په‌رتووک كوشتنى تێكست.
هۆشه‌نگ شێخ محه‌مه‌د - به‌شی یه‌که‌م - له نیچه‌وه بۆ جاك درێدا له مه‌رگى تێكسته‌وه بۆ مه‌رگى نووسه‌ر سێبتێمبه‌رى2007 - فێبریوه‌رى 2008 پپێشه‌كییه‌ك بۆ ئه‌م په‌رتووكه. كوشتنى تێكست،فانتازیاى ره‌خنه
تیۆریى ره‌خنه: ئه‌گه‌ر تیۆریى ره‌خنه هه‌ر له (كانت) ه‌وه، دامه‌زرێنه‌رى ره‌خنه‌ى ئه‌قڵانى و هه‌تا هیگل،ماركس، نیچه، قوتابخانه‌ى فرانكفۆرت، فرۆید، فردێناند دێ سوسێر، فۆكۆ ، هۆركهایمه‌ر، بونیادگه‌رى ، هه‌ڵوه‌شینگه‌رایى و چه‌ندین میتۆد و رێبازى جۆراوجۆرى دى كه یه‌ك له‌دواى ره‌خنه‌ى ئه‌ویتر په‌یدابووه، ئه‌وه نیشان ئه‌ده‌ن كه فه‌لسه‌فه‌ى نوێ به تایبه‌تى دووسه‌د ساڵى دوایى فه‌لسه‌فه‌یه‌كى ره‌خنه‌یى بووه.
(كانت1724-1804) : وه‌ك یه‌كه‌م فه‌یله‌سوف كه په‌یڕه‌وى میتۆدى ره‌خنه‌یى كردووه بۆ لێكۆڵینه‌وه له ئاریشه فه‌لسه‌فییه‌كان،دیاریشه میتۆدى ره‌خنه‌یى كانت (ئه‌قڵ، وه‌ك وێنه‌یه‌ك بۆ مه‌عریفه یان كار وه‌رئه‌گرێت)"1"( بڕوانه د. عوسمان ئه‌مین/ مشكله الحریه فی فلسفه كانت/ گۆڤارى الهلال به‌رپه‌ڕێ 54-68) به‌واته‌یه‌كى دیكه ره‌خنه لێكۆڵینه‌وه له ئه‌قڵ ئه‌كات، یان وه‌ك عه‌قل عیدان ئه‌ڵێت: (فه‌لسه‌فه‌ى ره‌خنه‌یى له لاى كانت ، واته لێكۆڵینه‌وه‌ى ره‌خنه‌یى بۆ شیان و نه‌شیانى ئه‌قڵى مرۆڤ)"2"(عه‌قیل عیدان، النقد وتڕسیس العقلانیه/الحوار المتمدن ژماره 1509 رۆژى 3/4/2006) به‌و واته‌یه‌ى كه ئایا ئه‌قڵى مرۆڤ تا چ راده‌یه‌ك ئه‌توانێت له دیارده‌كانى ژیان و هه‌بوون بگات و شرۆڤه‌یان بكات؟ وه‌ڵامى كانت ئه‌وه‌بوو كه مرۆڤ ئه‌توانێت به به‌كارهێنانى میتۆدى ئه‌قلانى و زانستى له دیارده‌كانى سرووشت بگات، به‌ڵام مرۆڤ ناتوانێت له دیارده‌كانى پشت سرووشت یان میتافیزیك بگات، چونكه ئه‌وانه له شیانى ئه‌قڵى مرۆڤدا نین، بۆیه‌شه كانت خوازیار بوو كه مرۆڤ له دیارده فیزیكییه‌كان بكۆڵێته‌وه و میتافیزیكیش بۆ پیاوانى دین و رامانه میتافیزیكییه‌كان به جێ بێڵێت بۆیه‌شه ئه‌یگووت: ( سنوورى زانست له كوێ به كۆتایى بێت، سنوورى باوه‌ڕ له‌وێ ده‌ست پێئه‌كات)
(هیگڵ 1770-1831): ئه‌ویش یه‌كێكه له په‌یڕه‌وكه‌رانى فه‌لسه‌فه‌ى ره‌خنه‌یى و له ساڵى 1795 له بن كاریگه‌رییى شۆڕشى فه‌ڕه‌نسى بۆ شلینگ ئه‌نووسێت : (رێگا چاره‌ى ئێمه عه‌قڵ و ئازادییه)"3"( بڕوانه رامین جیهانبگلو،رامانى هیگلى . چه‌ند وانه‌یه‌ك له‌مه‌ڕ فینۆمینۆلۆژیاى رۆح(دیارده‌ناسى زه‌ین)وه‌رگێڕانى ئیدریس شێخ شه‌ڕه‌فى لاپه‌ڕه‌ى 7-9) له لاى هیگڵه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى مرۆڤ خۆى له نامۆبوون به جیهانه‌وه رزگار بكات، پێویسته له قۆناغى فه‌لسه‌فه‌ى ره‌خنه‌گرتنه‌وه ده‌رباز بێت و له رێى خودئاگابوونه‌وه له جیهانى ده‌وروبه‌رى خۆىـ بتوانێت به‌دووى ئازادیى مێژوویى خۆیدا بگه‌ڕێت، و گه‌ڕانى ده‌ربازبوون له نامۆبوون ته‌نیا به‌ڕێى روانینێكى فه‌لسه‌فى و سیسته‌ماتیك بۆ جیهان په‌یدا ده‌بێت، روانینى سیسته‌ماتیكى بۆ جیهان ئانكوگۆڕین و ئاڵوگۆڕكردنى چه‌مكییانه‌ى جیهان، به‌واته‌ى تێگه‌یشتن له چه‌مكى هه‌قیقه‌ت یان له هه‌قیقه‌تى چه‌مك له خولى دیارده‌ناسییانه‌ى جیهان دا، هیگڵ له فه‌لسه‌فه‌ى خۆیدا دیرۆك و سیاسه‌ت و دین و رێكخستنه‌كانى كۆمه‌ڵایه‌تى ره‌خنه ده‌كات و ئه‌زانێت كه ته‌نیا عه‌قڵ- ئاگایى ، رێگه چاره‌یه بۆیكو مرۆڤ له كۆت و پێونده لاهوتى و ده‌ربه‌گایه‌تییه‌كان رزگار و ره‌ها بێت.
(ماركس1818-1883): دواى هیگڵ ماركس دێت و به میتۆدى دیاله‌كتیكى ره‌خنه‌ى هیگڵ ئه‌كات، هه‌گه‌ر له لاى هیگڵ ئاگایى، بڕیار له‌سه‌ر هه‌بوونى كۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌دات یان ئه‌گه‌رى هه‌بوونى ئه‌وه)"4" دیسان ته‌ماشاى عه‌قیل عیدان، النقد وتاَسیس العقلانیه بكه" له‌لاى ماركسدا ئاگایى، به‌هه‌مى هه‌لومه‌رجه دیرۆكى و مادى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه، تاك له‌ناو ئه‌و هه‌ڵومه‌رجانه‌دا ئاگایى په‌یدا ده‌كاتو ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه ته‌حه‌كومى پێ ئه‌كه‌ن، چونكه مرۆڤ كوڕى ئه‌و هه‌ڵومه‌رجانه‌یه كه تێیدا له‌دایك بووه، نه‌وه‌ك ئه‌و، هه‌ڵومه‌رجه‌كان په‌یدا ئه‌كات، دیاریشه ره‌خنه‌ى ماركس له كۆمه‌ڵگه‌ى پیشه‌سازیى سه‌رمایه‌دارى بوو كه (مرۆڤى – كرێكار) نامۆ ئه‌كات.
(نیچه 1844-1900): یه‌كێكه له‌و فه‌یله‌سوفانه‌ى ره‌خنه ئه‌گوێزێته‌وه سه‌ر رۆشنبیریى رۆژئاوایى و به دژوارى له زۆر لایه‌نه‌وه رۆشنبیرى رۆژئاوایى ره‌خنه ده‌كات، به شێوه‌یه‌ك كه تا ئێستا ش نیتچه ئاماده‌ییه‌كى به‌هێزى هه‌یه له میتۆده نوێیه‌كانى ره‌خنه‌ى رۆژئاوایی‌دا، نیتچه دێت و ره‌خنه‌ى ئه‌قلانییه‌تى رۆژئاوایى ئه‌كات كه كانت و هیگل و ماركس و فه‌یله‌سوفه‌كانى دى ئاوایان كردبوو،له‌لاى نیتچه ئه‌قلانییه‌تى رۆژئاوایى ئه‌گه‌رى له‌ناوبردنى خۆیشى به‌رهه‌مهێناوه و دوور نیه رۆشنبیرى و شارستانییه‌تى رۆژئاوا ته‌فروتونا بكات. له‌م پێشه‌كییه‌دا نامه‌وێت له‌سه‌ر نیچه زۆر بدوێم چونكه له‌م كتێبه‌دا زیاتر قسه‌كانم له‌سه‌ر ئه‌و و سوود وه‌رگرتنه له فه‌لسه‌فه و روانینه‌كانى بۆ تێزه‌كه‌ى خۆم. بۆیه ته‌نها به كورتى ئه‌ڵێم نیچه یه‌كێكه له‌و فه‌یله‌سوفانه‌ى كه بۆته ژێده‌ر بۆ زۆر تیۆریى نوێى ره‌خنه‌یى له رۆژئاوادا به تایبه‌تى بونیادگه‌ریى و هه‌ڵوه‌شینگه‌رایى. نیچه ده‌زگه‌كانى ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ى پیشه‌سازى و سه‌رمایه‌داریى رۆشنبیرى رۆژئاواى به گشتى ره‌خنه كردووه و به تایبه‌تى دین و مه‌سیحییه‌ت، واته نیچه به ره‌خنه‌كانى خۆى رووبه‌ڕووى رۆشنبیرى رۆژئاوا بۆوه له‌مه‌سه‌له‌كانى میتافیزیكییاى رۆژئاوا و مه‌سیحییه‌ت و دین و چه‌مكى جه‌وهه‌ر و میتافیزیكى جه‌وهه‌ر و هه‌قیقه‌تا میتایى و بنكه‌كانى كۆنترۆلى چه‌مكگه‌رایى له‌ناو فه‌لسه‌فه و ستاتیكا و چه‌مكخوازى مانا و لۆگۆسێنتراڵیزمى میتافیزیكى ئه‌ورۆپى "5" (بۆ زیاتر پێ‌زانین ته‌ماشاى پیر .فى.زیما بكه،هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌گه‌رایى، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى ره‌خنه‌یى، وه‌رگێڕانى:رێبین ره‌سوڵ ئیسماعیل، به‌تایبه‌تى لاپه‌ڕه‌كانى 34-41)
(قوتابخانه‌ى فرانكفۆرت): مه‌ریوان وریا قانع له كێتێبه‌كه‌ى (فه‌لسه‌فه و ئیسلام و رۆشنگه‌رى، وه‌ڵامێك بۆ كێتێبه‌كه‌ى مه‌لا به‌ختیار) به درێژى باسى دیرۆك و له‌دایكبوون و كار و ئه‌رك و به‌شدارییه‌كانى ئه‌و قوتابخانه‌یه ئه‌كات. نووسه‌رانى قوتابخانه‌ى فڕانكفۆرت كۆمه‌ڵێك رۆشنبیرى چه‌پ بوون كه ژماره‌یه‌ك لێكۆڵینه‌وه‌ى ره‌خنه‌ییان سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵگه‌ى رۆژئاوایى و كلتور و سسته‌مى سه‌رمایه‌دارى نووسى، له نووسینه‌كانییان دا ئه‌یانه‌ویست رووكاره‌كانى هزرى و سایكۆلۆژى و كۆمه‌لایه‌تى و مه‌عریفى نیشان بده‌ن كه هۆكاربوون بۆ به‌هێزبوونى فاشیزم و نازیزم، هه‌روه‌سا ئه‌وان بڕوایان وابوو كه ره‌خنه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى و فه‌لسه‌فى ده‌شێت رۆڵێكى به‌رچا و له باشتر كردنى هه‌لومه‌رجه سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و سایكۆلۆجییه‌كانى ئه‌و جیهانه ببێنێت كه تێیدا ئه‌ژین. هه‌روه‌ها بڕویان به‌وه هه‌بوو كه هزرى ره‌خنه‌یى پێویستى به نوێكردنه‌وه هه‌یه، چونكه ئه‌و جیهانه نوێیه‌ى ئه‌و ره‌خنه‌ى لێئه‌گرن جیهانى سه‌رمایه‌داریى چاخى نۆزده و رۆژگارى ماركس و ئه‌نگلس نیه، ئه‌وه جیهانێكى نوێ یه و هه‌ڵگرى پرسیار و ئاریشه و گرفت و مژده و هه‌ڕه‌شه‌ى نوێیه. به كورتى قوتابخانه‌ى فراكفۆرت خوێندنه‌وه‌یه‌كى ره‌خنه‌یى بوو بۆ ره‌هه‌نده نوێیه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى سه‌رمایه‌دارى و ئه‌و ئاریشانه‌ى ئه‌و سیسته‌مه به‌رهه‌مى هێنابوون.) "6" (تكایه بڕوانه مه‌ریوان وریا قانع، فه‌لسه‌فه و ئیسلام و رۆشنگه‌رى به تایبه‌تى لاپه‌ڕه‌كان 133-144)
(فۆرماڵیسته روسه‌كان): كه كۆمه‌ڵێ ڤه‌كۆله‌ر و زانا و لێزانى بواره‌كانى زمان و لێكۆڵینه‌وه‌ى زمان و فیلۆلۆژیا و مێژووى كلتوورى بوون، له نێوان ساڵه‌كانى 1916-1930 ئه‌یانه‌ویست ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى له فۆڕمێكى نوێ دا دارێژنه‌وه، (زانستى ئه‌ده‌ب) به‌ره‌و پێشه‌وه ببه‌ن و بنه‌ماى میتۆدى و هزرى و فه‌لسه‌فى بۆ ئه‌و زانسته دانێن، كارى ره‌خنه لاى ئه‌وان دیاركردنى قانونه‌كانى ئه‌ده‌بى بوون، ئه‌و قانونانه‌ى كه زمانى تێكستى ئه‌ده‌بى له فۆڕمه‌كانى دیكه‌ى به‌كارهێنانى زمان جیائه‌كاته‌وه، به‌لشه‌فیكه‌كان له كۆتایى ساڵانى بیسته‌كاندا ئه‌و قوتابخانه‌یه‌یان گرت و كۆتاییان پێهێنا، گوایه بزافێكى بۆرژوازیانه‌یه، دواى ئه‌وه (رۆمان جاكۆبسۆن) روسیاى جێهێشت و له چیكۆسلۆڤاكیا له‌رێى قوتابخانه‌ى (هه‌ڵقه‌ى زمانناسى پراگ) په‌ره‌ى به بۆچوونه‌كانى فۆرمالیسته رووسه‌كان دا و له‌گه‌ڵ بنه‌ما زانستییه‌كانى سیمۆلۆژیاى تێكه‌ل كرد. به‌وه‌ش لێكدانه‌وه‌یه‌كى بونیادگه‌رییانه بۆ ستاتیكا و كلتوور و زمانیان ده‌ست پێكرد.
(بونیادگه‌رى): ره‌گه‌كانى بونیادگه‌رى له‌ناو زۆر له كایه مه‌عریفییه‌كان دا هه‌یه، یه‌ك له‌و كایانه‌ش زانستى زمانه، به تایبه‌تى كاره‌كانى زمانناسى سویسرى (فردێناند دۆ سوسێر) و كارى فۆرمالیسته روسه‌كان، (تكایه خوێنه‌رى هێژا ته‌ماشاى ژێده‌رى سه‌ره‌وه بكه، مه‌ریوان وریا قانع، ئیسلام و رۆشنگه‌رى، هه‌روه‌ها فازل عه‌مه‌ر نژیارگه‌رى، له وه‌شانى یه‌كیێتى نووسه‌رانى كورد لقى دهۆك ژماره 40) نژیارگه‌ره‌كان بۆچوونه‌كانى دۆ سۆسێریان سه‌باره‌ت به بونیاده‌كانى زمان و چۆنییه‌تى كاركردنى بونیاده‌كانییان گواسته‌وه ناو كایه مه‌عریفییه‌كانى دیكه، كه له ئه‌نجامى گواستنه‌وه‌ى ئه‌م زانسته‌دا زانستى ئاماژه‌ناسیى (سیمۆتیك) درووست بوو، له‌و بواره‌دا (رۆلان بارت 1915-1980) رۆلێكى گه‌وره‌ى دیت له گواستنه‌وه‌ى بۆچوونه‌كانى دۆ سۆسێر له‌سه‌ر بونیاده‌كانى زمان بۆ ناو ره‌هه‌نده جوداكانى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى، دیاریشه له رۆشنبیرى كوردى دا (مه‌ریوان وریا قانع) ره‌نگه یه‌كه‌م كه‌س بێت له‌كۆتایى هه‌شتاكانه‌وه نژیارگه‌رى به ئاراسته گۆڵدمانییه‌كه‌ى گواسته‌وه ناو ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى كوردى وه‌ك هه‌وڵێك بۆ نوێكردنه‌وه‌ى ره‌خنه‌ى كوردى و بووه رێبازێكى ره‌خنه‌یى.
(پاش بونیادگه‌رى یان "هه‌ڵوه‌شینگه‌رایى"): ئه‌گه‌ر بونیادگه‌رى گه‌ڕان بێت له (گشت ) یان (سه‌رجه‌م) و خۆرێكخستنى ناوه‌كى و جه‌بر و قانونه گتشگیر و بونیاده‌كان. ئه‌وه فكرى پاش بونیادگه‌رى له‌وه ئه‌گه‌ڕێت تا بزانێت بونیاد ومانا و وێنه و پێناسه و چۆن له‌دایك ئه‌بن. نه‌وه‌ك چۆن كار ئه‌كه‌ن. ئه‌و پێشینانه چین كه ئه‌و بونیاد و مانایانه خه‌لق ئه‌كه‌ن؟ نه‌وه‌ك ئه‌و میكانیزمانه‌ى كه كارى پێ ده‌كه‌ن. كارى هزرى هه‌ڵوه‌شینگه‌رایى له‌سه‌ر ئه‌و وه‌ختانه‌یه پێش بونیاد له‌دایك بووبن. هه‌وڵ ئه‌دات بزانێت چۆن و به چ شێوازێك گووتار درووست ئه‌بن، شوناس له چ جۆرێكى په‌یوه‌ندییان دروست ئه‌بن،له‌و پرۆسه‌یه‌دا هزرى پاش بونیادگه‌رى هه‌وڵى راڤه‌كردن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بونیاد و مانا و پێناسه‌كان ئه‌دات، ئه‌خوازێت وردیان كاته‌وه بۆ كه‌ره‌سته خاو‌و سه‌ره‌تاییه‌كان. په‌یوه‌ندییه‌كانى هێز و ده‌سه‌ڵات ئاشكرا كات. كه مانا و پێناس و تێڕوانینه‌كان به ئاراسته‌یه‌كى تایبه‌ت بردووه و ئه‌بات."7"( تكایه بڕوانه مه‌ریوان وریا قانع هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوو لاپه‌ڕه 165) بۆ ئه‌مه‌ش زۆر جار به هزرى پاش بونیادگه‌رى ئه‌گووترێت هه‌ڵوه‌شینگه‌رایى. ئه‌ویش به هه‌مان شێوه‌ى بونیادگه‌رى پشتى به ده‌سكه‌وته گرنگه‌كانى فه‌لسه‌فه‌ى نوێى زمان گه‌رم ئه‌كات. یه‌ك له بیرۆكه جوانه‌كانى هه‌ڵوه‌شینگه‌رایى ئه‌وه‌یه كه ئه‌ڵێن: ( هه‌ر پێناسه‌یه‌ك له پێناسه‌كان و هه‌ر مانایه‌ك له ماناكان له‌سه‌ر بێده‌نگ كردنى كۆمه‌ڵه پێناسه و ماناى دیكه له‌دایكبووینه، وله پشت ئه‌و بێده‌نگ كردنه‌دا ستراتیژییه‌تى ده‌سه‌ڵات ئاماده‌یه،كه ئه‌و شێوه پێناسانه سه‌روه‌ر ئه‌كات و ئه‌وانه‌ى تریش بێده‌نگ.) هزره‌كانى (میشێل فۆكۆ 1926-1984) و (جاك دێریدا 1930-2004) نموونه‌یه‌كى به‌رچاون بۆ ئه‌و شێوازه نوێیه‌ى هزرى فه‌لسه‌فى. هزرى هوڵوه‌شینگه‌رایى ره‌خنه‌یه‌كى تونده بۆ دیتنه بونیادگه‌رییه گشتگیره‌كان، ئه‌وان ئه‌ڵێن بونیاد خاوه‌ن لۆژیكێكى یه‌كگرتوو نیه، به‌ڵكو بونیاد له‌ناو دا تژى جیاوازى و ناكۆكییه، ئه‌گه‌ر بونیادگه‌رى له ناو زماندا لۆژیكه‌كى هارمۆنى و یه‌كگرتوو ئه‌بینێت، دێریدا ئه‌بینێت كه زمان تژى فه‌وزا و لادان و جیاوازییه، بۆیه‌شه ئه‌م هزره به هزرى جیاوازى و هه‌ڵوه‌شینگه‌رایى ناسراوه.
ده‌سپێكه‌ك بۆ روونكردنه‌وه: ره‌خنه وه‌ك فانتازیا:
ره‌خنه له رۆشنبیرى كوردى دا، هه‌تا ئێستا نه‌بۆته فانتازیا، ره‌خنه ئه‌گه‌ر هه‌تا ئێستا ژێكڤاڤارتنى باشى و خراپییه‌كانى تێكستێك بێت، یان دیاریكردنى جوانى و ناشیرینییه‌كانى به‌رهه‌مێك بێت، یان نیشاندانى هێز و بێ هێزى نووسه‌رێك بێت، یان هێشتا خوێندنه‌وه‌ى تێكستى كوردى بێت به پۆلینكردنه كۆمیدییه‌كانى وه‌ك ( واقعى و رۆمانسى و وقعى نه‌قدى و ئیشتراكى و خۆ مه‌شغوڵكردن بێت به پۆزه‌تیفیستییه‌تێكى رووت) ئه‌وه ره‌خنه له باشترین ئاستى خۆیدا بۆته (گه‌ڕانێك له ماناكان یان جوانییه‌كان) له باشترین ئاستدا بۆته ( جیاوازى خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنه‌كان له نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ردا، یان خوێنه‌ر و خوێنه‌ردا، راڤه و ته‌فسیرى جۆراوجۆر بۆ ده‌ق) تا راده‌یه‌كیش دیاره كۆنزه‌رفاتیفه‌كانى زانكۆ و رۆشنبیره‌كان هه‌مووكاتێك داواى روحى ئه‌كادیمى ئه‌كه‌ن، وه‌ك باوه‌ڕێكى موتڵه‌ق و ره‌ها، كه قابیلى پرسیاركردن و گومانكردن نه‌بێت،تا ئێستا ره‌نگه ره‌خنه ئه‌و پرسیاره‌ى نه‌كردبێت ئه‌رێ ئه‌كادیمیا بۆ ئێمه چى كردووه و ئه‌توانێت چى بكات؟ دیاره لێره‌شدا من مه‌به‌ستم له دوو ئاستى ره‌خنه‌یه: یه‌كه‌میان ئه‌كادیمیا وه‌ك ده‌زگه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنانى مه‌عریفه و كارى هزرى و نوێبوونه‌وه. دووه‌میشیان : ره‌خنه‌كردنى ئه‌و ئه‌كادیمیایه، كه ئه‌قلییه‌تى مامۆستا كورده‌كانى له پشته، ئه‌و ئه‌قلییه‌ته پێویسته ره‌خنه بكرێت و ململانێى له‌گه‌ڵ بكرێت به‌وه‌ى كا چى پێشكه‌ش به رۆشنبیرى ئه‌كه‌ن؟ دواى ئه‌وه‌ش پرسیار ئه‌كه‌ین، ئایا ره‌خنه‌ى كوردى بۆچى لاوازه یان هه‌تا بڵیێن بۆچى نیه و درووست نه‌بووه؟ ره‌خنه بۆ له‌دایك نابێت و قبوڵ ناكرێت و وه‌رناگیرێت؟ من پێموایه ئه‌ده‌بیاتى كوردیش خاوه‌نى ده‌یان و سه‌دان تێكستى (گه‌وره ،گرنك ، باش ، جوان و پڕمانایه) به‌لام ره‌وشى رۆشنبیرى كوردى نه‌یتوانیوه ره‌خنه دامه‌زرێنێت، هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانى دانه‌مه‌زراندنى ره‌خنه‌ش زیاتر په‌یوه‌سته به ره‌وشى رۆشنبیریى كوردییه‌وه، یان روونتر بڵێن گرێدراوى ئاریشه‌كانى رۆشنبیرى كوردییه.له‌و ئاریشانه: 1. نه‌بوونى تیۆریى ره‌خنه‌یى و فه‌لسه‌فى و زانستى، وه‌ك چۆن له رۆژئاواوه به ئه‌قلانییه‌تى كانت ده‌ستى پێكردوو هه‌تا گه‌یشتۆته هه‌ڵوه‌شینگه‌رایى. 2. سسته‌مى گرتووى رۆشنبیرى كوردى له هه‌موو پێكهاته‌كانیدا، له دین و سیاسه‌ت و ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگ و ئه‌خلاق و جڤاك و به‌ها و ره‌وشت و تیتال و هتد... 3. به‌كارهێنانى قوتابخانه عه‌ره‌بییه‌كان بۆ ماوه‌یه‌كى درێژ كه چ په‌یوه‌ندى به كه‌توار و تایبه‌تمه‌ندیى رۆشنبیرى كوردییه‌وه نه‌بوو. 4. ئاسۆى خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌ى نووسین به گشتى و ره‌خنه به‌تایبه‌تى كه تا ئێستاش سنوورداره. 5. ده‌ربازنه‌بوون له ریالیته‌ى جڤاكى و سیاسى و ئابوورى و ئه‌خلاقى و هتد...،له تێكسته‌كاندا. 6. ته‌نبه‌ڵى و نه‌خوێندنه‌وه‌ى تیۆرییه ره‌خنه‌یى و فه‌لسه‌فه ره‌خنه‌ییه‌كان و گواستنه‌وه‌یان بۆ رۆشنبیرى كوردى. 7. ترس و نه‌وێران بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى نووسه‌ر و تێكسته‌كان. 8. توهمه‌ت دروست كردن و ناشیرین كردن وره‌تكردنه‌وه‌ى هه‌ر كارێكى ره‌خنه‌یى كه مه‌دح و سه‌ناو چه‌پڵه‌لێدان نه‌بێت. 9. نه‌بوونى ئیراده‌یه‌كى ره‌خنه‌یى له ناو تاكى كورددا به‌گشتى و نووسه‌ران به‌تایبه‌تى و تێكسته ره‌خنه‌ییه‌كان. 10. دیارى نه‌كردنى رۆڵ و ئه‌ركى ره‌خنه و ره‌خنه‌گر له پرۆسه‌یه‌كى هزرى یان فه‌لسه‌فى یان زانستى تیۆریى. 11. نه‌وێران و جورئه‌ت نه‌كردن یان د‌رك نه‌كردن بۆ به‌كارهێنانى فه‌نتازیا له ره‌خنه‌دا.
ئه‌مانه‌و ره‌نگه هۆكارى دیكه‌ش هه‌بن و خوێنه‌ر له‌من باشتر بیانزانێت، به‌ڵام دیاره ئه‌و هۆكارانه‌ى سه‌ره‌وه به ده‌یان و سه‌دان پرسیار له لاى ئێمه دا دروست ئه‌كه‌ن و بۆ ئه‌و هۆكارانه‌ش پێویسته ئێمه له‌هۆكارى دیكه بگه‌ڕیێن، هه‌ر بۆ نموونه كه ده‌ڵێن بۆچى سسته‌مى رۆشنبیرى كوردى داخراوه؟ پرسیارێكه و ئه‌مانباته به‌رده‌رگه‌ى ده‌یان پرسیارى گه‌وره و گرنگ سه‌باره‌ت به پێكهاته‌ى رۆشنبیرى كوردى. ره‌نگیشه ئه‌و رێباز و میتۆدانه‌ى له‌م پێشه‌كییه‌دا باسیان ئه‌كه‌ین هاریكار بن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین هه‌ندێك به‌رسڤى لۆژیكى و ماقوول په‌یدا بكه‌ین، یان هه‌ر بۆ نموونه ئێمه ئه‌توانین به میتۆدى هه‌ڵوه‌شینگه‌رایى له‌وه بگه‌ین كا بۆچى قوتابخانه عه‌ره‌بییه‌كان نه‌یانتوانى ره‌خنه‌یه‌كى كوردى دامه‌زرێنن؟ ئه‌گه‌ر ئێمه پرسیاره‌كانى خۆمان سه‌باره‌ت به ئه‌قلییه‌تى عه‌ره‌بى و ئه‌و سێنترالیزمه‌ى كاریان پێ ئه‌كرد سه‌باره‌ت به بێده‌نگ كردنى كوردان وه‌ك په‌راوێز، ئه‌توانێت ئه‌نجامێكى باشمان بداتێ بۆ ئه‌وه‌ى له گرنگى جیاوازى و ئازادبوون بگه‌ین له روحى تۆتالیتارییه‌ت و سسته‌مه گشتگیره‌كان.
نه‌بوونى فانتازیا وه‌ك هزرێكى خه‌لاق و تژى وزه له كاره ره‌خنه‌یه‌كاندا، كاریگه‌رییه‌كى نێگه‌تیفى كردۆته سه‌ر رۆشنبیرى كوردى به گشتى و ره‌خنه به‌تایبه‌تى.
فانتازیاى ره‌خنه: دیاره له سه‌ره‌تادا ده‌بێت ئه‌وه بڵێم: كاتێك ئێمه فانتازیاى ره‌خنه و ره‌خنه‌ى فانتازى پێشكه‌ش ئه‌كه‌ین، كه ره‌نگه ببێته میتۆدێكى خۆسه‌رژى! ماناى وا نیه ئێمه میتۆده‌كانى دیكه ره‌ت ئه‌كه‌ینه‌وه، نه‌خێر به‌ڵكو مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه له‌و ره‌خنه‌یه‌دا كه وزه‌یه‌كى له راده‌به‌ده‌رى ئازادى ده‌بینین.
یه‌كه‌م: فانتازیا وه‌ك وزه‌یه‌كى خه‌لاق و هێزه‌كى تێكشكێنه‌ر، بۆ تێكست به‌كاربێنین، تێكشكاندنى ئه‌و دنیایه‌ى تێكسته ئه‌یه‌وێت به‌رهه‌مى بێنێت،نه‌هێشتنى كۆنترۆلى تێكست له‌سه‌ر به‌رهه‌مدا، ئانه‌كو چێكردنى په‌یوه‌ندییه‌كى نوێ له نێوان (تێكست و به‌رهه‌مدا). لێره‌دا ره‌نگه ئێمه بتوانین تا دوا ئاست سوود له (رۆلان بارت و دێرێدا) وه‌رگرین. لێ ئه‌و خاڵه‌ى لێیان جیائه‌بینه‌وه یان پێشیان ئه‌كه‌وین ئه‌وه‌یه كه ئێمه ته‌نیا مه‌رگى نووسه‌ر راناگه‌یه‌نێن، به‌ڵكو مه‌رگى تێكستیش رائه‌گه‌یه‌نێن له به‌رهه‌مدا، ئه‌وچه‌نده له رۆشنبیریى ئێمه‌دا ، چه‌ند قبوڵ ئه‌كرێت و ره‌ت ئه‌كرێته‌وه ، كێئه‌یه‌كى ره‌خنه‌یى و فه‌لسه‌فییه، ئه‌گه‌ر (خوێنه‌ر – ره‌خنه‌گر) به تێگه‌یشتنى بارتییانه، نه‌توانن له‌گه‌ڵ ئاستى هزرى و فه‌لسه‌فى پێشبه‌رییه‌كه‌ى مندا بگونجێن یان دژ بن، ئه‌گه‌ر نه‌شێن گفتوگۆیه‌كى رژد و خه‌مخۆرانه بۆ ره‌خنه له رۆشنبیرى كوردیدا له‌گه‌ڵ من یان دژى من دامه‌زرێنن، ئه‌وه هه‌ر هیچ نه‌بێت من جیاوازییه‌ك رائه‌گه‌یه‌نم، هه‌روه‌ها فانتازیاى ره‌خنه‌ش وه‌ك وزه‌یه‌كى ره‌خنه‌گریانه پێشكه‌شى رۆشنبیرى كوردى بكه‌م. بۆ ئه‌وه‌ى ده‌لیفه بده‌مه ده‌نگێكى په‌راوێزكراو بۆ ئه‌وه‌ى قسه‌ى خۆى بكات.
دووه‌م: سه‌وداكردن له‌گه‌ڵ تێكست وه‌ك زه‌مینه‌یه‌ك: نه‌وه‌ك ته‌نیا بۆ گه‌ڕان و كه‌شف كردنى ماناكان . وه‌ك (رۆلان بارت) له كتێبه ره‌خنه و هه‌قیقه‌تدا ئه‌ڵێت: (نووسه‌ر نه‌ك به نووسینه‌كانى وه‌ك رۆڵ یان به‌ها،به‌ڵكو ته‌نیا به یارمه‌تیى جۆرێك ئاگایى و شاره‌زایى ئاخاوتن دیار ده‌بێ،نووسه‌ر كه‌سێكه كه زمان پرسى ئه‌و بێ و له زمان دا له قوڵایى بگه‌ڕێ نه‌ك ئامرازخوازى یان جوانى) "9"(بڕوانه رۆلان بارت، ره‌خنه و هه‌قیقه‌ت. وه‌رگێڕانى ئیسماعیل زراعى، لاپه‌ڕه‌ى 19) ئانه‌كو لێره‌دا سه‌رتا به چییه‌تییه‌كى دى ته‌ماشاى تێكست ئه‌كات، كه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه تێكست ته‌نیا مه‌یدانێك نیه بۆ مانا و جوانى، به‌ڵكو زمان پرسى سه‌ره‌كى یه له تێكستدا. لێره‌دا ئێمه ده‌شێین بێژین ئه‌و تێكستانه‌ى مه‌به‌ستیان كۆمه‌ڵێك مانا و جوانییه، بێ ئه‌وه‌ى له قوڵایى زماندا بگه‌ڕێن. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ره‌نگه گومانى تێكست بوونییان لێ بكه‌ین، واته وه‌ك تێكستێك زمانه‌كه‌ى له قوڵاییدا بگه‌ڕێت، ئه‌و تێكسته ناتوانێت ببێته به‌رهه‌مێكى دى، به‌رهه‌مێك كه میتا زمانێك بێت و له‌سه‌ر ئه‌و خۆى دروست كات.
سێیه‌م: دامه‌زراندنى پرسیارى شیمانه‌یى (فه‌ره‌زى) وه‌ك وزه‌یه‌كى ئازاد و به‌ڕه‌لڵا، بۆ ئه‌وه‌ى ببێته بنه‌مایه‌ك بۆ ره‌خنه‌یه‌كى فانتازى، دا بشێت هه‌موو سنووره‌كانى تێكست (كۆمه‌ڵایه‌تى – مێژوویى) بێ ترس ببڕێت و له شوێنى ئه‌و سنوورانه ئاسۆى بێ كۆتایى بخوڵقێنێت، یه‌عنى ره‌خنه ببێته به‌رهه‌مێكى میتا تێكست، كه له به‌رامبه‌ر ئه‌قڵییه‌تى هه‌یى و سه‌پاو و وه‌ك هێزێك ده‌ركه‌وێت و له‌و كۆنتڕۆڵ و قه‌ید و حوكمه‌كانى مانا و جوانییه‌كانى تێكست ئازاد بێت.
چواره‌م: تێكشكاندنى به‌رهه‌مه پڕ مانا و ئه‌قلانى و حیكمه‌ت و جیهان و دونیاى دیار و ئاشكرا، و دامه‌زراندنى دنیایه‌كى فانتازى و ئازاد و ره‌ها. ده‌ربازبوون ژ هه‌ر حوكمێكى كه تێكست پێشكه‌شى ئه‌كات، هه‌ر مانایه‌ك كه پێشبه‌رى ئه‌كات به وزه‌یه‌كى فانتازیانه له زماندا.بێ ئه‌وه‌ى واتایه‌ك به تێكست بدات.
پێنچه‌م: كاراكته‌رى نووسه‌ر و ره‌خنه‌گر، به وێنه‌یه‌كى نوێ دامه‌زرێنێته‌وه، وه‌ك بارت ئه‌ڵێ : ( نوێ بوون، تاوانى بنه‌ڕه‌تى ره‌خنه‌ى نوێ نیه، به‌ڵكو تاوانى ره‌خنه‌ى نوێ ئه‌وه‌یه كه سه‌ر تا پێ "ره‌خنه" یه و رۆڵ و ده‌وره‌كانى نووسه‌ر و ره‌خنه‌نووس به شێوه‌یه‌كى نوێ دیارى ده‌كا)"10" ( بڕوانه رۆلان بارت،ره‌خنه و هه‌قیقه‌ت.وه‌رگێڕانى ئیسماعیل زراعى لاپه‌ڕه‌ى 37)
شه‌شه‌م: فانتازیا ده‌شێت له‌سه‌ر تێكست به‌رهه‌مێكى دیكه دروست كات، كه به‌ته‌واوى خۆى له سسته‌م و باوه‌ڕ و جوانى و جیهانى تێكست داببڕێت و تێكست بكوژێت، له شوێنى ئه‌و، فانتازیا جیهانى تێكست ورد و خاش بكات و په‌یوه‌ندى نوێ و سه‌ربه‌خۆى دوور له ده‌سه‌ڵاتى نووسه‌ره‌كه دروست كاته‌وه، به‌ماناى ئه‌وه‌ى ره‌خنه‌ى فانتازى ته‌نیا لێگه‌ڕان و كه‌شفكردنى ماناكانى تێكست نیه، به‌ڵكو تێكشكاندنى ئه‌و مانایانه‌شه. ره‌نگیشه خه‌ڵقكردنى ماناى نوێتر بێت یان نه‌بێت، واته لێره‌دا فانتازیا وزه‌یه‌كى وێرانكاره بۆ تێكست،و وزه‌یه‌كى خه‌لاقه بۆ به‌رهه‌مى ره‌خنه‌یى، به‌رهه‌مێك كه هه‌تا دوا سنوور بشێت جیهانى جۆراوجۆر دروست كات و تێكیان بشكێنێته‌وه. جیهانێك به‌رده‌وام له به‌رده‌م ئه‌گه‌ره‌كانى خراپ كردن و وێران كردن و هه‌رفتن دابێت. بۆیه‌شه ئه‌م جۆره ره‌خنه‌یه زیاتر له روحى شعره‌وه نێزیكه نه‌وه‌ك میتۆده ره‌خنه‌ییه‌كان.
ده‌سپێكێكى دى له رۆلان بارته‌وه: میتا زمان به كورتى: (دنیا هه‌یه و نووسه‌ریش قسه‌ى خۆى ده‌كا، ئه‌ده‌بیات ئه‌وه‌یه، بابه‌تى ره‌خنه هێندێك جیاوازه. ئه‌م بابه‌ته دنیا نییه، به‌ڵكو په‌یڤه، قسه‌ى كه‌سێكى دیكه‌یه، ره‌خنه قسه‌یه له‌سه‌ر قسه‌یه‌كى دیكه، زمانى دووه‌هه‌مین یان وه‌ك لۆژیكزانان ده‌ڵێن، بان زمانییه كه له‌سه‌ر زمانى یه‌كه‌م (زمان – بابه‌ت)پیاده ده‌بێ)"11" بڕوانه ره‌خنه‌و هه‌قیقه‌ت هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوولاپه‌ڕه 13) میۆده‌كانى بونیادگه‌رى و هه‌ڵوه‌شینگه‌رایى ئه‌توانن وه‌ك ره‌خنه میتا زمان بن، زمانێكى راڤه‌یى كه له‌سه‌ر زمانى تێكست ئاوا ده‌بێت. بێ ئه‌وه‌ى (مانا- دنیا) خه‌لق كات. چونكه له بنه‌مادا زمان هه‌یه، نه‌وه‌ك مانا و دنیا، میتا زمان. سه‌رووى بێ مایى و بێ دنیایى زمانه. واته یه‌كه‌م (بێ مانایى و یه‌كه‌م بێ دنیایى و دووهه‌م بێ مانایى و دووهه‌م بێ دنیایى) مانانه‌بوون- دنیا نه‌بوونى یه‌كه‌م، و مانا‌و دنیا نه‌بوونى دووه‌م. فانتازیا میتاى دووهه‌مه و سێیه‌م بێ مانا-دنیابوونه. واته ره‌هه‌ندێكى دیكه ، ده‌چێته سه‌ر میتاى زمانیش. واته رزگاركردنى زمانه له ره‌خنه‌دا بۆ ئاستێكى نویتر و سه‌رووتر له میتاى یه‌كه‌م. میتاى دووهه‌م، خه‌لق كردنى تێكشكاندنى میتاى یه‌كه‌مه به میتایه‌كى سه‌رووتر و بڵندتر. تێكشكاندنى قسه یه‌كه‌مینه‌كان و دووه‌مینه‌كانه. واته ئه‌گه‌ر ده‌ق یه‌كه‌م په‌یڤ بێت، و راڤه دووه‌م په‌یڤ بێت، ئه‌وه فانتازیا سێیه‌م په‌یڤه.
* * * * * * * * * ئه‌گه‌ر له‌م كاره‌ماندا زیاتر پشتمان به فه‌لسه‌فه‌ى ره‌خنه‌ى رۆژئاوایى به‌تیایبه‌تیش نیچه به‌ستووه، بۆ ئه‌وه‌نیه بڵیێن له رۆشنبیرى عه‌ره‌بى و ئیسلامى و رۆژهه‌ڵاتى به گشتى ناكرێت سوود وه‌ربگرین، به پێچه‌وانه‌وه، رۆشنبیرى ئیسلامیش به شێوه‌یه‌كى گشتى بوارى زۆرى تێدایه بۆ خستنه رووى ره‌خنه و كۆمه‌ڵێ بابه‌تى گرنگ و گه‌وره‌ى وه‌ك كوشتنى تێكست و كوشتنى نووسه‌ر و رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێ تیكست و راڤه‌ى تێكسته‌كانیش به تایبه‌تى قورئان و وته‌و فه‌رمووده‌كانى پێغه‌مبه‌ر و ته‌فسیره جۆراوجۆره‌كان بۆ تێكستى قورئانى و شه‌ریعه‌ت به گشتى، كه ره‌نگه له زۆر رووه‌وه ئه‌م تێكست و راڤانه‌ش له جیهان و دنیابینى خوێنه‌رى كورده‌وه نزیكتر بێت له فكرى رۆژئاوایى و فه‌لسه‌فه‌ى نیچه و تێزه‌كانى جاك دێرێدا. ئاراسته‌ى نووسینه‌كه‌ى ئێمه له‌م كتێبه‌دا نه‌وه‌ك هه‌ر رێ له‌و ئاراسته‌یه‌ش ناگرێت كه له فه‌لسه‌فه‌ى ئیسلام و رۆشنبیرى ئیسلامییه‌وه هه‌مان ئه‌و پێشبه‌رییانه‌ى خۆمان پێشكه‌ش بكه‌ین و به ئامرازى دیكه‌وه هه‌مان شته‌كانى خۆمان بڵیینه‌وه، ئه‌گه‌ر من لێره‌دا ئه‌وه‌م نه‌كردبێت ئه‌وه ئه‌م نووسینه رێ خۆشكردنێكه هه‌م بۆ خۆم و هه‌م بۆ خوێنه‌ر و نوسه‌رى تریش كه هه‌مان كار به ئاراسته‌ى رۆشنبیرییه ئیسلامییه‌كه بیكه‌ن.
چونكه مه‌به‌ست له‌م كتێبه كردنه‌وه‌ى ده‌رگه‌یه‌كى نوێیه به‌رووى ره‌خنه‌ى كوردییه‌وه، نیچه و دێرێدا و فه‌لسه‌فه‌ى رۆئاواییش كه‌ره‌سته‌ن و ئامانج نین بۆ ئه‌م كاره‌مان، بۆیه ئه‌كرێت زیاد له كه‌ره‌سته‌یه‌ك و میتۆدێكى بیانى به‌كار ببرێت بۆم مه‌به‌سته.
* * * * * * * * * * سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌م كاره له چه‌ند نووسینێكى نووسه‌ر و هاوڕێى ئه‌زیز ( هه‌ندرێن حه‌مه‌ده‌مین) سه‌ریهه‌ڵدا، كه زیاتریان له نووسینێكى دا به ناوى (نامه‌یه‌ك له موزه‌فه‌رى سه‌بحده‌م بۆ به‌ختیار عه‌لى) كه ده‌قه‌كه‌ى له دوو توێى ئه‌م كتێبه‌دا هه‌یه، ئاواكراوه. ئه‌م نووسینه بۆ من سه‌ره‌تاى ره‌خنه‌یه‌كى نوێى فانتازییه، كه مه‌به‌ستى زیاتر كوشتنى تێكسته و دروستكردنى ململانێیه‌كى هزرییه له‌گه‌ڵ نووسه‌ردا، ئه‌م هه‌وڵه‌ى هه‌ندرێن كه سه‌ره‌تایه‌كه و منیش ویستم لێره‌دا په‌ره‌ى پێبده‌م و له رووى تیۆرییه‌وه پێشى بخه‌م، وه‌ك چۆن له رووى پراكتیكیشه‌وه ده‌رفه‌تى پێشڤه‌چوونى زۆره.( له ئاینده‌دا پرۆژه‌ى تریش ئه‌خه‌ینه به‌رده‌ست)، له‌گه‌ڵ خستنه رووى هه‌ندێ له جومگه و بڕگه‌كانى ئه‌و جۆره ره‌خنه‌یه، به‌گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ فۆڕمه‌كانى ره‌خنه‌ى كوردى و ئاواكردنى شتێكى نوێتر له‌وه‌ى كه تا ئێستا له‌به‌رده‌ستدا هه‌یه. درێژه‌ی هه‌یه
|