په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٢\٢٠١٣

کوشتنی ئافرەت بە پاساوی گەڕانەوەی شەرەف.


ڤیان سلێمان      


دیاردەی کوشتنی ئافرەت بە بیانوی پاراستن و گەڕانەوەی شەرەفی خێزان یان خێڵ دیاردەیەکی تایبەت نییە بە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو، یان مێژوویەکی دیاری کراوی هەبێت، بەڵکو لە کۆندا بە فۆرمی جیاواز و لە سەردەمی ئێستاشدا لە کۆمەڵگە نەریتی و دواکەتووەکان بە رێژەیەکی زیاتر ئەنجامدەدرێت.

کۆمەڵگەی کوردستانیش بەدەر نییە لەم تاوانەی، کە بە ناوی گێڕانەوەی شەرەفەوە بەرامبەر ئافرەتان ئەنجامدەدرێت، ئەویش بە هۆی ئەو بارودۆخە کارەساتبارانەی، کە بە درێژایی مێژوو بەسەریدا هاتووە و هاوکات لەبەر کاریگەری کلتوری نەتەوەکانی دەوروبەر و رۆڵی دابونەریتە کۆنەکان و بوونی ئەقڵیەتی شەرەفپارێزی وکاریگەریەکانی هەموو ئەمانە لەسەر زیهن و کردەوەکانی بەشێک لە تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایە.

لەمڕۆشدا لەبەر کارتێکرانی کۆمەڵگاکەمان بە بنەماکانی کۆمەڵگە مۆدێرنەکان وگۆڕانکاری و پێشکەوتنە تەکنەلۆجی ئابوری سیاسی کۆمەڵایەتیەکان واتە بەهۆی هۆکارەکانی جیهانگیری کۆمەڵگەی کوردستانی لە دۆخێکی گۆڕانکاری و گواستنەوەدایە لە باری پارێزگاری و پابەندبون بە داب ونەریتەکانەوە بە ئاراستەی بیری ئازاد و لیبراڵ، کە تەوژمی هێناوە و هەموو بەربەستەکانی تێکشکاندووە، لە بەرامبەردا ئاستی مێنتاڵی و کۆمەڵایەتی چینێک لە مرۆڤەکانی کۆمەڵگاکەمان ئەم پێشکەوتنە وەر ناگرێت و یان وەکو پێویست نەکراوەتەوە بە ڕووی ئەو بارودۆخە جیهانیە و ئەو پێشکەتنە یەک لە دوای یەکانەی کە گەردوون پیایدا تێپەڕ دەبێت.

بێگومان کاریگەری ئەم گۆڕانکاریانە ئافرەتانیشی بە مافە هەمەلایەنەکانیان ئاشناکردووەو کار کردنی رێکخراوەکانی ئافرەتانیش بەم ئاراستەیەدا زیاتر هۆشیاری داوەتە ئافرەت و وایکردووە، کە هەژموونی پیاوسالاری هێزی جارانی نەمێنێ‌ و لە ترسی نەمانی ئەم هێزەش ئەو ئەقڵیەتی پیاوسالاریە پەنا دەباتە بەر رێگە گرتن لەوەی ئافرەت وەکو مرۆڤێکی ئازاد ژیانی خۆی ئاراستە بکات.

بۆیە پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی توندوتیژی تا دەگاتە ئەوپەڕی ئاست کە کوشتنی ئافرەتە بە پاساوی کڕینەوەی شەرەف و ئابڕوو.

بوونی ئەقڵیەتی شەرەفپارێزیش، کە لە ئەقڵیەتی پیاوسالاریەوە سەرچاوە دەگرێت فاکتەری سەرەکی ئەنجامدانی ئەم تاوانەیە، کە بەرهەمی هەژمونی رەهای ئابووری و کۆمەڵایەتی سەدان ساڵەی پیاوە لە کۆمەڵگەدا ، ئەمەش لەبەرئەوەی پیاو ئافرەت بە موڵکی خۆی دەزانێت و پەروەردەی خێزانیش رۆڵی هەیە لەم بە کۆیلە کردنەی ئافرەت چونکە هەر لە بنەرەتەوە جیاوازی دەکرێت لە نێوان منداڵی کچ و کوڕ لە خێزاندا و ئەم پەروەردەیەش لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەکان گەورە دەبێت و گەشە دەکات.

ئەم تاوانە، کە کوشتنێکی نەخشە بۆ کێشراوە بە مەبەستی گێڕانەوەی شەرەفی خێزان هەژموونی پیاو لە خێزاندا توندتر دەکات و دەبێتە هۆی درووستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ‌ لای ئافرەتانی تری خێزان و کۆمەڵگە ئەمە وێڕای ئەوەی کە منداڵ بە تایبەتی ئەوانەی کە دایکیان بەم هۆیەوە لە دەست دەدەن کاریگەری نێگەتیڤیان لەسەر درووست دەبێت و کار دەکاتە سەر گەشەی زیهنی و باری دەرونی و بنیاتی کەسێتیان هەروەها مۆدێلێکی خراپی ڕۆڵی باوکیان پیشان دەدات.

خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی لەم چەند ساڵەی دوایدا حکومەتی هەرێم هەنگاوی گەورەی ناوە بە ئاراستەی ڕێگری کردن لەم تاوانە و هەروەها هەموو جۆرەکانی تری توندوتیژی بەکارهاتوو دژی ئافرەت بە شێوەیەک کە ئەم پرسە چووەتە ناو ئەجیندای سیاسی کاری حکومەتەوە، ئەمانە هەنگاوی ئیجابین و کاردانەوەیان داناوە لەسەر بارودۆخی ئافرەت، بەڵام ئەوەتا بە تەواوی نەتوانراوە بەر بەم تاوانە بگیرێت، . چونکە دیاردەکە ڕەگ و ڕیشەی قوڵی هەیە و پەیوەندی بە ژینگەی کۆمەڵایەتی تاکەوە هەیە چونکە مرۆڤ زادەی ژینگەکەیەتی و ئەوە ژینگەی مرۆڤە کە بیر و بۆچونەکانی درووست دەکەن و کردەوەکانی ئاراستە دەکەن نۆرم و کلتوری کۆمەڵگە کاریگەری هەیە لەسەر دیاریکردنی پێوەرەکان و هەندێکجار تاک لە ژێر پەستانی کۆمەڵایەتی ئەم تاوانە ئەنجامدەدات.

هەروەکو (ژان ژاک رۆسۆ) دەڵێت: (مرۆڤ لە بارودۆخی سروشتی و سەرەتاییانەی خۆیدا لە هەموو کاتێک نەرمترە، ئەوە کۆمەڵگەیە، کە مرۆڤ دەکاتە بوونەوەرێکی شەڕانی و توندڕەو).

پێویستە ژینگەی کۆمەڵایەتی ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی ڕێ‌ بەم تاوانە بگیرێت و هیچیتر ئافرەتان نەبنە قوربانی ئەقڵیەتی شەرەفپارێزی پێویستە دووبارە لێکدانەوە بۆ چەمکی شەرەف بکرێت و شەرەف لە جەستەی مێ‌ بکرێتەوە و ببەسترێتەوە بە بەها مرۆییەکان، چونکە شەرەف تایبەت نییە بە پیاوەوە، بەڵکو هی ئافرەتیشە و ئافرەتیش شەرەفی خۆی هەیە و بەرپرسە لە کردەوەکانی خۆی.

پێویستە ئەم پرسە بکرێت بە پرسێکی کۆمەڵگەیی و کۆمەڵگە وشیار بکرێتەوە لە مەترسیەکانی ئەم دیاردەیە، کاتی ئەوە هاتووە بە تەواوی کلتوری ژنکوژی رەتبکرێتەوە و کۆمەڵگەی کوردی لەو دیاردە قێزەونە داماڵرێت و ژن ببێتە ئینسانێکی ئازاد و خاوەن ئیرادە.

چونکە کۆمەڵگەی کوردی خاوەنی کلتورێکی جوان و مرۆڤ دۆستانەیە و هەموو کاتێک کورد بەوە ناسراوە کە گەلێکی ئازادیخواز و ژیان دۆستە و بێ‌گومان ئازادیش بەبێ‌ ئازادی ژن بەرقەرار نابێت ژنی کوردیش هەمیشە توانیویەتی ئەو ئازادیەی بە جوانی و شایستەیی بەرجەستە بکات.

با لە پێش یاسا کۆمەڵگە، نەفرەت لە ژن کوژەکان بکات تا کۆ دەنگیەکی کۆمەڵایەتی درووستببێت دژی ئەم دیاردەیە و چیتر ئافرەت نەبێتە قوربانی ئەقلًیەتی شەرەفپارێزی.

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک