په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

په‌رتووک

كوشتنى تێكست.

هۆشه‌نگ شێخ محه‌مه‌د

- به‌شی سێیه‌م -

نیچە، ژیان و بەرهەم:


فردریک ڤیلهێلم نیچە لە "15/10/1844" لە گوندى رۆکن لە خێزانێکى دینیدا لە دایک بووە، هەم باپیر و هەم باوکى قەشەى پرۆتستانتى بوون، بەڵام ئەو هەر زوو بووە یەکێک لە دوژمنە سەرسەختەکانى کەنیسە و مەسیحییەت، هێشتا منداڵ بوو لەتەمەنى پێنچ ساڵیدا باوکى مرد، کە ئەمەش کاریگەرییەکى گەورەى لەسەر بەحێهێشت. نیچە خۆى ئەڵێ : ( هەرچەندە منداڵ بووم و ئەزموون و شارەزاییەکى زۆرم نەبوو، بەڵام بە دروستى لە ماناى مردن ئەگەیشتم.) "1"

لە خێزانێکى مێسالاردا پەروەردە بوو، دایک و خوشک و پورەکانى، دایکى ئەیویست ببێتە قەشە، بەڵام نیچە بووە شاعیر و فەیلەسوف، زۆربەى سەرچاوەکان ئەڵێن ژیانکردنى نیچە لە خێزانێکى مێسالاردا، کاریگەرییەکى دى لە سەر ژیان و فەلسەفەکەى ئەو هەبووە، نیچە چونکە لە ناو بەها مێینەکاندا پەروەردە ببوو، مرۆڤێکى بەناز و نەرم و هەستدار بووە، لەبەر ئەمەش جێگەى گاڵتەى منداڵەکانى خوێدنگە بووە، ئەمەش هۆکارێک بووە بۆ ئەوەى نیچە لە هێز و توندوتیژى بگەڕێت و خۆى لەو بەها مێینانەدا دەرباز بکات کە پێى گەورە ببوو. لە دەسپێکدا دەستى بە خوێندنى ئنجیل کرد، و پێگیرى دینى باو و باپیرى خۆى بوو، هەتا لەو ماوەیەدا پێیان ئەگووت "قەشەى بچووک" لێ ئەو قەشە بچووکە لە تەمەنى هەژدە ساڵیدا باوەڕى بە مەسیحییەت نەما. کەوتە قۆناغى گومان و پرسیار کردندا، دواى ئەوە جارێکى دیکە نەگەڕایەوە باوەشى مەسیحییەت. دواتر (مەرگى خواى) راگەیاند و رێگەى ئیلحادى گرت، و (مرۆڤى باڵا) ى کردە رێباز و میتۆدێک بۆ ئەوەى پێى بگاتە مرۆڤایەتى، لە هەردوو زانکۆکانى " بۆن و لایبزیک"ى خوێند، پلەى دکتۆراى وەرگرت و لە ساڵى 1869 لە زانکۆى "بازل" بووە مامۆستا لە سویسرا.

نیچە زوو نەخۆش بوو، بەردەوام سەرى دەهێشا و لە ساڵى 1889 هەر لە بازل کەوتە نەخۆشخانەى "فریدمات" بۆ نەخۆشییەکانى مێشک و رەوانى، نیچە نزیکەى نیوەى ژیانى خۆى بە نەخۆشى بردە سەر، سەر ئێشە و چاوهێشان و سک ئێشەى هەبوو، لە شێکى لاواز و تەندروستییەکى خراپ، گۆشەگیر بوو، چاوەکانى نزیکەى کۆرەبوون بوون، و نزیکەى دە ساڵى دوایین تەمەنى وەک مرۆڤێکى شێت ژیا و هەتا لە 15/8/1900 مرد.

نیچە لەگەڵ ئەو ئێش و ئازار و سەرئێشە و لاوازى جەستەیى و نەخۆشى دەروونى و کزى دیتن و ژیانێکى پڕى ئێش، بەڵام دیسانیش بووە فەیەلەسوفێک کە یەکێک لە پەیامە سەرەکییەکانى (ویستى هێز و مرۆڤى باڵا) بوو. بۆیە زۆربەى ئەوانەى لەسەر نیچەییان نووسیوە، بە مرۆڤێکى سەیر و دژ و ئاڵۆز و ناکۆک و دژوار ئەیبینن، سەربارى هەموو لاوازییەکانى، لێ دیسان خاوەن روحێکى بەهێز و ئیرادەیەکى سەیر بوو بۆ ژیان، سەربارى ئەو لاوازییانە کە رەنگە بە تایبەت بۆ مرۆڤێکى پەروەردە دینى وابکات ئەو کەسە خوا و دین زیاتر و توندتر بگرێت، بەڵام نیچە بەرەواژى نەک هەر پشتى کردە دین، بەڵکو (خواى کوشت) و هێڕشێکى دژواریشى کردە سەر دین. "2"

(چاوانى من کزن، بەڵام هەرگیز بینایى من زەرەرمەند نەبووە لەوان) "3" ئەوە یەکێکە لە گووتەکانى نیچە لە کتێبى دواهەمین کوفرەکانى نیچەدا، کە مرۆڤ ئەتوانێت تێبگات دیتن و تەماشاکردن هێندەى گرێدراوى ئیرادەى مرۆڤە، ئەوەندە گرێدراوى چاوەکانى نیە.

سەبارەت بە ئێش و نەخۆشییەکانى خۆى و لاوازى جەستەکەى نیچە زۆر دەستەواژە و پەیڤى هەن، کە ئەوە ئەسەلمێنن، مرۆڤ وەک جەستە، و مرۆڤ وەک روح و مەعنەوییات، ئەتوانن جیاواز و دژ بن، جەستەیەکى لاواز و چاوانى کوێریش ئەتوانن ئەو شتانە ببینن کە یەکێکى ساغ لە لایەنى فیزیکییەوە ناتوانێت بیانبینێت،واتە ژێدەرى هێز و ئیرادەى ئەو لە جەستەو هێزى چاوەکانیدا نەبووە، بەڵکو لە روح و خەلاقییەتى هۆش و دیتنە رەخنەگر و ئازادەکانى بووە، روحێک گەورەتر لە ئێش و ئازارى جەستەیى و دەروونى و روحى.

ئیدى نیچە بەردەوام لە شەڕێکى دژواردا بووە لەگەڵ جەستە و لاوازى، شەڕێک کە گەلێک لەوانەى لەسەریان نووسیوە پێیان وایە فەلسەفەکەى ڤەڕێژى ئەو بارە سایکۆلۆژییەى بووە، هەم لاوازى جەستەیى و هەم نەخۆشى و هەم شێتبوون و کزى چاوەکانى، لە لایەک و ، لەلایەکى دیکەش پەروەردە مێسالارییەکەى و شکەستنى لە چیرۆکى خۆشەویستى خۆى لە گەڵ ( لۆ ئەندرێ سالۆمێ)* کە زۆرى خۆشئەویست و دواییش یەکدیان بەجێهێشت.ئەو هۆکارە دەروونییانە بوونەتە هاندەرى هزرەکانى، بۆ ئەوەى هاوسەنگییەک لە نێوان لاوازى جەستەیى و شکانە دەروونییەکەى لەناو خۆیدا دروست بکات. لەوەش زیاتر ئەڵێن کە فەلسەفەى نیچە بەرهەمى ئەقڵێکى شێت و نەخۆش بووە، بۆ نموونە:

( فەلسەفەى نیتشە بەرهەمى مێشکێکێ ناهاوسەنگە.) "4"
یان (بەسەرهاتى شێتانەى نیچە لە جیهانى فەلسەفەدا بەشێکى بۆ نشووستى هێنانى لە خۆشەویستیدا دەگەڕێتەوە) "5"
(پەرتووکى زەردەشت ئەوهاى گووت، یەکێک لە خەونە ئێجگار گەورەکانە کە مێشکێکى نەخۆش تا ئێستا توانیویەتى وەسفیبکات) "6"
(نووسینەکانى نیچە ئەوانەن کە دەتوانرێ لەکەسێک ئەو چاوەڕوانییە بکرێت کە ژیانى لێکچوونێکى زۆرى لە ژیانێکى پڕ لە بەختەوەرى ئاسایى نەبوو، ئەم نووسینانە فەلسەفەیەک دروست ناکات کە بەڵگەى بۆ بهێنرێتەوە. بەڵکو زیاتر راپۆرتى زۆر قوڵى هزرى و شاعیرانەى دۆخى دوا بەدواى یەکى دەرونییەتى.)"7"

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ناتوانین هەموو داهێنان و هزرى نیچە وەک هاندەرێکى سایکۆلۆجى بۆ هاوسەنگیى بگێڕینەوە، یان وەک ئاکامى شێتبوونى ئەو بیبینین، ئەم راڤەیە لە هەندێک رەهەنددا من زیاتر لە "فۆکۆ" نزیک ئەکاتەوە کاتێک "مەریوان وریا قانع" لە راڤەى دێوانەیى لە لاى فۆکۆ ئەڵێت: ( دیوانەیى ماناى جۆرێک لە ئەخلاق و فیکر و بیرکردنەوە و خەیاڵ کە لەگەڵ فۆرمە باڵادەستەکانى مانا و ئەخلاق و خەیاڵ و عەقڵانییەتدا نەگونجێت، دێوانەیى ماناى دیدى ئەوانەى کە دەکەونە پەراوێزى کۆمەڵگاوە و وێناکردنێکى دیکەیان بۆ دنیا و دیاردەکان هەیە کە ناکۆک یان جیاوازە لە وێناکردنە باڵا دەستەکانى ناو ساتە وەختێکى مێژوویى)"8"

ئەگەر بشزانین فەلسەفەى نیچە فەلسەفەى جیاوازى بووە لە گەڵ سەردەمى خۆیدا، وەک لە پێشەوەش ئاماژەمان پێدا نیچە هەتا لەژیاندا بوو، فەلسەفەکەى بڵاو نەببۆوە و دەنگێکى پەراوێزکراو بوو، رۆشنبیرى رۆژئاواش پتر لە ژێر کاریگەریى ئەقڵانییەتى دیکارت و کانت و دیالەکتیک و خوێندنەوەکانى هیگل و مارکس بوون بۆ مێژوو و هەقیقەت، بۆیە سەیر نابێت نیچە بە جیاوازییەکانى خۆى و مانا نوێکانى بۆ مێژوو و هەقیقەت و ئەقلانییەت و دەسەڵات و دەوڵەت و ئیرادە و مرۆڤى باڵا و تراژیدیا و رەخنە وێرانکارەکانى بۆ دین و مەسیحییەت و ئەقلانییەت و ئەخلاق و هەبوونەوە، ببێتە دەنگێکى پەراوێزکراو و وەک ئەقلێکى نەخۆش تەماشا بکرێت و هاوسەنگى دەروونیش بکرێتە هاندەرى هزرەکانى.

نیچە گەلێک بەرهەمى لە دواى خۆ بەجێهێشتن، گەلێک ژێدەر هەن باسى بەرهەمەکان و ساڵى نووسینییان ئەکەن، لێرەدا من نامەوێت جارێکى دیکە دووبارەیان بکەمەوە، بەڵام خوێنەر ئەتوانێت بگەڕێتەوە سەر نووسینەکانى بۆ نموونە، "عوسمان یاسین" لە پەرتووکى نیتشەدا، دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى موکریانى. کە بەکوردى بە درێژى تۆمارى کردوون، یان هەروەها خوێنەر ئەتوانێت سوود لە " عەبدولحەلیم ئەلخەسار" ملف عن فردریک نیتشە ببینێت کە لە سایتىwww.mdaad.com لە 27/1/2007 دا بە زمانى عەرەبى بڵاوکراوەتەوە، هەروەها "ئازاد بەرنجى، چەند وێستگەیەکى فکرى، دیسان خوێنەر ئەتوانێت لەو بەشەى لەسەر نیتشە نووسراوە بە زۆربەى ناوى بەرهەمەکانى نیچە شاد بێت"

بەڵام لێرەدا بەس بۆ ئاماژە پێکردن، ئەسڵى تراژیدیا 1872 کە لێکۆڵینەوەیەکە لە رۆشنبیرى یۆنانیدا، مرۆڤى باڵا1878، رێبوار و سێبەرەکەى 1880، زانستى شاد1882، زەردەشت وەها ئاخاوت 1883-1885 کە یەکێکە لە بەناوبانگترین بەرهەمەکانى نیچە و بە کوردیش هەیە، کە بە شێوازێکى شاعیرانە دارێژراوە و زۆربەى هزرەکانى سەبارەت بە دین و بەها و ئەخلاق و رەخنەگرتنى ئەوانەى تێدا دیاریکردووە، و لەسەر زمانى زەرەدەشتەوە فەلەسەفەکەى خۆى ئەبێژێت.

سەبارەت بەگرنگى ئەم بەرهەمەیەوە نیچە خۆى کاتێ کە بەشى یەکەمى نووسیوە. لە رۆژى (13/2/1883) کە تەمەنى 38 یاڵ بووە، لە نامەیەکیدا بۆ "ئارنست شمایتسنر بکمینتز" بڵاوکەرەوەى بەرهەمەکانى، پێى ئەڵێ : (بەڕێز ئەمڕۆ هەواڵێکى خۆشم هەیە پێت بڵێم، بە هەنگاوێکى یەکلاکەرەوە هەڵساوم مەبەستم ئەوەیە ئەو هەنگاوە بۆ ئێوەش گرنگ ئەبێت، دانراوێکى بچووک کە لە سەد لاپەڕە کەمترە بە ناوى "زەردەشت وەها ئاخاوت" پەرتووکێکە بۆ هەموان و کەسێک نا "چامەیەکى شعرییە" یان " ئینجیلى پێنچەمینە" یان هەر شتێکى دى کە چ ناوێکى بۆ نەبێت، ئەو یەکێکە لە نووسینە هەرە رژد و ئازاکان، و لە بەردەستى هەمووانە و باوەڕ ئەکەم "کاریگەرى راستەوخۆى " هەبێت.)

هەروەها لە رۆژى (20/4)ى هەمان ساڵ نیچە بۆ "مالفیدا فون مایزنبۆرگ بروماس" ئەنووسێت: " ئەو چیرۆکێکى جوانە، من تەحەداى هەموو دیانەتەکانم کردووە و "پەرتووکێکى پیرۆز"ى نوێم داناوە! و زۆر بە رژدییەوە ئەڵێم کە ئەم کتێبە گەلێک جدییە، وەک هیچ کتێبێکى دیکە نیە، پێکەنینى هەرس کردووە و لەگەڵ دینم ئاوێتە کردووە) و لە رۆژى (24/5) ى هەمان ساڵ لە نامەیەکى دیکەدا بۆ "کارل هیلبرانت" سەبارەت بە بەشى یەکەمى کتێبەکەى ئەنووسێت: (هەموو هزر، ئێش و هیواکانم لەو کتێبەدانە، وەهاى لە ژیانم کرد وەک ئەبینم خودم ئەیەوێت لە رێى ئەو پەرتوکەدا خۆى تەبریر بکات، جارێکى تر شەرم لەخۆم ئەکەم، چونکە بەو کارە من دەستى خۆم گەیاندە چەپکەکانى شکۆداریى، ئەو شکۆدارییەى لەمێژە بەشەرییەت دەستى لێبەرداوە.) "9"


ژێدەر:
1. (ئیبراهیم حەیدەرى، العبقری المسجون بوحدته والمفتون بنبوته، گوتار، الشرق الاوسگ، ژمارە 8018 10 نۆفێمبەر 2000)
2. عەبدولحەلیم ئەلخەسار، ملف عن فریدیریک نیتشە،www.mdaad.com27/1/2007
3. دواهەمین کوفرەکانى نیچە،وەرگێڕانى فەردین دارا، لە بڵاوکاروەکانى خانەى چاپ و پەخشى رێنما سلێمانى 2007
4. هێنرى تۆماس و دانالى توماس، بەسەر هاتە نەمرەکان لە فەلسەفەدا،وەرگێڕانى دڵشاد کازم، لاپەڕە361.
5. هەمان سەرچاوەى پێشوو، لاپەڕە 364
6. هەمان سەرچاوەى پێشوو، لاپەڕە 364
7. لین و لینکستەر، خواوەندانى هزرى سیاسى، وەرگێڕانى کامران محەمەد پور، لاپەڕە432.
8. ( مەریوان وریا قانع، فەلسەفە و ئیسلام و رۆشنگەرى، لاپەڕە 309)
9. بیتر سلوتردایک " الانجیل" الخامس لنیتشە، ترجمە: على مێباح، منشورات الجمل، کولونیا- المانیا 2003


* لۆ ئەندریاس سالۆمێ: کچێکى رووس بوو، لە 12/2/1861 لە سانپترسبۆرگ هاتۆتە دونیاوە، رۆمان و وتار و چیرۆکى نووسیووە، لە 5/2/1937 مردووە. ( بڕوانە ئیرڤین دى یالۆم ،کاتێ کە نیچە گریا، وەرگێڕانى دڵشاد هیوا لاپەڕە 444، دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى موکریانى، 2006 هەولێر.) بۆ یەکەمجار نیچە لە رێى پۆل رەى هاوڕێیەوە ئەم کچە ئەناسێ کە لەنامەکانیدا باسى ئەکات، نیچە عاشقى ئەبێت، بەڵام لۆ سالۆمێ شووى پێناکات و حەز لە رەى ئەکات،پەیوەندییەکەیان ئەپچڕێت و واتەوات و ئیرەیى و قسەى خەڵک و ئەو شتانەى بەدواوە دێت.( بڕوانە لاپەڕە پەرشەکان، لاپەڕە177-179).

 

درێژه‌ی هه‌یه‌