کوشتنى(سۆران مامەحهمە)ئاماژەیەکى ترسناک بۆ سەر رۆژنامەنووسان.
ئێوارەى 21/07/2008 رۆژنامەنووسێکى لاوى
شارى کەرکوک لەلایەن چەند چەکدارێکى نەناسراوەوە تیرۆر کرا، هەر جۆرە
کردەوەیەکى تیرۆریستى مایەى شەرمەزارکردنە، چونکە پێش هەموو شتێ کارێکى
نامرۆیىیەو مایەى ئیدانەکردنە، بەڵام کاتێک رۆژنامەنووسێک یان
رۆشنبیرێک تیرۆر ئەکرێت، ئەمەیان نەک تەنها جێگاى ئیدانەکردنە بەڵکە
پێویستە هەڵوەستەى جدى لەسەر بکرێت و هۆکارو ئامانجەکانى ئەو جۆرە
کردەوانە بۆ راى گشتى روون بکەیتەوە، کوشتنى گەنجێکى 23 ساڵ لەناو
هەڵومەرجێکى نائارامى وەک شارى کەرکوک، کە دۆخەکەى پێویستى بەقەڵەمى
ئازاو ئازادى وەک ئەو هەیەو لەم کاتانەدا کە کورد لە مللملانێیەکى زۆر
هەستیارو تونددا تێدەپەرێت، کەلێنە ئەگەر خەڵکانى رۆشنبیرو
قەڵەمبەدەستى وەک ئەو گەنجە لەدەست بدات، ئەم تیرۆرکردنە ئاماژە گەلێکى
مەترسیدار بۆ بۆسەر رۆژنامەنووسانى هەرێمى کوردستان ئاشکرا ئەکات، ئەوە
جگەلەوەى کە ئاشکرا کردنى چەند کوشتنێکى ترەو ئەوەمان پێدەلێت کە
کوشتنى سیاسەتوان و رۆشنبیر د. عبدالستار لەسەرچى و بۆچى تیرۆر کراوە،
ئەوەمان پێدەڵێت کە پەیوەندى رابردووى ئەو پیاوە نەبوۆتە مایەى ئەو
کوشتنە بگرە زمان و قەڵەمەکەى کۆتایى بە ژیانى ئەو هێناوە، تیرۆرکردنى
سۆران مامە حمە تەنها مردن و لەدەستدانى یەک رۆژنامەنووس لەهەمانکاتدا
یەک لاوى کوردو یەک هاوولاتى ئەم ووڵاتە نیە، بگرە کردنەوەى دەرگاى
مەترسیە بۆ سەر تەواوى رۆژنامەنووسان و قەڵەمبەدەستانى کوردستان، ئەوەش
لەبیر نەکەین کە ئەوانەى بەئاشکراو لە روپەرى رۆژنامەکاندا بەئاشکراو
بەناوى خۆیانەوە رەخنە دەگرن و دژى ناعەدالەتى و دژى نەشیاو ئەوەستن،
کەمترن لەوانەى کە زیاتر لەوان بە ناوى خوازراو لەشوێنى جۆراو جۆردا
دیوى رەشى ئەم ووڵاتە پیشان ئەدەن، بەداخەوە کە سیستمى حکومرانى ووڵاتى
ئێمە نەک نەیتوانیوە سنورێک بۆ هێَرش کردنە سەر رۆژنامەنووسان دابنێت ،
بەڵکو لە یاساى کارى رۆژنامەگەریشدا زەمینەى هێرشکردنە سەر
رۆژنامەنوسانى خۆشترکرد، لایەنى یەکەمى تاونبار لە مەسەلەى تیرۆرى
رۆژنامەنووسان دەسەڵاتە، چونکە رۆژنامەنووس تەنها پیشەکەى مایەى
لەدەستدانى ژیانیەتى و هیچ هۆکارێکى بایگەیەنێتە ئەو دۆخەى کە ژیانى
لەدەست بدات، وە ئەوەش ئاشکرایە کە ئاراستەى کارى رۆژنامەونووس بەرەو
کێ و بۆ کوێیەو لەهەکان کاتدا مەترسیەکانیش ئاشاکرایە لەکوێوە دێن.
|