٣١\١٢\٢٠١٣
کوشتن بووەتە
گەمەی منداران!
ھەژێن
کاتێک کە دیمەنەکانی جەنگی نێوخۆیی عێراق [ڕژێم بەرامبەر بزاڤی چەکداری
کوردان] و جەنگی دەرەکی عیراق - ئێران و جەنگی نێوخۆی ھەرێمی کوردستان
بوونە بەشێک لە وتووێژی سەر خوان و نێو کۆڕی شەوان، زۆر جار گوێمان لەم
گوتەیە دەبوو "کوشتن بووەتە گەمەی منداران...!".
پەیامی ئەم گوتەیە، ئەوە نەبوو، کە کوشتن گەمەی ڕەوای گەورانە و کارێکی
پەسەندە، نا و نەخێر، مەبەست ئەوە بوو، کە کوشتن لە ژیانی ڕۆژانەماندا
وەک " گەمەی منداران " ئاساییبووەتەوە و کەس ھەراسانناکات و خەممان لە
ڕوودانی نییە!
ئەم گوتەیە لە کاتی خۆیدا بەھەندوەرنەگیرا، چونکە قسەکەرانی ئەو
ڕۆژگارە خۆیان قەسابانی ئەو کوشتارگایانەبوون، کە کوشتنیان کردبووە
گەمەی منداران و ھەر بە نیشاندانی دیمەنەکانی کوشتاری بەرەکانی جەنگ و
پێداھەڵدان و پیرۆزکردنی کوشتن لە ڕادیۆکانی شاخەوە، خەریکی
ڕەوایەتیدانبوون پێی؛ کوشتنی شۆڕشگێڕانە، کوشتن لەپێناو نیشتمان، کوشتن
لەپێناو نەتەوە، کوشتن لەپێناو ھەموو ئەو شتانەی کە تاکی ژێردەست خاوەن
و دارایاننەبوو، ھەر وەک ئەم ڕۆژە، کە چۆن دەڵاڵانی بازار و ڕیکلاگەران
بۆ ئێمەی دیاریدەکەن، کامە گەمە و سەرگەرمی بۆ منداڵەکانمان بکڕین و
کامە گەمەی مرۆڤکوژی توانا و داھێنان و کەسایەتی منداڵەکانمان باشتر
پەروەردەدەکات!
بەڵام ھەنووکە پاش نزیکەی بیست ساڵێک، ئیدی ھیچ پێویست بە پێداھەڵدان و
پیرۆزکردنی نەماوە، چونکە ھەر بەڕاستی بووەتە "گەمەی منداران" !
گەمەیەک کە ھەموومان بە شانازی و لەخۆبوردووییەوە دەیکڕین و پێشکەش بە
ئازیزترین کەسەکانی خۆمانی دەکەین و فێری کوشتنی ئاژەڵ و مرۆڤ و شکان و
بڕینەوەی درەختانیان دەکەین!
ئیدی ھیچ پێویست بە فەرمانی دەوڵەت و کوتەکی "سەرۆکی قوماندە" و جادووی
میدیا و بڵندگۆی کنسێت و کلیسا و مزگەوت ناگات، یا باوەڕمانپێبھێنن، کە
کوشتن پیرۆزە، چونکە ھەموومان بووینەتە باشترین شاگردانی فێرگەی
مرۆڤکوژی و بە شانازییەوە بە توانای منداڵەکانماندا ھەڵدەدەین، کە چۆن
لە گەمەی گێمبۆی و ئیکس بۆکس و پلەیستەیشن و ئایپاد و تابلەیت و مۆبایل
و کۆمپیوتەردا بوونەتە باشترن گەمەکەری بکوژی ئاژەڵ و مرۆڤ و ھەرچی
ھەیە و نییە لە بوونەوەران!
چیدی کوشتن کارێکی نامۆڕاڵی و نامرۆیی نییە، نا بە پێچەوانەوە، ئیدی
بەشێکە لە مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی بە واتای پێکەوەژیان و ھاریکاری و
ھەرەوەزی و ھاوپشتی کۆمەڵایەتی نییە و نایێت، چونکە ساوا و زارۆکانمان
بە کوشتنی خوشک و برا و ھاوەڵەکانی لە گەمە ھەردەمییەکاندا گۆشدەکەین و
بە بینینی فیلمە جەنگییەکان سەرگەرمیاندەکەین؛ چیدی نە ئەوان منداڵن و
نە ئێمەش ئاوەزدار، ھەموومان پێکڵڕا کڕیاری نادەربەست و بکوژین!
ھەر بۆیە لە ھەرا و واوەیلای ھەموواندا دژی کوشتن، واقوڕماو پێکەنین و
گریان لە قورگمدا پەنگدەخواتەوە؛ ھەمووان دژی کوشتنین و ھەموومان لە
ماڵی خۆماندا خەریکی پەروەردەکردنی مرۆکوژ و ئاژەڵکوژ و
ژینگەتێکدەرەکانی داھاتووین!
٣٠\١٢\٢٠١٣
ماڵپهڕی ههژێن
|