په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢۴\٨\٢٠١٠

    کورتیلە شیعر.

فەرهاد کەریم

ئەوانەی دوێنێ شەهید کران
بۆ ئەمڕۆ کوژران
ئەوانەی ئەم بەیانییه‌ مردن
بۆ رابردوو ژیان
دەچمەوە تا لە پرسەی ناشتنی نیوەی تەمەنم ئامادەبم
ژیان لێرە جێدێلم و
زیندووێتیم دەبەمەوە
قاچەکانم تەڕناکەم لەو رووبارەی مردن لێیپەریەوە
سلاو لەو بایە ناکەم، زەمەنێک بە خواری لێیدام
پرسیار لە رەشەبا مەکەن
پایز جارێکیتر لە نیشتمان بێ پالتۆ پیاسە ناکا
کوێرەکان گۆچان دەناسن و یەکتر دەبینن
ئەو ولاتەی منداڵیی لێ وون کردم، پر لە خودا بوو
کات نەماوە بۆ گەرانەوەی ناخ
هەموومان وەک یەک مردن دەبینین
بە زۆر ئاو تەڕبووم تا گەیشتمە ئێرە
ئاو ترسی بردم
با ئاشنای کردم بە رەشەبا
شنەش وەک زەردەخەنە لە لێوم تۆرا
لە کوێم بەو بەیانییه‌ جوانە؟
شوێنێک نییه‌ بە ئارامیی لێی بمرم
درەختم خۆشدەوێ و پایزیشم
دۆزەخ بوو ئەوێ
بینینم رێی گەڕانەوەمی وون کرد
هەموو فڕینێک دەناسم
ترسم نییه‌ لە با
لە نیشتمان بێ باڵترم
تەڕبووم پێش باران
باران بە بەزەییترە لە پێکەنینی هەنار
ژمارەیەکم بۆ خوێندنەوە
قاوەگرەوەکان سێویان نیشاندام
باو باران خوشک و بران
ئەو ئارامییه‌ی ئێرە تەنیایی پێناساندم
خوا لە هەموومان تەنیاترە
ئاین لە قالبی داین
لە شنەبایەک دەگەڕێم بمکا بە مرۆڤ
خەون بە رەشەبایه‌ک دەبینم
ئاین بباتەوە ماڵ ...

ماڵپه‌ڕی فه‌‌رهاد که‌ریم