک له ئۆپۆرتۆنیسته‌کان، هه‌روه‌ها ( ئیسکرا )
بووه بڵاوکراوه‌ی فه‌رمی حیزب. به‌م جۆره لایه‌نگرانی لینین به ( به‌لشه‌فیک)
ناسران و ئه‌و که‌مایه‌تییه ئۆپۆرتۆنیسته‌کانیش به ( منشفیک) ناسران.
له‌م باره‌وه لینین ده‌ڵێت: (به‌لشه‌فیک، به‌سیفه‌تی ڕه‌وتێک بۆ فکری
سیاسی و به‌و سیفه‌ته حیزبێکی سیاسیه له ساڵی 1903وه). له‌دوای
کۆنگره باری ناوخۆی حیزب زۆر په‌شێوو بوو، مه‌نشه‌فیکه‌کان هه‌وڵیان
ده‌دا بۆ به‌لاڕیدا بردنی حیزب و دژی بڕیاره‌کانی کۆنگره‌ی دووه‌م ده‌وه‌ستانه‌وه.
توانیان ده‌ست به‌سه‌ر ( ئیسکرا) دا بگرن و لینین له‌کتێبی ( هه‌نگاوێک
بۆ پێشه‌وه‌و دوو هه‌نگاو بۆ دواوه) که له‌ئایاری 1904دا ڕۆڵی تێکده‌رانه‌ی
مه‌نشه‌فیکه‌کان له بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریدا ده‌رده‌خات.
له‌هاوینی ئه‌وساڵه‌دا به‌لشه‌فیکه‌کان هه‌وڵیاندا بۆ به‌ستنی کۆنگره‌ی
سێی حیزب، بۆزاڵ بوون به‌سه‌ر کێشه‌کانی ناوخۆی حیزب‌دا، زۆرێک له
کادران و شۆڕشگێڕه‌کان له‌ده‌وری لینین کۆبوونه‌وه.له 9ی کانونی دووه‌می
1905 له پێترسبۆرگ به بڕیاری تزار ده‌ستڕێژ له کۆمه‌ڵێک کرێکاری
ناڕازی ده‌کرێت و ئه‌مه‌و چه‌نده‌ها ڕوداوی تر، شۆڕش تا ده‌هات له
ڕوسیادا په‌ره‌ی ده‌سه‌ند.
له نیسانی 1905 له له‌نده‌ن کۆنگره‌ی سێیه‌می حیزبی سۆسیال دیموکراتی
ڕوسی به‌سترا، ئه‌مه به‌یه‌که‌م کۆنگره‌ی سه‌ربه‌خۆی به‌لشه‌فیکه‌کان
داده‌نرێت، لینین به‌سه‌رۆکی کۆنگره‌که هه‌ڵبژێدرا و بڕیاری ده‌رچوونی
گۆڤاری ( پرۆلیتاری) درا به‌سه‌رکردایه‌تی لینین، دوای کۆنگره لینین
گه‌ڕایه‌وه جنێف و کتێبی ( پراکتیکی سۆسیالستی دیموکراتیمان له شۆڕشی
دیموکراتیدا) نووسی. لینین له‌م ماوه‌یه‌دا هه‌وڵێکی زۆری ده‌دا بۆ به‌رپاکردنی
ڕاپه‌ڕینی شۆڕشگێڕانه له‌م ماوه‌یه‌دا زۆری له‌باره‌ی هونه‌ر وته‌کنیکی
جه‌نگه‌وه ده‌خوێنده‌وه.
له پایزی 1905 گه‌وره‌ترین مانگرتنی گشتی به‌ڕابه‌ری به‌لشه‌فییکه‌کان
ڕێکخرا، که هه‌موو چالاکیه‌کانی ده‌وڵه‌تی ڕاوه‌ستان، ڕژێمی تزار
ناچار بوو له 17 ی تشرینی یه‌که‌می ئه‌و ساڵه‌دا هه‌ندێ ڕیفۆرم قبوڵ
بکات.
له‌ڕۆژانی یه‌که‌می شۆڕشی 1905 شورا کرێکارییه‌کان سه‌ریان هه‌ڵدا، له‌و
ڕۆژانه‌دا لینین سه‌رۆکایه‌تی گۆڤاری ( ژیانی نوێ) ی عه‌له‌نی ده‌کرد.
له‌سه‌ر بڕیاری زۆربه‌ی ئه‌ندامانی حیزب له‌ساڵی 1906 کۆنگره‌ی یه‌کگرتن
له سوید به‌سترا و کۆنگره له که‌شێکی پڕ له‌کێشه‌و ململانێدا بوو،
لینین له‌م باره‌وه ده‌ڵێت:( یه‌کگرتن مه‌حاڵه ته‌نیا له‌سه‌ر بنچینه‌ی
مارکیسزمێکی شۆڕشگێڕ نه‌بێ).
له‌کۆنگره‌دا له‌به‌ر زۆری ژماره‌ی مه‌نشه‌فیکه‌کان توانیان بڕیاره‌کانی
کۆنگره له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بگۆڕن وگۆڤاری (سۆسیال دیموکرات) بخه‌نه
ژێر ده‌سته‌ڵاتی خۆیانه‌وه، له پاشدا به‌لشه‌فیکه‌کان که‌وتنه خه‌باتێکی
فراوان له‌ناو حیزبی سه‌راسه‌ریدا. له 9 ئایاری 1906 لینین توانی له‌شاری
پێترسبۆرگ له‌کۆبونه‌وه‌یه‌کی سێ هه‌زار که‌سیدا سیاسه‌تی ڕۆشنی
پرۆلیتاریایی شۆڕشگێڕ ڕوون بکاته‌وه و ڕۆڵی خیانه‌تکارانه‌ی حیزبی
کادێت وحکومه‌تی ئیستبدادی بخاته ڕوو. به‌هۆی خه‌باتی لێ نه‌بڕاوانه‌ی
به‌لشه‌فیکه‌کان له‌کۆتایی ساڵی 1907دا توانرا کۆنگره‌ی پێنجه‌می حیزب
له‌له‌نده‌ن به سه‌رۆکایه‌تی لینین ببه‌سترێت. کۆنگره له باره‌ی هه‌ڵوێست
وه‌رگرتنی حیزب له‌به‌رامبه‌ر بۆرژوازیدا به‌سترا کۆنگره‌که به‌سه‌رکه‌وتنی
به‌لشه‌فیکه‌کان کۆتایی پێ هات.
مه‌کسیم گۆرکی نووسه‌ری گه‌وره‌ی ڕوسی و خاوه‌نی ڕۆمانی( دایک) یه‌کێ
بوو له ئاماده‌بوانی ئه‌و کۆنگره‌یه،له ڕۆڵی گه‌وره‌یی ئه‌و
ڕابه‌ره مه‌زنه ده‌گێڕێته‌وه که چه‌نده به توانا بوو له‌قسه‌کردن
و هه‌ڵوێست وه‌رگرتنیدا.
لینین له ساڵی 1907 له‌سه‌ر بڕیاری حیزب به‌ناچاری ده‌چێته فینلا‌ند
که ئه‌وکات به‌شێک بوو له ئیمبراتۆریه‌تی ڕوسی، ئه‌مه‌ش به‌هۆی
سه‌رکوتی حکومه‌تی ئیستبدادی و سه‌رنه‌که‌وتنی شۆڕش بوو، که لینین
به‌هیوایه‌که‌وه له‌و شۆڕشه‌ی ده‌ڕوانی و ڕای وابوو که ئه‌و شۆڕشه
زه‌مینه خۆشکه‌ری شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ری 1917 بوو.
کانوونی دووه‌می ساڵی 1908 لینین گه‌ڕایه‌وه جنێف، له‌کاتێکدا که
حکومه‌تی ئیستبدادی له‌دوای سه‌رنه‌که‌وتنی شۆڕشی ڕووسیا هه‌زارانی له
شۆڕشگێڕان له سێداره‌دا و ده‌یان هه‌زاری ڕه‌وانه‌ی کونجی زیندان کرد
و خستنیه ژێر کاری گرانه‌وه.
به‌م جۆره کاری حیزبی پێویستی به‌نهێنیه‌کی زۆر بوو، له شوباتی ساڵی
1908 گۆڤاری ( پڕۆلیتاری) ده‌رچوو که گۆڤاری ناوه‌ندی به‌لشه‌فیک
بوو،له‌وکاته‌دا ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی هه‌بوو له کۆکردنه‌وه‌ی کادره‌کانی
حیزب و ئاماده‌کردنه‌وه‌ی پرۆلیتاریا بۆ شۆڕشی داهاتوو،
که‌مه‌نشه‌فیکه‌کان هیوا بڕاوببوون به‌سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شۆڕش و
هه‌وڵیان ده‌دا که ڕێگه‌یان پێ بدرێت که حیزبێکی کرێکاری عه‌له‌نی
دروست بکه‌ن، لینین له‌م باره‌وه ده‌ڵێت:
( یان حیزبی کونی نهێنی یان هیچ حیزبێکی تر) .
کۆتایی ساڵی 1908 بنکه‌ی ده‌رچونی ( پرۆلیتاریا ) گواسترایه‌وه بۆ
پاریس. لینین وکروسبکایای هاوسه‌ری له پاریس ژیانێکی زۆر سه‌ختیان
به‌سه‌ر‌برد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر به‌وریایی ئاگاداری ژیان وخه‌باتی
کرێکارانی فه‌ره‌نسا بوون، ئه‌وان هه‌میشه له کۆبونه‌وه‌کانی
کرێکارانی ئه‌وێدا به‌شداریان ده‌کرد.
له‌ئایاری 1908 دا کتێبی ( المادیه والمژهب النقد التجریبی) نووسی
به‌ناوی ( فل ئیلین) ئه‌م نوسراوه به‌رگریه‌کی لێنه‌بڕاوانه‌ی له
مارکسیزم ده‌کرد و له‌دژی بۆچوونی لاده‌رانه له فه‌لسه‌فه و ڕێبازی
مارکسیزم ده‌وه‌ستایه‌وه، که ئه‌وکاته ترسێکی گه‌وره هه‌بوو بۆ
به‌لاڕێدابردنی حیزبی چینی کرێکار.
له‌نیسانی ساڵی 1908 دا بۆ دیداری مه‌کسیم گۆرکی لینین ده‌چێته
ئیتالیا، له‌وێ کاتێکی
زۆریان پێکه‌وه به‌سه‌ر. مه‌کسیم گۆرکی لینینی وه‌ک مامۆستایه‌کی
دڵسۆز‌و هاوڕێیه‌کی خۆشه‌ویستی خۆی سه‌یری ده‌کرد، لینین له‌و
سه‌فه‌ره‌یدا کارێکی زۆری کرده سه‌ر بیر‌و بۆچونی ماکسیم گۆرکی.
له پایزی ساڵی 1910 بۆ سه‌ردانی دایکی چوو بۆ ستۆکهۆڵم که ماوه‌ی سێ
ساڵ بوو نه‌ی بینی بوو، که‌پاشان له‌ساڵی 1916دا کۆچی دوایی ده‌کات،
خۆشه‌ویستی نێوان ئه‌م دایک وکوڕه زۆر بوو، لینین ڕێزێکی زۆری لێ
ده‌گرت. له‌کۆتایی مانگی ئه‌یلولدا گه‌ڕایه‌وه پاریس .
له‌ساڵی 1910 له شاره‌کانی پێترسبۆرگ، مۆسکۆ وشاره‌کانی تری ڕووسیا
بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه له‌سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌دا بوو. لینین پێشنیاری
کرد که دووباره بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری عه‌له‌نی بژێنرێته‌وه،
ئه‌وه‌بوو گۆڤاری ( زفیزدا) و( میسل) ده‌رچوو، لینین زیاتر له 50
ڕاپۆرتی له‌و گۆڤارانه‌دا بڵاوکرده‌وه. له به‌هاری 1911
قوتابخانه‌یه‌کی حیزبی له پاریس کرایه‌وه بۆ په‌روه‌رده‌کردنی کادری
حیزبی که لینین خۆی وانه‌ی تێدا ده‌وته‌وه. له‌سه‌ره‌تای ساڵی 1912
له‌سه‌ر پێشنیاری لینین بڕیاری کۆبونه‌وه‌ی گشتی حیزب درا له (مالی
گه‌ل) که‌پاشان له ساڵی 1953 دابوو به مۆزه‌خانه‌ی لینین،
له‌وکۆبونه‌وه‌ی گشتیه‌دا توانرا هه‌موو ڕێکخراوه حیزبییه‌کان
یه‌کبخرێته‌وه.
له به‌هاری 1912دا کرێکارانی پێترسبۆرگ ڕۆژنامه‌ی (براندا)یان
ده‌رده‌کرد که‌ڕۆژنامه‌یه‌کی به‌لشه‌فیکی عه‌له‌نی بوو، به ده‌رچوونی
یه‌که‌م ژماره‌ی له 5 ی ئایاردا ئه‌و ڕۆژه کرایه ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ری
کرێکاری. هه‌رله‌و ساڵه‌دا لینین له پاریس چووه شاری (کراکوڤ) ی
پۆڵه‌ندی تاله‌ڕووسیاوه نزیک بێت و له‌وێ زیاتر له‌دوو ساڵی به‌سه‌ر
برد تا سه‌ره‌تایی جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م.
له پایزی ساڵی 1912 هه‌ڵبژاردنی ( ئه‌نجومه‌نی دۆمای ده‌وڵه‌ت) به‌ڕێ
خرا، ڕایی لینین ئه‌وه‌بوو که به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کان بکرێت، چونکه
ئه‌بێته هۆی به‌هێز بوونی حیزب و پته‌وبوونی په‌یوه‌ندی زیاتری به
جه‌ماوه‌ره‌وه. به‌لشه‌فیکه‌کان به‌سێ خواسته‌وه هاتنه مه‌یدان (
جمهوری دیموکراتی ، هه‌شت سه‌عات کار له ڕۆژدا، ده‌ست به‌سه‌را گرتنی
زه‌وی ده‌ره‌به‌گه‌کان). ئه‌وه‌بوو به‌لشه‌فیکه‌کان سه‌رکه‌وتنیان
به‌ده‌ستهێنا له نوێنه‌رایه‌تی کرێکاران له ( ئه‌نجومه‌نی دوومای
ده‌وڵه‌ت) دا ، لینین له‌نزیکه‌وه ئاگاداری کاره‌کانی ده‌کردن و
کرێکارانی فێرده‌کرد چۆن مینبه‌ری دوما به‌کاربهێنن.
به‌ده‌ست پێکردنی جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م له‌ساڵی 1914 لینین زۆر به
توندی له‌دژی ئه‌م جه‌نگه کۆنه‌په‌رستانه‌ی سه‌رمایه‌داران
وه‌ستایه‌وه. ئه‌وکات له نه‌مسا بوو ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌وێ به
تۆمه‌تی کارکردن له به‌رژه‌وه‌ندی ڕووسیا ده‌یخه‌نه زیندانه‌وه.
له‌وێ ژیانی ده‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه، به‌ڵام به کۆمه‌کی که‌سانی
ناسراو و کۆمه‌ڵایه‌تی توانرا له زیندان ڕزگاری ببێت وبچێته سویسرا و
تامارسی 1917 له‌وێ مایه‌وه.
له کانوونی دووه‌می ساڵی 1917 خۆپیشاندانێکی گه‌وره ڕێکخرا دژی جه‌نگ
له( پێتروگرا وباکۆ و نیخبنی نوفگورد). له‌مانگی شوباتدا کرێکارانی
پێتروگراد له‌سه‌ر بانگه‌وازی حیزبی به‌لشه‌فیک گه‌وره‌ترین
خۆپیشاندانی سیاسی گشتیان ڕێکخست که زیاتر له 200 هه‌زار کرێکار
به‌شداریان تێداکرد، پاشان به‌یارمه‌تی سوپاکه پشتگیری کرێکارانیان
ده‌کرد و توانیان حکومه‌تی ئیستبدادی بڕوخێنرنن، له ڕۆژانی یه‌که‌می
شۆڕشدا شورا کرێکارییه‌کان دروست کرا، له‌لایه‌کی تره‌وه حکومه‌تی
کاتی له‌هه‌وڵی به‌هێزکردنی ده‌سه‌ڵاتدا دابوو.
مه‌نشه‌فیکه‌کان و سۆسیالسته شۆڕشگێڕه‌کان ڕێگه‌یان خۆش کرد بۆ (
حکومه‌تی کاتی) بۆرژوازی که‌زیاتر خۆی پته‌وبکات، وپێیان وابوو که
کاتی شۆڕشی سۆسیالستی نه‌هاتووه وپێویسته له‌بۆرژوازی بگه‌ڕێین تا
ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست و قۆناغی خۆی تێپه‌ڕبکات.
له‌وکاته‌ی لینین له سویسرا بوو بانگه‌وازی کرێکارانی ده‌کرد که ڕیزی
خۆیان پته‌و بکه‌ن وهه‌وڵ بده‌ن که ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست. له‌شه‌وی
3ی نیسان دا لینین توانی به‌یارمه‌تی سۆسیال دیموکراته‌کانی سویسرا
بگاته‌وه پێترسبۆرگ و له‌لایه‌ن کرێکارانه‌وه به‌خێرهاتنه‌وه‌یه‌کی
گه‌وره‌ی لێ کرا. له 4ی نیساندا له کۆبونه‌وه‌ی به‌لشه‌فیکه‌کاندا
ڕۆڵ وئامانجی پڕۆلیتاریای شۆڕشگێڕی خسته‌ڕوو له‌چه‌ند بابه‌تێکدا که
به ( بابه‌ته‌کانی شان) ناسراوه، که‌زۆر به‌وردی ئه‌وه‌ی
ڕوونکرده‌وه که چۆن ده‌سه‌ڵات بگوێزرێته‌وه بۆ پرۆلیتاریا،
له‌سه‌ره‌تادا شیعاری ( نا بۆ پشتگیری حکومه‌تی کاتی ، هه‌موو
ده‌سه‌ڵات بۆ شوراکان) هه‌ڵگیرا، له‌و کاته‌دا نه‌ده‌کرا بانگه‌وازی
ڕوخانی حکومه‌تی کاتی بکرێت،به‌هۆی ئه‌و خۆش خه‌یاڵییه‌ی که جه‌ماوه‌ر
به حکومه‌تی کاتی هه‌یبوو، هه‌وڵدان بۆ ڕاکێشانی جه‌ماوه‌ر به‌لای
حیزبی به‌لشه‌فیکدا و به‌ته‌کاندنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر له حکومه‌تی کاتی
ده‌توانرا ده‌سه‌ڵات بگیرێته ده‌ست.
له‌سه‌ر پێشنیاری لینین کۆنگره‌ی حیزب به‌ستراو ناوی گۆڕدرا بۆ حیزبی
کۆمۆنیست، له 3ی ته‌موزدا کرێکاران ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌کان له
پترۆگراد داوای ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان ده‌کرد بۆ شوراکان. به‌م جۆره
دووباره ئاگری جه‌نگ داگیرسایه‌وه، به‌لشه‌فیکه‌کان تووشی گرتن
وهه‌ڵهاتن هاتنه‌وه. له 5 ی ته‌موزدا بنکه‌ی گۆڤاری ( برافدا) خاپور
کرا و لینین به‌ڕێکه‌وت له کوشتن ڕزگاری بوو، شوراکان داخران و بڕیاری
گرتنی لینین درا. ( کرنسکی ) سه‌رۆکی حکومه‌تی کاتی بڕیاری گه‌وره‌ترین
خه‌ڵاتی دا بۆ ئه‌و که‌سه‌ی که لینین ده‌گه‌یه‌نێته دادگا،لینین
ناچاربوو خۆی حه‌شار بدات هه‌ر له‌کاته‌دا سه‌رۆکایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی
شۆڕشگێڕانه‌ی ده‌کرد. له‌ته‌موزی 1917 به‌شداری کۆنگره‌ی شه‌شه‌می
حیزبی کرد له پێترۆگراد،له‌و کۆنگره‌یه‌دا باسی ئه‌وه‌کرا که ئایا
ده‌بێت لینین له‌به‌رده‌م دادگای حکومه‌ت ئامادده‌بێت؟ هه‌ندێ نوێنه‌ر
له‌وانه ستالین پێیان وابوو که ئامادده‌بوونی باشتره، ئه‌گه‌ر هاتوو
زه‌مانه‌تی ئه‌مین بدرێت، له‌هه‌مان کاتدا ستالین ڕای گه‌یاند
له‌به‌رنه‌بونی زه‌مانه‌ت ناکرێ ئامادده‌بێت.
له‌کاتی کاری نهێنیدا له‌پایزی 1917 کتێبی ( ده‌وڵه‌ت وشۆڕشی) نووسی
وه ڕوونی کرده‌وه که ده‌وڵه‌تی بۆرژوازی چه‌ند دیموکراتی بێت
له‌ڕاستیدا شێوه‌یه‌که له‌شێوه‌کانی دیکتاتۆری وده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی.
له‌مانگی ئابدا به‌نهێنی چوو بۆ فینلا‌ند، له 25 ی ئابدا هێرشی
سه‌ربازی له‌پێتروگراد ده‌ستیپێکرد بۆسه‌ر شۆڕشگێڕه‌کان
به‌سه‌رۆکایه‌تی جه‌نراڵ(کورینلوڤ)، خۆشبه‌ختانه به‌لشه‌فیکه‌کان
سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنا و هه‌ڵبژاردنی شوراکان ده‌ستی پێ‌کرد و
شیعاری ( هه‌موو ده‌سه‌ڵات بۆ شوراکان) به‌رزکرایه‌وه، وهێزی چه‌کداری
شوراکان پێکهێنرا بۆ به‌رگریکردن له شاری پێتروگراد وخۆئاماده‌کردن بۆ
ڕاپه‌ڕینی کۆتایی.
سه‌رله‌به‌یه‌نی 25ی ئۆکتۆبه‌ر کاتێ حکومه‌تی کاتی له داخستنی بنکه‌ی
گۆڤاری ( ڕابوتسی بوت، ڕێگه‌ی کرێکار) بوو سوپای سوور ده‌ستیان
گرته‌وه به‌سه‌ر بنکه‌که‌یدا و په‌یمانگای (سمولنی) یان هه‌ڵبژارد بۆ
سه‌رکردایه‌تی ڕاپه‌ڕینه‌که، سه‌رله‌ئێواره لینین گه‌یشته ئه‌وێ
سه‌ره‌ڕای ناهه‌مواری وشه‌ڕو پێکادان، سوپای سوور توانی ئه‌و ڕۆژه
ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو دام وده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌کاندا بگرێت.
له‌ئێواره‌ی 25ی ئۆکتۆبه‌ردا کۆنگره‌ی دووه‌می شوراکان ده‌ستی پێ‌کرد
له‌سه‌ر بڕیاری لینین مه‌رسومی ئاشتی ده‌رکرا و ئه‌وه‌یان ده‌رخست که
جه‌نگ گه‌وره‌ترین تاوانه ده‌رهه‌ق به‌مافی مرۆڤ ده‌کرێت، هه‌روه‌ها
بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی موڵکایه‌تی زه‌وی ده‌ره‌به‌گه‌کان درا.
ده‌وڵه‌تی شوره‌ویی له‌یه‌که‌م ڕۆژانی ده‌سته‌ڵاتییه‌وه پڕۆژه‌ی
لینینی قبوڵ کرد سه‌باره‌ت به چه‌سپاندنی ڕه‌قابه‌ی کرێکاری به‌سه‌ر
به‌رهه‌م هێنان و دابه‌شکردندا.
وڵات که‌وتبووه بارێکی زۆر ناهه‌مواره‌وه به‌هۆی درێژه‌کێشانی
جه‌نگه‌وه،هه‌موو هه‌وڵێک له پێناوی وه‌ستانی جه‌نگدا ده‌درا،
پێویست بوو له بارمته‌ی وه‌ستانی جه‌نگدا به‌شێک له ناوچه‌ی گرنگ
به‌رامبه‌ری بدرێته ئه‌ڵمان.
به‌بڕوای لینین ده‌بوو ( سوڵح) بکرێت، به‌ڵام به‌لای ترۆتسکی و بوخارین
ده‌بوو جه‌نگ درێژه‌ی هه‌بێ، به‌م جۆره لینین هێرشی ده‌کرده
سه‌ربۆچونی مه‌نشفیک وسۆسیالیسته شۆڕشگێڕه‌کان وئه‌وانه‌ی خۆیان به
(کۆمۆنیستی چه‌پڕه‌و ) ده‌زانی.
پاش ده‌ست پێکردنی ووتووێژ له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیادا، ترۆتسکی
به‌سه‌رۆکایه‌تی نوێنه‌رانی سۆڤیه‌ت هه‌ڵبژێردا، به‌ڵام سه‌رپێچی
ئامۆژگارییه‌کانی لینینی کرد و نه‌چووه ژێر باری داواکارییه‌کانی
ئه‌ڵمانیا، به‌مه فرسه‌تێکی تر که‌وته ده‌ست سه‌رمایه‌داران بۆ
له‌ناوبردنی ده‌وڵه‌تی سۆڤیه‌ت. جه‌نگ په‌ره‌ی سه‌ند له6ی مارسی 1918
له پێتروگراد کۆنگره‌ی حه‌وته‌می حیزب ده‌ستی پێ کرد و له‌سه‌ر ئه‌و
ڕاپۆرته‌ی لینین که دای به کۆنگره ناوی حیزب گۆڕا به ( حیزبی
کۆمۆنیستی ڕووسی..به‌لشه‌فی).
هه‌روه‌ها به‌زۆری ده‌نگه‌کان بڕیار له‌سه‌ر گرنگی په‌یمانی (بریست)
درا و 11ی مارسی 1918 مۆسکۆکرا به‌پایته‌خت. له‌تشرینی دووه‌مدا شۆڕش
هه‌ڵگیرسا له ئه‌ڵمانیا به‌مه په‌یمانی بریست توانایی خۆی
له‌ده‌ستدا، له‌به‌هاری 1918 دا سوپای ئه‌مریکا، ئینگلته‌را و
فه‌ره‌نسا ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر شاری ( مورمانسک) دا، بۆ جارێکی تر
جه‌نگ دژی ده‌سه‌ڵاتی شوره‌وی هه‌ڵگیرسایه‌وه، سوپای پرۆلیتاریا
به‌سه‌رکردایه‌تی لینین توانی زۆر قاره‌مانانه دژی هێرشی
ئیمپریالیسته‌کان بووه‌ستێته‌وه.
له 30 ئابدا ئیمپریالیسته‌کان له ڕێگه‌ی دوژمنانی شۆڕشه‌وه توانیان
له هه‌وڵێکی تیرۆریستانه‌دا لینین زۆر به‌سه‌ختی بریندار بکه‌ن. له
کانوونی دووه‌می 1919 یه‌که‌م کۆنگره‌ی ئه‌نته‌رناسێۆنالیستی سێیه‌م
له مۆسکۆ به‌سترا، لینین سه‌رکردایه‌تی کاره‌کانی ده‌کرد،
ڕابه‌ره‌کانی ئه‌نته‌رناسێۆنالیستی سێیه‌م دژی ده‌وڵه‌تی پرۆلیتاریا
وه‌ستانه‌وه و لینین ڕسوای کردن سه‌باره‌ت به‌و ڕۆڵه
خیانه‌تکارییه‌یان.
له‌کۆیایی ساڵی 1919 سوپای سوور توانی سه‌رکه‌وتن له هه‌موو
به‌ره‌کانی جه‌نگدا به‌ده‌ست بهێنێت. له‌ساڵی 1920 (نه‌خۆشییه مناڵیه
یه چه‌پڕه‌وه‌کان) ی نوسی. له 1921 له‌سه‌ر بڕیاری لینین، حیزب له
که‌سانی ڕاڕاو خاوه‌ن که‌سایه‌تی لاواز پاک بکرێته‌وه، ئه‌وه‌ی که
ئه‌ندامانی حیزب له‌ساڵی 1920 گه‌یشتبووه 500 هه‌زار که‌س، هه‌ندێ له
مه‌نشه‌فیکه‌کانیش هاتبوونه نێو حیزبه‌وه.لینین له‌زستانی 1921 به
ئامۆژگاری پزیشک ده‌بوو خۆی ماندوونه‌کات به‌هۆی تێکچوونی باری
ته‌ندروستییه‌وه به‌هۆی برینداربونه‌که‌یه‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای
ئه‌وه ده‌ست به‌رداری کاره‌کانی نه‌ده‌بوو له‌کۆنگره‌ی 11ی حیزب‌دا
که‌له‌مانگی ئازاری ساڵی 1922 به‌سترا به‌شداری کرد، ئه‌مه
به‌دواهه‌مین کۆنگره‌ی حیزب داده‌نرێن که لینین ووته‌ی خۆی پێشکه‌ش
کردبێت، له کۆنگره‌ی دوانزه‌ی حیزب‌دا به‌شداری نه‌کرد به‌ڵام به‌هۆی
ئامۆژگارییه‌کانی یه‌وه ده‌چوو به‌ڕێوه.
له‌کاره دواینه‌کانی لینین( نامه‌بۆ کۆنگره) بوو پێی له‌سه‌ر یه‌کێتی
حیزب ڕاده‌گرت وپێشنیاری کرد که ژماره‌ی ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی
حیزب زیاد بکرێت ، که ترۆتسکی ناڕازی بوو به پێشنیاره‌که‌ی. لینین
له‌م نامه‌یه‌دا که‌سایه‌تی ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی
هه‌ڵسه‌نگاندووه، به‌ڕای لینین ترۆتسکی که‌سێکی به‌لشه‌فیکی نه‌بوو و
به‌که‌سێکی له‌خۆبایی ده‌زانی و بڕوای به ستالین نه‌بوو له‌به‌رامبه‌ر
ڕاپه‌ڕاندنی کاره‌کانیدا، به تایبه‌ت له‌کاتێکدا که ده‌سته‌ڵاتی
گه‌وره‌ی پێ بسپێردرێ و پێشنیاری کرد بۆ کۆنگره‌ی 13ی حیزب که ستالین
له سکرتێری گشتی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی لاببرێت.
له‌سه‌ره‌تای مانگی مارسی 1923 باری ته‌ندروستی لینین به‌ته‌واوه‌تی
تێکده‌چێت، و چووه گوندی ( گۆرکی). له‌مانگی ئایاردا لینین وه‌ک
به‌مه‌رگی خۆی زانیبێت ، ڕۆژی 18 و19 ی کانوونی یه‌که‌م
به‌ئۆتۆمبیله‌که‌ی ده‌چێ بۆ مۆسکۆ و له‌وێ ده‌چێته کتێبخانه‌که‌ی
وسه‌ردانی باره‌گای کۆمیسیاری گه‌ل ده‌کات وپاشان به‌ناو شاردا
ده‌گه‌ڕێت، له‌گه‌ڵ خۆیدا سێ به‌رگ له نوسراوه‌کانی گۆگۆل هه‌ڵده‌گرێت
و بۆ ڕۆژی دوایی ده‌گه‌ڕێته‌وه گوندی گۆرکی.
له‌سه‌ره‌تایی تشرینی یه‌که‌مدا چاوی به کرێکارانی کارگه‌ی گلوخوف
ده‌که‌وێت ئه‌مه دوایه‌مین دیداری کرێکاران ولینین ده‌بێت، کرێکارێک
له‌و دیداره‌دا به‌لینین ده‌ڵێت ڤلادیمێر ئیلیتش من کرێکارێکی
ئاسنگه‌رم، من ئاسنگه‌رم هه‌موو ئه‌وانه درووست ده‌که‌م کۆتۆ نه‌خشه‌ت
کێشاوه. ئه‌وشه‌وه تا دره‌نگ نامه‌ی کرێکارانی گلوخوفی ده‌خوێنده‌وه
له ئێواره‌ی 21ی کانوونی دووه‌می 1924 له کاتژمێر شه‌ش و50
ده‌قیقه‌دا ئه‌م ڕابه‌ره مه‌زنه گیانی له‌ده‌ست دا‌و له23ی کانونی
دووه‌مدا ته‌رمه‌که‌ی گوێزرایه‌وه بۆ مۆسکۆ. له 27 ی کانونی دووه‌می
1924 له سه‌عات 4ی سه‌رله‌ئێواره له شوێنێکی تایبه‌ت له (مه‌یدانی
سوور) دا به خاک سپێردرا له‌گه‌ڵ ماڵئاوایی ملێۆنی پرۆلیتاریای
یه‌کێتی سۆڤیه‌ت دا.
به‌م جۆره پرۆلیتاریای جیهان ئه‌م ڕابه‌ره مه‌زنه‌ی خۆیان له‌ده‌ست
دا، مه‌گه‌ر نوسه‌رێکی گه‌وره‌ی وه‌ک جۆن ڕیدی خاوه‌ن کتێبی ( ده‌ڕۆژێک
که‌جیهانی له‌رزاند) ئه‌م ڕابه‌ره مه‌زنه‌ی وه‌ک ئه‌وه‌ی که هه‌یه
ناسیبێت، که‌ده‌ڵێت ( لینین که‌سێکی ساکارو مرۆڤ دۆست بوو، له‌هه‌مان
کاتدا دوربین بوو و دوودڵی نه‌ده‌زانی چی یه).
sardar2@spray.se
|