کوشتنی ئیبراهیم لوتفوڵڵایی له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه، تاوانێکی دیکه‌ی دژ به کورد.
رۆژی یه‌كشه‌ممه 16 ی به‌فرانباری 2707 کوردی، ئیبراهیم لوتفو‌لڵایی خوێندکاری زانکۆی په‌یامی نووری سنه، له کاتی گه‌رانه‌وه‌ی له زانکۆ له‌لایه‌ن ده‌زگای ئیتلاعاتی شاری سنه‌وه ده‌سگیر ده‌کرێ و چه‌ند رۆژێك دواتر هه‌واڵی مردنی هه‌ر له‌لایه‌ن ئیتلاعاتی سنه‌وه به بنه‌ماڵه‌که‌ی راده‌گه‌یه‌ندرێ. ئیبراهیم لوتفو‌لڵایی له به‌ر لێکۆلینه‌وه‌دا و له ژێر گوشاری ئه‌شکه‌نجه و زه‌بر و زه‌نگی به‌کرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی ئێران له گرتووخانه‌ی ئیتلاعاتی سنه جه‌سته‌ی شپرزه ده‌کرێ و له ئاکامدا گیانی له ده‌س ده‌دا. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئیتلاعاتی شاری سنه وه‌ك هه‌موو جارێ بۆ خۆ ده‌ربازکردن له تاوان و جینایه‌ته‌کانیان، تۆمه‌تی خۆکوژی ده‌خه‌نه پاڵ ئیبراهیم و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه بنه‌ماڵه‌ی ناوبراو ده‌خه‌نه ژێر گوشاره‌وه و هه‌ره‌شه‌یان لێده‌که‌ن که له هه‌ر جۆره ده‌نگهه‌ڵبڕینێک به‌رپرسیارن و له حاڵه‌تی وادا به توندترین شێوه تووشی لێپرسینه‌وه و سزا ده‌بن. رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئه‌مه یه‌که‌م تاوان نیه که ده‌رحه‌ق به رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان ده‌یخوڵقێنێ و بێ گومان دوایین تاوانیشی نابێ. ئیبراهیم و هه‌زاران رۆڵه‌ی دیکه‌ی وه‌ك ئیبراهیم ته‌نیا به تاوانی کورد بوون، له ژێر ئه‌شکه‌نجه و ئازاردا ده‌بنه قوربانی سیاسه‌ته دژی مرۆڤایه‌تیه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران. ئیمه دڵنیاین که تێرۆر و قه‌تڵ و عامی رۆڵه‌کانی کورد، له چوارچێوه‌ی نیزامی کۆماری ئیسلامی‌دا، پیلان و پرۆسه‌یه‌کی به به‌رنامه و به ئه‌نقه‌سته و له پێناو چاوترسێن کردن و سه‌رکوت و دامرکاندنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌له‌که‌مان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌رێوه ده‌چن. ئێمه داوا له رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و رێکخراوه مرۆڤدۆست و کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌کانی دیفاع له مافی مرۆڤ ده‌که‌ین، له حاست تاوانی کوشتنی ئیبراهیم لوتفو‌لڵایی بێده‌بگ نه‌بن و ئه‌م تاوانه دژی ئینسانیه راشکاوانه و لێبراوانه مه‌حکوم بکه‌ن و سنوورێك بۆ ده‌سدرێژی و تاوانه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی له کوردستان دابنێن. پارتی ئازادیی کوردستان به‌م بۆنه دڵته‌زێنه‌وه پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی له خه‌ڵکی کوردستان و که‌س و کاری ئیبراهیم لوتفو‌لڵایی ده‌کا و خۆی به هاوبه‌شی خه‌م و په‌ژاره‌یان ده‌زانێ.
بژی کورد بژی کوردستان کۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی ئازادی کوردستان 1 رێبه‌ندانی 2707 21 ژانویه‌ی 2008
|