٥\٨\٢٠١٢
کوشتنی ژنان بۆ
بەچۆکداھێنانی کۆمەڵگایە!

حەمە غەفور
نیگایەک بۆ سەر ڕەوشی ژنانی کوردستان لە
پەراوێزی راپۆرتێکی رێکخراوی کۆمەڵەی خەڵک بۆ گەشەپێدان (پی دی ئەی) کە
سەبارەت بەرێژەی توندوتیژیی دژ بە ژنان بۆ ساڵی ٢٠١١ ئامادەی کردووە،
رێژەی توندوتیژیی لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا زۆرترە بەبەراورد بە دوو
پارێزگاکەی تر!
ھەڵاواردن بەرامبەر بە ژنانو ھێرشو پەلاماری دڕندانە بۆ سەر ژیانو
مافو ھیواو ئارەزووەکانیان، دوو ڕووی یەک نەریتی نێرسالاریو یەک
کەلەپووری کۆنەپەرستانەی بۆرژواییانەیە کە ئامانجی سەرەکی چۆکپێدادانی
کۆمەڵگایە بەرامبەر بە ڕەوشی باو ،ئامانجی چەپاندنی ھەڵاواردنو
پلەبەندیو دەستەبەندی کردنەکانی ھاوڵاتیانو پێکھاتە جیاجیاکانی
کۆمەڵی ئینسانییە. توندوتیژیو جینۆسایدی ژنان سەدان ساڵە چینە داراکانو
ئایدیۆلۆژیاو ڕێبازە ئایینیو قەومییەکان لە پشتیەوە ڕاوەستاونو
بەرنامەڕێژی بۆ ئەکەنو ووشیاری گشتی بەلاڕێدا ئەبەنو لەژێر ناوی
پاراستنی شەرەفو نامووسو کەرامەتی بنەماڵەو خێڵو عەشیرەو قەومو
نەتەوەو..تددا، ئۆقیانوسی تاوانیان ئەنجامداوە بەرامبەر بە ژنان.
خودی پرسی ژنانو مەسەلەکانیان، جووڵانەوەکانیان، بەرھەڵستکارییەکانیان،
وە دەرەنجام ڕەشەکوژی ژنان لەژێر ناونیشانی جۆراوجۆردا بەڵگەی
بێئەملاولان کە کۆمەڵگاکان بەگشتی و لەوانەش کۆمەڵگای کوردستان ئازادیو
یەکسانی ئەخوازێو ملکەچ ناکات بۆ چینە کۆنەپارێزو دژە ژنو دژە مرۆکان.
کوردستان وەکو کۆمەڵگایەکی مۆدێرن نایەوێ مل درێژکات بۆ دەورو دوکانی
کۆمەڵێک پیاوی سمێڵ قەویو عەشایەرو سەرۆک تیرەو بنەماڵەی بەسەرچوو.
بۆیە ئەو دەسەڵاتەو نوێنەرەکانی وەحشیانە بۆ گەییشتن بەم ئامانجەیان،
یانی کۆتکردنی کۆمەڵگاو کڵۆمکردنی ئازادیەکانو چاوەڕوانیەکانی تاکو
کۆ جەنگی سەلیبییان دژی ژنانی کوردستان وەڕێخستووەو ئامارو داتاکان
شاھیدی ئەم ڕاستیانەن.
جوڵانەوەی کوردایەتی زیاد لە ٢٠بیست ساڵە بە ھاوکاری ئایینی ئیسلامو
مەلاو مزگەوتو ڕۆشنبیرانێکی خۆفرۆشو بێئینساف پیلانیان لەدژی
کۆمەڵگاو مافو ئازادیەکانی جێبەجێئەکەنو چەقۆی ژاراوی
نامووسپەرستانەیان دوو دەھەیە بێبەزەییانەو دڵڕەقانە ئەچەقێننە ویژدانی
کۆمەڵگاکەمانو ژنانو مێینەی کوردستانیان کردۆتە نیشانەی پیلانە
گڵاوەکانیانو تائێستا ھەزاران ھەزار ژنو کیژی خێرلەخۆنەدیو وەکو
نیگار ئەنجن ئەنجن ئەکرێو وەکو دۆعا بە بەردو بلۆک سەریان
پانئەکرێتەوەو وەکو کەژاڵ خدر لوتیان ئەبڕێو ...وەکو ئەو سەدانو
ھەزاران ژنو کیژەی ھەر ساتەو ھەر ڕۆژەی لەبەردەم ڕەحمەتی پیاوسالاریو
بابسالاریو نێرسالاریدا ڕاگیراونو ھەر نێرێک لە خانەوادە یان بنەماڵە
یان عەشیرە یان گەڕەک وەیان تەنانەت شارو کۆمەڵگاش، بە جووڵەو
ھەنگاوێکی یەکێک لەوان دەماری شەرەفپارێزیانەی گرژ بوو کارەساتێک
ئەقەومێو ژنێک یان کیژێک ئەبێتە نێچیرو ژیانی ئەبێتە قوربانی
دەمارگیرییەکی پووچو سواو!
ئەوان ئەیانەوێ ژنان بە کۆیلەتی بھێڵنەوە تا کۆمەڵگا بەچۆکدا بێنن! بۆ
ئەوەی ژنانیش لەنێو کۆیلەتیدا ڕاگرن زەریای دڕندەییو توندوتیژیی
بەرامبەر بە ژنان لەئارادایەو ئێمە ڕۆژانە شاھیدی تراژیدیای جەرگبڕتر
ئەبین. کەوایە کۆمەڵگا بە نێرو مێیەوە پێویستە مەسەلەی ژنان بە مەسەلەی
خۆی بزانێو بۆ تێکشکاندنی ئەم پیلانە گڵاوەی کۆنەپارێزان ئیرادەی
ئازادانەی بھێنێتە مەیدانەوە. ئەم ناھەقییە نابێت قبوڵ بکرێت. ئەم
بێڕێزیە بە ئینسانو بە کۆمەڵگاکەمان قابیلی ئێمە نیە. ژنان دەبێ لەگەڵ
پیاوان یەکسان بن. ئەم جەنگی سەلیبییە لە دژی ژنان بە بزووتنەوەیەکی
یەکسانیخوازانەی ژنانو پیاوان وەڵام ئەدرێتەوە. بزووتنەوەی ژنانو
ڕێکخراوەکانی چیتر دەبێ خۆیان کۆبکەنەوەو سنوورێک بۆ ئەم کۆکوژیو ئەم
ڕەشەکوژییە دابنێن!
٢\٨\٢٠١٢
ماڵپهڕی حهمهغهفور
|