٧\١٢\٢٠١٣
کوشتنی رۆژنامەنووس
کاوە گەرمیانی شەرمەزار دەکەین.
بە
داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی کوشتنی ڕۆژنامەنوس و چالاکی مەدەنی
کاوە گەرمیانی ھەموومانی ھەژاندەوە، کە شەوی ٥-١٢-٢٠١٣ لە کردەوەیەکی
قێزەوندا درایە بەر دەستڕێژی گوللە.
گەرمیانی ئەنفال ڕوبەڕوی هەمان کۆستی سۆرانی کەرکوک و سەردەشتی هەولێر
بویەوەو لە شەوێکی تۆفاناویدا ئەمجارەیان جەستەی کاوە پڕ بوو لە فیشەک
و خوێن و نیشتمانیش بوو بە دەریایەک لافاوو گریان..
نەفرەت لە بکوژان و ئەو دەستە ڕەشانەی گەندەڵی کە نەیانتوانی مەردانە
ڕوبەڕوی کاوە گەرمیانی ببنەوەو شەرەفمەندانە دان بە گەندەڵییە
دزێوەکانی خۆیاندا بنێن و بۆ بێدەنگکردنی حەق فیشەکیان کردە خەڵاتی
نەوەی نوێ..
زۆر بەداخەوە سیستمی میلیشیایی پارتە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بۆتە
لانکەی جۆرە مشەخۆر و سەرکردەیەک کە باکیان نیە بە تاڵانکردنی وڵات و
هیچ جۆرە رەخنەو فیکرێکی ئازادیان قبوڵ نیە. دیارە ئەگەر سیستمێکی
حوکمڕانى و سیاسی تەندروست لەهەرێمى کوردستاندا هەبوایە دەمێک بوو
دادگا ئاڕاستەی ڕاستەقینەی خۆى وەردەگرت و کاتێک کاوە ڕوبەڕوی هەڕەشەی
کوشتن دەبۆوە لانیکەم بەدواداچونێکی جدی بۆ ئەم پرسە دەکراو لایەنی
هەڕەشەکار سزای ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرت..
وەک فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى ئەم تاوانە بە مەترسی و
شەرمەزارییەکی گەورە دەزانین چونکە ئەمجارەیان ڕوخساری بکەرەکان زۆر
نامۆ نیە و بەدەنگ و ڕەنگى ئاشکراو لە ڕۆژی
ڕوناکدا هەڕەشەی کوشتنى لە کاوە گەرمیانی کردووە، ئەمجارەیان کاوە
دەبێتە سومبولی بەدیهێنانی دادوەری و ئەگەر ئەو دەستەی لە پشت کوشتنی
کاوەوەیە سزا نەدرێت و ڕیسوا نەکرێت ئەوا سیستمی میلیشیا ئاسای
حیزبەکانی کوردستان سەدان هێندەی تر ڕیسوا دەبێت و وەک دەسەڵاتێکی
ستەمکاری گەنج کوژو دژە ئازادی دەناسرێ..
نەمری بۆ رۆحی کاوەو سەردەشت و سۆران و سەرجەم ئازادیخوازان.
سەرشۆڕی بۆ میلیشا و مرۆڤکوژەکان.
فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی -
سلێمانی
٦\١٢\٢٠١٣
________________________________________________
•
بۆ دیتنی سەرجەمی بابەتەکانی دۆسیەی شەهیدی پێنووس (کاوە گەرمیانی)
لێرە کرتە بکە:
http://www.emrro.com/dosyeykawe.htm
|