په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

په‌رتووک

كوشتنى تێكست.

هۆشه‌نگ شێخ محه‌مه‌د

- به‌شی پێنجه‌م -

خوێندنەوە لە نێوان تێکست و نووسەردا:

 

نووسین بە چاوپۆشین لە ماهییەت و ئەرکە بنەڕەتییەکەى کە لەناوبردنە، لەگەڵ هەموو ئەو هزرانەى تر کە درێدا لەپاڵ مەرگى نووسەردا ئەیخاتە روو، لە "رەخنەى پۆزیتیڤیسیت" و "باوکایەتى نووسەر و کوڕییەتى تێکست" و "پێشین"ى نووسەر و "پاشینى" نووسین و "نووسەر لەگەڵ دەقدا"، یان نووسین لە نێوان "رەسمکردن" و " ئەنجامدان"دا، یان "پەیام" ى دانەر، یان" خوێنەر"

 

لە پاڵ هەموو ئەو شتانەى سەرەوەدا ئەکرێت من بە جۆرێک لە جۆرەکان لەگەڵ بۆچوونەکانى درێدا دابم، لە دوا ساتیشدا سەبارەت بە " لە دایکبوونى خوێنەر بەندە بە مەرگى نووسەرەوە" هەڵوەستەیەک بکەم.

 

سەرەتا درێدا ئەوەمان پێ ئەڵێت کە تێکست هەیە، جا ئەرکى هەر چ بێت؟ بوونى هەیە. دواى ئەوەش "خوێندنەوەى تێکست" بەندە بە "مەرگى نووسەر"ەوە.

 

لێرەدا ئایا پەیوەندى نووسەر و تێکست و خوێندنەوە چییە؟ ئایا خوێندنەوە بە زەروورەت بۆ ئەبێتە مەرگى نووسەر؟ بۆ نابێتە مەرگى تێکست؟ ئایا بۆ نابێت خوێندنەوە رووبەڕووبوونەوەیەکى فکرى و رەخنەیى بێت لە گەڵ نووسەردا؟

 

قەبوڵکردنى هەر یەکێک لەو پپێشنیارانەى درێدا بۆ دەقەکەى بالزاکى ئەکات، ئەکرێت بە دەیان پرسیار و پێشنیارى ترمان بداتێ بۆ ئەوەى رووبەڕووى بالزاکى بکەینەوە، بۆ ئەوەى بیخەینە ناو وتووێژێکى بێ کۆتایى سەبارەت بە گەلێ مانا و چەمکەوە، لەگەڵ هەر زانینێکدا، ئەکرێت پێشنیارى چەندین زانینى تر بکەین، کە لێرەشدا پرۆسەکە ئەبێتە خوێندنەوە و نووسینێک لە نێوان نووسەر و خوێنەردا، لە پێناو زانینى زیاتر و کردنەوەى پێشنیارى تر بۆ زانینى زیاتر، خۆ ئەگەر هەر یەکێک لە پێشنیارەکان لە لاى بالزاک وەڵام بدرێتەوە، ئەوە رەنگە بە مانا درێداییەکەى وەڵامى کۆتایى بێت، کە لێرەشدا پرۆسەى خوێندنەوە بە کۆتایى ئەگات بۆ ئەو مانایە، بەڵام خۆ ئەو مانایە ئەگەر لە لاى بالزاکیشەوە (هەقیقەت) بێت و راستى کۆتایى بێت، بەڵام ئەکرێت لەسەر خودى ئەو مانایە و ئەو راستییە کۆتاییە کە بالزاک ئەیداتە تێکستەکەى، و تێکستەکەى پێ ئەکوژێت، ئەوە ئەکرێت لێرەوە بەرەو ئەوە بچین کە لەسەر ئەو راستییەى کە تێکستەکەى بالزاک وەک هەقیقەت ئەمانداتێ بکەوینە گفتوگۆ و بەدەیان پرسیار لەسەر ئەو راستییە بوروژێنین، بەو واتەیەى لە ماناکانى تێکست دەرباز بین و روو بکەینە ماناکانى نووسەر و ئەو مانایە بکەینە پنتى پێشنیارى نوێتر، نەوەک بە مردنى تێکست، نووسەریش و رەهەندەکانى تاک مانایى ئەو بکوژین، بەڵکو لێرەوە ئەکرێت، رووبکەینە ئەو جیاوازى و ناکۆکییانەى ئەو مانایە ئەیداتە بەردەستمان، ئەو بیر و بۆچوونانەى ئێمە هەمانە بەرامبەر بەو مانایە و رووبەڕوویان ببینەوە. بەم شێوەیەش ئەکرێت، ئێمە دەرگا لەسەر تێکستەکە داخەین، کە تەواو رووناک بۆتەوە و پێویستى بەوە نیە کە زیاتر تیایدا بگەڕیێن، بەڵام ئەو ماڵە رووناکەى کە بالزاک ئەمانداتێ لەوبَوە ئایا ناتوانین چەندین پنتى تاریکى دیکە بدۆزینەوە؟ چەندین ماناى تر لە پشت ئەو مانایە کەشف کەین؟

 

با ئێمە بێین و ئەم پەرەگرافە جارێکى دیکە بخوێنینەوە:

(ئەمە کێیە بەم جۆرە دەدوێت؟ ئایا پاڵەوانى چیرۆکەکەیە کە خۆشاردنەوەى ئەو پیاوە خەسێنراوەى لە بەرگى ئافرەتدا بەلاوە مەبەستە؟ یان بالزاکى مرۆڤ خۆیەتى کە ئەزموونى تایبەتى خۆى: فەلسەفەیەکى بەرامبەر ئافرەت لا دروست کردووە؟ یان بالزاکى نووسەرە و راو بۆچوونى "ئەدەبى" ى بەرامبەر بە مێینە ئاشکرا دەکات؟ یان ئەمە حیکمەتى گەردوونییە؟ یان سایکۆلۆژیاى رۆمانتیکە؟ زانینى ئەمە ئەستەمە، لەبەر هۆیەکى بنەڕەتى، ئەویش ئەوەیە کە نووسین لە ناو بردنى هەموو دەنگێک و هەموو کەسێکە)  

 

با ئێمە یەکێک لەو پێشنیارانە قبوڵ کەین، بەوەى ( ئەوە پاڵەوانى چیرۆکەکەیە کە خۆشاردنەوەى ئەو پیاوە خەسێنراوەى لە بەرگى ئافرەتدا بەلاوە مەبەستە ) لێرەدا ئەو دەستەواژەیە، ئەگەر هەقیقەتى ئەو تێکستە بێت یان دوا رەهەندى ئەو نووسینە بێت، ئەوە ئەکرێت لێرەوە واز لە نووسینەکە بێنێن و بیکوژین، بەڵام ئایا لێرەدا ناکرێت بالزاک رووبەڕووى رستێک پرسیار بکەینەوە لەسەر ئەو مانایە؟

 

1.       ئەو پیاوە رەمزە بۆ پیاوێکى ئاسایى، کە تەنێکى فیزیکى تەواو یان ناتەواوى هەیە؟

2.       مەبەست لە خەسێنراویى چیە؟ ئایا هێمایەکە بۆ خەساندنى جەستە؟یان مەبەست لێى خەساندنى روحییە؟

3.       جەستە لاى بالزاک چییە؟ جیاوازى جەستە لە نێوان بالزاک و نیچە هەر بۆ نموونە، چییە؟

4.       هۆکارەکانى جیاوازى کە لە پشت جەستەوە ئەوەستن چین، لە نێوان تێکستێکى بالزاک و تێکستێکى وەک (زەردەشت وەها ئاخاوت)دا.

5.       بەرگى ئافرەت بۆ ئەبێت هەڵگرى شاردنەوەى تەنێکى خەساو بێت؟

6.       ئایا چەند ئەکرێت لەرووى دەروونشیکارییەوە ئەم دەستەواژەیە بخوێنینەوە و نەگەینە کۆمەڵێ دەلالاتى زۆر دوورتر لەوەى دەستەواژەکە ئەمانداتێ؟

 

ئیدى ئەمانە تەنیا چەند پرسیارێک بوون بۆ نموونە، کە ئەکرێت لەسەر ئەو دەستەواژەیەدا، کە بەشێکە لە تێکستەکە چەندین پێشنیار بکەین و هێشتا داواى زانینى زیاتر بکەین، و تێکستێکى نوێتریش لەسەر ئەو تێکستە ئاوا بکەین، کە بەتەواوى دژى ماناى تێکستى یەکەم بێت،ماناکانى بەتەواوى هەڵبەوەشێنێتەوە، تێکستێک کە خوێنەر ئەینووسێت، ئەو نووسینەش ئەوە نیە مردنى نووسەر بۆى فەراهەم ئەکات، بەڵکە بە پێچەوانەوە، بەرپرسیارییەتى نووسەر و رووبەڕووبوونەوەى بە کۆمەڵێ پرسیار و زانینى ترەوە بەرهەم دێت.

 

واتە رەهاکردنى تێکست، بەوەى پەیوەندى بە نووسەرەوە نەماوە، زیاتر خۆدزینەوەیەکە لەو رووبەڕووبوونەوانەى کە ماناکانى تێکستەکە، جا ئەگەر یەک ماناش بێت، یەک زانینینش بێت، دیسان هەڵگرى جیاوازى و خوێندنەوەى جۆراوجۆرە، بەڵام بەو مانایە نا، کە نووسەر ئەرکى نیە، جارێکى دى گفتوگۆ لەسەر ئەو مانایە بکاتەوە کە وەک هەقیقەتێک ئەیداتە خوێنەر. بەڵکو خودى نووسین، کە هەمیشە بە شێوەیەک لە شێوەکان، مانایەک یان چەند مانایەک بەرهەم ئەهێنێت، هەتا لە ئاستێکدا کە تەنیا گەڕان بێت لە ستاتیکاشدا، دیسانەوە هەر خوڵقێنەرى مانایەک یان چەندین مانایە، تێکست ئەگەر گوێزانەوەى نووسەر بێت لە نێوان ساتەکانى دەروونى و هزریدا بۆ ساتە فیزیکییەکاندا، ئەوا گومانى تێدا نیە کە ئەزموونەکە وەک خۆى دەقاودەق ناگوێزرێتەوە و زمانیش ناتوانێت بە تەواوى ئەو ئەزموونەى لە فکردایە یان لە دەروون دایە، وەک خۆى لە دەمە فیزیکییەکەدا کۆپى بکاتەوە، کۆپییەکەى چەند چاکیش بێت ئەوە ناکاتە هەستى ئەو ساتەى دەروون لە ئەسڵدا لەناویدا ئەژى، لێرەدا رەنگە دیسانەوە ئێمە سەرەتایەکى دیکە بگرین بۆ ئەوەى کە تێکست، هەمیشە کەم و کوڕى هەیە، هیچ بەرهەمێک تەواو نیە وەک پۆڵ ریکۆر ئەڵێت، بەڵام ناتەواوییەکەى هۆیەکەى ئەوە نیە، کە زانیارى دەرەکیمان هەمیشە کەمە و روو لە زیادبووندایە، بەڵکو لەبەرئەوەى ئێمە هەمیشە ناتوانین ئەوەى هەستى پێئەکەین لە دەرووندا بە وشە، یان بەزمان بیگوێزینەوە سەر تێکست وەک کات و شوێنێکى فیزیایى، ئەمەش خۆى لە خۆیدا هاندەرێکى دیکەیە بۆ کوشتنى تێکست و یان هەمیشە ناتەواوبوونى جەستەى تێکست و خەسێنراوییەکەى، یان بەمانایەکى دى، جەستەیەکى مردوو، خوێندنەوەش هەوڵێکە بۆ زیاتر پەرەدان بەو ساتانەى کە نووسەر نەیتوانیوە هەستەکان لە دەروون و دەماغەوە بگوێزێتەوە بۆ سەر تێکست، واتە رووبەڕووبوونَەوە لەگەڵ نووسەر ، رووبەڕووبوونەوە نیە لەگەڵ تێکستدا، چونکە تێکست هەمیشە ناتەواوە یان خەسێنراوە، ئیدى ئەو تێزەیەى ئەیەوێت هەمیشە تێکست لاقە بکات، پێش وەختە مەحکومە بە مردن، چونکە لاقەکردنى جەستەیەکى خەساو، نابێتە کردەیەکى خەلاق، بەڵکو ئەو رووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ ساتى پێش لە دایکبوونى ئەو تێکستەیە، رووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ ئەو هەستەى لە ناو دەروونى نووسەردا هەیە و پێش ئەوەى ببێتە زمان لە فۆڕمێک لە فۆڕمە ئەدەبییەکاندا رووبەڕووى ئەبێتەوە، واتە رووبەڕووى زمانى تێکست و وێنەکانى ناو تێکست نابێتەوە، بەڵکو لەو قوڵاییە ئەگەڕێت کە زمان و وێنەکان نەیانتوانیوە لە هەستى نووسەرەوە بیگەیەنە سەر تێکست. گەڕانى زمان لە قوڵاییدا چەند بێت، هێشتا ناتوانێت دەقاودەقى هەستە رەوانییەکانى نووسەر بگەیەنێتە شوێن و دەمى فیزیایى نووسین. لێرەشدا رەنگە ئێمە زۆر لە درێداوە نزیک بین بەوەى پەیڤى (نووسەرەوە) جێگەى (دانەر) بگرێتەوە، دواتریش " تێکست" ێک نەبێت، دەقاودەقى بیر و هەستەکانى بنووسێتەوە، واتە کردەى نووسینەوە (لە هەر فۆڕمێکى) ئەدەبیدا بێت، هێشتا نابێتە ئەو تێکستەى کە بتوانێت ئەزموونە رەوانى و روحى و مەعنەوى و هزرییەکانى نووسەر وەک خۆى بێ کەم و کورتى بگوێزێتەوە، هەمیشە تێکست، ئەدەب ، کەمتەرخەمە لە گوێزانەوەى ئەو شتانەى نووسەرەوە بۆ زمانێک، تێکستێک و نووسینێک و ئەدەبێک. لێرەشدا من ئەڵێم ئەوە مردنى نووسەر نیە، بەقەد ئەوەى مردنى تێکستە.واتە کە تێکست یان نووسین وەک درێدا ئەڵێ ناتوانێت (زانین) بدات، تەواو راستە کە نووسین ناتوانێت زانین یان زانینى تەواو بدات، بەڵام ئەوە ماناى وا نیە، کە نووسەر نیە، ئەوەى نیە زمانێکە کە بتوانێت ئەزموونى ئەو نووسەرە وەک خۆى کە لە دەمە هزرى و رەوانییەکاندا هەستیان پێ ئەکات، بگوازێتەوە ناو تێکست، ئەزمونەکە لەدەمێکى دەروونیدا هەیە، بەڵام لە دەمێکى فیزیکیدا نیە، لە دەمى نووسینەوەدا هەمیشە ناتەواو و کەمتەرخەمە. بۆیە لێرەدا خوێندنەوە چەند تەماهى زانینى ئەو ئەزموونە بکات، ناگاتە ساتە تەواوەکانى دەروونى، ناگاتە زانینێکى رەهاى ساتەکانى نووسەر، بەڵکو ئەو تەنیا لەسەر دەمە فیزیکییەکانى تێکست گەمەى خۆى ئەکات، واتە خوێندنەوە، خوێندنەوەى ئەو ساتە کەموکوڕ و ناتەواوانەى هەستە رەوانییەکانى نووسەرن کە بەسەر تێکستدا بڵاوبوونەتەوە، خوێندنەوەى تێکستیش ناگاتە هەقیقەتى تەواوى نووسەر، بەڵکو تەنیا لەگەڵ ئەو هەقیقەتە نسبییانەى تێکست سەودا ئەکات، کە ئەمەش جۆرێک لە دابڕان لە نێوان هەقیقەتى نووسەر و هەقیقەتى تێکست دروست ئەکات. واتە لێرەدا ئێمە رێکین و تەباین لەگەڵ درێدا بەوەى خوێندنەوە ناگاتە هەقیقەتى نووسەر، بەڵکو تەنیا لەگەڵ تێکست پەیوەندى هەیە، ئەو هەقیقەتانەى دواجار ئەبنە شوێنى راستەقینەى ئەو دەنگ و کەسانە، نووسین نیە بەڵکو خوێندنەوەیە، بەڵام لێرەدا ئایا ئەوەى وا ئەکات هەقیقەتى نووسەر بێ کەموکوڕى نەگات چیە؟ ئایا نووسەرە یان زمانە کە ناتوانێت فۆڕمێک بە تەواوى هەستەکان ببەخشێت؟

 

ئایا خوێندنەوە چەند ئەتوانێت ئەو زمانە بدۆزێتەوە بۆ ئەوەى لەگەڵ هەقیقەتە نسبییەکانى نووسەر گفتۆگۆ بکات؟ و خۆى لە تێکست دەرباز بکات؟ بە واتەیەکى تر چۆن بتوانین کردەى خوێندنەوە بکەینە پردێک بۆ پەڕینەوە لەسەر تێکست و بگەینەوە بە نووسەر؟ لێرەدا ئەرکى تەئویل و فانتازیاى رەخنەیى چییە بۆ ئەوەى لەو تێزەى درێدا رەت بکەین و بتوانین بە هەندێ کەرەستەى خوێندنەوە، مەرگى تێکست و زیندووبوونەوەى نووسەر رابگەیەنێن؟

 

بەتایبەتیش کە ئەبینین، لە ئەدەبیاتى کوردیدا، هەر نووسەرێک ئەتوانێت، جۆرەها تێکستى باش و خراپمان بداتێ و جۆرەها نووسینى مردوو و زیندوومان پێشکەش بکات و بێ ئەوەى خەمى رووبەڕووبوونەوەیەکى فکرى و رەخنەیى هەبێت. بێ ئەوەى لە خەمى ئەو بەهایانە بێت کە لەرێى ئەدەبەوە ئەیانچێنێت و بە هۆکار و هاندەرى خوێندنەوەى تێکست و مەرگى نووسەر و پەیوەندى نەبوونى نووسەر بەو شتانەى ئەیڵێت و ئازادى و رەهایى لە خوێندنەوەدا، خۆدزینەوەیەکى سەیر و گەورە لە بەرامبەر ئازادى و وەڵامبارى هەڵبژاردنەکان ئەنوێنن.

 

ئەوەى لێرەدا بەدواوە لەسەرى ئەڕۆین ئەوەیە، کە هەندێک لە ئەدەبى کوردى، چۆن لەو پاشاگەردانییەى مەرگى نووسەرەوە بگوازینەوە بۆ شوێنێکى دى و بەهایەکى دى، کە مەرجیش نیە بڕوایەک یان زانینێک دروست کات، بەڵکو هەوڵێکە بۆ پەڕینەوەیەک بەرامبەر سەودایەکى دیکە لەگەڵ فکر و ئەدەب و خوێندنەوە و رەخنەدا.

 

 

گەڕانەوەیەک بۆ بنەچەى مەرگى نووسەر:

 

لە سەرەتادا کێشەى بوونى مرۆڤ و ماهییەتى مرۆڤ بوو کە هەر لە ئەفلاتونەوە تا دیکارت و دواییش هیگڵ و مارکس و دواتریش تا نیتشە، و دواى ئەوانەش لە سەردەستى بارت و درێداوە بابەتەکە گەیشتە مەرگى نووسەر.

 

ئەفلاتون کە بە بۆچوونێکى میتافیزیکییانەوە، باس لە پەیوەندى مرۆڤ و جیهان ئەکات، بەوەى مرۆڤ بەدەرە لە کاریگەرییەکانى جیهان، مێژوو، دواتریش دیکارت لە رێى کۆجیتۆکەیەوە، کە ماهییەت پێش بوون ئەخات و پێى وایە مرۆڤ پێشوەختە مەحکومە بە ماهییەت و لە مێژووى دادەبڕێت.لە لاى هیگڵ و مارکسەوە مێژوو وەک کاریگەرییەکى حەتمى و جەبرى ئەبینرێت لەسەر مرۆڤدا، لە لاى نیچەوە زەردەشت خۆى دەچێتە خەڵوەت و دواییش هەر خۆى بڕیاردەدات لە خەڵوەتەکەى بێتە دەر و دەست بە بڵاوکردنەوەى بیروباوەڕەکانى بکات، رەتکردنەوەى میتافیزیک و هۆشەکییەکەى دیکارت و جەبرى مێژوو ى هیگڵ و مارکس، لە لاى نیچەوە سەرەتایەکە بۆ مەرگى ئەو بیروباوەڕانەى باس لە پێشکەوتنى ماهییەتى مرۆڤ ئەکەن پێش بوونەکەى.( زەردەشت ئەیوێ لە نوێوە ببێتەوە مرۆڤ)"14".

 

رەتکردنەوەى مرۆڤى (کۆن و بوونەوە بە مرۆڤێکى نوێ)، کوشتنى ئەو مرۆڤەیە کە پێشوەختە ماهییەتى چ لە لایەن هێزێکى میتافیزیکییەوە بۆ دەستنیشان کرابێت یان لە لایەن جەبرییەتى مێژووە بەسەریدا سەپابێت، لە لاى نیچەوە ئەگاتە ئەوەى مرۆڤ خۆى بڕیادەرى خۆیەتى، بڕیارەکانى ماهییەتى ئەون، مرۆڤ هەیە وەلێ کێن ئەوانەى وەک زەردەشت ئەتوانن بڕیاربدەن لە نوێوە لە دایک ببنەوە؟!. ئەمە سەرەتایەکە بۆ مردنى مرۆڤ بە تێگەیشتنە میتافیزیکییەکان و لە دایکبوونەوەى وەک بوونێکى خاوەن وزە کە خۆى ماهییەتى خۆى ئەخوڵقێنێ.مرۆڤى کۆن، لە لاى نیچەدا هەڵگرى ئەو میراتە میتافیزیکییەى رۆژئاوایە کە سەردەمانێکى زۆرە لەخۆیدا هەڵیگرتووە، مرۆڤى نوێش ئەو کەسەیە کە نەفى ئەو میراتە ئەکات و خۆى ئەبێتەوە بە خاوەن ئازادى و بڕیارەکانى خۆى، نەفى "بەڵێ"ى پیرۆز ئەکات و ئەڵێ: "نا" ناى ئەو عەقڵەى هیچ ئیمانێک قبوڵ ناکات.

 

لێرەوە ئەگەر لە نیچە بڕوانین، ئەبینین ئەو مەرگى مرۆڤى کۆن رائەگەیەنێت و لە دایکبوونى مرۆڤى نوێش – باڵا. بەیان ئەکات. واتە لەیەک کاتدا هەردوو پرۆسەى مردن و لە دایکبوونەوە رووئەدەن. ئەم بیرۆکەیە، مردنى مرۆڤى تژى میتافیزیک و جەبرى مێژوو، هاوکاتە لەگەڵ لە دایکبوونى مرۆڤى باڵا.

 

لە لاى دریداوە ئەو مرۆڤە ئەبێتە نووسەر، نووسەریش نیە. مەحکومە بە مردن، چونکە نووسین ناتوانێت دەمە میتافیزیکەکانى نووسەر بکاتە فیزیک، تا لەوێوە لەگەڵ نووسەردا بکەوینە گفتوگۆ و رووبەڕووبوونەوەى فکرى و رەخنەیى، بەڵکو تێکست ئەبێتە ئەو مەیدانەى خوێنەر لە ناویدا، دوور لە نووسەر تیایدا دەست بە گەڕان ئەکات، دیارە ئەگەر بگەڕێینەوە پێش دریداش، لە لایەن (فرۆید)ەوە، زۆر لە کار و کردەوەکانى مرۆڤ ئەگەڕێنەوە بۆ نائاگایى مرۆڤ و ، نەستى مرۆڤ هاندەرە بۆ زۆر لەو هەڵبژارن و کار و کردەوانەى مرۆڤ ئەنجامیان ئەدات. کە ئەمەشیان سەرەتایەکە بۆ ئەوەى مرۆڤ بیکاتە هەنجەتێک بۆ ئەو کارانەى ئەنجامیان ئەدات و لەگەڵ پێوەرە ئەخلاقگەراییەکانى سستەم و کۆمەڵگە و مێژوودا ناگونجێن. لەم رەهەندەوە، مردنى مرۆڤى کۆن لاى نیچە، نەست لاى فڕۆید، مەرگى نووسەر لاى درێدا. رستێکە لە تێگەیشتنێک بۆ رەخساندنى زەمینەیەک تا لەوێوە مرۆڤ بە شێوەیەکى دیکە تەماشاى مێژوو و ئەدەب و هەقیقەتى پێبکات، ئەگەر لاى نیچە مەسەلەکە یەکسەر گرێ ئەدرێتەوە بە لە دایکبوونى مرۆڤى باڵا، لاى درێدا گرێ ئەدرێتەوە بە لە دایکبوونى خوێنەر.

 

بەڵام مرۆڤى باڵاى نیچە، خودى خۆیەتى کە نووسەرى تێکستە، وەلێ لە لاى درێدا خوێنەرە لە خوێندنەوەیدا بۆ تێکست.

 

لە لاى نیچە ، مرۆڤى باڵا رەخنەکانى ئاراستەى (زەردەشت) وەک نووسەر ئەکات و تێکستێکى نوێ و پێچەوانەى ماناکانى ئەو بەرهەم ئەهێنێت، لێ درێدا کردارى خوێندنەوە ئەکاتە لەدایکبونى خوێنەر و مردنى نووسەر.کە رەنگە مانایەک یان چەند مانایەک بەدەست بێنێت لەگەڵ نووسەر کۆک بێت یان ناکۆک، بێ ئەوەى رووبەڕووبوونەوەى لەگەڵ بکات.

 

لە لاى نیچەدا رووبەڕووبوونەوەیەکى گەورە لە نێوان نووسەرەکاندا بەرپائەبێت، کە ئەگاتە حاڵەتى خەڵقکردنى دنیا و مانا و هەقیقەتێکى تەواو جیاواز لەوەى پێش خۆى. لەلاى درێدا خوێندنەوە ئەبێتە پرۆسەى لەدایکبوونى خوێنەر و خوێندنەوەش نابێتە کردارى رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نووسەردا.

لەلاى نیچەدا، پرۆسەى رەخنەکە، کە رووبەڕووبونەوەیە، ئەبێتەوە تێکستێکى دیکەى (شعرى-ئەدەبى-فەلسەفى- رەخنەیى) بەڵام لە لاى درێدا، تێکستى دووەم خوێندنەوە و هەڵوەشاندنەوەیە.

 

لێرەدا ئەو خاڵەى کە ئەمەوێ زیاتر جەختى لەسەر بکەمەوە، رووبەڕووبوونەوەیە، کە ئەکرێت لەگەڵ هەر تێکستێکدا، بەتایبەتى (ئەدەب) کە ئەکرێت، هەم لەو فۆڕمانەوە دەربازبین کە کردەى رەخنەى پێ ئەکرێت تا ئێستا، دووەمینیش، کردەى رووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ نووسەردا لە فۆڕمێکى رەخنەیى نوێدا، کە رەنگە ئەمەشیان تا رادەیەک زۆر نوێ نەبێت ئەگەر بێت و کەمێک بگەڕیێنەوە دواوە.

 

 درێژه‌ی هه‌یه‌